ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٤٤. شانم وەبەر کار دا و دەمم لە کاسبی شیرین بوو
بەوپەڕی ناهومێدییەوە چووم لە وشتەپە کتێب و سیپاڵەکەم هێنایەوە و مۆرم بە درگای خوێندن و فەقێیەتییەوە نا. ئەی خودا چ بکەم؟ تا ئەمڕۆ نە زانیومە کاسبی چییە، نە لە جووت و گا سەرم دەردەچێ، دوو برای پچووک و خوشکێک و دایکێکم بە سەردا کەوتۆتەوە. باب کە مردووە سێسەد تمەن قرزدارە و پاتاڵی دۆمان تەنیا مانگایەکی سیلدارە؛ بۆ گاڵتە ناوی نراوە «شمقار». ئەگەر بزانی کە دە مریشک بە تمەنێک و پێنج گیسک بە تمەنێک بوو، دەزانی سێسەد تمەن چەند زۆر بوو. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە دەستم لە ناهومێدی بەردا و شانم وەبەر کاردا. مەنجەڵە زنجیردارەکەی بۆ پڵاوی حەوتمم کڕدرابوو، لەو ساوە نخوون کرابۆوە؛ دام بە چوار بزنەزا و بە کاژیلەوە. گیسک و بزنم دەکڕی و دەمبردە بازاڕی «خورگە» و «قەباکەندی». ماوەیەک چۆداریم کرد. خۆم وەها شارەزای کاسبی لادێ کرد کە کۆنەپیاوان پرسیان پێ دەکردم کوێ بە چی بچێنین. کەم کەم دەبووژامەوە؛ بەڵام دیسان ژیان زۆر فەقیرانە ڕادەبرا و شوکری خوامان دەکرد. شەوانە تا درەنگ زستانان لە مزگەوت جۆرابێنمان دەکرد؛ چراشمان فتیلە بوو. هەمیشە کە دەستم بۆ ناو کەپۆم ببردایە، قورمی ڕەشی نەفت بەدەستمەوە دەهات. زستانێکی سەرانسەر پێخۆرمان نەبوو؛ بە نانی وشک ڕامانبوارد.

خوێندەواریم چەند بوو؟ لە سایەی لەبەر کردنی قەسیدە عاربیەکەن، چەند وشەیەکی عارەبیم دەزانی؛ بەڵام منیش وەک هەموو مەلای وڵاتی خۆمان، نە قسە کردن، نە خوێندنەوەی کتێبی عەرەبی تازە و نە هیچ. لە شەرعیشدا تەپەتەپێکم لە «فتح القریب» و «منهاج» دەکرد و ناویان نابووم «مەلاوڕەحمان». لە فارسیدا خراپ نەبووم؛ گڵستان و بووستان و یووسف و زڵێخای جامی و تاریخی نادرم بە دەرس خوێندبوو؛ دەمتوانی نامە بە فارسی بنووسمەوە و بخوێنمەوە. کە نزیکەی دە دوازدە ساڵ ژیانم بە گەللایی ڕابرابوو؛ خۆم بۆ فێربوون ماندوو نەکردبوو؛ تازە پەشیمان ببوومەوە. دەستم کرد بە متاڵا و خوێندنەوە و خوێندن لە لای خۆم. شەوانە چرای نەوتم لە پێش خۆم دادەنا و کتێبم دەخوێندەوە. کتێبی چۆن؟ تەڕ و وشک، بێتام و بەتام، هەر لە ئەمیر ئەرسەلانی ڕۆمیەوە تا شیروویە و سیمین عوزار و فەلەکناز و تەڕەماش و تەڕەسازەوە تا دەگاتە خەمسەی نیزامی و مەسنەوی و حافز و شانامە و شتی تر... زۆر شەوان وا بە خوێندنەوە خافڵاوم کە ڕوانیومە وا تاو هەڵاتووە و چراکەم دایسێ. لە ئاکامی ئەو شێلگیریەم، بە بێ ئەوە بە خۆم بزانم، ببومە فارسیزانێکی مناسب.

هێندێک بە قەرز و هێندێک بە نەغد جووتە گایەکم بە سی تمەن کڕی. دەگەڵ کابرایەک بووینە شەریک کە نیوەکارم بێ؛ تووتن و بێستانیشمان کرد. کابرا کە گیای دروو، گێشەی خۆی لێدا، گوتن من تووتن و بێستانم ناوێ، چاری ناچار خۆم لێ گیڤ کرد و بە نەزانی خەریکی تووتنەوانی بووم. تووتنم بن کۆڵ دەکرد و ئاوم دەدا. پاییز تووتنم بردە شار، بایی چل و پێنج تمەن بوو. پارەی گاکان و هەقی کووتاڵی پۆشتەکردنەوەی منداڵانی لێ دەرچوو.

پەراوێز edit