ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دھەندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، میم، ڵاد.
(٢) کتێبێکە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە، تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر مەردم بنێی و خۆت تووشی دڵتەنگی مەکە لەو بارەوە؛ ئەم کتێبە نسحەتیشە بۆ وانەی بڕوای پێ دێنن.
(٣) ھەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان ناردراوەتە خوارەوە، شوێنی کەون و بە غەیرەز ئەو مەکەونە شوێنی سەرپەرستانی دیکە. ئێوە زۆر کەم عیبرەت دەگرن.
(٤) ئێمە خەڵکی چەندین شارمان قڕ تێ خستن. وەختێ نیشانەی غەزەبی ئێمەیان بە سەردا دەھات - لە شەودا بوو، یان نیوەڕۆ - دەسانەوە.
(٥) کە دەیاندی ئێمە غەزەبمان لێ گرتوون، ھەر ئەوەندەیان بۆ دەما بێژن: ئێمەین ناھەقیمان لە خۆمان کرد.
(٦) ئێمە بێ سۆ پرسیار دەکەین، ھەم لەوانەی پێغەمبەرمان بۆ ناردوون و ھەم لەوانەش بە پێغەمبەریی ناردنمان.
(٧) ئەوسا ئێمە - کە دەزانین - نووک و بەدی بۆ ھەموو لا باس دەکەین و قەت لێیان بێ ئاگا نەبووین.
(٨) ھەڵسەنگاندنی بە ڕاستی، ئەوێ ڕۆژێ دێتە گۆڕێ. ئەو کەسانەی تای تەرازوویان گران بێ، ئەوانە ڕزگارەکانن.
(٩) ئەو کەسانەش کردەوەیان لە ھەڵکێشانێدا سووک بێ، زەرەریان لە خۆیان داوە و بە نیشانانی مە غەدریان کردووە.
(١٠) ئێمە ئێوەمان لەم ھەردە جێ کردەوە؛ ھەر لەوێشدا بژیومان بۆ بڕیونەوە. کەمتان شوکرانەبژێرن.
(١١) ئێمەین ئێوەمان ساز داوە و لە پاشانا بەو شکڵەمان دەرێناون؛ پاشان بە فریشتانمان گوت: سەر بۆ ئادەم نەوی بکەن. ھەموویان سەریان دانەواند ئیبلیس نەبێ؛ ئەو لە کۆڕی کڕنۆش بەران خۆی ھەڵاوارد.
(١٢) گوتی: کە فەرمانم پێ دای، لە بەر چی تۆ سوژدەت نەبرد؟ گوتی: من لەو ھێژاترم؛ منت لە ئاگر دروس کرد، ئەوت لە حەڕی ساز داوە.
(١٣) گوتی: لێرەوە داگەڕێ؛ لەم شوێنەدا ڕێت ناکەوێ بە سەر کەسدا فیز بنوێنی. سا لەم شوێنەدا مەمێنە، تۆ لە سووک و چرووکانی.
(١٤) گوتی: تا سەڵا ڕادەبێ، ماوەم بدە.
(١٥) گوتی: وا تۆ لە ماوە دراوەکانی.
(١٦) گوتی: چونکە لە ڕێت لا دام، منیش بۆیان ڕۆدەنیشم، ڕاستە ڕێی تۆیان لێ دەگرم.
(١٧) ئەوسا لە پێش و پاشەوە بۆیان دەچم، ڕاست و چەپیشیان لێ دەگرم؛ جا دەبینی زۆرینەیان شوکر ناکەن.
(١٨) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ! ناوزڕاوی تڕۆ کراو! دەبێ وێڕای ئەوانەی شوێن تۆ دەکەون، جەھەندەمتان لێ پڕ بکەم.
(١٩) ئەی ئادەم! تۆش وێڕای ژنت لە بەھەشت بحاوێنەوە، لە ھەر کوێدا ھەرچی دەخۆن بە ئارەزووی خۆتان بکەن؛ ھەر تخونی ئەو داری ھانا مەکەون، دەنا ئێوە لە ناھەقیکاران دەبن.
(٢٠) شەیتان کەوتە کڵیشەیان تا ئەو ئەندامەیان - کە پۆشرا بوو - بێنێتە بەرچاویان. گوتی: خودا کە نەیدەھێشت لەو دارە نزیک ببنەوە، ھەر بۆیە بوو کە ئێوە نەبنە فرشتە؛ یان ھەمیشە ھەر لە بەھەشتا بمێنن.
(٢١) سوێندی بۆ ھەر دووکانیش خوارد کە: من بە دڵ ئامۆژگاریتان بۆ دەکەم.
(٢٢) بە فریوان ئەوانی خستە تەماوە. لە دوای ئەوەی لە بەری دارەکەیان چەشت، عەیب و عاریان کەوتە دەشت و کۆششیان کرد بە گەڵای بەھەشت دایپۆشن. پەروەرندە گازی کردن: ئاخر من بە ئێوەم نەگوت توخنی ئەم دارە مەکەون؟ پێشم ڕانەگەیاندبوون بە ئاشکرا شەیتان دوژمنی ئێوەیە؟
(٢٣) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! ناھەقیمان لە خۆمان کرد. ئەگەر تۆ لێمان نەبووری و بەزەییت پێماندا نەیە، بێ شک لە زیانبارانین.
(٢٤) گوتی: داگەڕێنە خوارێ، ئێوە دوژمنی یەکترین. تا ماوەیەک جێگا و مایەی ژیانتان لە زەوی دەبێ.
(٢٥) گوتی: دەوێدا دەژین و لەوێش دەمرن؛ ھەر لەوێش دەوھێننەوە دەر.
(٢٦) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ئێمە جلکی وامان داونێ کە عەیب و عارتان داپۆشێ و جوانیشتان کا؛ چاکتر لەویش پۆشاکی خۆپارازتنە. ئەمەش یەکێ لە نیشانەکانی خوایە شایەتا بیربکەنەوە.
(٢٧) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! شەیتان نەتانخەڵەتێنێ، ھەر وەک باوک و دایکتانی لە بەھەشت بە دەرکردن دا و جل و بەرگی لێ داڕنین تا شەرمی خۆیانیان پێیان نیشان بدا. شەیتان و دەستە و بەستەکەی لە لایەکەوە دەتانبینن کە ئێوە ئەوان نابینن. ئێمە شایەتینییەکانمان کردۆتە دۆستی ئەوانەی بڕوایان بە خودا نییە.
(٢٨) ھەرگا کارێ خراپی ئابڕووبەریان لێ ڕوو دەدا، ئێژن: ئێمە باوباپیری خۆمان دیوە کە ھەر ئاوایان کردووە و خودا فەرمانی پێ داوین ئاوا بکەین. بێژە: خودا بۆ کاری پیس فەرمان نادا. ئاخۆ ئێوە بە زمانی خوداوە شتێک ھەڵدەبەستن کە نایزانن؟!
(٢٩) تۆ بێژە: پەروەرندەم فەرمان بە بەرامبەری دەدا. لە ھەر مزگەوتێکا ڕووتان بەرەو خودا بکەن و بە دڵێکی پاک لە بەری بپاڕێنەوە. وەک بەرێ ئێوەی دروست کرد، گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە.
(٣٠) ھێندێکانی شارەزای ڕێگە کردووە و دەستەیێکیش ھەر شیاوی گومڕا بوونن، کە ئەوانە لە بری خودا دەگەڵ شەیاتین بوونە دۆست؛ لایان وایە شارەزا ھەر بۆ خۆیانن.
(٣١) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ھەرگا دەچن بۆ نوێژ کردن، جلکی جوان دەبەر بکەن؛ خواردنێ بخۆن و وەخۆن و لە ئەندازە دەرمەچن. خوا لەوانە خۆشی نایە لە ئەندازە دەردەکەون.
(٣٢) بێژە: کێیە، جلکی جوان و خشڵ و بژیوی پاکژێ - کە خوا بە عەبدەکانی خۆی ڕەوا دیوە - لای وایە کە ناڕەوایە؟ بێژە: ئەمانە شایانی ئەو کەسانەن کە لە ژیانی دنیادا بڕوایان بە خوا ھێناوە و ڕۆژی سەڵاش ھەر تایبەتی بە خۆیانە. ئێمە ئاوا نیشانەکان بۆ ئەوانەی کە زانا بن ڕۆشن دەکەین.
(٣٣) بێژە: پەروەرندەم تەنیا ئەمانەی ناڕەوا دیوە: کاری خراپ بە ئاشکرا و بە نھێنی، بە ناھەق لە ڕێگە لادان، بێ ھیچ بەڵگەیەک شەریک دانان بۆ خودا و ئاخافتن دەربارەی خودا، بە بێ زانین.
(٣٤) ل بۆ مەرگی ھەر ئۆمەتێ، وەختێ ھەیە؛ ئەگەر وەختی مردنیان ھات، نە تاوێک دەکرێ پێش کەون، نە تاوێکیش دوا دەکەون.
(٣٥) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ھەر کاتێ کە پێغەمبەرانێ لە خۆتان دێنەلاتان تا نیشانەکانی منتان بۆ باس بکەن، ئەوانتانە خۆپارێزن و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، نە ترسێکیان لە سەر ھەیە و نە خەم دەخۆن.
(٣٦) کەسانێکیش نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە بادیھەوایی ڕوویان لێ وەرگێڕا، ئەوانە یاری ئاگرن و لێی دەرناچن.
(٣٧) کێ لەوانە ناھەقترە کە درۆ بە دەم خوداوە ھەڵدەبەستن؛ یاخۆ بە نیشانەکانی بڕوا ناکەن؟ ئەوانە چی لە چارەیانا نووسرا بێ، دێتە ڕێیان؛ تا ئەو کاتەی کە فریشتە لە ئێمەوە دێتە لایان بۆ گیان کێشان و دەپرسن: کوان ئەوانەی غەیرەز خودا ھاناتان وەبەر دەھێنان؟ ئێژن: خۆیان لێ گوم کردین. ئەوسا ھەر خۆیان شایەتی لە خۆ دەدەن کە خودایان نەناسیوە.
(٣٨) ئێژێ: وێڕای ئۆمەتگەلێ وا بەر لە ئەنگۆ لە بەین چوون - لە مرۆڤ و لە جندۆکە - بڕۆنە ناو ئاگرەوە. ھەر ئۆمەتێک دەچێتە ناو، تووک و نەفرین لە ھاو ڕەوشتانی دەکا. وەختێ ھەموویان لەوێدا کۆ بوونەوە، پەیڕەوانیان سەبارەت بە ڕێبەرانیان ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوان سەریان لێ شێواندین؛ دوو ئەوەندە لە ئاگردا ئازاریان دە! ئێژێ: بۆ گشت دوو چەندانە، بەڵام ئێوە پێ نازانن.
(٣٩) ڕێبەرەکان بە پەیڕەوەکانیان ئێژن: ئێوە ھیچتان لە ئێمە زیاتر نییە؛ دەبچێژن ئازاری ئەو کارانەی وا کردووتانە!
(٤٠) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە فیزەوە لەوانە ڕوویان وەرگێڕا، دەروازەکانی ئەزمێنیان بۆ ناکرێتەوە و ناچنە ناو بەھەشتەوە ھەتا وشتر بە کونی دەرزیدا نەچێ! ئێمە ئاوا سزای تاوانباران دەدەین.
(٤١) ڕایەخەکەیان ئاگرە و ھەر ھاڵاویش دای پۆشیون. ئەوانەی ناھەقی دەکەن، ئاوایان جەزرەبە دەدەین.
(٤٢) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و کارگەلی چاکیان ڕەچاو کرد - کە ھیچ کەسیش ئەرکی لە وزەبەدەری ناخەینە سەر - دەیانبەینە بەھەشتەوە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن.
(٤٣) کینەمان لە سینەیانان، داماڵیوە و لە بەھەشتا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ئێژن: سوپاس بۆ خودایێ کە ئێمەی ھێنایە ئێرە؛ ئەگەر خودا نەیھێناباین ئێمە کوا ڕێمان دەر دەکرد؛ بێ گومان پێغەمبەرانی پەروەرێنمان بە ھەق ھاتن. [لەم کاتەدا] گازی دەکرێن: ئەو بەھەشتە پێو دراوە، پاداشی کارێکە کەوا کردووتانە.
(٤٤) بەھەشتییەکان گازی جەھەندەمیان دەکەن: ئەوا ئێمە ئەو بەڵێنەی پەروەرندەمان پێی داوین جێ بەجێ بوو؛ ئاخۆ ئێوەش - وەک ھەڕەشەو لێکرا بوو - ھەروا دەرچوو؟ ئێژن: بەڵێ، بە سەرمان ھات. ئەوسا یەکێ لەو ناوەدا بانگ ڕادێڵێ: دەک ھەرچی ناھەقیکارە بەر نەحلەتی خودا کەوێ؛
(٤٥) ئەو کەسانەی لە ڕای خودا لا دەدەن و وای نیشان دەدەن کە خوارەو بە ڕۆی سەڵا بێ باوەڕن.
(٤٦) پەردەیەکیشیان لە ناودا. پیاوانێک ھەن لە سەر ئەعراف ڕاوەستاون، ھەموو کەسێ بە تەرح و بیچم دەناسن؛ دەنگ لەو بەھەشتییانە دەکەن - کە ھێشتا نەچوونەتە نێو بەھەشتەوە، بەڵام بە تەمان بیچنێ - سڵاوتان لێ بێ.
(٤٧) ھەرگا ئاوڕ لەو کەسانە دەدەنەوە کە دۆژەھین، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە گرۆی ناھەقیکاران دوورمان بگرە.
(٤٨) ئەوانەی لە سەر ئەعرافن لەو پیاوانە - وا بە بیچم دەیانناسن - بانگ دەکەن: گردەوە کۆیی و فیز و لە خۆبایی بوونتان بەھرەی نەدان.
(٤٩) ھەر ئەوانە نین کە ئێوە سوێندوو دەخوارد: بەر بەزەیی خودا ناکەون؟ دەسا بڕۆنە بەھەشت و نە ھیچ ترسوو لە سەر ھەیە نە خەم دەخۆن.
(٥٠) جەھەندەمی لە بەھەشتییەکان دەخوازن: لەو ئاوە یا لەو ڕۆزیە خوا پێداون شتێکیش بەشی مە بدەن. ئێژن: خودا ئەم شتانەی بەشی بێ دینان نەداوە.
(٥١) ئەو کەسانەی دینەکەیان ھەر بە گاڵتە و گەپ دەزانی و ژیانی دنیا فریوی دان، ھەر ئەوانە تووش ھاتنی ئەمڕۆیان لە بیر بردەوە و لە نیشانەکانی ئێمە حاشایان کرد؛ ئێمەش ئەمڕۆ ئەوان لە بیر دەبەینەوە.
(٥٢) ئێمە بۆ وان کتێبێکمان ھاوردووە، کە بە زانستەوە ڕوونمان کردۆتەوە و ڕێنموونی و بەزەییە بۆ کۆمەڵێ کە بڕوا بێنن.
(٥٣) ئاخۆ ئەمان ھەر بۆ ئەو ڕۆژە دەڕوانن کە ھەرچی لەم کتێبەدا، بە چاوی خۆیان بیبینن؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئاکام ڕوون دەبێتەوە، ئەو کەسانە وا لە پێشا ئەم ڕۆژەیان لە بیرەخۆ بردبووەوە، ئێژن: دیارە ھەرچی پێغەمبەرەکانی خودا گوتیان، وەڕاست گەڕا؛ ئاخۆ ئێستە کەس دەبێتە تکاکارمان؟ یاخۆ دیسان بگەڕێینەوە سەر دنیا، خدەی خۆمان بگۆڕین و ئاکاری باشتر ڕەچاو کەین؟ ئەمان خۆیان دۆڕاندووە و ئەو درۆی کە ھەڵیان دەبەست - سەر لە بەری - بە فێڕۆ چوو.
(٥٤) ڕاھێنەرتان خودایێکە ئاسمانەکان و زەمینی لە شەش ڕۆژاندا درووس کرد. ئەو جارەکە لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. ڕۆژێ بە شەوێ دەپۆشێ و ڕۆژیش بەلەز دەکەوێتەوە شوێنی شەوێ. خۆر و مانگ و ئەستێرانی بەدی ھێنا و ھەر دەژێر فەرمانی ئەودان. ئافراندن و ڕاگەییشتن ھەر بۆ ئەوە. زۆر و زەبەندەیە و دمی خودایێ کە ڕاھێنەری گش جیھانە.
(٥٥) بە نھێنی و بە سەرکزی ھەر پەروەرندەو لە بیر بێ و لە بەری بپاڕێنەوە. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ڕێگەی ئەو لا دەدەن.
(٥٦) خراپەش مەکەن لەم زەمینە دوای باش بوونی. بە ترسەوە و بە ھیوای تووشی چاکە بوون لە بەر خودا بپاڕێنەوە. ئەو کەسانەی چاکە کارن، لە بەزەیی خودا نزیکن.
(٥٧) ھەر خۆیەتی پێش بارانە - کە بەزەیێکە لە خواوە - بایەکانوو بە مزگێنی بۆ ھەڵ دەکا؛ کاتێ ئەو بایانە ھەوری بارگرانیان بەرزەوە کرد، بەرەو وڵاتێکی مردوو دەیخەینە ڕێ و ئەوسا ئاوی پێ دەنێرینە خوارەوە و بە ئاوەکەی ھەموو جۆرە بەروبووی زەمین دەڕوێنین. ھەر بەم جۆرەش مردوو زیندوو دەکەینەوە؛ شایەت ئێوە بیر لەوانە بکەنەوە.
(٥٨) زەمینی باش - بە ئیزنی ڕاھێنەری خۆی - ڕووەک بە باشی دەڕوێنێ. زەوی خراپ ھەر دڕک و داڵی بێکارەی لێ شین دەبێ. بەم تەرزە نیشانەکانمان بۆ ئەو کەسانە باس دەکەین سپاسکارن.
(٥٩) ئێمە نووحن ڕاسپاردە لای ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! دەبێ ئێوە عەبدایەتی خودا بکەن؛ کە غەیرەز ئەم ئێوە خودایەکتان نییە. من لەو ڕۆژەو لێ دەترسم کە ئازار دانی دژواری تێدا ھەیە.
(٦٠) پیاوماقووڵانی گەلەکەی [لە پەرسڤی ئەودا] گوتیان: ھیچ گومانێکمان نییە تۆ تووشی گومڕایێکی ئاشکرا بووگی.
(٦١) گوتی: گەلۆ! من گومڕا نیم؛ ڕاسپاردەی ڕاھێنەری ھەموو دنیام.
(٦٢) ڕاسپاردەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕادەگەینم و ئامۆژگاریتان دەکەم و ئەوی سەبارەت بە خودا من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە.
(٦٣) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە ھات بۆ پیاوێک ھەر لە خۆتان؛ ھەتا بتانترسێنێت و خۆپارێزن؛ بەشکەم بکەونە بەر بەزە؟
(٦٤) چی وتی بە درۆیان دانا و ئەوسا ئێمە خۆی و ئەوانەی وێڕای ئەو چووبوونە ناو گەمیەکەوە، ڕزگار کرد و ئەوانەشمان لە ئاودا بە خنکاندن دا، کە نیشانانی ئێمەیان پێ درۆ بوو. ئەوانە لە دڵدا کوێر بوون.
(٦٥) ھوودیشمان کردە پێغەمبەر بۆ ھۆزی عادی ھاوتیرەی. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن؛ بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. چیتانە لە خوا ناترسن؟
(٦٦) پیاوماقووڵانی ھۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئێمە تۆ بە نەفام دەزانین و پێمان وایە تۆ لە درۆزنەکانی.
(٦٧) گوتی: گەلۆ! نەفام نیم، پێغەمبەرێکم؛ پەروەرندەی ھەموو دنیا ڕای سپاردووم.
(٦٨) پەیامگەلی پەروەرێنم بە ئێوە ڕادەگەیێنم. من بۆ ئێوە ئامۆچیارێ درووسکارم.
(٦٩) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە ھات بۆ پیاوێک ھەر لە خۆتان، ھەتا وەکوو بووترسێنێ؟ لە بیرتان بێ، پاش ھۆزی نووح ئێوەی لە جێ دامەزراندن و قەڵافەتی زۆرتریشی پێتان بەخشی. دەسا ئێوە نابێ ئەو ھەموو چاکەیەی خودا دەربارەتانی کرد، لە بیر بکەن؛ بەشکوو بگەنە ڕزگاری.
(٧٠) گوتیان: ھاتووی [پێمان بێژی] تەنیا خوا بپەرستین و لەو خودایانە واز بێنین کە باب وباپیرەکانمان پەرستیانن؟ ئەگەر تۆ لە ڕاست بێژانی، بە ھەرچیمان دەترسێنی پێکی بێنە.
(٧١) گوتی: بێ سۆ ئێوە تووشی ئازار و تووڕەیی پەروەرێنتان بووگن. جا چۆن ئێوە بۆ چەند شتێ کە خۆتان و باوانتان ناوتان لێ ناون و ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە بۆ نەھاتووە، جوابەجەنگیم دەگەڵ دەکەن؟ چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم.
(٧٢) ئێمە لە چاکە و بەزەیی خۆمانەوە ھوود و ھاوڕێکانی ھوودمان ڕزگار کرد و ئەو کەسانەش کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بێ بڕوا بوون، یەک جێ بنەبڕمان کردن.
(٧٣) بۆ لای سەموودیش ساڵحی برای خۆیانمان بە ڕێ کرد. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. ئەوا لە پەروەرندەوڕا ئەم وشترەو بە نیشانە بۆ ھاتووە؛ لێ گەڕێن با لە زەوی خوادا بچەرێ، ھیچ زیانێکوو بۆی نەبێ؛ دەنا تووشی ئازاری زۆر بەژان دەبن.
(٧٤) لە بیرتان بێ پاش ھۆزی عاد ئێوەی کردە جێنشین و لە سەر زەمین دای مەزراندن؛ لە پێ دەشتان کۆشکانتان بەرز کردەوە و لە کێوەکانیشدا خانووتان دەتاشی. نیعمەتی خواتان لە بیر بێ و پێ دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە ھەردا.
(٧٥) سەرگەورەکانی ھۆزەکەی - ئەوانەی لە خۆ بایی بوون - لای کەم دەست و ھەژارەکان و ئەوانەی بڕوایان ھێنا بوو گوتیان: داخۆ ئێوە پێتان وایە ساڵەح لای پەروەرێنیەوە ڕاسپێراوە؟ گوتیان: ئێمە باوەڕیمان پێ ھێناوە.
(٧٦) خۆ بە زل زانەکان گوتیان: ئێمە لەوەی کە بڕواتان پێ ھێناوە، حاشا دەکەین.
(٧٧) لە فەرمانی خودای خۆیان وازیان ھێنا و وشترەکەیان پەل پەل کرد. گوتیان: ساڵح! ئەگەر ڕاستە پێغەمبەری، چۆنت ھەڕەشە لێ کردین بە جێی بێنە.
(٧٨) زۆر بە توندی بوومەلەرزەیەکیان بۆ ھات؛ ھەر لە ناو ماڵەکانیاندا ھەموو مردن.
(٧٩) ساڵح لەوان دوور کەوتەوە، گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی خودام پێ گەیاندن، زۆریشم نسێحەت کردن؛ بەڵام ئێوە ئامۆچیارانتان خۆش ناوێ.
(٨٠) لووتیشمان نارد. ئەوسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە کاری ئەوەندە شوورەیی دەکەن، بەر لە ئێوە کەس لە دنیا نەیکردووە؟
(٨١) ئێوە بۆ خۆ ڕەحەت کردن - لە بری ژنان - پەلاماری پیاوان دەدەن. ڕاستی ئێوە بۆ بەدفەڕی لە ئەندازەو دەرکردووە.
(٨٢) ھۆزەکەی لووت وەرامیان ھەر ئەوەندە بوو: لە شاری خۆتان دەریان کەن؛ ئەمانە کەسگەلێکن کە دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین!
(٨٣) ئیتر خۆی و کەس وکاریمان ڕزگار کرد؛ ھەر تەنیا ژنەکەی نەبێ، کە کەوتە تەک بە جێماوان.
(٨٤) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران! دە بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو تاوانبارانە چۆن بوو!
(٨٥) بۆ «مەدیەن» یش شوعەیبن نارد، کە ئەویش ھەر لە خۆیان بوو. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. نیشانەیەکی ئاشکراتان لای پەروەرندەتانەوە بۆ ھاتووە. با پێوانە و تەرازووتان بەرانبەر بێ و لە ماڵی خەڵک مەدزنەوە. لە ھەردیشا - دوای ئاوەدان کردنی - بەدفەڕی مەکەن. ئەگر بڕواو بە خوا ھەبێ ئەمە بۆ ئێوە باشترە.
(٨٦) لە سەر ھەموو ڕێگایەکا دامەنیشن بۆ ترس وەبەرھێنانی ئەو کەسانە وا بڕوایان بە خودا ھێناوە؛ بۆ ئەوە کە لە ڕێگەی ئەو لایاندەن و ڕێگای ئەویان بە لار و چەفت نیشان بدەن. لە بیرتان بێ ئێوە کەم بوون، زۆری کردن؛ لێ بڕوانن پاشە ڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەییشت.
(٨٧) ئەگەر ھێندێک لە ئێوە بڕوای ھێناوە بەو شتانەی کە منی پێ ڕاسپێراوە و ھێندێکیشتان بڕوایان نەھێناوە، خۆ ڕابگرن ھەتا خودا بۆ خۆی لە بەینی ئێمەدا داوەری کا. خۆشی چاترین داوەرە.
(٨٨) گرەگرەکانی ھۆزی - کە لە خۆیان بایی بوو بوون - گوتیان: شوعەیب! ئێمە تۆش و ئەو کەسانەش وەل تۆ باوەڕیان ھێناوە، لە شاری خۆمان دەردەکەین؛ یان دێنەوە سەر دینی مە. گوتی: ئەگەر حەزیش نەکەین؟
(٨٩) گوتی: ئەگەر بێینەوە سەر دینی ئێوە، لە پاش ئەوە کە خودا لێی ڕزگار کردین، درۆمان بە دەم خوداوە ھەڵبەستووە. ڕەوا نییە ئیتر بگەڕینەوە سەر ئەو ئایینە؛ جا مەگین پەروەرندەمان مەیلی لێ بێ؛ زانستی ئەو ھەموو شتی داگرتۆتەوە؛ خۆمان بە خوا سپاردووە. ئەی خودای پەروەرندەمان! تۆ لە نێوان ئێمە و ھۆزەکەماندا داوەری بکە؛ چاکترین داوەر ھەر خۆتی.
(٩٠) سەرزلەکانی ھۆزەکەی - کە وا لە دین لایان دابوو - گوتیان: ئەگەر پەیڕەوی شوعەیبێ بکەن، بێ سۆ تووشی زەرەر دەبن.
(٩١) ئیتر ئەوسا بوومەلەرزەی وا بە تەوژم دای گرتن، کە ھەموو لە ماڵی خۆیاندا لە بەین چوون.
(٩٢) ئەو کەسانەی قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، [وا لە بەین چوون] دەتگوت ھەر لەوێدا نەبوون. ئەوانە وا قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، ھەر بۆ خۆیان زیانبار بوون.
(٩٣) ئەوسا شوعەیب ڕووی لێ وەرگێڕان و گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕاگەیاندووە و ئامۆژگاریشم لێکردن. دەسا چلۆن بۆ ئەوانەی خوانەناس بوون، خەمێ دەخۆم؟
(٩٤) ئێمە ھەر پێغەمبەرێکمان بۆ ھەر کۆمەڵێک ناردووە، بە نەخۆشی و ناگوزووری بە تاقیمان کردوونەوە؛ شایەتا بپاڕێنەوە.
(٩٥) جاری دوایی ناخۆشیمان بە خۆشی بۆ گۆڕیونەوە، تا ھەموو شتیان زێدە بوو. گوتیان: باب و باپیریشمان تووشی خۆشی و ناخۆشیان بوون. ئیتر لە پڕ - بەبێ ئەوەی ھەست پێ بکەن - گرتمانن.
(٩٦) نیشتەجێی ئەو باژێڕانە ئەگەر خوایان بناسیبا و خۆپارێز بان، دەروازەی بەرەکەتانمان لە ئاسمان و زەمینەوە بە ڕوویاندا دەکردەوە. بەڵام ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی؛ لە سزای ئەم ئاکارەیان گرتمانن.
(٩٧) ئاخۆ خەڵکی ئەو شارانە نەترسا بوون کە لە شەودا، بەڵای ئێمەیان تووش ببێ و ئەوان لە جەنگەی خەودا بن؟
(٩٨) ئەو شارنشینانە داخۆ نەترسا بوون کە لە دەمی چێشتەنگاودا و لە جەنگەی گەمە کردندا، ئێمە تووشی بەڵایان کەین؟
(٩٩) ئاخۆ لەوە دڵنیا بوون لە مەکری خودا ڕزگارن؟ خۆ بە غەیر لە زیانباران، کەس لە مەکری خوا ھەستی ھێمنی ناکا.
(١٠٠) ئەو کەسانەی ئەم عەرزەیان - پاش نەمانی خەڵکەکەی - بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، بەوەندەیان نەزانیوە ئەگەر حەز کەین - بە گوناھانێ کە دەیکەن - تۆڵەیان لێ دەکەینەوە و مۆریان لە سەر دڵ دادەنێین؛ کەھەر نەتوانن ببیسن؟
(١٠١) ئێمە بڕێک لە نەقڵی ئەو باژێڕانەت بۆ باس دەکەین؛ ڕاست ئەوەیە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە ھاتەلایان؛ وەک لەپێشدا بڕوایان بە خودا نەبوو، ھەروا بێ باوەڕ مانەوە. ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی لە دین لادەران.
(١٠٢) زۆربەی ئەوانەمان نەدی کە پەیمانی خۆ پێک بێنن؛ زۆرینەشیان لە ڕێزەی نافەرمانان بوون.
(١٠٣) پاش ئەوان بە چەند نیشانەی ئاشکرا مووسامان ناردە سەر فیرعەون و سەرزلەکانی ھۆزەکەی، دژیان وێستان. سا بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو بەدفەڕانە چلۆن بوو.
(١٠٤) مووسا گوتی: ئەی فیرعەون! من ڕاسپاردەی ئەو کەسەم کە ڕاھێنەری گشت دنیایە.
(١٠٥) وا ڕەوایە لە ڕاست پێوە، دەربارەی خودا ھیچ نەڵێم. لە پەروەرندەی ئێوەڕا نیشانەم بۆتان ھێناوە. تۆ گەرەکە فرزەندانی ئیسڕائیل وێڕای من کل کەی.
(١٠٦) گوتی: ئەگەر بە ڕاستیتە و ھیچ نیشانەت دەگەڵ خۆتا ھێناوە، نیشانی بدە.
(١٠٧) مووسا عاساکەی فڕێ دا؛ کەچی لە پڕ بوو بە مارێک بە ئاشکرا.
(١٠٨) دەستی خۆشی لە باخەڵیەوە وەدەرخست؛ لە بەر چاوی چاوەدێران سپیەکی بێ خەوش دەرکەوت.
(١٠٩) سەرزلانی ھۆزی فیرعەون گوتیان: ئەمە جادوگەرێکی زۆر زانە.
(١١٠) وای گەرەکە گشتوو لەم وڵاتە دەرکا، خۆتان بە چی فەرمان دەدەن؟
(١١١) گوتیان: تۆ خۆی و براکەی گل بدەوە؛ دەستەیەکی کۆکەرەوەش بەڕێ بکە بۆ شارەکان.
(١١٢) تا جادووگەرانی زۆر زان بێنن بۆ لات.
(١١٣) جادووگەرەکان لە فیرعەون کۆ بوونەوە. گوتیان: گەر ئێمە سەرکەوتین، تۆ دەبێ خەڵاتمان بکەی.
(١١٤) گوتی: بەڵێ، ئێوە بێ سۆ لە نزیکانی خۆم دەبن.
(١١٥) گوتیان: مووسا! تۆ داوێژی یان ئێمە پێش تۆ بھاوێین؟
(١١٦) گوتی: ئێوە بھاوێژن. ئەوانەی ئەوان ھاویتیان، چاوی حەشامەتەکەیان پێ خەڵەتا و لێیان ترسان و جادووی زۆر عاجباتیان کرد.
(١١٧) خستمانە دڵی مووساوە، کە: عاساکەت بھاوێژە. ھەر لە جێوە ھەموو جادووکارییەکانی ئەوانی ماشی و ھەڵ لووشی.
(١١٨) ئیتر کە ڕاستی ھاتە ڕوو، پڕوپووچی کردەوەیان چرووک دەرچوو.
(١١٩) ھەر لەوێدا تێشکان و بە کزی و زەبوونی دامان.
(١٢٠) ھەرچەندی جادوگەر ھەبوون، کڕنۆشیان کرد.
(١٢١) گوتیان: وا بڕوامان ھێنا بە ڕاھێنەری گش دنیا؛
(١٢٢) ڕاھێنەری مووسا و ھاروون.
(١٢٣) فیرعەون وتی: بەر لەوە من ئیزنوو بدەم، ئێوە چۆن بڕواو پێ ھێنا؟ ئێوەی فێڵباز ویستووتانە لەم شارەدا فێڵێک بکەن تا خەڵکەکەی لێ وەدەرنێن. سا لە دواییدا دەزانن.
(١٢٤) پێچەوانە دەست و پێیەکانوو دەبڕم. لێشتان ڕوون بێ گشتوو لە قەنارە دەدەم.
(١٢٥) گوتیان: ئێمە دەچینەوە بۆ لای پەروەرندەی خۆمان.
(١٢٦) ھەر بۆیە ڕکت لە ئێمە ھەستاوەو سزامان دەدەی، چون کاتێ نیشانەکانی پەروەرندەی خۆمان ھاتن، تەواو بڕوامان پێ ھێنان. ئەی خودای پەروەرندەمان! خۆڕاگریمان بدەیە و بە باوەڕی پاکەوە بمان مرێنە.
(١٢٧) سەرگەورەکانی ھۆزەکەی فیرعەون گوتیان: چۆن تۆ لە مووسا و ھۆزەکەی واز دەھێنی، وڵاتت لێ بشێوێنن و دەس لە خۆت و پەرستووەکانی تۆ بەردەن؟ گوتی: بەم زوو کوڕەکانیان دەکوژین و ژنانیشیان [بۆ ڕاژە] دەھێڵینەوە. ئێمە لە سەر ئەوان زاڵین.
(١٢٨) مووسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ھەر پشت بە خوا ببەستن و خۆڕاگر بن؛ ئەم زەمینە ھی خودایە؛ بە ھەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، پێی دەبەخشێ و دواڕۆژیش بۆ ئەوانەیە کە لە خودا ترسیان ھەیە.
(١٢٩) گوتیان: بەر لەوە کە تۆ بێی، چەوساینەوە؛ کە تۆش ھاتووی، ھەروا دەمان چەوسێننەوە. گوتی: دوور نییە ئەو ڕۆژەی پەروەرندەو دوژمنتان لە بەین بەرێ و ئێوە بکاتە جێنشین لەم عەرزەدا و بڕوانێ ئێوە چۆن دەکەن.
(١٣٠) کارێکمان کرد کە لاگیرەکانی فیرعەون بکەونە قاتی و قڕییەوە و داھاتیان کەمتر دەس کەوێ، بەشکە بیر لە خۆ بکەنەوە.
(١٣١) ئەگەر تووشی خۆشی دەبوون، دەیانگوت: کاری خۆمانە. ئەگەر تووشی بەڵا و چورتمیش دەھاتن، دەیانگوت: ئەمە شوومی مووسا و یارانی مووسایە. خۆ دیاریشە ئەگەر چاکە و خراپەیە، لە خواوەیە. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون.
(١٣٢) دەیانگوت: ھەر نیشانێکمان بە نیازی جادوو لێکردن نیشان بدەی، ئێمە بڕوات پێ ناھێنین.
(١٣٣) ئەو جار ئێمە چەند نیشانەی ئاشکرامان ناردە سەریان کە بریەتی لە لافاو و کوللە و ئەسپێ و خوێن و بەق بوو. بەڵام ئەوان دەمارزلیان نوان دو گرۆیەکی تاوانبار بوون.
(١٣٤) لە پاش ئەوە کە ئەو بەڵایانەیان دی، گوتیان: مووسا! لە پەروەرندەت وەپاڕێ - وەک پەیمانی بە تۆ داوە - ئەگەر بێتوو بەڵامان لە سەر لابەرێ، شەرتە باوەڕیت پێ بکەین و تۆرەمەی ئیسڕائیلیشت ڕەگەڵ بخەین.
(١٣٥) بەڵام کاتێ بەڵامان لە سەر لا بردن - تا ئەو ماوە دیاری کراوە تێپەڕیان کرد - جارێ تر پەیمانەکەیان وەبەر پێ دا.
(١٣٦) جا تۆڵەمان لێکردنەوە و لە دەریادا قوممان کردن. چونکە ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا؛ ھەر بە لاشیانەوە نەچوون.
(١٣٧) ئەوسا ئێمە خۆرھەڵات و خۆرئاوای ئەو وڵاتەمان - کە بەرەکەتمان پێ دابوو - کردە بەشی ئەوانەی چەوسابوونەوە. بەڵێنی ھەرە پیرۆزی پەروەرندەت - بێ کەم و کوڕی - دەربارەی بەرەی ئیسڕائیل ھاتە جێ؛ لە باتی خۆڕاگرتنیان. ھەرچی فیرعەون و یارانی دایان ناو بەرزیان کردەوە، ھەموومان لێ تێک و پێک دان.
(١٣٨) بەرەبابی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. ئەوسا تووشی ھۆزێک ھاتن، ھەر خەریکی پەرستنی بتگەلیان بوون. گوتیان: مووسا! خودایەکمان وەکوو خوداکانی ئەوان بۆ پەیداکە! گوتی: ئێوە ھۆزێکن کە ھیچ نازانن.
(١٣٩) ئەو ئاکارەی ئەوان دەیکەن، بێ بەھرەیە و ھەرچی دەیکەن بە فیڕۆیە.
(١٤٠) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ - غەیرەز خودا - پەرستوێکوو بۆ پەیدا کەم! کە ھەر بۆ خۆی لە چاو خەڵکی ئەم دنیایە، ئێوەی بەڕێزتر کردووە؟
(١٤١) لە بیر مەکەن کە ئێمە ڕزگارمان کردن لە فیرعەون و دەستەوبەستەی، کە ئێوەیان زۆر بە سەختی سزا دەدان؛ نێرینەکانیان دەکوشت و ژنەکانیان [بە یەخسیری] دەھێشتەوە. ئەو بەڵایە و لە لایەن پەروەرندەوڕا ئەزموونەکی پڕ مەزن بوو.
(١٤٢) دەگەڵ مووسا ژوانی سێ شەوەمان دانا؛ دەی دیکەشمان بۆ خستە سەر. بەم چەشنە ماوەی ژوانی پەروەرندەی، بوو بە چل شەو. بە ھاڕوونی برای خۆی گوت: تۆ لە ناو ھۆزەکەمدا بە و لە جێی من بەو ھەر کاری چاک ڕەچاو بکە و لە دووی خراپکاران مەچۆ.
(١٤٣) کە مووسا گەیشتە ژوانگە بۆ لای ئێمە و پەروەرندەی دەگەڵی کەوتە ئاخافتن، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئارەزوومە تۆ ببینم. گوتی: ناتوانی بم بینی؛ بەڵام لەم کەژە بڕوانە؛ ئەگەر لە شوێنی خۆی نەبزووت، ئەوسا دەتوانی بم بینی. کە خۆی بۆ کەژەکە دەرخست، ھەر بە جارێ کەژەکەی پریش پریش کرد. مووسا بە بێ ھۆشی کەوت. وەختێ ھاتەوە سەر خۆ، گوتی: پاکی ھەر بۆ تۆیە، پەژیوانم؛ من لە خاوەن باوەڕاندا یەکەمینم.
(١٤٤) گوتی: مووسا من تۆم - بە پەیامەکانم و ئاخافتنم - بەرانبەر بە خەڵکی دنیا، خستۆتە سەر؛ چم پێداوی، وەری بگرە و لە شوکرانەبژێران بە.
(١٤٥) دەربارەی ھەموو کارێک و ئامۆژگاری بۆ گەلەکەی، ھەموو شتمان - بێ کەم و کوڕی - بۆ نووسی و بۆمان خستە سەر تەتەڵان. مووسا! ئاگات لەوانە بێ و توندیان بگرە و فەرمان بە ھۆزەکەت بدە با ھەرەچاکیان وەرگرن. من زوو پێتان نیشان دەدەم جێگە و ڕێگەی ئەوانەی سەرپێچی بکەن بەرەو کوێیە.
(١٤٦) بەم زووانە ڕووی ئەوانە وا بە ناحەق لە سەر زەمین فیز دەنوێنن، لە نیشانەکانی خۆم وەردەسووڕێنم؛ بە چەشنێک کە ھەر نیشانەیەک بیبینن، نەیسەلمێنن؛ یا ئەگەر ڕێی ڕاست ببینن پێیدا نەچن؛ بەڵام ئەگەر ڕێگای گومڕایی ببینن، بیگرنە بەر. چون ئەوانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و ھەرگیز سەرنجیان نەدانێ.
(١٤٧) ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمە و ڕۆژی پەسڵانیان بە درۆ دانا، کارەکانیان ب ەفێڕۆ چوو. ئاخۆ جگە لە بارتەقای کردەی خۆیان سزا دەدرێن؟
(١٤٨) لە پاش مووسا ھۆزەکەی ئەو - لە خشڵ و زەنبەری خۆیان - کۆتەڵی گوێرەکەیەکیان درووس کرد کە ھەر دەیبۆڕاند! مەر نەیاندی ئەو گوێرەکە قسەیان دەگەڵا ناکا و ڕێگایان پێ نیشان نادا؟ بەڵێ کەوتنە [پەرستنی و] ستەمکار بوون.
(١٤٩) کاتێ تەواو پەژیوانی دایگرتن و دیتیان سەریان لێ شێواوە، گوتیان: ئەگەر پەروەرێنمان بەر بەزەیی خۆیمان نەخا و لە گوناھانمان نەبوورێ، ئێمە لە زیانبارانین.
(١٥٠) مووسا وەختێ گەڕایەوە ناو ھۆزەکەی، بە تووڕەیی و بە دڵ پڕی تێی ڕاخوڕین کە: لە دوای من چەند جێنشینی خراپ بوون؛ ئاخر بۆچی ڕانەوەستان تا فەرمانی پەروەرندەتان پێ دەگا؟ تەتەڵەکانی تووڕھەڵدا و قژی برایەکەی کێشا و بەرەو خۆی برد. گوتی: ئەی دایک براکەم! ھۆزەکەم ھێزیان لێ سەندم؛ لەوانەش بوو بشم کوژن! دژمنان بە من خۆش مەکە و منیش دەگەڵ ناھەقکارەکان دامەنێ.
(١٥١) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە خۆم و برام ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە. تۆ لە گش خاوەن بەزەییان دڵسۆزتری.
(١٥٢) ئەو کەسانەی کە بوونە گوێرەکەپەرست، بەر غەزەبی پەروەرندەیان دەکەون و لە ژیانی دنیایە زەلیل دەبن. ھەر کەس درۆیان ھەڵبەستێ، ئێمە وایان سزا دەدەین.
(١٥٣) ئەو کەسانەش کە ئاکاریان خراپ بووە، پاشان پەژیوان ببنەوە و بڕوا بێنن، پەروەرندەت لە گوناھانیان دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٥٤) کاتێ مووسا لە تووڕەیی ھێدی بووە، تەتەڵەکانی چنیەوە؛ کە تێیاندا ڕێ شاندان و بەزەیی بوو بۆ ئەوانەی خودێ ترسن.
(١٥٥) ئەوسا مووسا حەفتا کەسی لە ھۆزکەی دەس نیشان کرد کە بێنە دیدەنی ئێمە. کاتێ بوو لەرزە دایگرتن، گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! ئەگەر مەیلت لە سەر بایە ھەر لە پێشدا دەت مراندین. ئاخۆ دەتەوێ بەو کارەی کە بێ ئاوەزان لە ئێمە کردوویانە، تۆ ھەموومان لە ناو بەری؟ ئەمەش ھەر ئەزموونی خۆتە؛ بە مەیلی خۆت کەسانێ گومڕا دەکەیت و ھێندێکانیش بەرەو خۆت شارەزا دەکەی. گەورەمان تۆی، بمان بوورە و بەزەت پێماندا بێتەوە. باشترین بەخشێنەر ھەرتۆی.
(١٥٦) لە دنیایە و لە قیامەتیش بە چاکە بمانخوێنەوە؛ ئێمە ھاتووینەوە لای تۆ. گوتی: ھەرکێ ئازار بدەم کەیفی خۆمە. بەزەییشم ھەموو شتی داگرتووە. چاکەی ئەوانە دەنووسم لە خراپە خۆپارێزن و زەکات دەدەن؛ ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا ھەیە؛
(١٥٧) ئەوانەوا دەکەونە شوێن ئەم پێغەمبەرەی کە ڕاسپاردەی خوایە و نەیخوێندووە و لە تەورات و ئینجیلیش ناوی نووسراوە و ھانەی چاکەیان دەدات و ناھێڵێ خراپە بکەن؛ پاکژ بە ڕەوا دەزانێ و گەماری پێ ناڕەوایە و گرانایی زنجیریان لە سەر لا دەبا؛ کە بەوانیان شەتەک دابوون. ئەوانەی بڕوای پێ دەکەن، بە قەدرەوە لێی دەڕوانن؛ لە یاریدەی دانامێنن و لە دووی ئەو ڕووناکیە دەچن کە وێڕای ئەو ناردراوە؛ ئەوانە ڕزگارەکانن.
(١٥٨) بێژە: خەڵکینە! بزانن ئەمن خودا ڕای سپاردوومە لای ئێوە، گش لە گشتوو. ئەو خودایەی موڵکایەتی ئاسمانەکان و ئەم ھەردەش ھەر بۆ ئەوە؛ لە خۆی بەدەر ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. گیان دەبەخشێ و گیان دەستێنێ. دەسا ئێوە بە خودا و بە پێغەمبەری نەخوێندەوار بڕوا بکەن؛ کە ئەویش خۆی باوەڕی بە خودا ھەیە و بە ھەرچی خودا گوتوویە بڕوا دەکا. پەیڕەوی بن، شایەت شارەزای ڕێگە بن.
(١٥٩) دەستەیەکیش لە ھۆژی مووسادا ھەنە، بە ڕاستی ڕێ دەنوێنن و بە ڕاستیش داوەری دەکەن.
(١٦٠) ئەوانەمان بە دوازدە دەستە (دوازدە ئۆمەت) بەش بەش کرد و ئەو کاتەش ھۆزەکەی مووسا داوای ئاوی وەخواردنیان لە مووسا کرد، ئێمە مووسامان تێگەیاند کە: بە دارعاساکەی دەستت لەو بەردە دە. دوازدە کانی لە بەردەکەوە ھەڵقوڵین؛ ھەر دەستەیەی دەراوی خۆی ناسیەوە. ھەوریشمان لە لای سەروویان کردە سەیوان؛ گەزۆشمان دەگەڵ شێلاقە بۆ ھەناردن: بخۆن لەو شتە پاکانەی کردوومانەتە ڕۆزیتان. ھیچ غەدرێکیان لێمان نەکرد؛ بەڵام غەدریان لە خۆیان دەکرد.
(١٦١) [لە بیروو بێ] ئەو کاتەش کە پیان گوترا: لەو شارە نیشتەجێ بن و لە ھەر لایەک ھەرچی دەتانەوێ بیخۆن. نزا بکەن گوناھوو لێ ھەڵبوەرێ و لە دەرگاوە کە دەچنە ژوور، سوژدە بەرن؛ ھەر ھەڵەیێ کردووتانە دەتانبەخشین. بۆ ئەوانەی ئاکارچاکن، پاداشی زیاتریش دەدەین.
(١٦٢) ئەوسا ناھەقیکارانیان ئەو قسانەی پێیان وترا بوو، گۆڕیانە بارێکی دیکە. ئێمەش لە سەر ئەو ناھەقی کردنەیان، بەڵایەکمان لە ئاسمانەوە بۆ ناردن.
(١٦٣) دەربارەی ئەوباژێڕەی وا کەوتبوە قەراخی دەریا لێیان پرسە، کە بە شەممە نافەرمانی خوایان دەکرد. چونکە لە ڕۆژی شەممەدا ماسی گەل سەراو دەکەوتن و ڕۆژێ کە شەممە نەبووایە، دیاریان نەبوو. ئەو کەسانەی لە ڕێگەی خودا لا دەدەن، ئێمە ئاوا دەیان ئەزمووین.
(١٦٤) کە دەستەیەکیش لە خۆیان گوتیان: بۆچی ئێوە دەربارەی کەسانێ خودا گەرەکیە قڕیان کا یان بە توندی ئازاریان دا، بە ئامۆژگاری خەریکن؟ گوتیان: تا لای پەروەرندەتانەوە تووشی شەرمەزاری نەبین و شایەت ئەوانیش بترسن.
(١٦٥) کە ئامۆژگاری کردنیان بەھرەی نەدا، ئەو کەسانەمان ڕزگار کرد کە دژی خراپە وێستان؛ زۆر بە توندی ئازاری ئەوانەشماندا کە ناھەقی پیشە بوون و فەرمانیان بەجێ نەھێنا.
(١٦٦) کاتێ ھەر ئەو کارەیان کرد کە پیان گوترا بوو مەیکەن، گوتمان: ببنە مەیموون گەلی تڕۆ کراو!
(١٦٧) ئەو کاتەشوو لە بیر بێ کە پەروەرێنی تۆ ڕایگەیاند: دەیانکەمە بەر فەرمانی کەسانی وا کە تا قیامەت - بە توندی - ئازاریان دەن. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و ھەر بۆ خۆشی لە گوناھکاران دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٦٨) لە زەمیندا کردمانن بە چەندین دەستەی لێکتر جیا. ھێندێ لەوان بەچاک دەرچوون؛ ھێندێ تر وەک ئەوان نەبوون؛ بە خۆشیان و بە ناخۆشیانیشمان ئەزموون، سا بەشکوو بگەڕێنەوە.
(١٦٩) ئەوسا جێ نشینانێکی بەدفەڕ ھاتنە جێگایان و، کتێبەکە لای ئەوان بە کەلەپوور ما؛ کە ھەر بۆ تەماحی دنیا تێ دەکۆشان. دەشیانگوت: ئێمە ھەر زۆر زوو عافوو دەکرێین. ئەگەر دیسانیش لە شتێک دەستیان گیر با، وەریان دەگرت. مەر لەو کتێبەدا لەوان پەیمان وەرنەگیرا، لە ڕاستی بەو لاوە دەربارەی خودا نەخێون؟ کە ھەرچی تێشیدا ھەبوو خوێندبوویان. ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی خۆپارێزن زۆر باشترە، ھێشتا ئێوە تێ ناگەیەن؟
(١٧٠) ئەو کەسانەی کە بەرانبەر بە کتێب ڕەفتار دەکەن و نوێژیش دەکەن، ئێمە پاداشی ئەوانەی ئاکارچاکن وندا ناکەین.
(١٧١) ئەو کاتە کە کێوەکەمان وێنەی سەیوان بە سەریاندا ڕاھەنگاوت و لایان وابوو ھەر بە سەریاندا دەڕووخێ [وتمان]: ئەوی داومانە پێتان پەیت بیگرن؛ چی تێدایە لە بیرتان بێ؛ دەشقەم خۆتان بپارێزن.
(١٧٢) ئەوساش کە پەروەرندەی تۆ لە پشتی عەولادی ئادەم زاروزیچی بەرھەم ھێنا، لە سەر خۆیان شایەتی ھەر بە خۆیان دا. گوتی: من پەروەرێنتان نیم؟ گوتیان: بەڵێ، ئێمە لەوە ئاگادارین. نەکا ڕۆژی سەڵا بێژن: نەمانزانی.
(١٧٣) یان نەبێژن: ئەو کەسانە وا لە پێشدا شەریکیان [بۆ خودا] دانا، باب و باپیرانمان بوون و ئێمە بەرەی دوای ئەوانین؛ ئاخۆ ئێستا تۆ گەرەکتە لە سەر ئاکاری ناحەقان ئێمە قڕکەی؟
(١٧٤) نیشانەکان ئاوا ڕۆشن دەکەینەوە، شایەتا بگەڕێنەوە.
(١٧٥) دەنگوباسی ئەو کەسەشیان بۆ وەخوێنە کە نیشانەکانی خۆمان پێ بەخشی بوو، خۆی لێ بوواردن؛ ئەوسا شەیتان وەدووی خۆی دا و کەوتە ناو ڕێزی گومڕایان.
(١٧٦) ئێمە گەر بمان ویستایە لەمانەڕا پایەبەرزیمان دەدایە؛ بەڵام ئەو ھەر خۆی بە عەرزەوە چەسپاند و پەیڕەوی ئارەزووی خۆی بوو. نەزیلەی ئەو وەکوو نەزیلەی سەگێکە بۆی بچی زمان دەردێنێ و لێشی گەڕێی زوان دەکێشێ. ئەم چیرۆکە بەسەرھاتی ئەوانەیە کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا. تۆ لەو تەرزە باسانەیان بۆ وەگێڕە، شایەتا بیر بکەنەوە.
(١٧٧) چەن خراپە سەرگوروشتەی ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی و لە خۆیان ناھەقیان کرد.
(١٧٨) ھەر کەسێکی خودا خۆی شارەزای بکا، ڕێگەی ڕاست دەگرێتە بەرێ و ھەر کەسێکیش گومڕا بکا، لە ڕێزەی زیانبارانە.
(١٧٩) ئێمە گەلێک لە جنۆکە و لە مرۆمان بۆ جەھەندەم وەدی ھێنا: دڵیان ھەیە و پێی تێناگەن؛ چاویان ھەیە و پێی نابینن؛ گوێیان ھەیە و پێی نابیسن؛ ئەوانە وەکوو ئاژەڵن؛ بگرە لەوان گومڕاترن؛ ئاگایان لە ھیچ شت نییە.
(١٨٠) ناوی خودا، ھەموویان ڕند و لەبارن؛ ھەر بەو ناوانە بانگی کەن. گوێ مەدەنە ئەو کەسانەی ناوەکانی ھەر بە ئانقەست بۆ دەگۆڕن. ئەمانە بۆ ئەو کارەیان سزا دەدرێن.
(١٨١) لەوانەدا کە ئێمە دروستن کردوون، دەستەیەک ھەن بەرەو لای ھەق ڕێشاندەرن و بە ھەقیش داوەری دەکەن.
(١٨٢) ئەوانەش کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا، وردەوردە - بێ ئەوەی بە خۆ بزانن - بەرەو تێدا چوونیان دەبەین.
(١٨٣) ماوەیەک مۆڵەتیان دەدەین، چونکە تەگبیرم پتەوە.
(١٨٤) ئاخۆ بە بیریاندا نەھات ھاوڕێکەیان تووشی شێت بوون نەھاتووە؟ ئاشکرایە ئەو لە ترس وەبەرھێنەرێک بەدەر نییە.
(١٨٥) ئاخۆ ئەوان لە دام ودەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین ھەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟ وێش دەچێ بەم نزیکانە بە ئاکامی مەرگ بگەن. دەیسا لە پاش ئەم قورعانە بە کام قسە بڕوا دەکەن؟
(١٨٦) خوا ڕێ لە ھەر کەس بگۆڕێ، ھیچ ڕێبەری دەس ناکەوێ. وازیان لێ دێنێ با ھەر وا لە سەر بزێوی خۆیاندا سەرگەردان بن.
(١٨٧) دەربارەی ڕۆژی سەڵاوە لێت دەپرسن: کەی وەدی دێ؟ بێژە: زانینی ھەر تەنیا لە لای پەروەرێنی منە؛ بۆ خۆی نەبێ کەس ناتوانێ وەختەکەی ئاشکرا بکا؛ ھەڵێنانی بۆ ئەوانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زۆر گرانە و لە نەکاوێک ئەو ڕۆژە ڕووتان تێ دەکا. جۆرێک پرسیارت لێ دەکەن وەک تۆ دەربارەی بزانی. بێژە: تەنیا ھەر خودا بۆ خۆی دەیزانێ؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن.
(١٨٨) بێژە: ئەمن خاوەنی سوود و زیانی خودی خۆم نیم؛ جا مەگین خودا حەز بکا. گەر نادیارم زانیبان بەھرەی فرەم گیر دەکەوت و زیانێکم تووش نەدەھات. من تەنیا ھەر ترسێنەر و مژدەدەرم بۆ کەسانێ بڕوا دەکەن.
(١٨٩) ھەر ئەو ئێوەی لە یەک کەس وەدی ھێناوە؛ ژنەکەشی ھەر لە ماکی ئەو پێک ھێنا، کە لەوڕا بحەسێتەوە. وەختێ [ئادەم] وەل [دایکەوا] سەر جێی کرد، باردار بوو بە بارێکی سووک. ماوەیەک پێەوە گەڕا. کە ھەستی بە قورس بوون کرد، ھەرتک لە پەروەرندەیان پاڕانەوە: ئەگەر زارۆیێ ھێژامان پێ ببەخشی، لە شوکرانەبژێران دەبین.
(١٩٠) کە زارۆی ھێژای پێ بەخشین، لەوەی کە خوا پێدا بوون، چەند شەریکیان بۆ پەیدا کرد؛ کە خودا زۆر بەرزترە لەوەی کە شەریکی ھەبن.
(١٩١) چۆن ئەوانە دەکەن بە شەریکی خودا کە ناتوانن ھیچ شتێ درووست بکەن و خۆیان دەبێ درووست بکرێن.
(١٩٢) توانایان نییە یارمەتی ئەوان بدەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ.
(١٩٣) ئەگەر ئێوەش بانگیان بکەن کە بێنە سەر ڕاھی خودا، دواو ناکەون. بانگیان بکەن یان دەنگ نەکەن، بۆ ئێوە ھەر وەکوو یەکە.
(١٩٤) ئەوانەی کە - بە جێ خودا - ئێوە ھانایان پێ دەبەن، عەبدگەلێکن وەک خوەتان. دەسا ئەگەر ئێوە ڕاستن، بانگیان بکەن با وەرامتان بدەنەوە.
(١٩٥) ئاخۆ ئەوان دەتوانن لە سەر پا بڕۆن، یان دەستی ڕاسانیان ھەیە، یان چاوی دیتنیان ھەیە، یان گوێی بیستنیان پێوەیە؟ بێژە: بانگی ئەو ھاوبەشانەتان بکەن، ئەوسا داوی فێڵانم بۆ بێنەوە و ماوەم مەدەن.
(١٩٦) گەورەی من ھەر خودایە کە ئەم کتێبەی ناردۆتە خوار؛ ھەر بۆ خۆشی سەرپەرستی چاکان دەکا.
(١٩٧) ئەو کەسانەی - بە غەیرەز ئەو - ئێوە ھانایان پێ دەبەن، ناشیەن یاریدەتان دەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ.
(١٩٨) ئەگەر ئێوە بەرەو ڕێی ڕاستیان بانگ بکەن، لێو نابیستن؛ دەبینی تواشات دەکەن و نەشیان دیتوووی.
(١٩٩) چاو بپۆشە و فەرمان بە کاری چاک بدە و لەو نەزانانە واز بێنە.
(٢٠٠) ھەرگایەکیش خەیاڵاتێکی خراپت لە شەیتان بە دڵدا بووری، ھەر پەنا بە خودا بەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە.
(٢٠١) ئەو کەسانەی پارێزگارن، ھەرگا خەیاڵی خراپیان لە شەیتانەوە تووش دەبێ، گورجێ یادی خوا دەکەن و بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە.
(٢٠٢) براکانیشیان بۆ ئەوەی ھەر گومڕا بن، تێ دەکۆشن و لە تەقالادانەکەیان کۆتا نایەن.
(٢٠٣) ھەرگا ھیچ نیشانەیەکیان نیشان نادەی، ئێژن: تۆ بۆ لە خۆتەوە ڕێکی ناخەی؟ بێژە: من ھەر لەوانە پەیڕەوی دەکەم کە لە لای پەروەرندەمڕا پێم دەگا. ئەمانە چاوڕۆشن کەرن لە پەروەرندەی ئێوەڕا و ڕێشاندەرن و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی بە باوەڕن.
(٢٠٤) ھەرگا قورئان دەخوێندرێ، کڕ بن و گوێ لێ بدێرن؛ شایەت بەر بەزەیی خوا کەون.
(٢٠٥) ھەموو بەیانی و ئێواران، بە پاڕانەوە و ترسەوە - بە بێ ئەوە دەنگ ھەڵێنی - یادی پەروەرندەت بکە و ھەرگیز تۆ لەوانە مەبە کە بە بیریشیاندا نایە.
(٢٠٦) ئەو کەسانەی لای پەروەرندەت پەسندن، بێ فیزن لە پەرستنی و پەسنی پاکی ئەو دەدەن و ھەر بەرەو ئەو سوژدە دەبەن.

پەراوێز edit