ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٢. موفتی تووتنچی
بەیانی هەر تاریکان بوو چووینە حەمام. لاوەکە دەیگوت کوڕە ئاغام لە بازیان. گوتی: مەلا وەرە پشتم بشۆ! گوتم: تۆش پشتی من دەشۆی؟ گوتی: نا! چ حەددت هەیە؟ گوتم: من ڕعیەتی بازیان نیم؛ هەر کەسە کوڕی بابی خۆی.
بەچکە ئاغا دیار بوو دڵی ئێشابوو، بەر لە من لە حەمام دەرچووبوو. تاو هەڵنەهاتبوو لە حەمام دەرچووم. لە سەر دوکانێکم خوێندەوە: «گەلاوێژ». لە چاخانە مامەوە تا دوکان کرانەوە. چوومە گەلاوێژ پرسیم:
- دوکانی موفتی تووتنچی لە کوێیە؟
کابرا بە ترسێکەوە دەستی بە دەمیەوە گرت، یانێ دەنگ مەکە. تەواو ترسام. مشتەرییەک لەوێ بوو دەرچوو. خاوەن دوکان گوتی: وەرە! زۆر لە دوورەوە وتی: ئەوە جادەی تازەیە و گەڕایەوە. پێداچووم تووشی «موفتی» بووم کە ناوی چکۆڵەی «مەلا کەریم» بوو. لە سەر دوکانێکی ڕووتەکە دانیشتبوو. هەر سڵاوم کرد بە گەرمی بەخێرهاتنی کردم:
- دەی چۆنی؟ چاکی شوکر؟ ماڵ و منداڵ چۆنن؟
- هەموو لا بە کەیفن.
- فرۆشتت؟ شوکور خێرت کرد؟ دەی سەر چاوم هاتی!
زۆری ڕست. گوتم: وا دیارە ئەو کڵیشەی دوکاندارە؛ بۆ هەموو مشتەریەکی دەڵێن.
- دەزانم نامناسبی.
گوتی: ڕاست دەکەی. دەتۆ کێی؟
- من هەژارم.
دەستی کردە گریان و فرمێسکی دابارین.
- بریا کوێر بام و نەمدیبا شۆرش تێکچووە.
- ئەم گریانەی پێ ناوێ. ئێستا من چ بکەم؟ چۆن کەس نەمناسێ؟
گوتی: من ماڵ وێرانی بوومەلەرزەم. دوو مناڵم هەن سەروپێچکە. ژنەکەم شەش ساڵە ئیفلیجە و بە دەست ئەودیو ئەمدیوی پێ دەکەین. تاقە ژوورێکی بن عەرزی تاریک و شەدارم بە کرێ گرتووە. ڕۆژانە بە هەزار زەحمەت نانی وشک و چایی لەم دوکانەم پەیا دەکەم. لە مێروولەش بێ دەسەڵاتترم. من ناتوانم بتحاوێنمەوە. لێمگەڕێ باسی تۆ بۆ برادەرێک بکەم.
- ئای نەکەی! نامەوێ کەسی دیکە بزانێ. دەوڵەت پێم دەزانێ و دەمداتەوە بە ئێران.
- نا خاترجەم بە! ئەو برادەرە سەد جار تواوەتەوە و ساف کراوە تا تەواو بۆتە کوردێکی تەواو عەیار و بێ عەیب.
وای کرد کە ملم دا بەو بڵێ. موفتی شاعیر ڕۆیشت و زوو هاتەوە. زۆری پێ نەچوو کابرایەکی درێژی ڕانک و چۆغە پڕپینەی عەینەکی ئەستوور لە چاوی ڕیش و سمێڵ تاشراوی تەمەن بە ناوداچوو، پەیدا بوو. نە سەلام و نە کەلام هەر لە ڕێوە پێی گوتم:
- ئای ئای لەو پشتێندە گرێ چنە! مەلا دەڵێن هەر گڕێیەکی شەیتانێکی تێدایە. ئەو مێزەرە سپییە ڕیشوودارە چییە؟ تێی ڕیم!
گوتم بە خوا ئەو کابرایە شێتە. دانیشت گوتی:
- هەژار نایەوێ خۆت کز کەی! من چەند جارم وەک تۆ بەسەر هات؛ دروستمان کرد و لێمان ڕووخایەوە. ئێستاش ناهومێد و دڵسارد نیم...

پەراوێز edit