ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥٨. کۆمەڵی «ژێ-کاف»
جارێک کە چووبوومە شار، وەک هەموو جار بەر لە هەموو شت زەبیحیم دیتەوە؛ گوتی وەرە! بردمیە مزگەوتی قازی. گوتی بە قورعان سوێند بخۆ کە ئەوی پێتی دەڵێم لای کەس نایڵێی. بۆ جاری دووهەم سوێندم خوارد، گوتی شەو پێت دەڵێم چییە. پاش نوێژی شەوانێکی درەنگ، منی وە شوێن خۆی دا و بە کۆڵانێکدا ڕۆیشتین. لە سەری کۆڵان یەکێکم دی ڕاوەستابوو؛ دەستی دە بەر پشتێندی بوو. دیار بوو دەمانچەی پێیە. زەبیحی شتێکی پێ گوت. چووینە ماڵێک. تەرزی لە دەرگادان جۆرێکی نائاسایی بوو. زۆر زوو یەکێک -کە نەمناسی- بردمیە ژوورێک. مێزێک پشتە ماڵێکی بە سەر هەڵکێشراوە، قورعانێک بە ئاواڵەیی پاڵی بە دیوارەوە دراوە و لە سەر مێزەکە چەقاوە، ئاڵایەکی بە دروشمی ڕۆژەوە لە دیوار دراوە، خەنجەرێکی ڕووت بە قورعانەکەوە هەڵپەسێراوە، پەڕە کاغەزێک بە نووسراوی لە سەر کەناری مێزەکەیە. کابرا گوتی «ئەوە بخوێنەوە و هەموو جار دەست بە قورعانەکەدا بدە، ئەگەر لەو سوێندنامەیە لادەی خوێنت بەو خەجەرە دەڕژێ.»

لە سام و عەیبەتی ئەو دیمەنە دەلەرزیم؛ زۆریش شانازیم بە خۆم دکرد کە شیاوی ئەم باوەڕەم. سوێندنامەکە حەوت بەند بوو. بە داخەوە بە تەواوی لە بیرم نەماوە؛ بەڵام تێیدابوو کە:

«بە قورعان و ئاڵای کوردستان و شەرەفم سوێند دەخۆم لەمڕۆوە بە دڵ و گیان بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشم و تا مردن قوسوور ناکەم؛ هیچ بەرژەوەندییەک وە پێش بەرژەوەندی خزمەت بە وڵاتەکەم ناخەم؛ برای حیزبیم بە قەد خۆم خۆش دەوێ؛ هەتا مردن بە زمان، بە قەڵەم، بە ئیشارە و بە هیچ جۆرێ خەیانەت بە حیزب ناکەم و ڕاستی لێ ناڵێم و ناوی نهێنی ئەندامان لای کەس نادرکێنم» و شتی وا.

لە دوای سوێند خواردن، دەستی نایە دەستم و بردمیە ژوورێکی تر، کە لەوێ پتر لە دە کەس لاوی کورد دانیشتبوون. گوتیان ناوێکی نهێنی بۆ خۆت هەڵبژێرە و ژمارەی ئەندامەتیت بیستە. ئەی خودا چەند خۆشە! چۆن ئێمە بووینە بیست کەس؟ قەت باوەڕ ناکەم! خوا شوکر زۆر بە هێزین. «هەژار»م بەناوی نهێنی بۆ خۆم هەڵبژارد. زۆر شەوان لە خۆشیان خەوم لێ نەدەکەوت.

من تا ئەوسا لە بارەی ئاڵۆزبوونی وڵاتەوە هەر ئەوەندەم دەزانی کە ڕۆژێک تەیارەیەک بە سەر گوندەکەماندا فڕی و کاغەزی لێ بەربوونەوە. دوو بەیان بوو ڕووسان بڵاویان کردبوونەوە کە: «خەڵکی ئێران! خاترجەم بن. ئێمە لە گورگانی هیتلەری ڕزگارمان کردوون. دەوڵەتی شاهەنشاەی ئێران کە هەواڵی نازی بوون، لە بەر یەک هەڵوەشاوە و سەربازەکانی تەسلیم بوون». بوو بە خۆشی خۆشیمان کە خوا شوکر لە چنگ ئەمنیە و شڵتاغی مەئموور ڕزگار بووین. سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری عرووس و تەیارە ڕەش بوو. هەر کەس لە شارەوە دەهات دەنگ و باسمان دەپرسی. هەر یەک جۆرێکی دەگێڕاوە. یەکێک گوتی: کاکە لێم ڕوونە تێک چووە؛ چونکە گوێم لێ بوو بەقاڵێک بە موشتەریەکی دەگوت: «پەهلەویش گووی وای نەخواردووە!». کوێخا سجیلێکمان هەبوو دەترسا بەراتەکەی نەدەینێ؛ لە شار هاتەوە و گوتی: درۆیە، دەوڵەت هەر وەک خۆیە و کاربەدەستانی ئەمنیەم دیون زۆر بەکەیفن. دڵمان ساردەوە بوو.

شەوێک دوو میوانی نەناسیوم هاتن؛ بەڵام چۆن میوانێک؟ ڕووت و قووت و تیتۆڵ شڕ. کەسم هێندە ڕووت و پەریشان نەدیوە. گوتیان: ئێمە سەربازی لە ورمێ بووین، بە تفەنگەوە دەهاتینەوە بەرەو وڵات. شکاکان ئێمەیان وەک سەدان و هەزاران سەرباز و ئەفسەری تر ڕووت کردووە و ئەو جلانەیان داوینێ. هێندێک کۆنە جلکم دانێ. تێگەیشتین کە کوێخا ڕاستی نەگوتووە. تەواو کردمانە خۆشی و شادی.

بە ڕاستی ڕزگار بوون لەو جەهەننەمەی پەهلەوی -کە بۆ خەڵکی موکریانی نێڵ دابوو- هیچ خۆشیەکی نەدەگەیشتێ. ئەمنیە دەهاتنە دێ، هەر قەبرێکی تازەیان بدیبا، خەڵکیان دەخستە داری داری سەماواتێ: «ئەو کابرایەتان بۆ کوشتووە؟» جا وەرە لێدان و بەرتیل وەرگرتن کار بکا. لە بیرمە شەوێکی مانگەشەو درەنگێک، لە ماڵ دەر کەوتم کە تۆزێک بچمە دەشت. ڕوانیم کەلاکێک لە بەر هەیوانی مزگەوتە، خنەخنی دێت! پیرەمێردێک بوو خەریک بوو دەمرد. چووم کوێخای دێم خەبەر کردەوە. ئەسپی هێنا و کەلاکی نەناسی برد و لە پەنا نزیکترین گوند فڕێی دا؛ کە نەوەک ئەمنیە بزانن و ماڵوێرانمان کەن. هەر ئەو شەوە کەلاک دێ بە دێ ڕۆیبوو تا گەیبووە «دەروێشان» کە ماڵی کچی کابرای لێ بوو. مەعلووم بوو لە «کەڵبەڕەزاخان»ەوە بە نەخۆشی ئاوا گۆڕ بە گۆڕ کراوە!

خوا نەخواستە مەئموورێکی دەوڵەت لە گوندێک یان لە مەزرای گوندێک بە سەکتە بمردایە، ئیتر واوەیلا بوو. سەتان کەس دەکەوتنە بەڵاو و لە سووچی ڕەشچاڵان توند دەکران. ئەگەر تەنیا ئەو دەردی کە تاقە گوندێک لە موکریان لە دەست پیاوی دەوڵەتی ڕەزاخانییەوە دیوە کۆ بکرایەتەوە، کتێبێکی گەورەی دەویست.

بیستمانەوە کە چۆن لەشکری ئێران -کە سەر تا پا لە چەکی ئەڵماندا خنکابوو- بەبێ شەڕ کردن لە بەر یەک بڵاو بووە و سەری بێ کڵاو ماوەتەوە. سەرباز تفەنگیان داوە بە نانێک و لە کۆڵ خۆیان کردۆتەوە. بەوپەڕی ڕەزیلی، دەوڵەت لەبەر یەک چووە. پاش کۆکردنەوەی خەلە و خەرمان، هاتمە شار؛ دیتم هەوای سیاسی خۆشە. ئەوسا بوو کە چوومە سوێند خواردن و دوایی بۆیان گێڕامەوە کە حاڵ و باڵ چ بووە و چۆن ئەو حیزبە پێکەوە نراوە.

نابەجێ نازانم بەر لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە، شتێک دەربارەی باسی کورد و ئازادی لە کوردستانی ئێراندا -وەک بیستوومە یا خوێندوومەتەوە- بگێرمەوە:

تاریخ پێمان دەڵێ کە «خان ئەحمەدخان» لە حەسەناباتی سنە تانجی لە سەر ناوە و پێنج ساڵان پادشایەتی سنە و سابڵاغ و وڵاتی بەردەستی ئێستای عێراقی تا موسڵ بە دەستەوە بووە. لە ساڵی ١٢٩٦. ک (١٨٧٨. زدا) «شێخ عوبەیدیللای نەهری» داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و تا میاندواو و بناویشی گرتووە. لە ساڵی ١٩٠٦ و ١٩٠٧ی زایینی، «شێخ بابای غەوسابات» بە بریکاری «حەمە حوسێن خان» و «سەیفەدین خانی سەقز» و «حەمەخانی بانە»، هاتوچۆی ڕووسانی کردووە کە بۆ ئازادی کوردستان یاریدەیان بدەن.

لە جەنگەی شەڕی یەکەمی گەورەدا، ئەفسەرێک بە ناوی «مستەفا پاشای نەمروود» بە بەرگی گۆڕاو هاتبووە بە کوردستانی موکریدا گەڕاوە و داوای کردووە کە کورد ئازادیخواز بن. دەڵێن شەوێک لە سابڵاغ چۆتە قاوەخانەی حیکایەتخوان، گوێی لە باسی ڕۆستەم و دێوی سپی بووە. لەپڕ گوتوویە: «الفاتیحە!»، خەڵک فاتیحایان خوێندووە. نەمروود دەستی هەڵێناوە و گوتوویە: «خێری ئەو فاتیحایە بۆ ڕووحانەتی ڕۆستەم و دێوی سپی! برام ئەوان مردوون. ئێوە کە زیندوون فکرێک بۆ حاڵی خۆتان بکەنەوە...».

هەر چەند ئەو باس و ڕووداوانە لە بیر خەڵک چوونەوە و کەمتر وە بیر هاتوونەوە، بەڵام ڕەنگە شوێنەوارێکیان لە بن خۆڵەمێشی ئەو چەند ساڵانەدا مابێ و گەرمایی بە یەکجاری نەفەوتابێ.

لە پاش قەومانی شەهریوەر و هاتنی ڕووس بۆ مەڵبەندی موکریان، ئەفسەرێک لە لایەن کۆمەڵی هیوای کوردستانی بەردەستی عێراقەوە هاتۆتەوە سابڵاغ و دەیەوێ کەسێک پەیدا کا کە گوێ لە ئامۆژگاری بگرێ. چەند ڕۆژێک لەم و لەو پرسیار دەکا، پێی دەڵێن زەبیحی دەم لەو مەسەلانە وەردەدا. زەبیحی حوسێنی پێ دەناسێنێ و چەند کەسیش ساز دەدەن کە گوێ لەو ئەفسەرە -کە ناوی «میرحاجە»- بگرن. یازدە کەس لە باغی سیسەی سابڵاغ دەگەڵ میرحاج کۆ دەبنەوە. لە سەر ئامۆژگاری ئەو، حیزبی «ژێ-کاف» دادەمەزرێنن؛ سوێندنامەکەی دەنووسنەوە. پڕوگرامی حیزبی هیوا بە تۆزێک دەسکارییەوە، دەکەنە پڕۆگرامی «ژێ-کاف». حوسێن فروهەر، زەبیحی، تەوحیدی مەلانەجمە، ئێمامی، محەممەدی نانەوا، قادری مودەرڕیسی، محەممەدی یاهوو، شاپەسەندی، محەممەدی سەلیمی، قاسم قادری و خاڵە مەلای داودی، یازدە کەسی بناغەدانەر بوون. جا کە زەبیحی منی بردە سوێنددان، بە منەوە بووینە بیست ئەندام. حوسێن ئەندامی ژمارە یەک و زەبیحی ژمارە دوو بوو و حسێن سەرۆکی کۆمەڵی «ژێ-کاف» بوو.

تازە ببوینە «ژێ-کاف»، وام لەبیرە سێهەمین کۆبوونەوەمان بوو: حسێن فرووهەر گوتی:

- من پێشنهاد دەکەم هەژار دەرکەین، چونکە هیچ کارێکی لە دەست نایە.

ڕەنگم زەرد هەڵگەڕا، تف لە زارمدا وشک بوو، بە نووزەیەکەوە گوتم:

- نا توخوا دەرم مەکەن! کارم پێ بسپێرن. ئاخر من ماڵم لە لادێیە و ئەنگۆش تا ئێستا لە لادێ کارتان نەبووە.

فرمێسکم هاتنە خوار... بەزەیان پێمدا هات و گوتیان قەیناکا؛ ڕاستە زۆر دەستەوستانی، بەڵام هەر لە کۆمەڵدا بمێنە!

لە درێژایی تەمەنمدا -کە ئێستا لە پلەی حەوتەم و لە شێست و سێ ساڵیدا دەژیم- زۆرم حیزب لە نزیکەوە دیتوون؛ باسی ڕەفتار و ڕابردووی زۆریانم خوێندۆتەوە. زۆر چەتوونە هیچ کۆمەڵێک وەک ئەندامانی «ژێ-کاف» ئاوا فیداکار و دڵگەرم و یەکتر خۆشەویست بووبن. دەربارەی ئەسحابی پێغەمبەر زۆر باسی یەکدڵی و فیداکاری هەیە، وەختە بڵێم ئەندامانی ئەو حیزبەش شتێکی وابوون. خۆدزینەوە لە فەرمان، درۆ، خۆخوازی و فێڵبازی بە جارێک تەرە ببوو؛ لە حەوت کێوان ئاوا ببوو. ماڵی دنیا هەر بۆیە مایەی دڵخۆشی بوو کە کۆمەڵە پێی لازم بێ.

جارێک لە تەرەغەوە هاتمە شار، بیست تمەنم پاشەکەوت کردبوو کە جلک بۆ منداڵان بکڕم و نەخوازە کە دیتم خوشکم کولووجەی پینە کردووە، زۆری دڵتەنگ کردبووم. هەر گەیشتمە شار، ئێوارە بوو. دەچوومە قاوەخانەیەکی دەم چەم کە هەواڵان ببینم. لە سەر پردی داوێنی چۆم تووشی یەکیان هاتم؛ گوتی: فڵانی تۆ پووڵت نییە؟ هێندێک پووڵمان پێ لازمە دەبی کۆی کەینەوە. دەست بەجێ بیست تمەنەکەم دایە و هەر لەوێوە گەڕامەوە و لە شار دەرکەوتم و هاتمەوە ماڵ؛ چونکە مخارجی شەوێکم بۆ خۆم نەگێڕاوە. کە هاتمەوە خوشکم پرسی:

- جلکت کڕی؟

گوتم: بە داخەوە بە تەڵەی قوماری سێ خاڵەوە بووم و هەموو پووڵەکەم دۆڕاند.

گوتی: دەزانم نەتدۆڕاندووە؛ بەڵام خەم مەخۆ! ئێمە هەر چۆنێک بێ ڕایدەبوێرین.

هەرچەند زۆر زوو زۆرتر ببووین و ئەندامان لە سەد و دووسەدیان تێپەڕاندبوو، بەڵام هەموو ڕووت و نەدار بووین و پووڵمان بۆ هەڵنەدوسووڕا کە پەرە بە ڕاگەیاندنی حیزبی بدەین. دەمانویست گۆڤارێک دەرکەین بە ناوی «نیشتمان». حیسابمان بۆ کردبوو، دەرینەدەهێنا. برادەرێکمان چووبوو بە ناوێ خۆی سەد و پەنجا تمەنی لە حاجیەک قەرز کردبوو کە بە مانگێک دەیداتەوە. زەبیحی کە دەبوو بە کاری گۆڤارەکە ڕابگا و کەسیش پێ نەزانێ، چووبوو دەگەڵ خەلیفەگەری هەرمەنیان لە تەورێز ڕێک کەوتبوو کە لە چاپخانەی کلیسا بۆی چاپ کەن. مانگ تێ وەرسووڕا و گۆڤار دواکەوت. کابرا حاجی قەرزی خۆی دەوێ و دەبێ مۆڵەتی لێ بخوازن. ئاخری حاجی دەیگوت: ئەو قەرزە وەک قەرزی دی ناچێ، بابە هەر پێم بڵێ بۆچیت لێ قەرز کردووم، نامەوێ بمدەنەوە! ئاخری گۆڤار دەرکەوت و زۆر زوو بڵاو کرایەوە دەسمایەی ژمارەی دووهەمی قازانج کرد و ئیتر نەپسایەوە و زۆری دەنگ دایەوە. تەنانەت ڕۆزنامەکانی ژوور و لاوەی ئێرانیش کەوتبوونە باس کردنی.

لە بیرمە جارێک بیرمان لەوە دەکردەوە کە چاپخانەیەکی دەستی پچووک بکڕین و بیکەینە چەند بەشێکی پچووک و هەرکەسە بە پێی توانا بەشەکانی بکڕێ. کاکە ڕەحمان -کە ئەوسا ببوە ئەندام و دەوڵەمەند بوو- گوتی من هەمووی دەکڕم. باوەڕ کە زۆرمان فرمێسکمان دەچاو گەڕا، کە لەو خۆشیە ناهومێد بووین و لە کڕینی چاپخانە بەشدار نابین.

کە لە خۆشی کۆمەڵەوە خۆم کردەوە شاعیر. جگە لە شیعری کوردایەتی، شیعری تریشم دەنووسین. جێژنە پیرۆزە بۆ ئەحمەداغا، گاڵتە و گەپ، گوڵستانی سەعدیم وەردەگێڕایە سەر باری گاڵتە، شیعری حافزم بە باری گاڵتە و گەپدا وەردەگێڕا. ئەندازەیەکی زۆرم لەو شیعر و نووسراوانە ڕێک خستبوو کە ئێستا هیچیانم نەماون و بە یەکجاری لەناو چوون. لە بیرمە بەر لە گۆڤاری نیشتمان، تەنیا دوو بەیتی من لە سەر کاغەزێک چاپ کرابوو. بۆ یەکەم جار کە دیتم، ئەوەندەم کەیف پێ ساز بوو، بە «شا»م دەگوت هەتیوە! ئای کە چەندم شایی بە خۆم بوو!

پەراوێز edit