ئاڵەکۆک

ژیلا حسەینی add_a_photo
چیت گەرەکە
بۆ ڕێم نادەی ئەو پرچە شینانەی دەریا دابهێنم
بۆ چی بوویی بە دایکم و
ناهێڵی ئەم خاکە جوانە ماچ بکەم و
خۆشەویستی بۆ مەلی ماندووی ئەندیشەم
بکەم بە دان و هێلانە
تا کەی هەوری دوودڵیی تۆ ئەم ئاسمانە جێ ناهێڵێ
تا کەی... تا کەی دەستی ڕەشت لەنێو سنگی ئاواتمدا
هەر تۆی نامۆیی ئەچێنێت
دە وازبێنە... دە تۆ خوا ئیتر وازبێنە
با دەس ببەم ئەم تۆزانەی شانی چیا
بتەکێنم
دەس هەڵبڕم ڕوو بە شنە ڕایوەشێنم
بە لەپی دەست ماچ بنێرم بۆ خۆرەتاو
دە ڵێم گەڕێ با دەم بنێمە دەمی ئاو
تینوویەتی زمانی شکاندووم
ڕێگام بدە ئەم پەنجەرە بکەمەوە
هەناسە بەم
ئیتر هەوای ناو ژوورەکەم بۆنی بێکەسیی گرتووە
ئیتر پێنووس و ژوورەکەم لە یەکتر جیا ناکرێنەوە
ڕەش هەڵگەڕام
دە وازبێنە، دەستت لەسەر بینم لابە
***
دائەچڵەکێم
«ئای لەم خەوە نازانم بۆ جار نە جارێ ئا لەم خەوانە ئەبینم»

پەراوێز edit