ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٦٢. باسی عەلیاغا و پیاوەکەی (بابەکری سەلیم ئاغا)
دنیا عەشایری بوو. حیزب و کۆمەڵەیەک نەبوو. بۆ سەردانی حەمەدەمین حەدادی چووبوومە «کانیەڕەش»؛ چوومە دەسنوێژ گرتن. لە کونی دیواری ئاودەستەوە دیتم عەلیاغای ئێلخانی دەگەڵ کابرایەک هاتن و پاڵیان دا بەو دیوارەوە کە من لەودیوی گوێم لە قسەیان دەبوو. عەلیاغا گوتی: زۆر سەلام لە بابەکری سەلیماغا بکە! بڵێ: عەلی دەیگوت نەکا دەغیلی بم، فریوی هەتیو مەتیوان بخوا و کوردایەتی و شتی وا بکا. ئەگەر ئێمە ئەو کارە بکەین ئاغایەتیمان لە دەست دەچێ...

جارێک ڕووسان زۆر پیاوماقووڵی وڵاتیان بۆ باکۆیە بانگ کرد کە عەلیاغا و قەرەنیاغا و حاجی بابەشێخ و زۆر ئاغای تریش لەو بانگ کراوانە بوون. کە هاتنەوە بیستمان باغرۆفی سەرۆکی وەزیری ئازەربایجانی ڕووسیا گوتبووی چتان دەوێ بۆتان پێک بێنین. یەک دەڵێ شەکر، یەک دەڵێ زینی عرووسی، دەمانچە... من دەمەتەقەیەکم لە سەر نووسین و لە «نیشتمان»دا چاپ کرا. تێرم گاڵتە بە عەقڵیان کردبوو. عەلیاغا هەڕەشەی کردبوو کە ئەو شاعیرە هەر دەکوژم. ماوەیەکی زۆر نەمدەوێرا بە گوندی ئەودا بڕۆم و ڕێگەم بۆ شاری سابڵاغ گۆڕیبوو.

ڕووسان چەکداریان کردین و هێزی پێشمەرگە پێک هات و مەشق بە پێشمەرگە دەکرا و تەواو بووژاینەوە.

جارێک دەگەڵ مەلا ڕەسووڵ ناوێکدا ناردرام کە مەلا خەلیلی گۆڕۆمەر بکەینە لاگری شۆرش؛ بەڵام هەرچی شێر و ڕێویمان بۆ هێنایەوە ملی نەدا دەیگوت سوێند بە ئاڵا خواردن پیاو کافر دەکا و بیستوومە کچان لە سەر خەیابان ڕێژە دەڕۆن! پاش چەققە و سوێندی زۆر! ڕازیمان کرد بە قورعان سوێندی بۆ خواردین کە یاریدەمان بکا و هەرگیز خەیانەتمان پێ نەکا. بەڵام زۆر زوو خەیانەتی پێ کردین و سوێندەکەی وەبەر پێ دا.

بە شاعیر ناوم زڕابوو. لە سەر داوای ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و ڕووس بە خۆ و شیعرەکانمەوە چوومە تەورێز. قەرار درا بۆشم چاپ بکەن و تەرجەمەشی بە زمانی ئازەربایجانی بکەن. گوتیان لە ئوتێلێکی خۆش دەتدەمەزرێنین و چاوەدێرت دەبین کە پیاوی ئێران زیانێک پێ نەگەیەنن؛ قبووڵم نەکرد. چوومەوە ئولێلەکەی کە لە سایەی دەنگخۆشی هەمزەوە ببومە هەواڵی خاوەنەکەی. ژوورێکی بە تەنیا دامێ و ڕۆژێ سەعات هەشت دەچوومە لای «جەعفەر خەندان» شاعیری مەشهووری ئازەربایجانی و تەرجەمەی شیعرەکانم بە فارسی بۆ دەبرد و ئەویش دەیکردنە شیعری ئازەری. ئاڵەکۆکیان بە کوردی لە چاپ دا. تەرجەمەشی بە ناوی لایلایی دەرکەوت. ویستیان پارەی ئەو شیعراتەم بدەنێ، نەمەویست و گوتم دیاری من بێ بۆ ڕووسیا!

چەند شتێکی سەرنج ڕاکێشم لەو سەفەرەدا لە بیر ماوە:

لە تەرجەمەی شیعرەکانم کە گەیمە ئەو بەیتەی دەڵێم:
بە هەزار وەزنی هەزار شیعری دەگوت
گەیبووە ڕیزی هەژار و پووشکین
جەعفەر خەندان پرسی: پووشکین دەناسی؟
گوتم: هەر ئەوەندە دەزانم شاعیرێک بووە.

گوتی: کوڕم! تۆ ەێشتا منداڵی؛ شانازیش بە شیعری خۆت دەکەی. لەکوردیەکەدا بۆت چاپ دەکەین؛ بەڵام تەرجەمەی ناکەین. پووشکین زۆر لەو پایەبەرزترە کە من و تۆ خۆمانی بێنینە ڕیزی.
زۆر بە خۆدا شکامەوە...

ڕۆژێک عەکسێکی منیان بە تەرجەمەی شیعرێکەوە لە ڕۆژنامەی «وەتەن یۆڵندە»دا چاپ کردبوو. ئەوەندەم کەیف ساز بوو هەر نەبێتەوە. پتر لە سەد ژمارەی ڕۆژنامەکەم کڕی و ناردمەوە بۆکان و سابڵاغ.

لە تەورێز جگە لە تەرجەمەی شیعرەکانم ڕۆژانە دەچووم دەستە کچێکم فێری سروودی کوردی دەکرد. ئەو سروودەی کە جارجار لە «ئێرەوان» دەڵێن: «خاکی گەوهەرە، ئاوی کەوسەرە...» یەک لەوانە بوو. جگە لە «وەتەن یۆڵندە»، عەکس و تەرجەمەی شیعرم لە کۆمەڵە نووسراوێک بە ناوی «کۆڕی شاعیران»دا چاپ کرابوو. ئیتر بە کلک گوێزم دەشکاند. هەر کیژێکی لەوانەی سەر بە ئێدارەی فەرهەنگی ڕووسان بوون، کە لێی دەپرسیم تۆ کێی؟ گورجێ عەکس و شیعری چاپ کراوم دەنا بەردەمی!

لە بیرمە ڕۆژێک جەعفەرۆف ناوێک لە ڕەوابیتی فەرهەنگی گوتی:
- بەزم و کۆبوونەوەیە. خۆت کە هیچ، کارتی دۆستانیشت وەرگرە بانگیان کە.
- کارتێکم بۆ قاسماغا دەیە.
-ئاغا؟!
- زۆر پیاوی چاکە و دەگەڵ خۆمانە.
- کوڕم! مار مارە، سپی و بۆر و زەرد و سووری نییە!

لە ڕۆژگاری کۆمەڵەدا زۆر شیعرم نووسیون کە هێندێکیان لە ئاڵەکۆکدا کۆ کراونەوە. پتر لە دوو هەزار بەیتی بە خەت مایەوە و ڕووناکاییان نەدیت!

بۆ جاری دووهەم قازی دەگەڵ چەند کەسێکدا چوونە باکۆ. لێیان پرسیبوو: چۆنە شاعیرەکانتان دەگەڵ خۆت نەهێناوە؟ ئێمە زۆرمان ڕێزی شاعیران لەبەرە. ئەمەش زۆر بووە مایەی دڵخۆشی من و هێمن و قازیش نازناوی [شاعیری] میللی لە هەردووکمان نا.

تا حیزب بە ناوی «ژێ-کاف» بوو، ئەندامانی نهێنی و کەس نەناس بوون، هموو کەس بە چاوێکی زۆر بەقەدرەوە لێی دەڕوانی. وای لێهاتبوو هیچ لاوێک هەرزەکارییەوە لە هیچ کیژێکی نەدەڕوانی. دزی و درۆ و دەستبڕین بە یەکجاری باری کردبوو. لە لادێ ئەگەر زیانیەک بکرایە، ئەگەر گوریس و ئامرازێک ون بوایە، قەت کێشەی لەسەر هەڵنەدایسا و گومبوویان دەداوە بە خاوەنی. خەڵک لە سەر خەرمانان نەدەنوستن کە دەیانزانی کەس دزیین لێ ناکا. کیژ و لاو چەند شەوان پێکەوە شەو بە کێو دەبوون، بۆ ڕێواس با چرێش، کەس دڵپیسی لە کەس نەدەکرد.

جارێک لە زەنبیل میوان بووم و خەریک بووم بڕۆم؛ لەو دەمەدا دەستەیەک مرید هاتن. سەید گوتی ڕاوەستە قسەم هەیە. سۆفیەکی پیر دەستی ماچ کرد. سەید لێی پرسی: سۆفی تۆش بوویە کۆمەڵە؟ گوتی: قوربان خوا بە نسیبمان کا. بە خوا من دەستی باپیرتم گڵاو کردووە، بوومە مریدی بابت، ئێستاش مریدی تۆم، قەتم دەست لە حراپەکاری و دزی بەرنەداوە. بەڵام لە سایەی کۆمەڵەوە هەموو خراپەیەکم وە لا ناوە. زەمان زەمانی محەممەدی مەهدییە...

خۆم لاوێک بووم لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا. دەگەڵ برادەرێکی حیزبی بە ناوی «عەبدولقادر دەباغی» ڕامدەبوارد. زۆر جار دەچوومە ماڵیان و دەگەڵ عەبدولقادر و خوشکەکانی بێتەقیە گەمەمان دەکرد. ڕۆژێک یەکێک پێی گوتم: خۆشی لە خۆت! دەگەڵ ئەو خوشکە جوانانەی دەباغیدا کەیف دەکەی. باوەڕ کە تا وای نەگوت نەمزانی خوشکەکانی جوانن یا ناشیرین. لەو ساوە تەرکی ماڵە دەباغیم کرد و هەرچی کردیان نەچوومەوە؛ نەوەک بە چاوی خەیانەت بڕوانمە خوشکی برای حیزبیم.

حیزبی توودە -کە سەر بە ڕووسان و لە ئێراندا زۆر بەهێز بوو- نەیتوانیبوو لە موکریان خۆس دیار بدا. ڕۆژێک قازی لە تەورێز گەڕاوە و کۆی کردینەوە و گوتی: قولیۆف گوتویە ئێمە جگە لە توودە هیچ حیزبێک قبووڵ ناکەین؛ دەبی خۆتان حەل کەن و ببنە توودە؛ دەنا ناچارین بتانکوژین. ئێوە دەڵێن چی؟ زۆر زوو جوابمان داوە کە ئێمە بۆ خۆمان ئەم ڕێگەمان هەڵبژاردووە؛ ڕووس ئاگان لێ نەبووە. ئێستاش هەر لە سەری دەڕۆین و چییان لە دەست دێ منەتیان نەبێ. قازی گوتی: خوا شوکور لاوی کورد وەک میشک وان؛ تا بیانسوویەوە بۆنیان خۆشتر دەبێ. جوابەکەی بردەوە بۆ تەورێز و گەڕاوە گوتی: لەو جوابە ترساون و «قولیۆف» گوتوویە: توودە چ گووێک دەخوا؟ ئێوە هەر وەک خۆتان بن!

پەراوێز edit