ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ھەرچی لەناو عاسمانەکان و زەمینە، پەسنی ئەو خودایە دەدەن کە پادشایەکی پاک و دوور لە ھەموو کەمایەسی و بەدەستەڵات و کارزانە.
(٢) ھەر ئەویشە لەناو نەخوێندەواراندا پێغەمبەرێکی لە خۆیان بۆ کل کردن، کە نیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنێ و لە کتێب و لە کارزانی ڕایانبێنێ؛ ھەرچەند ئەوان لە پێشوودا لەو پەڕی گومڕاییدا بوون؛
(٣) بۆ ھێندێ تریش لەمانە، وا ھێشتا پێیان نەگەیشتوون. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٤) ئەمە چاکەیە لە خواوە، حەزی لێ بێ دەربارەی ھەر کەسی دەکا. چاکەیێ کە لەلای خودایە، زۆر ھێژایە.
(٥) سەرگوروشتەی ئەو کەسانەی تەوراتیان پێ ھەڵگرتوون و لەبەر دەرچوون، وەکوو نەقڵی ئەو کەرەیە کە چەند کتێبی لێ بارە. سەرگوزەشتێ نالەبارە بۆ ئەوانەی لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خوداش ئەوانەی ناھەقن بەرەو خۆی شارەزا ناکا.
(٦) بێژە: ئەی ئەوانەی کە جوون! ئەگەر ئێوە پێتان وایە - زیاد لە مرۆ - ھەر ئێوە دۆستانی خودان، دەسا ئەگەر گفتوو ڕاستە، مردنی خۆتان بخوازن.
(٧) ھێندیان خراپە کردووە، ھەرگیز مردنێ ناخوازن، خوداش لە ناھەقیکاران ئاگادارە.
(٨) بێژە: ئەو مەرگەی کە ئێوە لێی ڕادەکەن، ھەر دەوگاتێ و پاشان ھەر دەتانبەنەوە لای زانای نەدیار و دیاران؛ ئەوسا ھەر خۆی پێتان ئێژێ چیو کردووە.
(٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر وەختێ لە ڕۆژی ھەینی بۆ نوێژی ھەینی بانگ ئەدرێ، ئێوە بەلەز بەرەو یادی خودا بچن و کڕین و فرۆتن وێڵ کەن؛ گەر بیزانن، ئەمە بۆ ئێوە خاسترە.
(١٠) ھەرگا لەنوێژی بوونەوە، بە ھەردێدا بڵاو ببن و بۆ چاکەی خودا بکۆشن و گەلێک یادی خودا بکەن؛ شایەتا ڕزگاریتان بێ.
(١١) ھەرگا دیتیان مامڵەیە یان گەمەیە، بەرەو ئەوێ بڵاو دەبن و تۆ بەپێوە بەجێ دێڵن. بێژە: ئەوی لای خودایە، لە گەمەش و لەبازرگانیش چاترە و خوا چاکترین ڕۆزیدەرە.

پەراوێز edit