ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥٦. چۆن فێرە قومار بووم؟
قسە، قسە دێنێ: ئەو دەمانەی کە لە تەرەغە دەژیاین، بە دەست ئەمنییە و مەئمووری دەوڵەتەوە ژیانمان جەحەندەم بوو. ڕۆژ نەبوو دەستەیەکمان لێ پەیدا نەبن و تەشقەڵەیەکمان پێ نەکەن و بەرتیلمان لێ نەستێنن. جلکی کوردی، تووتن و پەڕی ناو قوتوو، کەم خزمەتی خۆیان و ئەسپیان بە گوناهی گەورە دەژمێران. هیچ نەبا فیشەکیان دەخستە ماڵان و دەیانگوت چەکت هەیە. ئێمە فەقیر بووین و بەرتیلمان بۆ هەڵنەدەسووڕا، تەواو لە پەڕوپۆ ببووینەوە. لە بەر چاوی من ئەوەندەیان لە قامچی لە فەقیرێک دا کە وەزکی دا و دوای دوو ڕۆژ مرد. گوناهی هەر ئەوە بوو کە زۆر زوو جڵەوی ئەسپی ئەمنییەی نەگرتووە...

سەرباری بەهانەی تووتن لە ماڵێ بوون و تۆمەتی قاچاغچییەتی و بڕوبیانووی بێ پسانەوە، ساڵێک کەوتنە گیانمان کە گەنم بە دەوڵەت بفرۆشین و «نیمە» قبووڵ نییە. هەموو چارمان لەوەدا دی کە ئێمەی وردەماڵێک، لە شاری سابڵاغ خۆ بشارینەوە و لە لادێ بەردەستی مەئموور نەکەوین. جەند کەسێک لە تەرەغە و قەرەڵی ڕێک کەوتین، چووینە شار و لە خانێکی کەران دامەزراین و وەتاغێکمان بە کرێ گرت. ڕۆژانە لە ترسی مەئموور تا ئێوارە دەرکەمان لە سەر خۆ دەداخست؛ شەوانەش تا لای ڕۆژ قوماری پەڕمان دەکرد. بەڵام چۆن قومارێک؟ شەو تا بەیانی کەس لە قڕانێک و دوان پتری نەدەدۆڕاند و نەیدەبردەوە.

ژنی کابرای خانچیمان فێر کردبوو، ئەگەر مەئمووری دەدی، هەرای دەکرد: «کش کش هەڵۆ هات»، دەگەمان گاڵە دەدا و هەستمان لە خۆمان دەبڕی تا هەڵۆ نەدەما.

خانچیە دوو ژنی بوون، یەکیان پیش و پیر، ئەوی تریان لووس و جوان و منداڵکار. شوانە کە قومارمان دەکرد، حەقی پێ چرای قومار -کە دە یەکی براوە بوو- بە جوانەکە دەگەیشت. جا چونکە منی بە لەبار و جوان دەزانی و کەیفی بە من دەهات، ئاخری شەو پاچراکەی بە دزیەوە دەخستەوە گیرفانی من. واتا هەمیشە نەدۆڕاو بووم. هەقی کەر و ئێستر و بارگین، شەوانە قڕانێک بوو؛ هەقی پیاوان دوو قڕان. یانێ هەر پیاوێک بە دوو کەر دادەنرا!

شوێکی زۆر سارد، یەکێک لە ئێمە لە سەر دراوی کەر، دەگەڵ پیرێژنەکە ببوە شەڕیان؛ هەموومانیان دەکرد. سیپاڵ دەبن هەنگڵدا، بە سەر سەهۆڵدا خرمەخرم بە کۆڵانی شاردا بەرهەڵدا، لە جێ خەوی شەو دەگەڕاین و سێ کەس بووین. ژوورێکمان پەیدا کرد، بێ ئاگر، بێ دەرگا، پەتوویەکی لە جێگای دەرگا پێیداکرابوو. خانەخوێشمان کابرایەکی چارداوەڕوو بوو. هێندێک ڕەژیمان لە مقەڵیەکدا گەشاندەوە و لە بەر چرای نەوت ملمان لە قومار نا. خانەخوێکەمان خۆی کردە پای قومار. هەقی ئەو شەوە و شەش حەو قڕانی خۆمانی لێ بردەوە. بە دزی ژنەکەوە قەند و چا و ئیستیکان و چەکوچ و تەنانەت مقەڵی و ماشەکەمان قەبڵاند و لێمان بردەوە. بەیانی ژن بە گژی داهات و زیقاندی. لای ئێمە گریا، تا شتەکانمان داوە و ڕۆیشتین و هاتینەوە گوند.

ئەو فێرەقومار بوونە، هەر چەند لە هیچەوە و بۆ گاڵتە دەستی پێکرد، لێم بوو بە نەخۆشییەکی گرانو لە لادێ هەر دەگەڵ ئەو لات و لووتە وردەمالیکانە دەمکرد و زۆر جاران زۆرم دەدۆڕاند. شەوێک لە بۆکان تووشی قومار بووم، چل تمەنێکم پێ بوو کەلوپەلی ماڵی پێ بکڕم هەمووم دۆڕاند. بۆ ئەوە حەقی جێ خەوم پێ نەمابوو، نیوەشەو چوومە حەمام. لە حەمام کابرایەکی ئاشنام دیت، داوای قەرزم لێ کرد، بە هەموو هێزی خۆی پێنج قڕانی دامێ! بە دەستی بەتاڵ و هەناسەی سارد هاتمەوە تەرەغە. قوماربازییەکەم لێ ببوو بە خوو؛ دەستم لێ بەرنەدەدا. شەوێک ئەو ڕەفیقە ساڵحانەم تەنانەت ماینەکەشمیان لێ بردمەوە. دوایی بەزەیان پێمدا هاتەوە و لێیان نەستاندم. نازانم چۆن بوو کە دڵم بە جارێک لە قومار هەڵەنگوت و بە بێ سوێند خواردن تەرکم کرد و لە بیر خۆم بردەوە.

دوای چەند ساڵێک کە «هێمن» ژنی هێنا و من برازاوا بووم، شەو لێفە بۆ میوانان -کە یەکجار زۆر بوون و حیسابی ئەو هەموانە نەکرابوو- زۆر کەم بوو. بابی هێمن گوتی: بەو شەوە چارەی نوێن چۆن بکەین؟ گوتم: ئێجازە بدە من دەیکەم؛ تۆ بچۆرەوە ماڵ. پەڕی قومارم هێناو خەڵکم لە قومارەوە سەرگەرم کرد. تا بەیانی کەس لێفەی نەویست و نەنوست. خۆم شتێکم دۆڕاندبوو؛ بەڵام زۆر نەبوو. جگە لەو جارە، تازە هەرگیز دەستم بۆ پەڕی قومار نەبردەوە و لەو بەڵا گەورەیە خۆم ڕزگار کرد.

پەراوێز edit