ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
دوای ناسینی تۆ تامی ژینم دی
ڕوی ڕاستەقینەی پێکەنینم دی

دوای گرتنی دەستت گەلێ دڵخۆش بوم
بە گەرمای جەستەت تاوێک بێهۆش بوم

خۆزگە ئاوێنەی دیوەکەی تۆ بام
بۆ ملی ناسکت ملوانکەی تۆ بام

خۆزگە ئازیزم تەنیا بۆ یک سات
بگەم بە جێ ژوان لێم مەبە ئاوات

شێوەی جوانی تۆ وەک نیگارەیە
بۆ ئارامی دڵ تەنیا چارەیە

کێ لە جیاتی من تۆ دلاوێنێ
خودای بانی سەر ڕووحی بستێنێ

هەر چاوێک وەکوو من، تۆ دەبینێ
تارمایی لێی دا و چی تر نەبینێ

من دێوانە نیم بەڵام عاشقی تۆم
لە تاوی تۆیە ئاوا ڕەنجە ڕۆم

هەموو عومری من فیدای کاتێک بێت
کە ئازیزەکەم لە خەو هەڵدەستێت

کە چاوی جوانی بە ناز هەڵدێنێ
هەست و هۆش و بیر لە لام نامێنێ

پێم بڵێ ئەی گوڵ لە چی ساز کراوی
کام باغەوانە جوان ئاوی داوی

جیاوازی تۆ چیە وا خۆشەویستی
بێ مەی هۆش دەبەی یێکسەر بۆ مەستی

نەکا ئەو ڕۆژەی ئازیزم زیز بێ
غەم بە درێژایی شەوی پاییز بێ

ئەگەر جێم بێڵی ژیان جێ دێڵم
شێوەی دێوانە بە شار دا وێڵم

خۆزگە بۆ جارێک چاو گەشی بۆن خۆش
بە تامی لێوت من بکەی سەر خۆش

بمگرییە باوەش پڕ بە دڵی خۆت
ڕوح و جەستێ من ببەی لەگەڵ خۆت

دەنا با مەرگ بێت بەرەو پیلم
لە دوریت ئازیز پیر و زەلیلم

خۆزگە پێت بگەم پێش کاتی مەرگم
هەتاکوو کفن نەبۆتە بەرگم

دەنا ژیانم بێ بەها و سووکە
شێوەی شایێکی بێ زاوا بووکە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit