ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٤. لە ماڵی میرزا
پاش سەر و ڕیش چا کردن هێنامیەوە ماڵە خۆی. حەوزێکی هەبوو، گوتی: ئەم قاچە پیسەت بشۆ با بۆگەنت نەیە! چووینە وەتاغێک کە بۆ میوان و تەریک لە وەتاغی ناو ماڵ بوو. پاش تاوێک بە شەرمەوە گوتم: تینوومە. گوتی: من نۆکەری بابت نیم، تینووتە بە جەهەننەم! بچۆ لە ماڵ داوای ئاو بکە! وست بووم. دیسان تینوەتی زۆری هێنا. ناچاری کردم بچمە بانگ لە ماڵەوەی بکەم کە ئاوم دەنێ. خێزانی ئاوی بۆ هێنام. هەموو نیازی میرزا ئەوە بوو شەرم نەکەم و خۆم بە پاژێک لە خەڵکی ماڵ بزانم. شەو نوێنی دامێ و بە جێی هێشتم کە بخەوم. سەعاتێک بە دیوارەوە بوو. هەموو سەری سەعاتێک بە گرم و هۆڕی ڕادەپەڕیم. خوایە چ بکەم؟ هەستام بە پشتێندەکەم کلکی سەعاتم بەستەوە بە بزمارێکدا و هەستم لێ بڕی. بەیانی میرزا هات و دیتی؛ گوتی: های شەیتان! هەر دەمگوت دەبێ دەگەڵ سەعاتەکە چۆنی ڕابوێری!

زۆر زوو بوومە کوڕی ماڵ و شەرمی میوانەتیم نەما. کەوتمە لێکۆڵینەوەی مام میرزا. پیاوێکی زۆر سەیرم دی. بە دڵ و داو هەواڵی لێقەوماوان بوو. لە کاسبیدا شەریکە دوکانی یەکێ تر بوو کە خۆی هیچ کاری نەدەکرد. زۆر زانایەکی خاوەن مەعلوومات بوو. بە سەتان کتێبی لە هەموو بابەتێکەوە متاڵا کردبوو. هەرچی خوێندبوویەوە لە بەری بوو. دژی شێخ و دەروێش و مەلای نەزان و مێشکوشک بوو. هیچ مەلایەکیش لە کێشەدا دەگەڵی دەرنەدەبرد. زۆریان بەکافریان دەزانی و بە بێ ئەوە بزانن «بابی» چییە، دەیانگوت میرزا بۆتە بابی. خۆی نەزری خزمەت بە داماوانی کورد کردبوو؛ لە کوردایەتیدا سووتابوو.

شەوێک چیرۆکی ژیانب خۆی بۆ گێڕامەوە. گوتی: ماڵمان لە بانە بوو. منداڵێک بووم. بابم مرد و قەرزوقۆڵەیەکی زۆری لە سەر بوو. بە ڕووتی و پێخواسی هاتمەشاری سولەیمانی و حەماڵی بازاڕم کرد. پاش چەند ساڵ هەوای چوونە بەغدام کرد. لەبەر کاروانچیان پاڕامەوە دەگەڵ خۆیانم بەرن؛ خزمەتی وڵاخ و باران دەکەم. گوتیان: تۆ پێخواسی و دە ڕۆژە ڕێ دەرنابەی. ئێوارەیەک لەکاتی جەماعەت چوومە مزگەوتێک جووتە کەوشێکی تازەی ڕەگ زەردم دزی. تا قەراغ شاری بەغدا دەگەڵ کاروان بووم و جیا بوومەوە. شەو لە حەوشی بارەگای غەوس -وەک سەتان ڕووتی بێ جێ- خەوتم. وا دیار بوو غەوس دەیزانی من عاقیدەم پێی نابێ، بۆیە کاربەدەستی غەوس -زیاد لە هەموان- منی دەرکرد. گوتی: تۆ لەوانەیە دز بی! لە کۆڵانێک خەوتم. بەیانی جوولەکەیەک خەبەری کردمەوە، کە ئەگەر شتێک دەکڕم لە خۆی بکڕم. سەرگەردان دەخولامەوە، لە شوێنێکی دەم دەجلە چوومە قاوەخانەیەک. چایان بۆ هێنام نەمخواردەوە. گوتم: پارەم نییە؛ هەر لێم گەڕێن دانیشم. نیمەڕۆ و شەو هێشتیان لەسەر نیمکەتێ بنووم. بەیانی دیسان نانیان دامێ، نەمخوارد؛ گوتم: تا کار نەکەم و نانی ڕەنجی شان پەیا نەکەم، هیچ ناخۆم. دەباغچی بەوێدا ڕادەبردن.قاوەچی گوتی: ئەم کوڕەش بەرن چەرمتان بۆ بشوا. ڕەگەڵیان کەوتم. زۆر زوو دەریانکردم؛ گوتیان کار نازانی. هاتمەوە قاوەخانە. ئەو شەوەشم بە برسیاتی ڕابوارد. بەیانی ئەو ڕۆژە یەکێک هاتە قاوەخانە و بە قاوەچی گوت: لاوێکمان دەوێ لە بەر دەستی ئاشپەز کار بکا و ئەمین بێت. قاوەچی منی نیشان دا؛ گوتی: خزمی خۆمە، من زامن؛ بیبەن. هاتمە دانشکەدەی علوومی عەرەبی و درامە دەست ئاشپەز. هەر ئاشپەز چاوی پێکەوتم وا زەرد و لاواز و بێ تین، پاڵێکی پێوە نام و بەرەو دەرگای ڕەتاندم. وەختا بوو ملم بشکێ.
- بڕۆ دەرەوە تۆ بە کار نایەی.
گریام گوتم: برسیمە بۆیە بێ هێزم. بەزەی پێمدا هاتەوە. نان و چێشتێکی دامێ و ملم لە پیواز پاک کردن نا. وەک ئاگری بەڵام قودرەتێ کارم دەکرد؛ دامەزرام. وردە وردە خۆم خۆشەویست کرد. زۆربەی کاری ئاشپەزخانەم گرتبووە ئەستۆی خۆم. گەییمە پلەیەک کە کڕینی کەرستەی بازاڕیان بە من دەسپارد و دەستیان پێ لەکاری ناو ئاشپەزخانە بەردام و حەسامەوە. خوێندکارەکان کە زانیان نەخوێندەوارم، دەرسیان پێ دەگوتم. کەم کەم وام لێهات کە ببمە یەک لە خوێندکارەکان و بە ڕەسمی ناوم بنووسن. توانیم لە ئەزمووندا سەر کەوم و پلە پلە بەرەو ژوور چووم تا دانشکەدەکەم تەواو کرد. لە دەورانی خوێندنمدا -کە عەرەبیم باش دەزانی و لە سارد و سەودای ناو بازاڕ شارەزا ببووم- بازرگانی کوردی سولەیمانی زۆریان خۆیان کردبووە ئاشنام و ماڵم بۆ دەکڕین. دەگەڵ ئەوەشا خۆم شتم پێدا دەناردنەوە بۆیان دەفرۆشتم. تەواو ببوومە خاوەن پارە. تەنیا شتێک کە بە لامەوە گران بوو، تکای میوانانی سولەیمانی بوو کە دەبوو بیانبەم زیارەتی شێخ و مشایخی بەغدایان نیشاندەم کە زۆر وەختی دەگرتم. فێڵێکم دۆزیەوە: هەش نۆ حاجی و ماجیم وەدوو خۆ دەدا، هەر لە دەوری دانشکەدە تووشی هەر کولێک دەبووین، دەمگوت: ئەلفاتیحا، دوعا بکەن! لە جوابی پرسیاراندا دەمگوت: ئێرە ئاشپەزخانەی هاروونەڕڕەشیدە، ئەوە ئاودەستی ئەلقادروبیللایە! فڵانە جێ خەوی ئەعووزەن بیللا بووە و هەروەها... هێندەم ئاودەستی خولەفای عەباسی پیشان دەدان تا ماندوو دەبوون و دەمیان لە دوعا کردن وەڕەز دەبوو؛ دەیانگوت: میرزا با ئەو جار بەس بێ، بۆ جارێ تر!

لە پاش تەواو بوونی دانشکەدە، جووتێ کەوشی زەردی زۆر باش و عەبایەکم کڕی و چوومەوە سلێمانی. دەوڵەمەند دۆستی زۆرە. لەبەر دەعوەت کردن سەری خۆم پێ نەدەخورا. هەر جەمەی لە ماڵێک بووم. ڕۆژێک لە میوانی حاجیەکە بووم کە کەوشم لێ دزیبوو. حاجی هەر داخی کەوشەکەی لە دڵدا مابوو. بە ئانقەست باسی کەوش دزانم کرد. گوتی: میرزا گیان! ساڵێک نازانم چ سەگبابێک جووتێ کەوشی لە مزگەوت لێ دزیم؛ ئێستاش لە بیرم ناچێ!

کەوش و عەبام لە پێش دانا؛ گوتم: من دزەکە بووم. ئەم عەبایەش سووتی کەوشەکەت.

چوومەوە بانە قەرزەکانی باوکم دایەوە و لە سلێمانی ملم لە بازرگانی نا. هەر لە زەمانی عوسمانیەوە تا بڕانەوەی شۆرشەکانی شێخ مەحموود، لە هەر کوێ داوای ئازادی کوردستان کراوە، بەشداریم کردووە. تەنانەت هاتمەوە سەقز بۆ یارمەتی حەمەڕەشید خان و کە دیتم بەرهەڵداییە، بە جێم هێشت. ئەوا ئێستاش کە پیر بووم و داراییم زۆری لە کزی داوە، دڵم بەوە خۆشە کە بتوانم یارمەتی داماوان بکەم...

ئێرانی کە بە قاچاغ دەهاتن بچنە حەج، میرزا دەرک و دیوانی بۆ دەکردن و پاسپۆرتی بۆ سار دەرکدن. لە بیرمە ڕۆژێک دەگەڵ میرزا لە دوکانێک بووین. کابرایەک هات لە تەپڵی سەریەوە کەسک بوو تا سەر کەوشەکەی. سەید بوو ئەمما سەید! بە زاراوەی مەریوانی گوتی: سڵام، میرزاوڕەمان کامەیە؟
- ها کاکە چت دەوێ؟
- دەچمە حەج، وتیان بێمە لای تۆ.
- باشە کاکە! دوو عەکسی خۆت بێنە بەڵکوو کارێکت بۆ بکەم.
- میرزا نابێ مەحتەلم کەی، من ئەمشەو دەبێ بچمە بەغدا.
سەید گوتی: سەد لاچۆ خۆت لادە! ماڵوێران ئێستا کەرێک بتبینێ قەپاڵت لێ دەدا وادەزانێ بارە وێنجەی! کوڕە ئەگەر بە بیست ڕۆژ بۆت جێبەجێ کەم دەبێ شوکری خوا بکەی.
ئەرمەنیەکی ئارەقفرۆش جارێک بە شەرمەوە و لە بن لێوانەوە گوتی: مام میرزا! تۆ دەڵێن پیاوێکی لە پرسیار تووڕە نابی. ئێوە دەڵێن دینی ئیسلام هەقە و دینی گاوران بەتاڵە. کەچی ئێمەی گاورەکان نە شەڕ دەکەین؛ نە ژن هەڵدەگرین؛ نە دزی و چەتەیی دەکەین. ئەو کارانە هەمووی لە موسڵمانان ڕوو دەدا؛ چۆن وا دەبێ؟
میرزا چاوەکان کز کرد و گوتی:
- کەسپەڕ! هەر نانێکت دەس کەوت لەتێکی بکە بە خێری مەسیح کە بە سەڵتی مرد! ئەگەر مەسیح ژنی هێنابا و سێ چوار جاشەکەری بەجێ هێشتبا، ئێستا هەزار خۆزگەتان بە موسڵمانان دەخواست. هەتیو کێیە کاری خراپ دەکا؟ دە بڕوانە هەموویان عەولاد ڕەسووڵەکانن و سەیدی بەرزەنجەن، کام کرمانج خراپە دەکا؟!
جارێک مەلا شێخ نووری ناوێکی زگزلی بە گیر هێنابوو، پرسیاری لێ دەکرد:
- مامۆستا شێخ نووری! چۆنە خوای تەبارەک و تەعالا دەربارەی ژن عەداڵەتی بە خرج نەداوە؟ جگە لەوەی کە لە شایەتی و میراتدا دوو ژن بە پیاوێکە، دەڵێن پیاوی بەهەشتی حەفتا حۆری دەدەنێ و ژنەکەی سەر دنیاشی دەدەنەوە. واتا ئەگەر ژنێکی زۆر خوداپەرستی وەک ڕابیعەی عەدەوی -کە بە ئەولیا حیسابە- لە پاش مردن بچیتە بەهەشت، حەفتا هەوێی زۆر جوانی هەیە کە لە سەر دنیا دەگەڵ هەوێیەک نەدەحەواوە؟!
مەلا گوتی: ژن لە بەهەشت زۆر کەیفیان سازە؛ ئەم پەنیرە لەزیزەی بەهەشت دەخۆن؛ خەمی چیانە؟!
- واتا مامۆستای بەڕێز! کچی من کە شوو دەکا هەر بۆ پەنیرە! خۆ لە ماڵیش پەنیری هەیە!
لەمەوە باسی بەهەشت و جەهەننەم دامەزرا. شێخ نووری گوتی: بەو قورعانەی لە سەر ڕانی ڕاستم داناوە شتێکم دیوە ڕەنگە ئەگەر بیگێڕمەوە بڕوام پێ نەکەن.
- بەڵێ بیفەرموو، کێیە بڕوا نەکا.
شێخ نووری دیسان سێ چوار سوێندی خەستی خوارد و گوتی: لە گوندی سیتەک، شەوێک چووبوومە سەر ئاو. دیتم زنجیرێکی ئاگرین هەر ورشەی دەهات لە عاسمانەوە داهێڵرا، خرایە ملی مارێکی زەلامی بە قەد هەژدیها. مارە دەیزیڕاند. هەڵیان کێشا و بەرەو ژووریان برد تا لە بەر چاوم ون بوو. سەیرم دەکرد؛ دیارە بردیانە ویزەی جەهەننەمیەکان.
مام میرزا گوتی: باوەڕت پێ دەکەم؛ تۆ درۆ ناکەی. بەڵام پێم بڵێ جەهەننەم لە کوێ و بەهەشت لە کوێیە؟
- میرزا تۆ خۆت دەیزانی کە بەهەشت لە ژووری عاسمانان و جەهەننەم لە ژێر حەو تەبەقەی زەویدایە.
- دەسا مامۆستا گیان، بەو قورعانەی تۆ سوێندت پێ خوارد ئەو مارەیان بردۆتەوە بەهەشت بۆ گیانی بەهەشتیەکان! ئەگەر بۆ جەهەننەم با، دەبوایە عەرزی بۆ هەڵکۆڵن و کونی کەن و مارەکەی تێخەن. بە خوا مام میرزا قسەکەت جێگەی فیکر لێ کردنەوەیە!
«سەید عەلی بیسمیلا» ناوێک هەبوو، بەرزەنجەیی؛ تا خوا حەز کا ناشیرین و خوێناڵ و زمانپیس و شەڕفرۆش بوو. ڕۆژێک میرزا لێی پرسی: دوو ئیشکالم هەیە بۆم حەل کە! یەکەم: دەڵێن ئەگەر مزگەوت ڕووخاوە میحرابی ماوە. دەڵێن پێغەمبەر زۆر جوان بووە، تۆ کوێت وەک ئەو باپیرەت دەچێ؟! دووهەم: دەڵێن موسڵمان چواد سەد ملیۆنن. ئایا بە تۆوە حیساب کراوە یان بە تۆڕا چوارسەد ملیۆن و دانەیەکن؟!
دیارە جوابی سەد عەلی هەزار جنێوی سەر بە کوڵکە بوو!
میرزا لە تاریخ، سیاسەت، ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبیدا بەحرێک بوو بێ بن. هەر خۆش بوو ئەو قسە بکا و گوێی لێ بگرێ. بە ڕاستی ئەو کابرایە مامۆستایەکی زۆر گەورە بوو بۆ من و زۆر شتی لێ فێر بووم.

پەراوێز edit