ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ھەر بە پاکی و بێ عەیبی خودا ھەڵدەڵێن، ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندا ھەن؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.
(٢) کە ھەر ئەوە کۆمەڵی پێ نەزانانی، لەوانەی ئەھلی کتێب بوون - لە وەدەرنانی ھەوەڵدا - لە زێدی خۆ تەرە کردن. ئێوە پێتان وا نەبوو کە دەر دەکەون؛ خۆشیان وایان خەیاڵ دەکرد قەڵاکانیان لە خودایان دەپارێزێ. خودا لە شوێنێکی واوە پارێزی بردە سەر ئەوان، کە لە خەیاڵیشیان نەبوو. وای ترس ھاویشتە دڵیان، ماڵی خۆیان بەدەستی خۆ و بەدەستی خاوەن باوەڕان، کاول دەکرد. سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان!
(٣) ئەگەر خودا ئاوارەیی لە سەر ئەوان نەنووسیبا، ھەر لە دنیا تووشی ئازاری دەکردن و لەو دنیاش بەشیان ئازاری بە ئاگر بوو.
(٤) ئەمەش چونکە ئەوان دژی خودا و پێغەمبەرەکەی بوون. ھەرکەش دژی خودا و پێغەمبەرەکەی ئەو بێ، تۆڵەی خودا زۆر دژوارە.
(٥) ھەر دارخورمایەکتان بڕی، یان لێی گەڕان لەسەر ڕەگی خۆ بمێنن، ھەمووی بە ئیزنی خودا بوو؛ تا ئەو لە ڕێ لادەرانە تووشی سووکایەتی بکا.
(٦) ھەر تاڵانێک لە دانیشتووی ئەو گوندانە کە خوا دای بە پێغەمبەری، ئەوانە نین کە ئێوە بە سواری ئەسپ یان بە وشترەوە بۆی چوون. بەڵام خوا پێغەمبەرانی - ئەگەر حەز کا - لەسەر ھەر کەسێ زاڵ دەکا. خوا بۆ ھەموو شت توانایە.
(٧) ھەر تاڵانێ لە دانیشتووی ئەو شارانە خوا بۆ پێغەمبەری ناردووە، بۆ خودا و بۆ پێغەمبەریە و بۆ خزمە نزیکەکان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێبوارانە؛ نەک ببێتە سەرمایەی ئاڵ و گۆر کردن لە ناو دەوڵەمەندەکانوو؛ ھەرچی پێغەمبەر دەوداتێ، لێی وەرگرن؛ لە ھەرچیشتان بێ بەش کا، دەستی بۆ مەبەن. دەبێ لە خودا بترسن؛ کە تۆڵەی خوا زۆر دژوارە.
(٨) [ئەو تاڵانە] بۆ ئەو ھەژارە دوورە وڵاتانەیە، کە لە ماڵ و زێدی خۆیان دەر کراون؛ چاوەنۆڕی بەھرە و ڕەزامەندی خوان و یاریدەی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن؛ کە ئەمانە ڕاستەکانن.
(٩) ئەو کەسانەش کە بەر لەوان لە مەدینە نیشتەجێ بوون و بە دڵ بڕوایان ھێنا، حەز بەو ئاوارانە دەکەن کە پەنایان پێ ھێناون و بە دڵیش ئێرەیی نابەن بەوەی کە بەوان دراوە و ئەوان لە پێشتر دەزانن، ھەر چەند دەست تەنگیشیان ھەیە. کەسانێکیش خۆ لە ڕژدی دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن.
(١٠) ئەو کەسانەش کە لە دوای ئەمانە ھاتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە ئێمە و لەو برایانەمان وا پێش ئێمە باوەڕیان ھێناوە، خۆش بە؛ کینەی ئەوان مەخە دڵ باوەڕدار بوون. ئەی پەروەرندەی ھەموومان! تۆی دڵسۆزی و دلۆڤانی.
(١١) ئەدی نەتدی دووڕازەکان بە ھاوسونفەکانی خۆیان - لەوانەی ئەھلی کتێب و دژی دین بوون - گوتیان: ئەر ئێوە دەر کران، بێگومانە ئێمەش وەلتان دەردەچین و ھەرگیز بە زیانی ئێوە گوێڕایەڵی ھیچ کەسێ نابین؛ ئەگەر دە گژیشتان ڕاچوون، ئێمە یارمەتیتان دەدەین. خواش شایەتە کە ئەوانە درۆزنن.
(١٢) دیارە ئەگەر دەریش کران، ئەوان دەگەڵیان دەر ناچن؛ ئەگەر وەلیشیان بجەنگن، ئەوان یاریدەیان نادەن؛ خۆ ئەگەر یاریدەشیان دەن، پشتیان تێ دەکەن و ھەڵدێن؛ لە پاشانیش کەسێ دە ھانایان نایە.
(١٣) بێ گومان دڵیان لە ئێوە پتر دەترسێ تا لە خوا؛ چونکە ئەوان کەسانێکی وان تێ ناگەن.
(١٤) بە تێکڕایی ئەوان بە گژتاندا نایەن، مەگین لەناو ئەو شارانەی قەڵای زۆر پتەویان ھەیە؛ لەو دیو دیوارانەوە. ناکۆکی توند کەوتۆتە نێوانیانەوە؛ تۆ پێت وایە بە کۆمەڵ یەکیان گرتووە، بەڵام دڵیان لێک بڵاوە؛ چون ئەمانە مەردمانێکی نەفامن.
(١٥) وەک ئەوانەیان بەسەر دێ، کە پێش ئەوان - بەم زووانە - ئاکامی کردەی خۆیان چەشت. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ.
(١٦) وەکوو شەیتان، کاتێ بە بنیادەمی گوت: خوا مەناسە؛ وەختێ لە خودا تەکیەوە، گوتی: لێم نزیک مەبەوە، من لەو خودایە دەترسم پەروەرێنی گش دنیایە.
(١٧) سەرئەنجامی ھەردووکیان ھەر ئەوەیە کە تاھەتایە، لە ئاگردا دەمێننەوە. سزای ناھەقان ئەمەیە.
(١٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەشێ لە خودا بترسن؛ با ھەر کەسێ بێنێتەوە بەرچاوی خۆی، بۆ سبەینێ چەی وە پێشە خۆی خستووە و ترستان لە خودا ھەبێ. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(١٩) نەچن وەکوو ئەوانە بن کە خودایان لەبیر کرد و خواش ئەوانی لەبیرە خۆیان بردەوە. ئەوانە لە ڕێ لادەرن.
(٢٠) ئەو کەسانەی جەھەندەمین، وەل ئەو کەسانەی بەھەشتین، وەکوو یەک نین. ھەر ئەوانەی لە بەھەشتن، بەختەوەرن.
(٢١) ئەگەر ئێمە ئەم قورئانەن ناردبایەتە سەر کەژێک، تۆ دەتدی کە داھاتووە و لە ترسی خوا لەت لەت بووە. ئەم نموونانە بۆ مەردم دێنینەوە، بەشکوو ئەوان ڕابمێنن.
(٢٢) ئەو خودایەکی ئەوتۆیە کە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ لە نەدیار و لە دیاران ئاگادارە و دڵاوایە و دلۆڤانە.
(٢٣) ئەو خودایە - کە لەو بەدەر شیاوی پەرستنێک نییە - پادشایە؛ لە کەمایەسی بە دوورە؛ سەرچاوەی ھێمنایەتی، ھێمنی دەرە؛ بەسەر ھەموو شت ڕادەگا؛ گش دەستەڵات بەدەس ئەوە؛ بەسەر ھەموو شتدا زاڵە؛ ھیچ شتێ دەرۆستی نایە. پاکە خودا لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی.
(٢٤) ھەر ئەوە خودای وەدی ھێنی داھێنەری وێنەگەر؛ ناوی ھەرە جوان بۆ ئەوە؛ ھەر شتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، پەسنی پاکی ئەو دەدەن و ھەر خۆیەتی بەدەستەڵاتی لەکارزان.

پەراوێز edit