ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ھەرچی ھەیە و لەناوی ئەو ئاسمانانە و زەمینەیە، پەسنی پاکیی خودا دەدەن. ھەر بۆ خۆی فەرمانڕەوایە و سپاس ھەر بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ ھەموو کارێک توانایە.
(٢) ھەر ئەویشە کە ئێوەی وەدی ھێناوە. سا ھێندێکتان باوەڕوو پێ نەھێناوە و ھێندێکیشتان بەبڕوایە. ھەر کارێکیش ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ.
(٣) عەزمانەکان و زەمینی بەڕاستی وەدی ھێناوە و وێنەی بۆ ئێوە کێشاوە و شکڵێ فرە جوانی دانێ و ھەر بۆ لای ئەویش دێنەوە.
(٤) ھەرچی لەناو عەزمانان و زەمیندایە ئەو دەیزانێ؛ ھەر شتێکیش بیشێرنەوە و ئاشکرا کەن، ئەو دەیزانێ و خودا لە نھێنیی دڵان ئاگادارە.
(٥) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەو کەسانەو پێ نەگەیوە کە پێشوو خودانەناس بوون، سزای کردەوەیان چەشت و تووشی ئازاری بەژان بوون.
(٦) چونکە ئەوان پێغەمبەرەکانی خۆیان بە بەڵگەی دیاری دەرەوە ھاتنە لایان. ئەوسا وتیان: جا چۆن مرۆ دەتوانن ڕێ نیشان مە دەن؟ ئەوسا حاشایان کرد و ڕوویان وەرگێڕا و خوداش پەکی پێ نەکەوت و بێ نیازە و ھەرشایانی پەسن دانە.
(٧) ئەوانەی خوایان نەناسی، پێیان وا بوو ھەرگیز زیندوو ناکرێنەوە. بێژە: ئارێ سوێند بە پەروەرندەی خۆم، بێ سۆ زیندوو دەکرێنەوە؛ پێشتان ئێژن کە چکارێکتان کردووە و ئەمەش لای خودا ھاسانە.
(٨) دەسا ئێوە بڕوا بێنن بە خودا و بە پێغەمبەری و بەو ڕووناکییە کە ھەناردوومانەتە خوار. خوداش لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(٩) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووتان - لە سەڵادا - کۆوە دەکا، ئەوە ڕۆژی تێشکانە. ھەر کەسێ خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکە، ھەر خراپەیە کردوویە، ڕایدەماڵێ و دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە.
(١٠) ئەو کەسانەش کە خودایان نەناسیوە و نیشانەکانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد، ئەوان یارانی ئاگرن و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن و چارەنووسیان زۆر خراپە.
(١١) کەس ھیچ بەڵای بەسەر نایە، مەگین خودا فەرمان بدا. ھەرکێش بڕوای بە خودا بێ، دڵی شارەزای خۆی دەکا و خودا ھەموو شت دەزانێ.
(١٢) بەرفەرمانی خودا بن و پێغەمبەر چی وت وا بکەن. خۆ ئەگەر خۆشوو ببوێرن، لە سەر پێغەمبەری ئێمە، ھەر ھێندەیە - بەئاشکرا - ڕابگەیێنێ.
(١٣) خودای مەزن، بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. باوەڕداران با خۆ بە خودا بسپێرن.
(١٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھێندێک لە ژنانی ئێوە و مناڵانوو دژمنتانن؛ خۆتانیان لێ بپارێزن. ئەگەر چاویان لێ بپۆشن و واز بێنن و بیانبەخشن، خوداش لەگوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٥) ئەو دارایی و مناڵانەی ھەتانن، مایەی ئەزموونن. پاداشێ کە لای خودایە، ئەو ھێژایە.
(١٦) دەبێ لە خودا بترسن تا دەتوانن؛ گوێ ڕادێر و بەرفەرمان بن؛ ماڵ لە ڕای خودا ببەخشن، بۆتان چاکە و؛ ئەوکەسانەی لە ڕژدی خۆ دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن.
(١٧) ئەگەر ئێوە وامێ ڕەوا بە خودا ڕەوا ببینن، چەند قات پێتان ئەداتەوە و لە گوناھانوو خۆش دەبێ. ھەر خودا بۆ شوکر دەبێ و لەسەرخۆیە.
(١٨) لە پەنامەکی و خۆیایان ئاگادارە؛ بەدەستەڵات و لەکارزانە.

پەراوێز edit