ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) لە چی لە یەکدی دەپرسن؟
(٢) لە دەنگووباسەکەی مەزن؛
(٣) ئەوەی ئەوان لەسەری مشتومڕیانە.
(٤) نەخێر [ھیچ پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن.
(٥) ھەمیسان [پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن.
(٦) ئەدی ئێمە ئەم ھەردەن نەکردە ڕایەخ؟
(٧) کەژ و چیاکانیش سینگان؟
(٨) ئێوەشمان جووت وەدی ھێنا.
(٩) خەویشتانمان کردە ھۆی حەسانەوەتان.
(١٠) شەویشمان دانا بۆ پۆشاک.
(١١) ڕۆژیشمان کردە ھۆی ژیان.
(١٢) لە سەرووشتان حەوتی پتەومان دامەزراند.
(١٣) چرایێ زۆر بە ورشەورشمان وەدی ھێنا.
(١٤) لەو ھەورانە - کە بارانەیان پێوەیە - ئاوی بەخوڕمان داڕژاند؛
(١٥) ھەتا دەخڵ و ڕوەکی پێ بخەینە ڕوو.
(١٦) دارستانی چڕ و پڕیش.
(١٧) بێ سۆ ڕۆژی ھەڵاواردن، کاتی بۆ دیاری کراوە.
(١٨) ھەر ئەو ڕۆژەی دە کەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا پۆل پۆل پەیداو دەبێ.
(١٩) ئەم عەزمانە دەکرێتەوە و دەرگا دەرگا دەبێتەوە.
(٢٠) کەژەکانیش لە شوێنی خۆ خزێنراون و گشتی بوونە تراویلکە.
(٢١) بێشک دۆژەھ بەرەگەیە؛
(٢٢) بۆ سەربزێوەکان، جێ گەڕانەوەیە.
(٢٣) لەوێدا بۆ ماوەیێ زۆر قەتیس دەبن.
(٢٤) لەوێدا نە خەو دەچێژن نە ڤەخارن.
(٢٥) مەگین ئاوەکوڵ و زووخاو.
(٢٦) پاداشێکی ھەمبەر [بەکردەوەکانیان].
(٢٧) چون ئەوان ھێڤیدار نەبوون لێپرسینەوەیەک ھەبێ.
(٢٨) نیشانەکانی ئێمەیان - زۆر بە توندی - بە درۆ دانا.
(٢٩) ژمارەی ھەموو شتیشمان ھەر بە نووسراوی لەلایە.
(٣٠) سا بچەژن؛ ئەوی بۆتانی زیاد ئەکەین، ھەر تەنیا جەزرەبە دانە.
(٣١) بۆ پارێزگارانیش جێگەی بە ئاوات گەییشتن ھەیە:
(٣٢) باغستان و ڕێزی ڕەزان.
(٣٣) پۆلە کیژی مەمک خڕی ھاوتەمەنیش.
(٣٤) پیاڵەی پڕیش.
(٣٥) لەوێ ھەوانتە نابیسن و یەکدیش ناخەنە درۆوە.
(٣٦) خەڵاتی پەروەرندەی تۆ، بەخششی بەسەروبەرە.
(٣٧) پەروەرێنی عاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لەناو ئەو دوانەیە؛ ئەو خودایەی ڕۆزی دەرە، ھیچیان ناشێن بیدوونن و بیدوێنن.
(٣٨) ڕۆژێکی کە جوبڕائیل و فرشتەکان ھەموو بە ڕێز ڕاوەستاون؛ نائاخێون مەگین کەسێ لەوڕا ودمی پێ درابێ، ئەویش قسێکی چاک بکا.
(٣٩) وێ ڕۆژێ ڕۆژی ڕاستییە؛ سا ھەر کەسێ کە پێی خۆشە، با ڕێبازی گەڕانەوە بەرەو لای پەروەرندەی خۆی بگرێتە بەر.
(٤٠) ئێمە لە جەزرەبەیێکی کە نزیکە، ترسن وەبەر ئێوە ناوە. وێڕۆ مرۆ چاو بۆ ئەو شتە دەگێڕێ کە پێشە خۆی ناردوویەتی. ھەر کەسیش خودای نەناسی ھەر دبێژە: ئەی کاشکایە ئاخ بوومایە.

پەراوێز edit