ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) قاف، سوێند بەم قوڕئانە بەڕێزە،
(٢) دیارە سەریان لەوەسوڕما کە ترس وەبەرھێنێکیان لە خۆیان بۆپەیدابوە؛ ئەوانەی خودانەناس بوون، گوتیان: ئەمە شتێ سەیرە.
(٣) ئاخۆ ئەگەر مردین و بووینە مشتێ خۆڵ، [دەژینەوە؟ ] ئەم گەڕانەوەیە دورە.
(٤) ئێمە ھەر زوزانیومانە زەوی چەندیان لێ کەم دەکا؛ کتێبێکیشمان لەلایە ھەموشتێکی تێدایە.
(٥) بەڵکوو ئەوان کە ئەم ڕاستەیان ھاتەلا، ھەر باوەڕیان پێ نەکردو کارەکەیان لێ ئاڵۆزا.
(٦) ئاخۆ ئەوان بۆ عاسمانیان نەڕوانیوە، کەبەسەر سەریانەوەیە، چتۆ وەدیمان ھێناوەو چلۆنمان ڕازاندۆتەوەو ھیچ کەلێنی تێدا نییە؟
(٧) ئەم ھەردەشمان ڕاخستوەو کێوپارەمان تێ خستوەو جووتەی ھەموڕوەکێکی بەردڵمان دەناودا ڕواند؛
(٨) تا چاوی دڵ ڕۆشن کات و ببێتە ھۆی بیرەوەری بۆھەرعەبدێک حەزبکا بگەڕێتەوە.
(٩) لەوبەرزەوە ئاوێ بەپیت و بەھرەمان بەرەژێر نارد؛ فرەباغاتمان پێ ڕواند؛ ئەولبەش کە درەو دەکرێ؛
(١٠) دارەخورمای بەرزەباڵاش بە ھێشووی بزمارکوتەوە؛
(١١) بژیوە بۆعەبدەکان و سەرزەمینی مریشمان پێ بوژاندەوە؛ دەرکەوتنیش ھەروەھایە.
(١٢) بەرلەوانەش، ھۆزی نووح و خودانی ئاوی بیرەکەو سەموودیش ھەر بێ بڕوابون.
(١٣) ھۆزی عادو دەستەودایەرەی فیرعەون و ھۆزی لووتیش،
(١٤) گرۆی خاوەن دەحلەکان و ژێردەستەکانی توببەعیش، ھیچیان بە پێغەمبەرانیان باوەڕنەکرد؛ ئەوسا ھەڕەشەکانی من وەڕاست گەڕا.
(١٥) ئاخۆ ئێمە لەوەدی ھێنانی پێشین ماندوببوین؟ بەڵکوئەوان بەگومان بون کە دەتوانین سەرلەنوێ وەدی بھێنین.
(١٦) دیارە ئێمە مرۆمان دروس کردووەو دەشزانین چۆن خەیاڵاتی بەدڵدادێ. ئێمە بۆئەو لە شادەماری لاملی نزیکترین.
(١٧) ئەوێ کاتێ لە لای ڕاست و چەپیشەوە جوتێ فرشتە ڕۆنیشتون [بۆی دەنووسن].
(١٨) ھەر ورتەی لە دەم دەربچێ، چاوەدێرێکی لاھەیە.
(١٩) بورانەوەی ئاویلکەدان، وادیاریدا؛ ھەر ئەمەشە کە تۆ نەت دەویست توشی بی.
(٢٠) فو بە کەڵەشاخادەکرێ؛ ئەوێ ڕۆژێ؛ دەبێ ھەڕەشە وەدی بێ.
(٢١) ھەر کەسێ دێ، یەکێک وەپێشەخۆی داوەو یەکێکیش شایەتی دەدا.
(٢٢) تۆ لەمانە بێ ھەواڵ بوی؛ وا سەرپۆشمان لە سەر لادای؛ چاوت ئەمڕۆ زۆر بڕدەکا.
(٢٣) فرشتەکەی ھاوڕێی ئێژێ: وا لە لای من ئامادەیە.
(٢٤) بە ھەردوکتان، ھەموو سپڵەیەکی لاسار، باوێژنە ناو دۆژەھەوە.
(٢٥) کە بەری لە چاکە گرت و لەڕێی لاداو خەڵکیشی وەگومان دەخست.
(٢٦) کەسێ بو کەوێڕای خودا، شتی دیکەشی دەپەرست. سا بەتوندی بیانخەنە بەر جەزرەبەوە.
(٢٧) ئەویی ھاوڕێیەتی ئێژێ: ئەی پەروەرندەی گلامان! دنەی سەرپێچیم نەداوە؛ بەڵام ھەرخۆی لەوپەڕی گومڕاییدابو.
(٢٨) ئێژێ: لای من کێشەمەکەن؛ من پێشەکی ھەڕەشەم پێ ڕاگەیاندون.
(٢٩) بەڵێنی من گۆڕانی بەسەردا نایەو ناھەقی لەعەبدان ناکەم.
(٣٠) ڕۆژێ دەبێ کە بە جەھەندەمێ ئێژین: ئاخۆ پڕ بوی؟ ئێژێ: ئاخۆ پتریش ھەیە؟
(٣١) بەھەشتیش لە خۆپارێزان نزیک بۆتەوەو دورنیە.
(٣٢) کە ئەمە بۆ ئەوکەسانەی بەرەوخودا گەڕانەوەو خۆپارێزبون، سۆزدراوە.
(٣٣) ئەوانەی کە بە نھێنی لەخودای خۆیان ترساون و بەدڵێکی پاکەوە ھاتوونەوە لای.
(٣٤) ھەمووتان بچنەژورەوەو بێ ترس بن؛ ئەمەیە ڕۆژی ھەرمانێ.
(٣٥) ھەرچی ئارەزووشی بکەن تێیدا ھەیە و زێدە لەویشمان لاھەیە.
(٣٦) ئێمە گەلێک چین و بەرەن - کە دەپێش ئەوانەدابون - قڕتێ خستون، لەمانەش بەھێزتر بون و زۆروڵاتیان پشکنیون؛ ئاخۆ ئەوان ھیچ دەرەتانیان بۆڕەخسا؟
(٣٧) ئەم وتارە بۆھەر کەسێ دڵ زیندووە، یان باشی گوێ لێ دەدێرێ و بیریشی ھەر لە لای ئەوە، دەبێتەھۆی پەندگرتن و بیرکردنەوە.
(٣٨) ئەم ئاسمانان و زەمینەو ھەرچی لەناویاندا ھەیە، بە شەش ڕۆژ وەدیمان ھێناو ھیچ ماندگیشمان تووش نەھات.
(٣٩) سا خۆبگرە لە بەرانبەر ئەو شتانەی ئەوان ئێژن. ھەر پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆت بدە؛ لەپێش گزینگی ھەتاوداو بەرلەدەمی ڕۆژاوابون.
(٤٠) لە شەویشدا ھەر پەسنی پاکی ئەوبدەو دوای ھەموو سوژدەبردنیش.
(٤١) ھەردەمێکیش بانگ ڕاھێڵێک لەجێگایەکی نزیکڕا گازی دەکا، گوێی بۆبگرە.
(٤٢) لەوڕۆژەدا کە نەعرەتەڕاستەکەیان گوێ لێ دەبێ، ئەمە ڕۆژی دەرکەوتنە.
(٤٣) ئێمە خۆمان ژی دەبەخشین و دەمرێنین؛ وەگەڕیش بۆ لای ئێمەیە.
(٤٤) ئەوێ ڕۆژێ کە زەمین دەقەڵشێتەوەو بەلەز دەریان دەھاوێژێ، ئەمە بۆ وەکۆکردنێ، لامان شتێکی ھاسانە.
(٤٥) ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن؛ تۆ زۆردارێک نی لەسەریان؛ ھەر کەسێکی لە ھەڕەشە ترسی ھەیە، بەم قوڕئانە تۆ وەبیری بخەرەوە.

پەراوێز edit