ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٣٣. سێڵاوەکەی ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦)ی سابڵاغ
لەو سەردەمانەدا، واتا لە هاوینی ئەو ساڵە (١٣١٥ی هەتاوی) دا گوتیان سێڵاو هاتووە و شاری سابڵاغی بە جارێک وێران کردوە. شەویش خەونم دیت ددانەکانم کەوتوون. کەوتمە نیگەرانی دەبێ باوکم چی بە سەر هاتبێ. بە هەڵەداوان هاتمەوە شاری سابڵاغ. بە ڕاستی بەڵایەکی گەورەی بە سەر هاتبوو. مەلا مارفی کۆکی بە قەسیدەیەک زۆر پڕ بە پێست باسی کردووە، دەوێدا دەڵێ:
لە تاریخی هەزار و سێسەد و سێ، پەنجی شەمسیدا
بە ڕۆژی جومعە دوازدەی جیمی یەک، نوێ ماهی موردادا

یانێ من تەمەنم پازدە ساڵ بوو. دوو خانوومان هەبوون سێڵاو بردبوونی و سێ کەسی فەقیریان تێدا خنکابوو. بابم کە لە یەکێکیاندا خەریکی قوعان خوێندن دەبێ. سێڵاو هێرش دەکا بە سەریاندا. خۆی خەلاس دەکا و قورعان ئاو دەیبا. جومعە بووە و زۆربەی خەڵکی شار لە باغاتی خوارووی شار سەیران دەکەن؛ دەست دەکەن بە گرتنەوەی سروسیپاڵی ئاوماڵک. یەکێک قورعانەکەی بۆ بابم هێنابۆوە.

پێویستە ئەوەش بڵێم: بابم دەوڵەمەندی کەوتبوو، قەرزداری خەڵک بوو. دوکانێکی چیت فرۆشی لە قەیسەری سابڵاغدا هەبو. هەمیشە هەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبی دینی و تاریخ بوو. لای وابوو قازانجی گەزە چیتێک لە دوو شایی پتر بێ حەرامە. سەودای دەگەڵ ژنان نەدەکرد. تەواو دابوویە باری کزی. چاویشی کز ببوو. لە ترسی کڵاو لەسەرنانی پەهلەوی چەند مانگێک لە نزیک بۆکان کە دوو دانگمان هەبوو؛ بریتی بوو لە چوار جێ جووتی دێمەکار و کەم ئاو کە بەهرەی ئەوەندە نەدەدا پێی بژین. دوو خانووشمان لە شار هەبوو؛ زۆر فەقیرانە و قوڕین؛ کرێیان زۆر کەم بوو. جا لە سێڵاوەکەدا ماڵمان لە گوند بوو؛ باوکم بۆ سەردان هاتبووە شار.

پەراوێز edit