ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٦٥. شەڕی کۆمەڵە و دەوڵەت
کۆمەڵە و دەوڵەت لە دەوری سەردەشت شەڕیان بوو. لەسەر داوای خۆم ناردمیان کە لەو شەڕەدا بەشدار بم. دەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی خۆماڵی وەڕێ کەوتین. ڕێ بەفر بوو؛ دنیا کڕێوەی دەکرد. شەوێک لە گوندی «قۆزلوێ» لە ماڵی ئاغا ماینەوە. یەکێک بە گوێیدا سرکاندم: کابرایەک لەم دێیە دەیەوێ بتبینێ و ناوێرێ بێتە ماڵی ئاغا. خۆم چووم. ماڵێک ڕووت و قووت و شەدار و تاریک. پیاوێکی ڕدێن سپی دانیشتبوو. خۆم پێ ناساند و گوتی: تۆ شاعیری، منیش شاعیرم. دەمەوێ شیعرێکی خۆمت بۆ بڵێم.

دەستی پێ کرد نزیکەی دە دەقیقە بەیتێکی گوت کە لە سەر شۆرشی کورد و قازی دانابوو. بەیتی بە بڕ پێدا و لێی پرسیم: پێت چۆن بوو؟

گوتم: زۆر خراپ بوو! مامە تۆ زۆرت وشەی عارەبی مەلایانە بە کار هێناوە، تا بڵێن وەک خوێندەوارانت گوتووە. خۆزگە بە زمانی شوانانت بگوتایە و عارەبی تێدا نەبوایە. من کە شیعر دەڵێم هەر ناڕەحەتی ئەوەم کوردی باش نازانم و ناچارم وشەی بێگانە بە کار بێنم.

گوتی: دەسا وەڵڵا من خۆم شوانم. گوێ بگرە!

لە سەرڕا دەستی پێ کردوەوە، بە بێ ڕامان بەیتەکەی تەواو گۆڕی. بە ڕاستی سەرم سووڕ ما: خودایە چەند هەزارانی وا بلیمەتمان لێ هەڵکەوتووە و وەک بەفری پار تواونەوە و خەبەرمان نەزانیبوون و کەس قەدری نەگرتوون؟ ! نامەیەکم بۆ نووسی و گوتن بیبە سابڵاغ. ئەگەر منیش نەبم تۆ لەوێ کارت دەدەنێ و بەخێوت دەکەن. بەڵام بیستمەوە کە مانگێک دوای ئەو دیدارە پیرە مردبوو؛ نەیکرابوو نامە بەرێتە سابڵاغ.

پێشمەرگە ئابڵۆقەی گوندی قوڵتەی دابوو کە پێنجسەد کەسێ سوپای ئێرانی لێ بوو.

شەڕکەرانی ئێمە جگە لە بیست پێشمەرگەیەک، چەکداری گەورکی دیوی سەردەشت و سوێسنی بوون. زۆری نەبرد مستەفا خۆشناویش هاتە لامان. ڕۆژێک دەگەڵ «دڵشادی ڕەسووڵی» کە لاوێکی ئەدیبی کورد بوو، بە سواری بە ملەی کێوێکدا دەڕۆیشتن؛ عەجەم بە تۆپ دایانگرتین. ئەوە یەکەمجار بوو کە تۆپم پێوەنێنو ببینم گوللە تۆپ لە نزیکەوە دەکەوێ. وابزانم من لە شەرمی دڵشاد و دڵشاد لە شەرمی من دانمان بە جەرگی خۆمان ڕۆگرت و هەڵنەهاتین و تۆپیشمان وێ نەکەوت.

چەند جارێک لە شەڕی ناو سەنگەردا بەشدار بووم. جارێک خەبەریان دا کە لەشکرێکی سێسەد و پەنجا کەسی لە بانەوە دێن بۆ ڕزگار کردنی قوڵتە. شەو چووین خۆمان لێ داگرتن. بەرەبەیانی گەینە بەرەوە و تەقە دامەزرا. زۆری نەبرد لەشکرەکە خۆیان دا بە دەستەوە و بە دلمان گرتن. چەک و فیشەکمان دا بە عەشایەر و کەلوپەلی وردەمان گێڕاوە. کە دیتمان دوو شووشەی تێدایە، وامزانی ئارەقە. دڵشاد و یەکێ تر کردیانە هەرا کە خۆیان بیخۆنەوە. بەڵام شووشە بە ئاولیمۆ دەرچوون و کردمانە چێشتەوە. نانمان هەبوو، پارەشمان هەبوو؛ بەڵام قاتی و قڕی پێخۆر بوو. زۆربەی کات بە نان وشک و چا ڕاماندەبوارد. چووینە سەر گوندی «بیزێلا»، ئاغەکەمان دەرکرد؛ کە جاشی دەوڵەت بوو. بۆ بەیانی تەیارەمان هاتە سەر و زۆری شێستتیر لێ ڕشاندین؛ بەڵام کەسمان لێ بریندار نەبوو. ئەوەش هەوەڵ جار بوو کە تەیارە ببینم شەڕ دەکا.

هەوەڵ شەوی کە چوومە گوندی «شینوێ» چەند پێشمەرگەیەک نۆرەیان بوو ببنە کێشکچی لە سەنگەری دەوری قوڵتێدا. یەکیان ناوی موەستا برایمی بەننا» بوو؛ دەنگی زۆر خۆش بوو؛ قەتاری زۆر خۆشی گوت. گوتم ئەمشەو تۆ مەچۆ؛ سبەی شەو پێکەوە دەچین. گوتی سبەی شەویش دەگەڵ تۆدا دێمەوە سەنگەر. بەیانی ئەو ڕۆژە وەستا برایم شەهید کرا. دوو پێشمەرگە بە ناوی «شەریف شکاک» و ڕەحمان چەتە»، چوون بە ئێستر لاشەکەیان هێنایەوە.

قەبر هەڵدەقەندرا، بانگی مەلایەکم کرد کە لە سەر قەبرەکەی باسی شەهید بکا و بڵێ ئەمە شەهیدە و نامرێ. مەلا گوتی: چۆن قسەی وا دەکەم؟ قەت ئەوە شەهید نییە؛ خۆ نەچۆتە شەڕی دینی ئیسلام!

بانگم کرد: دوو قەبر هەڵقەنن؛ یەکیان بۆ ئەو مەلا سەگبابە!

مەلا زەرد هەڵگەڕا و بێهۆش تخێڵ بوو. ئاویان بە سەر و چاویدا کرد؛ وە هۆشیان هێناوە. ملی نا وەک بلبل؛ کارێکی کرد کە وەستا برایمی وەک ئیمامی هەمزە و ئیمام حوسێن حیساب کرد!

ڕۆژێک باران دەباری. کابرایەک لە شەودا بانگی لە کەڵەکەوان کردبوو بیپەڕێنێتەوە. کابرامان گرت:

- چ کارەی؟

- فەقیرم و لە خێر دەگەڕێم.

برادەران کەوتنە تەحقیقات و نووسین. زۆریان گوت فایدەی نەبوو. شەو بە دەنگێکی وا کە گوێی لێ بێ گوتم:

- ئەرێ بە شەو کێ دەتوانێ بە پێنج گوللە نیشان بپێکێ؟ ئەو کابرایە بێنن، دایکەین، بزانین کێ دەستی ڕاستە!

کابرا کردیە هاوار:

- باوکم مەمکوژن! بە خوا من جاسووسی عەجەمانم. کۆتری نامەبەر دە باخەڵم دەنێم، خەبەریان بۆ بە کۆتردا دەنێرمەوە. ناردوویانم بزانم ئێوە چەند کەسن و لە کام خانوودا دەژین.

کابرامان ناردە سابڵاغ.

ڕۆژێ کە تەیارەمان هاتە سەر و دایگرتین؛ ئێمەش بە تفەنگ لە خوارەوە تەقەمان لێ دەکرد.

من لە بن دار توێکەوە لە حەوشەدا تفەنگم داویشت. «عەوڵا شکاک» ناوێک -کە پێشمەرگەیەکی سابڵاغی بوو- لە سەر سەربانەوە تەقەی لێ دەکرد. چەند جار هاوارم لێ کرد وەرە خوار! لەوێ خەتەرە! جوابی نەدامەوە؛ گوێی گران بوو. دەورەی هەموولە گوللە دابێژرا بەڵام خۆی بەرنەکەوت. دوایە خۆم لێ تووڕە کرد کە بۆ لە سەربان نەهاتۆتە خوار و خۆی پەنا نەداوە؟ حیکایەتێکی گێڕاوە کە جارێک شێخولیسلامی باوکی هێمن لە ڕاو بووە، کەروێشکێک بە تەماڵ دۆزراوەتەوە. نۆکەرێکی گوتوویە توخوا تاژی تێبەرمەدەن! من بە تفەنگ دەیکوژم؛ کەچی نەیهەنگاوتووە. ئاغا لێی تووڕە بووە کە بۆچی کەروێشکت لە کیس داین؟ گوتوویە:

- بەڵێ ئاغا نەمهەنگاوت، بەڵام وام ترساند کە تازە ڕوو ناکەتەوە ئەم گردە!

دوای دەر کردنی مام حەسەنی بیزیڵا، لامان وابوو تەیارەمان دێتە سەر. بۆ ئیحتیات پێش تاو کەوتن هەموو خەڵکی دێی وەتماناوێمان وەدەر نا. لە تاو گەرمبووندا پیرێژنێکم دی بەرەو ماڵان دێت. دەنگم دا کە نەیە. پاڕاوە کە کارێکی زەروورم هەیە. لام وابوو پرێسکەی پووڵی لە بیر چووە بیبا؛ گوتم: ئەمما زوو بڕۆ تەیارە دێ. دوای تاوێکی دی دیتم دیسان بەرەو ماڵان دێتەوە. گوتم: ئەمجار ڕێت نادەم. گوتی: بە قوربان! خاڵ سەعیدی پێشمەرگە دەڵێ تەیارە دوژمنی قەستەسەری خورییە؛ هێندێکم خوری لە دیزەیەک دایە دەچم دەریدێنم!

عەجەم قوللەیان هەبوو؛ تۆپمان نەبوو کە دژی قوللە بێ. ڕۆژێک کابرایەکیان هێنا، ڕەش چەتەوڵ، گوتی من ئامادەم چەند نارنجۆک لێک ببەستم و بچم لە بن قوللەوە بیهاوێمە سەرێ.

- ئەو خەتەرە بۆ دەکەی؟

- کاکە من بە سەد ساڵ حەبس مەحکووم بووم. نۆ ساڵم کێشا؛ نەوەد و یەک ساڵم مابوو، ڕووس بەریاندام؛ لە سەر زیادی مامەوە. ئەگەر بە سەلامەت هاتمەوە تفەنگێکم دەیە.

- نا کاکە، ئەو کارە مەکە. پێشمەرگە بە و تفەنگیشت دەدەمێ.

«عەلەگاور» کابرایەکی در و چەتەی مەشهوور بوو لەو ناوە؛ هات بوو بە پێشمەرگە. پیاوی وا ئازام زۆر کەم دیوە. شەوێک کە ئێمە دەچووینە پێش هێزی ئێران -کە بەرەو قولتە دەهات- لەشکرمان بە سەر کردەوە و عەلە دیار نەبوو؛ بێ ئەو ڕۆیشتین. زۆر دوور نەکەوتبووینەوە، لە لای قولتێوە بوو بە تەق و هۆڕێک هەر مەپرسە! بە هەزاران گوللە دەتەقێنرا؛ شەڕ بوو ئەمما شەڕ. خوایە ئەمە چییە؟ ئێمە نەچووینە سەر دوژمن، ئەو برێشکە تەقاندنە چییە؟ ئێمە لە شەڕی هەورازەوە سەرکەوتین و سەربازمان بە یەخسیر گرتن. کە هاتینەوە عەلە لە بنکە دانیشتبوو، تەواو وەک گۆلی قوڕاوی. هەموو گیان قوڕاوی؛ تەنیا پێنج فیشەکی پێمابوو.

- عەلە لە کوێ بووی؟

- کاکە ئەنگۆ باری شەڕ نازانن. ئەگەر قولتێ بە هاواری هەواڵانی خۆیەوە هاتبا، دەکەوتنە نێو دوو ئاگرانەوە و دەرنەدەچوون. ئەمن خۆم گەیاندە کانیە ژنان لە قولتێ، تەقەم لە بورجەکان کرد. هەر من فیشەکێکم داویشت، ئەوان هەزاریان دەتەقاند. لە بیرم بردنەوە کە دەبێ بێنە جەستەی ئێوە! بە ڕاستی تاقە کەسێک هەزار کەس مەشغووڵ کا، هەر لە چنگ عەلەی دەهات.

دوای نەمانی «جمهووری»، دەوڵەتی ئێران پووڵێکی دابوو بە سەلیماغای بایزی، ئەویش ناردبووی عەلەگاور و سەمەد ناوێک -کە ئەویش زۆر بە ئازا مەشهوور بوو، هەواڵیش بوون- بێنە لای کە بیانکاتە نۆکەر و چەتەی خۆی. هەردووک چووبوون. لە ناو دیوەخانی خۆیدا خۆیان بە سەردا دابوون و پەتیان خستبووە ملیان و لە گۆمدا خنکاندبوویان.

لێ بڕابووین کە هێرشێکی بەڕپان بکەینە سەردەشت و قولتێ و دوژمنیان لێ دەر کەین. بڕیار درا شەو سوێسنی هێرش بەرنە سەردەشت و گەورگ خۆ دەگوندی قولتە هاوێن. ڕۆژێک لە کازیبەی بەیانەوە تا ڕۆژئاوا بە کەڵەک چەکدارمان لە «کەڵوێ» پەڕاندەوە. دەپاش نوێژی شەواندا فەرمان هات کە دەبێ لە دەوری سەردەشت بکشێنەوە. ڕادیۆ لەندەن گوتوویە کودەکان سەردەشتیان گرتووە. ڕووسەکان لەو خەبەرە نیگەرانن؛ نایانەوێ ئینگلیسیان تووڕە کەن. گوتم: من ئەم ئەمرە گوێ نادەمێ و دەست لە هجووم هەڵناگرم. پاشان حاڵیان کردم کە فەرمان لە عەرزێ نادرێ. لە داخان گریانم. ئەو شەوە بە دزیەوە لەشکرمان بەجێ هێشت کە نەوەکا لە ڕقان بمانکوژن.

لە ڕێی گەڕانەوەدا لە دۆڵێکدا، زۆر دوور ورچێکمان دی. تفەنگێکم لێ تەقاند. سوور دەمزانی نەمهەنگاوت؛ بەڵام هێندێک لە هەواڵان گوتیان کوشتت. بە ڕاستی خاتری منیان گرت و درۆیان دەکرد. کە هاتینەوە سابڵاغ، حەمەحوسێن خانی فەرماندەی سوپا بۆ ئەو دەستڕاستییەم -کە هیچ ڕاستی تێدا نەبوو! - دەمانچەیەکی خەڵات کردم و هەرچەند گوتم ڕاست نەبووە، باوەڕی نەکرد.

ماوەیەک شەڕ و هەرا مات ببوو. منیان ناردە سەرای لای سەقز کە مابەین بم و ئاگادار بم عەشایر ئاڵۆزی نەنێنەوە؛ نامەی نێوان دوژمن و دۆست پێک بگۆڕینەوە. جارێک خەبەرم وەرگرت کە سەربازانی دەوڵەت مەڕی گوندێکیان دزیوە. گوندەکە دەبوایە عەمەرخانی شکاک بیپارێزێ. نامەیەکم بۆ نووسی کە چۆن ئاگادار نەبووی و مەڕیان لە بەر پێی تۆ بردووە. بۆی نووسیبوومەوە: ئەو سەربازانە گەنمیان زۆرە، پێخۆریان کەمە؛ منیش گۆشتم بۆ ناردن!

جارێک «سەرتیپ هومایونی» نامەیەکی نووسیبوو ناوی پێشەوای «آقای محمد قازی» نووسیبوو. لە جوابیدا لە باتی تیمسار و تەڕەماش بۆم نووسییەوە: «آقای حاجی عەلی»! کە بەوە زۆر تووڕە ببوو.

لە «سەرا» لەپڕ نەخۆش کەوتم. ئەو ڕۆژە بارزانی هاتبوو؛ هەڵیگرتم و بردمیە سابڵاغ و لەوێوە ڕەوانەی بیمارستانی ڕووسیە لە تەورێز کرام. مانگێک پتر مامەوە.

حەمەڕەشیدخان لە شەڕی پێشوویدا شکا و گەڕاوە، بانەی سووتاند و گەییە عێراق. دەوڵەتی عێراق بردیە جەنووب. لە شاری «ڕەمادیە» دەژیا. لە جەنگەی شۆرشی ئێمەدا لە پڕ هاتەوە مەڵبەندی سەقز؛ دوو لاوی عێراقیشی دەگەڵ بوون بە ناوی «یەحیا چروستانی» و «حەمەدەمین مەنگووڕی» کە یەکیان مەلا و یەکیان شاعیر بوو. پێشەوا منی دەگەڵ میرحاج ناردە لای کە بچینە سابڵاغ. لە گوندی «تورکمان» دیتمان و بە تەنیا ڕاسپێریەکەم پێ گەیاند. خان زۆر شڵەژا؛ گوتی: نازانی بۆچیم بانگ دەرکەن؟

- نە!

کە هاتبوو ڕووسەکان دوانبوویان، ڕاستی گوتبوو کە ئینگلیسان ناردوویانم کارتان لێ تێک دەم؛ بەڵام قەول دەدەم بە قسەیان نەکەم و خزمەتکاری شۆرش بم. دەستان لێ بەردا و لە «سەرا» بە ناوی ژنڕاڵ مایەوە.

دەوڵەتۆکەی ئازەربایجان بە سەرکردایەتب پیشەوەری ملی لە ئاغا کوشتن نابوو. تەمای کردبووە ئاغاوەتی کوردستانیش. هاشمی خوسرەوی ناوێک لە لایەن سابڵاغەوە حوکمی بۆکانی دەکرد. پیاوی پیشەوەری، هاشمییان ساز کردبوو کە شەوێک بێن و ماڵە مەحمووداغا و عەلیاغا و حاجی بایزاغا قەتڵوعام کەن. زۆر لام گران هات. بێگانە بێ و کورد بە دەستی شۆرش بکوژێ. لە بۆکانەوە بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە پێشەوا. فەورەن ڕۆیی بۆ تەورێز و لەو کارەی پەشیمان کردنەوە. هاشمیشیان لە بۆکان لابرد و دارکاریەکی باشیان کرد. ماڵە ئێلخانی کە بەو کەین و بەینەیان زانیبوو، بە سوپاسەوە دەیانگوت تۆ نەبوایەی ئێمە دەنەماین.

ڕۆژێک برادەرێک -کە نۆکەری ماڵە ئێلخانی بوو- گوتی:

- ئاغایان کۆبوونەوەیان کردبوو؛ منیان دانابوو ئاگام لە درگا بێ و کەس نەزانێ دەڵێن چی. من لە پشت درگاوە گوێم گرت: بیست ڕۆژی تر لەشکەری سەقز دێن و هجووم دەکەنە سابڵاغ.

ئێمە دە پێشدا لە بەریان دەڕۆین و دوایە ڕەگەڵیان دەکەوین.

ئەو خەبەرەم گەیاندە پێشەوا. لە نامەیەکی بە خەتی خۆیدا نوسیبووی: «هەژار! هەزار مامری شامیت بە قوربان بێ؛ مەترسە! هەموو کار بە کەیفی تۆ دەبێ». لەشکرێکی هەزار کەسی هات و پێشمەرگە لە «قەرەموسالیان» پێشی لێ گرتو شکاندی. ئاغایان ڕەوی بوون؛ بەڵام فریای ڕەگەڵ کەوتن نەکەوتبوون.

پەراوێز edit