ئاڵەکۆک

هێژا add_a_photo
هێژا شیعرەکان
١. شەوچراى شەوێكى بێ زەوق
من لە ناو گێژاوی خەمێکی تەماوی
تا ماوى
تەواوى ئەم ئەسپە شەكەتە
لە ناو تريوەى تەنياييە غاو بدە و بڕۆ...
من لە نێوەڕاستی نيوەى ڕاستى
زەوييەكى نيوە ڕاست و نيوە درۆى
شەوچرای شەوێکی بێ زەوق لە دايك بووم
من لە ناو دڵی تاریکییەوە هاتووم و
تۆیش لەو پەڕی جوانییەوە...
لە بێ تۆیی ترین شەو بێتوو بوونت
لە لا لێوی ئەم خەونەوە هەڵوەرێ
ئیتر من عاشقێکی گەڕیدە دەبم لە هەسارەى مەمکەکانت و بە دەور زەوی سووڕ دەخۆم و
بە ناو خۆماوى‌ترین هەناسە
وەرزەکان دەنکە دەنکە دا دەکەنم و لە سەرما سڕ دەکەم
دەتکەمە پەیکەرەی ئازادی لە سەرما

من و تۆ سێبەری سێ کەس بووین
کە یەکیان لە ناو کەلێنی ددانی زەوی
دوا نیگای گرتبووه ئاسمان و مانگ زەلیلتر لە چاوی من و تۆ خەرمانەی دابوو...

بایەکی کەمەرە شل لە تاڵ تاڵی قژت دەنکە گەنمی هەڵدەوەراند و
شین دەبوو برسێتی من لە ناو تۆ دا
باش بزانە
لە قامووسی مندا نییە لە بیر چوونەوەی با
لە دێڕە ئاوانگاڕدەكانى پرسیاردا

درۆت لەگەڵ من و باران کرد و
دای لە شەقەی باڵ و
داى كرد و دایکم دابارییە سەر عەرز
‌ شین، شین
‌ ڕۆ، ڕۆ
ڕووە ڕۆتینەکانی ئەم نەبزی ئازادییە
بە ئارامی توخمی باوەڕێکی ڕێک و پێکی پێکنا و
پەیک پەیک هەڵیدا و دای لە شەقەی باڵ
کاڵ بووەوە ڕەنگەکانت لە سەر تابڵۆی نیشتمانم ڕۆۆۆ
سێ لە چاوانما قەتيس ما
لە ناو گەرووما ڕژا ھەرچى ئۆيە
زيندە بۆ گۆڕ بوو ھەرچى مێيە
ئايەتى شكاندنى خوێند ھەرچى ئايە
ئەرێ
ئيتر باست ناكەم
باسی ئەوانە ناکەم کە ئەلف بێی باران هێشتا
دانەباریوەتە ڕۆحیان
لە دێڕە تەنگە بەرەكانى باراندا ئازاريان نەنووسيوەتەوە
من باسی ئەوانە دەکەم
كە درۆ لەگەڵ و من و باران ناكەن
من باسی ئەوانە دەکەم
کە لە برسێتی ئەولاتر دوو ھەنگاوى تر شك نابەن باسى خۆشى بكەن
من باسی ئەوانە دەکەم کە لە گەڵا ئەولاتر خەونیان بە هیچ بەهارێکەوە نەدیوە...
من باسی ئەوانە دەکەم کە لە ڕەش ئەولاتر هیچ ڕەنگێکیان نەنووسیوەتەوە
هەر بۆیە خەونەکانی خودا
بە چنگ لە ناو زلکاوی ئەم هۆشیاریە دەر دێنمەوە و
لەسەر خەمێکی خۆماوییەوە
باوەشێک پێلوی هەناسەی ساردت دەدەمێ و
لە لێواری مەرگ بە کۆڵ و بە کوڵی گریانەوە
هەناسەت دەکێشم و دەیکێشمەوە و دەيكێشم و دەیپچڕێنم سنووری نێوان كێشى نیگاهت...

ئيستعارەى مەرگ لە میسرەعی کۆتایی دوایین جەغزی پساوی هەناسەت لەسێدارە دەدەم و
دەیدەم بە دەم 'با'وە و دەڕۆم...
ئەم جادە لەعنەتییە تا ئەو پەڕی مەودا
هیلاکی دەنووسێتەوە

دەڕۆم و ئەندێشەم تا ئەو پەڕی ئاوا بوون سێبەر دەنوێنێ
دەڕۆم و من لە تراویلکەی ئەم جادە لەعنەتييە
ئەولاتر هیچ وەهمێک شک نابەم تێیدا کاول بم
دەڕۆم و دە پێ دەنێرمە باڵات و دووپێیەک دەگەڕێتەوە...

بە خۆشیت بە خۆشیمان
ئااای نیشتمان تۆم هەر لە بیرە ئەو کاتانەی بیرە دەخۆمەوە
ئای کە نی، کەنی گیان، نیت و ئاھـ!
بنوو
خەون بە شاعیرێکەوە ببینە لەسەر ئەم شێعرە
بڕيارە بە قژى خاوى ئەوەى درۆى لەگەڵ من و باران كرد
لە سێدارە بدرێ!
و شەپۆل کز کز مات دەخوێنێ لە دێڕەکانی ئەم کەنارە
مەناڵە بۆ مردنى من درۆزن!
مەناڵێ بۆ مردنی من
ئەی لە بێدەنگی سامناکتر...
ئەى لە تراويلكە درۆزنتر
ئەی لە تەنیایی جوانتر...
ئەی شەکەتترین ڕۆحی زیندوو...

من سەرم لە چاخە تاریکەکانی عەقڵمدا
و دەستم لە جەنگەکانی حەقیقەت دا ڕەش بووە
پێی بڵێن بمبوورێ
من دەڕۆم بەرەو گۆڕستان و ئاوڕ لە هیچ مردوویەک نادەمەوە
بە مردوویی چەکێک هەڵدەگرم و دەڕشێمەوە بە سەر
ئااای نیشتمان بەسەر کاسم
بە کاسیت قەسەم
بەسەر لەگەڵتم و
بە دڵ لەگەڵ ئێوارانت پیاسەی غەریبی دەپێوم
دەڕۆم و لە هەرچی پێچا پێچ دەخۆم و هەرز دەبم و
هزرەکانم ئەم ڕێیە دەپێون...
نووسین: محەممەد ئازەرى

پەراوێز edit