ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٦٠. مەئموورییەت لە «ژێ-کاف»دا
مانگی جۆزەردان بوو، دروێنەی جۆ لە دەوری بۆکان دەستی پێکردبوو، حیزب ناردی چوومە سابڵاغ، دەگەڵ میرزا قاسمی قادری و زەبیحی -کە دەبووینە سێ کەس- گوتیان دەبێ بچنە «دزەی مەرگەوەڕ» دەگەڵ نوێنەرانی حیزبی هیوای کوردستانی عێراق گفتوگۆ بکەن و هەر قەرارێک ئێوە بیدەن ئێمە پێی ڕازین. بە سواری ترومبێل بەرەو ورمێ کەوتینە ڕێ کە لەوێوە فایتوون هەیە و دەمانباتە مەرگەوەڕ. گەیشتینە گوندی «باڵانیش»، شەڕ و هەرایەک بوو سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسی. زێڕۆ ئاغای هەرکی و دەوڵەت شەڕیان بوو. پۆستی ئەمنیە سووتابوو؛ هەشت کەلاک درێژ کرابوو. هەر وا کورد بوون لە ورمێوە هەڵاتبوون و دەهاتن. بە پەلە ترومبێلمان بەجێ هێشت و بەرەو چیا ڕەوین.چووینە گوندی «کوکێ» کە ماڵە زێڕۆی لێ بوو؛ ویستمان میوانی بین. کابرایەکی گەرمیانی -کە کۆنە ئاشنای زەبیحی بوو- لە دەرگا گێڕاینەوە. گوتی: زێڕۆ دوژمنی شێخ عەبدوڵڵای دزەیە. لەوانەیە ڕووتتان بکا؛ چونکە دەچنە ماڵی ئەو. لەوێش بێدەنگ خۆمان ڕزگار کرد و چووینە گوندی «قاسملوو» لە دۆڵی قاسمولوو لە بن چیای دمدم؛ کە ئێستاش شوێنەواری خانی لەپزێڕینی لێ دیارە. شەو لە ماڵی مستەفاغا ناو میوان بووین. کابرا دەیەویست ڕووتمان کا؛ بەڵام کە زانی دەمانچەمان پێیە وازی هێنا. بەیان وڵاغمان لە سۆفی شێرە ناوێک بە کرێ گرت و چووینع دۆڵی دزە. بۆ نیوەڕۆ لای عەبدولقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵا لە «گردوان» بووین و ئێوارە چووینە ڕەشماڵی ماڵی شێخ لە دزە.

نوێنەرانی هیوا: «شێخ عوبەیدیللای زینوێ»، «سەید عەزیزی شەمزینی» کە ئەفسەرێکی عێراق بوو، «سەعیدی کانی مارانی» ناوێکیش -کە تازە لاوێک و خوارزای شێخ عوبەیدیللا بوو- دەگەڵیان هاتبوو. چەندین کۆبوونەوەمان پێکەوە کرد و لە سەر دوازدە نوختە پێک هاتین کە هەردووک حیزب پێکەوە هاوکاری بکەن و مەعلوومات پێک بگۆڕنەوە. جا چونکە لەو شوێنەی کە پێک هاتین بناری «داڵانپەڕ» و لایەکی شەمزینان و ئەم لایەی ئێران بوو؛ ناومان ناک «پەیمانی سێ سنوور». بڕیار درا هەردووکمان بێ خۆگرتن -هەر کەسە لای خۆی- بەیانەکە بڵاو کاتەوە. دوای حەوت شەو لە دزە بە ڕێگەی شنۆدا گەڕاینەوە. لە شنۆوە بە پێ هاتینە نەغەدە و لە نەغەدەوە بە سواری ترومبیلێکی سینمایی ئینگلیسیان -کە دەهاتە سابڵاغ- هاتینەوە. ئێمە دەست بە جێ نوسخە بەیانی خۆمان لە نیشتماندا چاپ کرد. هێشتا بڵاومان نەکردبۆوە، خەبەران داینێ کە حیزبی هیوا بەو پێکهاتنە ڕازی نەبووە و چاپی مەکەن. ڕووپەڕە چاپ کراوەکەی پێک هاتنەکەمان لە گۆڤارەکە دڕی.

خۆش ئەوە بوو کە لە بەندێک لە پێکهاتنەکەدا دەڵێ: «ئەگەر ئینگلیس لە عێراق بەشێ بدەن بە کورد، نابێ کوردی دەرەرەی عێراق هەڵاوێرێ؛ چونکە کوردستان یەکپارچەیە. با بڵێن ئێمە بەشی کورد بە حەق دەزانین و بە پێی توانا یاریدەی هەموو کوردیک دەدەین. کە دێمەش دەگەڵ ڕووسان هەر ئەو حولە دەدەین و موکریان لە کوردی تورکیان و عێراق و بە جیا نازانین».

حیزبی هیوا کە بە سەرۆکایەتی مامۆستا ڕەفیق حیلمی بوو، لە مەسلەحەتی نەزانیبوو کە هیچ ناوێک لە ڕووس و کوردی ئێران و تورکیە هەبێ.

باسی ئەو ڕێککەوتننامە مێژووییە تا ئێستا لە زۆر چاپەمەنی ناوخۆیی و لاوەکیدا کراوە؛ بەڵام سەیر لەوەدایە کە ناوی «هەژار» لە هەمواندا فڕێ دراوە و نووسیویانە: «زەبیحی» و «میرزا قاسم» لە ئێران و «شێخ عوبەیدیللا» و «سەید عەزیز» لە عێراق و «قازی خدر» (یان قازی مەلا خالید، جاری واش هەیە گوتوویانە قازی عەبدولوەهاب) لە لایەن کوردی تورکیاوە ئەم پەیمانی سێ سنوورەیان پەسند کرد. هومێدەوارم ئەم گۆڕانی ڕاستییە لە ڕووی هیچ غەرەزێکەوە نەبووبێ و هەڵەیەک بێ لە دڵپاکییەوە ڕووی دابێ.

لە بۆکان دەگەڵ هەواڵانی «ژێ-کاف» کە ناخوا زۆر ببوون، هاوکاریم دەکرد و بە بەریشەوە کاسبی گەنم و تووتن فرۆشیم دەکاردا بوو.

زۆر کەس لایان وایە کە حیزبی «ژێ-کاف» ڕووسان دروستیان کردووە؛ کە خوا هەڵناگرێ ڕاستی بۆ نەچوون. کاتێ کە حیزب بۆ هەوەڵ جار لە سابڵاغ دامەزرا، ڕووس هیچ ئاگایان لێ نەبوو. دەمانەویست کە بە ڕەسمی بمانناسن و یارمەتیمان بکەن؛ بەڵام هەرچی کۆششمان کرد جوابیان نەداینەوە. لە ئاخریدا کە دیتیان هێز و پێزێکمان پێکەوە ناوە، ئەوانیش لەشکری زۆریان لە وڵاتەکەدا بوو، نەیاندەویست وڵاتەکە ئەمین نەبێ و نەوەکا ئینگلیس بەهرەمان لێ وەرگرێ، گوتیان حیزبەکەتان ڕەوایە و ئێمە مانعتان نابین و ئێوەش لە نووسراوەی خۆتاندا هەواڵەتی ئێمە بکەن. «کوێرە! چت دەوێ؟ دوو چاوی ساغ».

کورد لە هەموو شوێنان، زۆر ئازادپەرست و ئازا خۆشەویستە. کاتێ کە هیتلەر لە سەر بوو، دەگەڵ ڕووسیا شەڕی دەکرد، هەموو کەس چەپڵەی بۆ لێدەدا و تاریفیان دەکرد کە ئازایە و ڕووس خوێڕین؛ ئەگەرچی هیتلەر یاریدەی دەوڵەتی ئێرانیشی دەکرد و دەوڵەتی ئێرانیش لە بەر چاومان لە شەیتان خوێنتاڵتر و دزێوتر بوو. لەبەر ئەوەش کە لە شەڕی یەکەمدا کوردی موکریان یاریدەی دەوڵەتی تورکی موسوڵمانیان کردبوو، ڕووس زۆری کوشتوون و زۆری بە یەخسیر بردبوو. تەنانەت چل و هەشت سەعات قەتڵوعامی شاری سابڵاغیان کردبوو، عورووسی کافر زۆر ناخۆشەویست بوو؛ بەڵام کە ئەمجار لە حوکمی کمونیستیدا هاتبوونە ئێران، بیری خەڵکیان گۆڕی. چوونە هەر شارێک -بەر لە هەر شت- دەرکی زیندانیان کردەوە و زیندانی سیاسی و ئاساییان هەموو بەرەڵا کردن. مەلایەکی شکاک دەیگوت: «ئەز حەفسێدا بووم. م دی ڕۆژەک مەلائیکەتەکە سۆری چاڤشین دەری ڤەکر و گۆت: ئیدی سودا. ئەم هەمی قوتار بوون».

چەکداری ڕووس زوڵمیان لە کەس نەدەکرد؛ هەموو کەس خۆشی دەویستن. خۆ نەخوازا ئێمەی نیشتمانپەرست کە ڕووسمان بە فریشتەی ئازادی کوردستان دەزانی، بە قەد گلێنەی چاوی خۆمان ڕێزمان لێدەگرتن. لە خوامان دەویست ئێمەش بکەوینە بەر قانوونی ئەوانەوە. ڕاستت دەوێ ناوی کموونیستمان نەدەزانی؛ پێمان دەگوتن باڵشەویک. وا تێگەیبووین کە وڵاتی ڕووس هەمووی زۆر ئاوەدانە؛ لە هەر گەڕەکە ماڵەی، لە مەنجەڵێکدا چێشت لێ دەنێن؛ هەموو کەس قاپی خۆی دەبا و لەو چێشتە بۆی تێ دەکەن. ئیتر کەس لە هیچ بارێکدا جیاوازی نییە. هەموو کارێکیش بە دەست پیاوێکە؛ ناوی ستالینە. نازانم خەڵکی تر چەندەیان لەم بارەوە دەزانی؛ بەڵام لەو کاتەدا نەمدی کەس لەمە پتری لێ بزانێ و زۆریش بەوە ڕازی و ئاواتەخواز بووین و لامان وابوو هەر ئەوان ئازادمان دەکەن و دەمانکەنە دەوڵەت. جا ئەوەندی لە توانادا بوو، بە پەخشان و شیعر بە ڕووس و باڵشەویکیمان هەڵدەگوت. بەزم بەزمی من و هێمن بوو کە سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری ستالین و دوعای بەخێر بۆ سەرکەوتنی ڕووسان بوو.

ئەو دەمانە کە لە تەرەغە بووم و تازە دەوڵەت تێک چووبوو، لەشکرێکی دەهەزار کەسی بە سەرکردایەتی «سەرهەنگ پزشکیان» ناوێک لە سەردەشت هەر ما و حوکمی خۆی دەکرد. گوتیان وا عەشایری کورد دەچنە جەستەیان. زۆرم حەول دا کە چەند هەواڵێکم دەگەڵ بێ بەڵکو لەو تاڵانە تفەنگمان دەسکەوێ، کەس نەهات. تەنانەت بە گاڵتە دەمگوت: ئەگەر هیچیشمان دەس نەکەوێ، خۆ تووشی پیاوی وا دەبین ڕووتمان کا؛ با بێکار دانەنیشین! ئەو سەفەرەم بە نسیب نەبوو.

عەبدولکەریم کوڕە گەورەی شێخ محەممەدی خانەقا خەبەری بۆ ناردبووم کە بەرەو خەلیفانی مەنگوڕان بچێ منیش دەیگەمێ؛ سەرەخۆشی لە ماڵی عەلیخان دەکەم. وا دیار بوو کەسی لە من باشتر دەست نەدەکەوت کە ڕاوێژکاری سیاسی بم. لە ڕێگەدا -کە تەنیا بووم- تووشی دەستە سوارێک هاتم. ڕێگەمان لێکی دەدایەوە. سوارێک تاق بۆوە و بەرەو من هات. گورجێ دابەزیم و تفەنگم هێنایە سەرپێ و گوتم: مەیە پێش دەتکوژم! گوتی: بابە نەهاتوومە شەڕ، ئەوا من لە خزمەت سەید کامیلی کوڕی سەیدی زەنبیلدام و دەچینە «خەڵیفان». لەو ڕۆژەوە دەگەڵ سەید کامیل بوومە ئاشنا و چەند ساڵان زۆر دۆستی نزیک بووین.

عەبدولکەریم و سەید کامیل هەردووک ڕاسپێرابوون کە مەنگوڕان ساز کەن بچنە یاریدەی حەمەڕەشید خان لە سەقز. عەلی خان و مەنگوڕ نەهاتن. دەگەڕانەوەدا عەبدولکەریم سەری لە «قالوێ» دا و سەید کامیلیش هەر هاتە ئەوێ. من دەستم لە عەبدولکەریم بەردا و دەگەڵ سەید کامیل چوومە سەقز؛ کە بابەشێخی مامی سەید کامیل هەمەکارەی حەمەڕەشید خان و لە سەقز بوو.

حەمەڕەشیدخانی بانەیی -کە ئاغای «وێنە» و «دارۆخان»ی بەشی کوردستانی عێراق بوو- عەشیرعتی بانەیی دوای خۆی دابوو؛ بانە و سەردەشتی لە دەست عەجەم دەرهێنابوو. پاش زۆر شەڕی پاڵەوانانە و بەناوبانگ،بە یارمەتی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی سەقزیشی گرتبوو؛ چەک و چۆڵی زۆری لە دەوڵەت ساندبوو. بەیتی شەڕی حەمەڕەشید خان، گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ دەگەڕا.

میوان لە ماڵان دامەزران. سەید کامیل و دەست و پێوەندی -کە منیش یەکێک لەوان بووم- لە ماڵی حاجی عەلی ئەکبەر ناوێک دامەزراین. نان و خوان و خەو لە سەر حاجی. هێشتان زۆر شوکرانەبژێر بوو کە بانەیی تەشقەڵەباز نەهاتوونە ماڵی و بە نیوەشەو داوای کەبابی بازاڕی لێ ناکەن!

کاری ڕۆژانەی سەید کامیل هەر ئەوە بوو لادێیی هاواریان بۆ دێنا کەریان لێ ساندوون، ڕووتیان کردوون؛ تکای بۆ دەنووسین. خان حاشای دەکرد و دەیخستە ملی پیاوی سەلیم خانی کێوڕۆ؛ سەلیم خان دەیخستە ملی پیاوی خان.
لە دەرگای ژوورەکەمانی نووسیبوو:
کەر دزینی سەقزییەکان بە مەسال
هەر بینا دیت ببێتە ئیستقلال!
بێنە شیکوا، لێیان بکەن حاشا
زوو مووەفەق دەبێ ڕەشید پاشا

بانەیی دەیانخوێندەوە و پێدەکەنین.
دوو مانگێک لە سەقز مامەوە. زاراوەی سەقزیان فێر بووم؛ فەرقم پێ نەدەکرا. لەو ماوەیەدا خان هێرشی بردە سەر هێزی عەجەم لە «دیواندەرە»؛ عەشایری دەوروبەری سەقز و ئەحمەداغای حاجی بایزاغاشی دەگەڵ بوون. عەشیرەتی گەڵباخی بوونە پیاوی دەوڵەت. لەو شەڕەدا لەشکەری خان زۆر پیس شکا و چەند کوژڕاو و ئەسیری دا. ئەویش دوو ئاغای گەڵباخی بە دیل گرتبوو؛ لە سەقز کوشتنی. «نافیع مەزهەر»ی شاعیر قەسیدەیەکی بەو هۆیە گوتبوو کە زۆر قەسیدەیەکی چاک بوو. چەند بەیتێک نەبێ لە بیرم نەماوە. دەربارەی کوردە خاینەکانەوە دەڵێ:
دزی خانەگی! واجبە کوشتنت
لەبۆ عیبرەتی غەیرە، خوێن ڕشتنت

یان دەڵێ:
چ خۆشە کە یەک سانیە بیتە شێر
نەوەک دوو هەزار ساڵە بتنێنە ژێر
چ شیرینە شاعیر! کە ئەنجامی کار
لە سەر پاسی ئەو قەومە بتدەن لە دار


تفەنگەکەم پێنج تیریکی زۆر خراپ بوو. زۆڕ بە ئاوات بووم تفەنگی بڕنۆم هەبێ؛ بەڵام دەست نەدەڕۆیی بیکڕم. شیعرێکم بۆ حەمەڕەشیدخان نووسی، گوتم جایزە تفەنگەم دەداتێ؛ بەڵام کەس هەر نەیخوێندەوە.

لەو ماوەیەدا سەید کامیل ڕۆیشت کە سەری ماڵ بداتەوە لە «گەردیگلان» و من بە تەمای هاتنەوەی لە سەقز مامەوە؛ بەڵام کە ئەو زۆری پێچوو نەهاتەوە. لە ماڵەکە گوێستمەوە بۆ خانێکی کەران. شەوێ دەگەڵ کابرایەک قەرارمان دا کە پێکەوە بڕۆینەوە وڵات. ئێوارە سێبەر شۆڕ ببون بە شار دەرچووین. کابرا سێ خزمی خۆی دەگەڵ بوو. زوو تێگەیشتم کە تووشی بەڵایەک دەبم و ئەوانە کاریان دزی و خەڵک ڕووت کردنە. زۆر بە خۆپارێزی لە دواوە دەڕۆیشتم و تفەنگم لە سەر پێ و ئامادەی ڕووداو بووم. نوێژی شەوانێکی درەنگ لە دەوری گوندی قارەوای سەقز هێندێک ڕەشەولاغ و کەری بە جلەوە دەلەوەڕان. هاوڕێکەم دەگەڵ خزمەکانی درگای کۆنە قاوەخانەیەکیان لە سەر کەرەکان دابەست و گوێلک و پانێرەکانیان پێش خۆ دا و دزیان. زۆر دوور نەکەوتبووین، خەڵکی دێ کەوتنە شوێنمان و چەند تفەنگیان هاویشت. من کە دەمەویست لە چنگ ئەو پیاوخراپانە ڕزگار بم، گوتم ئێوە بڕۆن من لێرە پێش بە هاوارچییانە دەگرم. ئەوسا ڕۆیشتن و منیان بەجێ هێشت. هاوارچییەکان دوای چەند گوللە تەقاندن گەڕانەوە. ئەوسا سوار بووم و بێ ڕێگە ملم لێنا. تووشی جۆگە ئاوێکی زل بووم؛ ویستم باز دەم، هەیم لە ماینەکە کرد؛ بازی دا؛ بەڵام تەنگەی زین پسا و کەوتمە ناوەڕاستی قوڕ و لیتەی جۆگە. هەر چۆنێک بوو هاتمە دەر و چرایەکم لە دوور بەدی کرد و هاوارم کرد. دیار بوو خەڵکی دی دەترسان. ئاخری دوو کەس بە تفەنگەوە هاتن. کە زانیان جێی ترس نیم، من و زینی قوڕاوی و ماینیان ڕاکێشا و بردمیانە ماڵێک. خۆم ششتەوە. کابرا چای بۆ لێنام و حەسامەوە. کە باسی خۆم بۆ گێڕایەوە، بە لایەوە سەیر بوو. گوتی:

- ئەو هاوڕێیەت کە ناوی حەمەکەریمی مەجیدی بوو، بۆ دوو قڕان پیاوێکی کوشتووە؛ سەیرە تۆ نەجاتت بووە. ڕەنگە لە ترسی سەید کامیل نەیوێرابێ بتکوژێ و ماین و تفەنگت بەرێ.

پتر لە سی ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا ڕابردبوو، ڕۆژێک چوومە خزمەت بارزانی. سۆفی عەلی ناوێک زۆر بە گەرمی ئەحواڵی دەپرسیم. بارزانی فەرمووی: لەکەنگێوە هەژار دەناسێ؟ گوتی: قوربان لەو ساوە کە ئەو کەری لە دەوری سەقز دەدزی! چیرۆکەکەم بۆ بارزانی گێڕاوە؛ فەرمووی: نەمزانیبوو کەریشت دزیوە!

کۆمەڵی «ژێ-کاف» دەیەویست خەڵکی شار بترسێنێ؛ شەو تەقەیان لە حاکمێکی ئێرانی کرد کە وەبەر نەهات؛ بەڵام لە شار هەڵات. «عیسازادە» ناوێک -کە زەمانی پەهلەوی شەیتانی لە خەڵک دەکرد و زەبیحی و فاروقی بە گرتن دا و خەبەری لە من و مەلا حەمەدەمینی حەدادی دابوو، لە دەست دەوڵەت هەڵاتبووبن و خۆمان شاردبۆوە -بە ئەمری حیزب کتێبخانەیکەی تاڵان کرا. ترس و لەرزێکی زۆر کەوتبووە ناو خەڵکی شار و لە دوژمنی نادیاری دەترسان. وردە وردە هەر دوژمن کەم دەبوون و دۆست زۆر. تا وای لێ هات کە دەستەڵاتی کۆمەڵە لە شاری سابڵاغدا تەواو پەرەی سەندبوو؛ ئەوی خۆشیشی نەدەویست لێی دەترسا.

جارێک خەبەریان دا کە دەوڵەمەندی شاری، حیزبی خۆیان لە دژی ئێمە دروست دەکەن و فڵانە شەو لە مزگەوتی سەید نیزام کۆ دەبنەوە. قەرار درا لێیان تێک دەین؛ بەڵام نەشدەبوو بناسرێین. حوسێنی سەرۆکمان -پاش کێشە و هەرای زۆر- ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی خۆی کە وا نەکا بیناسن و لێشیان تێک دا. بە جلێکی گۆڕاو، دەم هەڵپێچراو، لە مزگەوت چووبووە ژوور و دەمانچەی دەرهێنابوو، کە: وا وا لێکراوینە! ڕووح بە کوێ دەبەن؟...

ئەو هەموو دەوڵەمەندە قەڵەوانە -وەک جندۆکەی بیسمیللا لێکراو- هەر ئەوەندەیان بۆ کرابوو کە لە پەنجەرەوە باز دەن و خۆ دەرباز کەن. پتر لە دووسەد جووتە کەوشی زۆر باش لەوێ بەجێ مابوو.

پەراوێز edit