ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ھەرگا ڕووداوەکە ڕووی دا،
(٢) کەس ناتوانێ لەو ڕووداوە حاشا بکا.
(٣) بەرز دەکا و نزم دەکا؛
(٤) کاتێ زەوین ڕادەتڵەکێ بە ڕاتڵەکان،
(٥) کەژیش دەھاڕێن بە ھاڕین،
(٦) لە چەشنی تۆز بڵاو دەبن،
(٧) ئێوە دەکرێنە سێ تیرە:
(٨) تیرەیەکیان دەستی ڕاستی و بەختیارن.
(٩) تیرەی تریان دەستی چەپی و نەگبەتبارن.
(١٠) تیرەیەکیش لە پێشەوەن، وەپێش کەوتوون.
(١١) کە ئەوانە لە ئێمەوە نزیک کەوتوون.
(١٢) لە باغاتی تژی لە خۆشیدا دەژین.
(١٣) بەشێک لەوانە پێشینە،
(١٤) کەمێکیش لەوانی پاشین،
(١٥) لەسەر تەختی جەواھیر بەند،
(١٦) ھەمبەر بەیەک پاڵ دەکەفن.
(١٧) تازە لاوی ھەمیشە لاو، لە دەورەیان دێن و دەچن.
(١٨) بە زەرک و بە تونگە و پیاڵە، بادەی ڕەوان لە سەرچاوەیان دەدەنێ.
(١٩) نە لە خومار سەریان دێشێ و نە ئاوەزیش لەدەست ئەدەن.
(٢٠) میوەجاتیش، ھەرکامی ھەڵی دەبژێرن،
(٢١) گۆشتی مەلیش، لەوانەی ئارەزووی دەکەن،
(٢٢) کیژی سپی چاو بەڵەکیش،
(٢٣) ھەموو ئێژی مرارین لەناو قاپۆڕدا،
(٢٤) پاداشی کردەوەیانە.
(٢٥) کە لەوێدان، نە قسەی ھەرزە دەبیسن، نە وتارێکی ناڕەوا.
(٢٦) مەگین دروود لە یەکتر کەن و وەرامی پێ بدەنەوە.
(٢٧) ئەوی تیرەی دەستەڕاستن؛ ئەوان چۆن بەختەوەرێکن؟
(٢٨) لای دار کناری بێ چەقڵن.
(٢٩) مۆزی پاڵ پێکەوە دراویش،
(٣٠) سێبەرێکی بێ بڕانەوەش،
(٣١) ئاویش ھەروھەر ڕەوانە،
(٣٢) میوەش زۆر و زەبەندەیە،
(٣٣) نە دوایی دێ و نە پاوانە،
(٣٤) نوێن و بانی بەرز و نەرم،
(٣٥) ئێمە خۆمان کیژەکانمان بەتایبەتی بەرھەم ھێنا؛
(٣٦) بڕیارمان بۆ دان ھەر کچ بن.
(٣٧) شوو خۆشەویس، ھاوتەمەنن،
(٣٨) بەشی دەستەڕاستییەکانن.
(٣٩) ھێندێک لەوانی پێشینە؛
(٤٠) ھێندێکیش لە پاشینەکان.
(٤١) ئەوانەش کە دەستەی چەپن، تووشی چ نەگبەتێک ھاتوون؟
(٤٢) وان لە ناوەند گڕەبا و ئاواکەلیدا.
(٤٣) چڕە دووکەڵ سێبەریانە.
(٤٤) نە فێنکایی تێدا ھەیە، نە لەبەری دەسێنەوە.
(٤٥) چونکە ئەوان لە دنیا خۆش گوزەران بوون.
(٤٦) لەسەر گوناھانی گەورە پێداگر بوون.
(٤٧) ئەشیانوت: ئاخۆ گەر ئێمە بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟
(٤٨) یان باڤ و کالانی ئێمە؟
(٤٩) بێژە: بێ شک، ئەوی لەپێشوودا بوون و ئەوانی لە دوایی ھاتوون،
(٥٠) بە کۆمەڵ کۆ دەکرێنەوە؛ لە ژوانگەی ڕۆژێ کە دیاری کراوە.
(٥١) ئەوسا ئێوە ئەی گومڕایانی بێ باوەڕ!
(٥٢) دەبێ بەری داری ژەقنەمووتێ بخۆن.
(٥٣) گەدەتانی لێ پڕ بکەن.
(٥٤) ئەوسا ئاواکەلی بە سەر ئەودا وەخۆن؛
(٥٥) وەکوو چۆن وشتری تینوو بێتە سەر ئاو.
(٥٦) ڕۆژی ژمار وایان میوانداری دەکرێ.
(٥٧) ئێمە ئێوەمان دروس. کرد، سا بۆ چی باوەڕتان نەبوو؟
(٥٨) ئاخۆ ئێوە ئەو ئاوی شاوەتەو دیوە، کە دەیڕێژن؟
(٥٩) ئاخۆ ئێوە وەدی دێنن، یا نە ئێمە وەدی دێنین؟
(٦٠) ئێمە بڕیاری مەرگمان بۆتان داوە و کەس وەپێش ئێمە ناکەوێ؛
(٦١) کە بە چینێکی وەک ئێوە وەتان گۆڕین و تەرزێکتان ساز بدەینەوە، کە ئێوە ھایتان لێ نییە؟
(٦٢) خۆ ئێوە لە دروست بوونی یەکەم جارتان ئاگادارن؛ دەی بۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟
(٦٣) ئاخۆ ئەو تۆمەی دەیچێنن، دیتووتانە؟
(٦٤) پێتان وایە ئێوەن کە بەرھەمی دێنن، یان ئێمە بۆتان دەڕوێنین؟
(٦٥) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکردە پووشی بەربا؛ ئەوسا ئێوە سەیروو دەکرد.
(٦٦) دەوگوت: ئێمە دۆڕاندمان؛
(٦٧) بەڵکوو بێ بەش ماوینەوە.
(٦٨) ئاخۆ ئەو ئاوەتان دیوە، دەیخۆنەوە؟
(٦٩) ئاخۆ ئێوە لەو ھەورەوە ناردووتانە، یان ئێمە بۆمان باراندوون؟
(٧٠) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکرد بە ئاوێکی تاڵ؛ دەیسا بۆ شوکرانە ناکەن؟
(٧١) ئاخۆ ئەو ئاگرەو دیوە ھەڵی دەکەن؟
(٧٢) ئێوە داری ئاگرەکەتان دروس کرد، یان ئێمە وەدیمان ھێنا؟
(٧٣) ئێمە ئەومان کردە ھۆی بیرەوەری و بەڕێوەچوونی ژیانی ھەردەگەڕان.
(٧٤) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، ھەر بە پاکی و دوورە کەمایەسی بێنە.
(٧٥) دەسا سوێندم بەو شوێنانەی ئەستێرەیان لێ ھەڵدێن و ئاوا دەبن،
(٧٦) بێ گومان - ئەگەر بیزانن - ئەمە سوێندێکی گەورەیە.
(٧٧) بێ گومانە ئەمە قورئانی بەڕێزە.
(٧٨) لە ناوەرۆکی نووسراوێک وەشێراوە.
(٧٩) غەیرەز پاکان کەس ناتوانێ دەستی لێدا.
(٨٠) لە داھێنەری دنیاوە ناردراوە.
(٨١) ئاخۆ ئێوە بەم قسە گەمەتان دێتێ؟
(٨٢) دیکەنە بژیوی خۆتان، کە باوەڕی پێ ناھێنن؟
(٨٣) ئەدی ساتێ مردن قوڕقوڕاگەی گرتوون،
(٨٤) ئێوەش چاوەنۆڕی مەرگن.
(٨٥) ئێمەش ئەوسا زۆر لەنگۆی لێ نزیکترین؛ بەڵام ھەر ئێوەن نابینن.
(٨٦) ئەوسا ئەگەر پێتان وایە ناکەونە بەر پرسینەوە،
(٨٧) ئەگەر لاتان وایە ڕاستن، دە لە مردنی وەگێڕن.
(٨٨) بەڵام ئەوەی نزیکی ئێمەیە و دەمرێ،
(٨٩) لە پاداشا دەسێتەوە و، دەچتە بەھەشتی پڕ خۆشی.
(٩٠) ئەگەریش لەو کەسانە بوو کە دەگەڵ دەستە ڕاستانن،
(٩١) دروود بۆ تۆ، لەو کەسانەی دەستە ڕاستن.
(٩٢) بەڵام ئەگەر لەوانە بوو کە باوەڕیان نەھێناوە و گومڕا بووگن،
(٩٣) لە ئاواکەلی میوانن.
(٩٤) دەشیبەنە دۆژەھەوە.
(٩٥) بێ گومان ڕاست ھەر ئەمەیە.
(٩٦) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، ھەر بەپاکی و دوورە کەمایەسی بێنە.

پەراوێز edit