ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) گرژ بوو، ڕووشی وەرگێڕا!
(٢) کە بێ چاوەکە ھاتە لای.
(٣) تۆ چوزانی! بەشکە ویستی پابێتەوە.
(٤) یا پەند بگرێ و ئەو پەندە بەھرەی پێ بدا.
(٥) کە چی ئەوی خۆی بێ نیاز دەزانێ،
(٦) ھەر بەوەوە خجڵ دەبێ.
(٧) ئەگەر پاکیش نەبێتەوە، گوناھێ لەسەر تۆ نییە.
(٨) بەڵام کەسێ بەھەڵەداوان دێتە لات،
(٩) ھەر ئەویشە ترسی ھەیە.
(١٠) تۆ خۆتی لێ دەخافڵێنی.
(١١) قەت وا مەکە! چون ئەم نیشانانە پەندن.
(١٢) کێ حەز بکا ئامۆژگاری لێ وەردەگرێ.
(١٣) لە ناوەندی لاپەڕەکانی ھێژادا،
(١٤) بە پاکژی ھەڵگیراون.
(١٥) بە دەستی ڕاسپاردەگەلی،
(١٦) ھەڵبژاردەی بەئەمەگ [نووسراوەتەوە].
(١٧) دەک ئەو مرۆیە بەکوش چێ، کە ھیچی دەچاواندا نییە.
(١٨) لە چی دروستی کردووە؟
(١٩) لە دڵۆپێک وەدی ھێنا و ئەندازەشی بۆ داناوە.
(٢٠) پاشان ڕێگەشی بۆ خۆش کرد.
(٢١) جا مراندی و لە گۆڕی نا.
(٢٢) دوا جار ھەر گا مەیلی لێ بێ، دیسان زیندووی دەکاتەوە.
(٢٣) بەڵام نەخێر! بە چی فەرمانی پێ داوە، ھێشتا بەجێی نەھێناوە.
(٢٤) دەی با مرۆ بڕوانێتە خۆراکی خۆی.
(٢٥) ئێمە خۆمان ئاوەکەمان بۆ ڕژتووە، بە ڕژاندن.
(٢٦) پاشان ئەم ھەردەشمان قەڵاشت، بە قەڵاشتن.
(٢٧) ئەوسا دانەشمان لێ ڕواند.
(٢٨) ڕەز و سەوزاییش ھەروەتر.
(٢٩) بنە زەیتوون و دار خورماش.
(٣٠) باغستانی چڕ و پڕیش.
(٣١) میوە و لەوەڕی چایەریش.
(٣٢) بۆ بژیوی خۆتان و ماڵاتەکەتان.
(٣٣) ھەرگاش گوڕژنی بەقەوھات.
(٣٤) ئەوێ ڕۆژێ برا لە برای ڕا دەکا.
(٣٥) لە دایکیشی و لە باویشی.
(٣٦) لە ھاوسەری و لە جگەرگۆشەکانیشی.
(٣٧) لەو ڕۆژەدا ھەر کەسێ کاری خۆی ھەیە و نایپەرژێتە سەر کەسی تر.
(٣٨) دیمی وا ھەن - لەوڕۆژەدا - سوور و سپی دیاری دەدەن.
(٣٩) دەم بە پێکەنین و شادن.
(٤٠) ھێندێ ڕوش ھەن - ئەوێ ڕۆژێ - تۆزی مەینەتیان لێ بارن.
(٤١) قورم و سیان دای پۆشیون.
(٤٢) ئەوانەن خوانەناسانی لە دین لادەر.

پەراوێز edit