ئاڵەکۆک

دڵدار add_a_photo
دڵدار دیوانی دڵدار
٣٢. کۆترە باریکە
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
بەسیە نووستن خەواڵوو
چاو هەڵێنە هەستە زوو
هەلی ژینت لە دەست چوو
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
تیشکی زێڕینی ڕۆژسا
لووتکەی بەفرینی چیا
ڕوون کرد و تاری نەما
لە زەنگی زیندەگی دا
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
هاو مەلم مەلی بچووک
لە خەو ڕاپەری چابووک
بۆ خەبات چوست و لەش سووک
کەوتە گەڕان وەک مەکووک
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
لەلای عالەم نیوەڕۆ
هێشتا شەوە لەلای تۆ
بێ ڕەنج کێ ژیوە ئاخۆ؟
نووستن و تەمبەڵی بۆ؟
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
ڕێگەی ژیان وەک سەفەین
هەوراز و سەخت و بەفرین
ناو خۆش و بارگران ژین
هەڵسە لە خەو با نەمرین
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
بەسیە نووستن خەواڵوو
چاو هەڵێنە هەڵسە زوو
هەلی ژینت لەدەست چوو
ککوو... ککوو... کوو... کوو... کوو
بەغدا

پەراوێز edit