ئاڵەکۆک

نالی add_a_photo
نالی دیوانی نالی
٤٨. وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم
وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم!
دەرکراو و دەربەدەر، یا ڕەب دەخیلی عەفوی تۆم
دەفتەری ئەعمالی من، بێقەترەیێکی ڕەحمەتت،
کەی بە سەد زەمزەم سیاهی نوقتەیێکی لێ دەشۆم؟ !
کەعبە ئیشراقی وەکوو خورشیدە، من چاوم زەعیف
لێم بووە ڕۆشن کە بوعدی قوربە، قوربی بوعدە بۆم!
بۆ جیواری حەق لە هەر جێ سیدقی نییەت کافییە
من لە بەیتوڵڵا ئینشەڵڵا «بأذن اللّە» دەڕۆم
لێم حەرامە دانە و ئاوی حەماماتی حەرەم
من کە بازی دیدە بازم نەک شەوارەی دەستەمۆم
تا بەکەی وەک ڕاوییە و، وەک سانییەی سێ پەل شکاو
بێتەواف و سەعی و عەمرە هەر بخەوم و، هەر بخۆم!
من لەوانەم چی کەوا ئەهلی وەسیلە و مەسئەلەن
عامیل و ناچار و مەعزوور ئەر بڵێن هەر بێنە بۆم!
خەوفی من لێرە لەبەر زۆری گوناهە یەک بە سەد
گەرچی عاسیی و موزنیبم ئەمما موقیڕڕ و بێدرۆم
شادمانی بێوەفایە، یاری تێری و مەستییە
یاری تەنگانەم غەمە با هەر غەمی خۆم خۆم بخۆم
لامەدە نالی لە ئەنباری جیرایەی ساڵحان
گەرچی ببیە خۆشەچینی دانەیی خەرمانی ڕۆم

پەراوێز edit