ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
١. پێشەکی
زۆر دەمێکە زۆر لەوانەی کە بوونە ناسیاوم، هەڵیان پێچاوم کە سەرگورشتەی ژیانی خۆم بنووسمەوە و بزانن چم بە سەر هاتووە!

من وەک دەڵێن: «چوێلەکە خۆت چی و شۆرباوت چی؟ !» دەمزانی ژیانێکی زۆر قۆڕ و توڕڕەهاتم ڕابواردووە و ڕووی مەجلیسی یارانی نییە؛ هەمیشە خۆم لێ بواردووە. بەڵام کەوتمە فکر کە بەڵکوو گێڕانەوەی ئەو ڕابردووە پڕ لە هەوراز و لێژ و گەوە و کەنداڵ و قووڵکە و جاروبارەش دەشتاییە، هیچ نەبێ بۆ کوڕەکەم -(خانی) - کە بەڕواڵەت لە چوار کوڕان هەر ئەوم ماوە و ئارەزوومە تەمەنی درێژ بێ و دەشزانم ئەگەر زۆر بژی، دەکەوێتە ناو گۆنگەڵ و تەشقەڵەی دنیاوە - ڕەنگە بێ بەهرە نەبێ. لەو گەرم و سارد و خۆشی و ناخۆشیانەی بە سەر من هاتووە، دەرسێک وەرگرێ و تەجرەبەی بۆ پەیدا بێ؛ یان هیچ نەبێ لە تەنگانەدا ناهومێد نەبێ و لای وا نەبێ ڕێگەی ڕزگار بوون بە یەکجاری پێشی گیراوە. لە خۆشی و ئاسوودەیی ژیانیشیدا زۆر خاترجەم و مەغلوور نەبێ؛ وا نەزانێ خۆشی هەمیشە یاریەتی و بەجێی ناهێڵێ. هەروەک ناخۆشی و خەم لە گۆڕان نزیکە، خۆشی و شادیش هەمیشە بەردەوام نییە. خۆی ئامادە کا کە ئەگەر لێی قەوما، چۆن مل بداتە بەر کار و کۆشش و حەولی ڕزگاری لە خەم و دەرد بدا. ئەگەر لە خۆشیانیشدا بوو، لە بیری نەچێ کە ڕەنگە تووشی لێقەومان ببێ و خۆی بۆ ئەو ڕۆژە نەهاتووە ئامادە بکا. جا من ڕووی قسەم دەوییە و سەرگورشتەی خۆمی بۆ دەگێڕمەوە؛ هەرچەند زۆریش بێ تام و پەرژ و بڵاویش بێ، لەوانەیە لە هێندێک شوێندا تەجرەبەی لێ هەڵکڕێنێ. خۆ ئەگەر دۆست و ناسیاویش وەیخوێنن، با هیچ نەبێ بەو قسە قۆڕانە پێ بکەنن.

پەراوێز edit