ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خوا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر بەڵێنێکی کە دەیدەن، پێکی بێنن. خواردنی گۆشتی وڵساتوو بۆ ڕەوایە، مەگین ئەوەی کە پێتان ئێژن دەریاوێن. ھەتا لە وەختی ئیحرامدان، ڕاوێ بە ڕەوا مەزانن. خودا چۆنی خۆی بییەوێ فەرمان دەدا.
(٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو ڕێوشوێنەی خودا بۆ ئێوەی داناوە، کلا مەبن. شەڕ لە حەرامەمانگاندا ڕەوا نییە. ھەر ئاژەڵێ ناوی قوربانی لە سەرە، یان قەڵادەی لە ملدا، دەستی بۆ مەبەن. ئەو کەسانەش ئازار مەدەن کە بەتەمان لە ماڵی خوا ڕۆزی و ڕەزای خوا دەس بخەن. ھەرگا لە ئیحرام دەرکەوتن، ڕاوکردنوو بۆ ڕەوایە. ڕکی کۆنیش ھەڵتان نەنێ، کە نەیانھێشت بە زیارەتی کابەی ماڵی خودا بگەن. لە سەر چاکە و پارێزگاری یارمەتی یەکتری بدەن؛ نەک لە سەر تاوان و غەدر. ئەشێ لە خودا بترسن، چونکە خودا نافەرمانان زۆر بە توندی تەمێ دەکا.
(٣) لەسەرتان حەرام کراوە مردار و خوێن و گۆشتی بەراز و ھەر ئاژەڵێ کە لە وەختی سەرژێ کردندا ناوی غەیرەز خوای لێ بێنن و خەندقاو و بەلێدانێ تۆپێنراو و ھەڵدێراو و بە شەقۆن تێھەڵدراو و ھەرچی لاور دڕیویەتی، مەگین بەر لە گیان دەرچوونی فریای کەون و ھەرچی لە سەر کێلەکە بەرداندا دادەنرێ و سەرژێ دەکرێ و ھەرچی لە سەر قوماری تیر دابەش دەکرێ؛ کە ھەرچی ئەمانە بکا، نافەرمانی خودا دەکا. ئەوا ئەمڕۆ ئەوانەی خودا ناناسن لە زیان گەیاندن بە دینەکەی ئێوە، ناھومێد بووگن؛ لە خۆم بترسن نەک لە وان. وا لەمڕۆوە دینەکەتانم تەواو کرد و بە بێ کورتی و کەمایەسی چاکەم دەربارەی ئێوە کرد؛ ئیسلامیشم بۆ دینی ئێوە ھەڵبژارد. کێش لە برسان چاری نەبێ و نەیەوێ تووشی گوناح بێ، ئەوسا خودا خەتاپۆشە و دلۆڤانە.
(٤) لێت دەپرسن: کامەیە ڕەوایە بۆیان؟ بێژە: ھەر شتێ کە پاکە و ھەر نچیرێ کە جانەوری ڕاوکەرتان - کە فێری ڕاوتان کردبێ وەک لە خوداوە فێری بوون - بۆتان بگرن؛ لە گۆشتەکەیان بخۆن و ناوی خودای لە سەر بێنن و ترستان لە خودا ھەبێ. خودا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا.
(٥) وا لەمڕۆڕا ھەموو شتێکی خاوێنتان بۆ ڕەوایە ئەو شتانەش کە وا ئەھلی کتێب دەیخۆن پێو ڕەوایە. ھەروەک خواردەمەنی ئێوەش بۆ ئەھلی کتێب ڕەوایە. ژنانی خاوەن باوەڕ و ئازاد و داوێنپاکیشتان بۆ ڕەوایە و ئەو ژنە داوێنپاکانەش کە بەرلە ئێوە کتێبیان پێدراوە؛ بەو مەرجە کە مارەییەکانیان بدەنێ. خۆشتان دەبێ داوێن پاک بن نە داوێن پیس. دۆستی مێوینەشتان لە ژێرەوە نەبێ ھەرکەش لە باوەڕی ھێنان حاشا بکا، کردەوەی بە فێڕۆ چووە و ڕۆژی سەڵاش یەکێکە لە زیانباران.
(٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دێنە سەر ئەو بڕیارەی نوێژ بکەن، دەموچاو و دەستەکان و ھەتا سەر ئانیشکان بشۆن؛ دەستوو بە تەڕی بماڵن بەسەرتاندا و پاکانیشتان تا ھەر دوو گوێزینگ بشۆرن. ئەگەر تووشی لەشپیسی بوون، خۆتان خاوێن بکەنەوە. ئەگەر نەخۆش یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ دێتەوە یان دەگەڵ ژنان وێک کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، بە تۆزی پاکی سەرزەوی دەم و چاو و دەستەکانی خۆو بھەنوون. خوا نایھەوێ بتانخاتە تەنگانەوە؛ بەڵام گەرەکیە خاوێنتان بکاتەوە و بە تەواوی چاکەتان دەربارە بکا؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن.
(٧) ئەو چاکەیە لە بیر مەکەن کە خوا دەربارەی کردوون و ئەو پەیمانەتان لە بیر بێ کە دەگەڵ خواتان بەستووە و گوتووتانە: بیستمان و بەر فەرمانین. ترسیشتان ھەر لە خودا بێ؛ دیارە خودا ھەرچی بە ناو دڵیشوودا بێ دەیزانێ.
(٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ خوا ڕاست و بێ خەش بن و بە ھەقانەت شایەتی دەن. دوژمنی و قینی دەستەیێک ھەڵتان نەنێ بە ھەقانەت ڕەفتار نەکەن. بە یەکسانی و بێ جیاوازی لەگەڵ خەڵکا ڕەفتار کردن دەبێتە ھۆی پتر نزیکەوە بوون بە پارێزگاری. لە خواش ترسوو ھەبێ چونکوو لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارە.
(٩) ئەو کەسانەی باوەڕدار و ئاکارچاکن، خودا بەڵێنی پێداون کە لە گوناھیان دەبوورێ و پاداشێکی زۆر گرینگیان پێ دەبەخشێ.
(١٠) ئەوانەش کە بوونە خودانەناس و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، گشتیان ھەواڵی ئاگرن.
(١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو چاکەیە و لە بیر نەچێ کەخودا دەربارەی کردن، کە ئەو جارە کۆمەڵێک لە دوژمنانوو گەرەکیان بوو دەسدرێژیتان بۆ بکەن، خودا وای کرد کە ئەوان دەستیان نەوگاتێ. سا ھەر لە خودا ترسوو ھەبێ و ئەشێ ھەر کەس باوەڕی بە خودا ھەیە، خۆی ھەر بە خودا بسپێرێ.
(١٢) خودا دەگەڵ بەرەی ئیسڕائیل پەیمانی بەست. ھەر لە خۆیان دوازدە کەسمان بۆ کوێخایەتی ھەڵبژارد و خوا گوتی: بە ڕاستی من دەگەڵ ئێوەم. ئەگەر ئێوە لە سەر نوێژ و زەکات دان ھەمیشە سوور بن، بە پێغەمبەرەکانیشم باوەڕتان بێ و قەدریان لای ئێوە ھەبێ و ماڵی خۆتان بە دەستەواو بدەن بە خوا، ئەوا منیش کارە نالەبارەکانتان پاک و خاوێن دەکەمەوە و دەتانبەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ھەر کەسیشتان لەمەولا ڕێ خوانەناسی بگرێتە بەر [با بزانێ] کە لە ڕاستەڕێ لای داوە.
(١٣) ئەوسا لە بەر پەیمان بەرپێدانیان، وەبەر نفرینی خۆمان خستن و ئەوەندەمان دڵڕەش کردن، قسەکانی ناوەرۆکی پەیمانیان لە جێی خۆ نەھێشت؛ خۆیان شتیان لە جێ دانا و زۆر لەوانەی کە فێری ئەوان کرابوو، لە بیرە خۆیان بردەوە. ھەتا ئێستاش - وەک دەبینی - خەیانەتکاریان ھەر ھەیە؛ مەگین کەمێک لە ناویاندا. سا تۆ چاویان لێ بپۆشە و بیانبەخشە. خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.
(١٤) پەیمانمان لەو کەسانەش ساند کە گوتیان: ئێمە مەسیحین. لەو بڕیارەی کە دەگەڵ ئەوانمان دابوو، خۆیان لە چەند بەشێکی بووارد. ئیتر ئێمەش کارێکمان کرد، شەڕ و ئاژاوە لە ناویان بەردەوام بێ ھەتا قیامەت؛ لە جەزای ئەو کردەوانەی ئەوان کردیان. بەم زووانەش خودا ئاگاداریان دەکا لەو کارانەی وا دەیانکرد.
(١٥) ئەی ئەھلی کتێب! بزانن کە ئەوەی ھاتۆتە لاتان پێغەمبەرێکی ئێمەیە؛ زۆر لەو مەبەست و باس و خواسەی کە ئێوە لە کتێبی خۆ حاشاروو دا، ئەو بۆتانی دەردەخات و لێتانی ئاشکرا دەکا و لە زۆرانیشی واز دێنێ. لە لای خواوە ڕووناکی و کتێبێکی دیاری دەرتان بۆ ھاتووە.
(١٦) بەو قورعانە، خوا ئەوانەی شوێنی ڕەزای ئەو دەکەون، دەخاتە سەر ڕێ ھێمنی و بە ئیزنی خۆی لە تاریکی دەریان دەخا و بەرەو ڕووناکییان دەبا و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا.
(١٧) ئەو کەسانەی گوتوویانە: ھەر خودا خۆی مەسیحی کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. بێژە: ئەر خوا مەیلی لێ با مەسیح و دایکی مەسیح و ھەرچی لە زەمیندا ھەیە لە ناو بەرێ، کێ دەستی وەبەر دەھێنا؟ موڵکایەتی ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە خوایە و چی پێ خۆش بێ وەدی دێنێ و ھەر خودایە لە سەر ھەموو شت توانایە.
(١٨) جوولەکەکان و فەلەکان گوتیان: ئێمە عەولاد و دۆستانی خوداین. بێژە: ئەدی چۆن لە سەر گوناھتان ئازارتان دەدا؟ نەخێر، ئێوەش ھەر مرۆن، وەکوو خەڵکی دی کە خودا دروستی کردوون. ھەر کەسێ خۆی کەیفی لێ بێ، لێی دەبوورێ و کێش بخوازێ جەزرەبەی بۆ قەرار دەدا و ھەر بۆ خوایە موڵکایەتی ئەم ئاسمانانە و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە و گەڕانەوەی ھەمووش ھەر بەرەو لای ئەوە.
(١٩) ئەی ئەھلی کتێب! پاش ماوەیەک کە پێغەمبەران نەھاتوون، ئەوا پێغەمبەری ئێمەو ھاتۆتە لا، ناھەقتان بۆ ڕوون کاتەوە. نەکا بێژن: لە خوداوە موژدەدەر و ترسێنەرمان بۆ نەھاتوون؛ دەسا ئەوا موژدەدەر و ترسێنەرتان ھاتۆتە لا و خوا بۆ ھەموو شت توانایە.
(٢٠) ئەو دەمانەش کە مووسا بە ھۆزی خۆی گوت: گەلۆ! دەبێ ھەرگیز ئێوە ئەو چاکەیەی لە بیر نەکەن کە خودا دەربارەی کردوون، کە ئەو ھەموو پێغەمبەرەی ھەر لە ناو خۆتان بۆ ناردوون، چەندین پادشای لە خۆتان پەیدا کردووە و ئەو شتەی بە ئێوەی داوە، بەھیچ کەسی لەم دنیایە نەداوە.
(٢١) گەلۆ! بچنە ئەو سەرزەمینە پیرۆزەی خوا بۆ ئێوەی بڕیار داوە و بۆو نووسراوە و بەرەو پاش مەگەڕێنەوە. گەر لە پەیمان خۆ ببوێرن، بە زیانتان تەواو دەبێ.
(٢٢) گوتیان: مووسا! گرۆیەکی زۆردار و ملھوڕ لەوێدان. تا ئەوانەی لێ دەرنەچن، ئێمە ناچینە ناویەوە. ئەگەر ئەوان لەو شوێنانە بچنە دەرێ، ئەوساکە دەچینە ناوی.
(٢٣) دوو پیاو لەوانە وا لە خوا دەترسان و بەر چاکەی خودا کەوتبوون، پێیان گوتن: لە دەروازەی شار بچنە ژوورەوە و ھێرشیان بۆ بەرن؛ ھەرگا پاتان خستە ئەو دیو، سەرکەوتن بەشی ئێوەیە. ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا ھەیە، خۆتان بە خودا بسپێرن.
(٢٤) گوتیان: مووسا! ھەتا ئەوان لەو شوێنە بن، ئێمە ھەرگیز زات ناکەین بچینە ئەوێ. ئەوا خۆت و پەروەرندەت بچن دەگژیان ڕابچن و چاریان بکەن؛ ئەوا ئێمە لێرە نیشتووین چاوەنۆڕین.
(٢٥) مووسا گوتی: پەروەرندەم! تۆ دەزانی کە من دەستم ھەر بە سەر خۆم و برایەکەمدا ڕادەگا [و ئەوانە بەقسەی من ناکەن] سا تۆ من و ئەو ھۆزە نافەرمانە [ی من] لە یەکتری جیاکەوە.
(٢٦) گوتی: ئەوا ماوەی چل ساڵ بەشیان لەم وڵاتە بڕا و لە زەمیندا وێلان وسەرگەردان دەبن. بۆ ئەم ھۆزە نافەرمان و لە ڕێ دەرچووگە خەم مەخۆ.
(٢٧) ھەروەھا تۆ دەنگ و باسی ڕاستی ڕووداوی نێوانی ھەر دووک کوڕانی ئادەمیان بۆ وەخوێنە؛ ھەرکام قوربانییەکیان کرد، لە یەکێکیان قبووڵ کرا و لەوی تریان وەرنەگیرا [ئەوی کە لێی وەرنەگیرا، ھەڕەشەی لەوەکەی تر کرد] گوتی: من دەبێ بت کوژم. گوتی: خودا ھەر لەو کەسەی قبووڵ دەکا کە ترسی لە خودا ھەیە.
(٢٨) گوتی: ئەگەر تۆش دەستم بۆ دڕێژ بکەی کە بمکوژی، من دەستەوەکەری ناکەم تۆ بکوژم. من لە خودا - کە ڕاھێنەری دنیایە - ترسم ھەیە.
(٢٩) من دەمەوێ تاوانی کوشتنی من و تاوانی خۆت بێتە ملت؛ ئەوسا تۆ دەچییە دۆزەق و تاوانی ناھەق ئەمەیە.
(٣٠) ئیتر دڵی ھەڵینا کە براکەی خۆی بکوژێ. کوشتی و کەوتە ناو ڕێزەی زیانبارەکان.
(٣١) خوا قەلەڕەشەیەکی نارد، خەریک بوو زەوی دەکۆڵی بۆ ئەمەی پێی نیشان بدا کە چۆن جەندەکی براکەی لە خاکا بشارێتەوە. گوتی: ئەی لە خۆم نەگبەتێ! چۆن نەمزانی وەک قاڵاو بجووڵێمەوە و لاشەی برای خۆم وەشێرم. [بەم کردەوەی] ھاتە ڕێزەی پەشیمانان.
(٣٢) ھۆی ئەم کارە فەرمانێکمان بۆ سەر بەرەی ئیسڕائیل نارد، کە ھەر کەسێ بێ تاوانێکی بکوژێ - کە نە گوناھی کردبێ و نە خراپەی لە زەویندا لێ ڕوو دابێ - وەک ئەمەیە کە گش خەڵکی سەرزەوی لە ناو بردبێ و ھەر کەسێکیش بێ تاوانێک ڕزگار بکا، وەک ئەمەیە کە ھەموو خەڵکی سەرزەوی لە مردن ڕزگار کردووە. پەیغەمبەرانیشمان گەلێ بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان بردە لایان؛ بەڵام زۆریان - دوای ئەم گشتە - ھەڵەڕۆ و سنوورپەڕێن بوون.
(٣٣) گۆڕی گیانی ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، لە عەرزا دەبنە خراپکار، کوژرانە یان لە دار دانە یان بڕینی دەست و قاچە پێچەوانە، یان لە وڵات دوور خرانە؛ کە ئەم سزایە بۆ ئەوان ڕیسوا بوونە لە دنیادا و بەشیان لە رۆژی سەڵادا جەزرەبەدانی بەژانە.
(٣٤) مەگین ئەوانەی بەر لەوە گیرتان کەون، لە کار پەژیوان ببنەوە و تۆبە بکەن. ئێوەش پێویستە بزانن کە لە پاش پەژیوان بوونیان خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٣٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەشێ لە خوا ترسوو ھەبێ و ڕێ نزیکەو بوون بە خواوە پەیدا کەن و لە ڕای ئەوا بچنە خەزا؛ بەشکە تووشی ڕزگاری بن.
(٣٦) ئەو کەسانەی خوانەناس بوون، ئەگەر ھەرچی لە زەمیندا ھەیە و ماڵە و ھێندەی تریشی ڕەگەڵ خەن و بە ھیوا بن لە جەزرەبەی ڕۆژی سەڵا ڕزگاریان کا و خۆیانی پێ بکڕنەوە، جێگە ناگرێ و بە ھیچ ناچێ و ئازاری گەلێک بەژانیان ھەر تووش دەبێ.
(٣٧) کۆشش دەکەن کە لە ناو ئاگر دەربچن، بەڵام ھەرچی ھەوڵ بدەن بێ بەھرەیە و ھەرگیز ناتانن دەرکەون و ئازارێکی بێ بڕانەوەیان دەبێ.
(٣٨) ھەر کەسێکی دزی بکا - نێر بێ یان مێ فەرقی نییە - لە سزای دزی کردنی دەبێ ھەر دوو دەستیان ببڕن؛ کە ئەمە تەنبێ کردنە لە خواوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٣٩) ھەرکەش دوای ناھەقیکردن پەژیوان ببێتەوە و ڕێگای چاکە بگرێتە بەر، خودا تۆبەی قبووڵ دەکا و خوا لێبوور و دلۆڤانە.
(٤٠) ئەدی تۆ خۆت نەتزانیوە ئەم ئاسمانان و زەمینە موڵکی خودان؟ ھەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ لێی دەبوورێ و ھەر کەسیش خۆی حەز کا ئازاری دەدا؟ خودا لە سەر ھەموو شتێک توانای ھەیە.
(٤١) ئەی پێغەمبەر! خۆت بەوانە دڵتەنگ مەکە کە بۆ لە دین وەرگەڕانێ پەلەیانە و دێنە لات و بە دەم دەڵێن: بڕوامان بە تۆ ھێناوە و دڵیان بڕوای نەھێناوە. ھەروەھا لەو جوولەکانەش خۆت تووشی خەمباری مەکە، کە گوێ بۆ درۆ ھەڵدەخەن، فێر بوون قسە لە خەڵکی تر دەبیسن و دەی قۆزنەوە، کە ئەوانەش ھەرگیز نەھاتوونە لای تۆ، جێ گۆڕکێ بە قسەکان دەکەن؛ دەڵێن: ئەگەر فڵان قسەیان بۆ گوتن، وەری گرن، دەنا خۆی لێ بپارێزن. ھەر کەسێکیش خودا ویستی جەزرەبەی بۆ ببڕێتەوە، تۆ ناتوانی لە خودای بێ نیاز بکەی و ھیچ کارێکی بۆ ڕێک بخەی. ئەمانە خودا نایەوێ دڵیان لە گوناھ و پیسی بسڕێتەوە؛ بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش جەزرەبەیان دژوار دەبێ.
(٤٢) بۆ درۆ، گوێ ھەڵدەخەن و بە حەرام خواردنێ فێرن. جا ئەگەر جارێ دێنە لات، تۆ، بە نێوانیان ڕابگە یان خۆیان تێ مەگەیێنە. ئەگەر وازیشیان لێ بێنی، ھیچ زیانێک لە تۆ نادەن. خۆ ئەگەر تۆ بە نێوانیشیان ڕابگەی، کێشەکەیان بێ لاگری و بە یەکسانی بۆ پێک بێنە. خودا پیاوی بێ دەغەز و ڕاست و ڕەوای خۆش گەرەکن.
(٤٣) جا چۆن ئەوانە دێنە لات کە بە کێشەیان ڕابگەی، کە لای ئەمان تەورات ھەیە و فەرمانی خودا دەوێدان، کەچی پاشان لە پێ ڕاگەیشتنەکەی تۆ خۆ دەبوێرن؟ خۆ ئەوانە بڕوادار نین.
(٤٤) ئێمە کە ئەم تەوراتەمان ناردۆتە خوار، ڕووناکایی و ڕێ نیشاندانی تێدایە. ھەموو ئەو پێغەمبەرانەی کە بە فەرمانی خوا بوون، ھەر بە ھۆی ئەم بە سەر ھەموو کاروباری ئەوانەی کە مووسایی بوون ڕاگەیشتوون. خواناسانی بە ڕاستی و زانا بلیمەتەکانیان گەلێک شتیان ھەر لە کتێبی خوا لە بەر بوو؛ بە تەواویش ئاگادار بوون کە ئەمە کتێبی خوایە و خودا لەوێدا پێی گوتوون: نابێ لە خەڵک بترسن؛ ئەشێ ھەر ترسوو لە خۆم بێ و نەچن بەڵگە و نیشانەی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. ھەر کەسێکی پێچەوانەی فەرمانی خوا فەرمان بدا، دژی خودا ڕاوێستاوە و لە دینی ڕاست وەرگەڕاوە.
(٤٥) لە تەوراتدا بۆ ئەوانە بڕیارماندا، کە گیانێک لە باتی گیانێک، چاو بە چاو و کەپۆ بەکەپۆ، گوێ بەگوێ و ددان لە باتی ددانە و زەخمەکانیش تۆڵەیەکیان ھەس؛ کێ لە تۆڵە - بە خێری خۆی - وازبھێنێ، گوناھی پێ ھەڵدەوەرێ. ئەو کەسانەی پێچەوانەی ئەو فەرمانە - کە لە خوداوە ھاتووە - فەرمان بدەن، غەدرێ دەکەن و ناھەقن.
(٤٦) لە شوێن ئەوان عیسای کوڕی مریەممان نارد؛ کە باوەڕی بوو بەو تەوراتەی وا بەرلە ئەو ھاتبوو. ئینجیلیشمان دا بە عیسا؛ کە ڕێ نیشاندان و ڕووناکی تێدایە و بڕوای بە تەوراتیشە کە بەر لەم ھاتبووە خوارێ و بۆ ئەوانەی لە خوداترسن، پڕیەتی لە ئامۆژگاری و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا.
(٤٧) دەبێ ئەوانەی وا ئینجیلیان لە لایە، بە پێی ناوەرۆکی ئینجیل - وەک خودا ناردوویەتە خوار - فەرمان بدەن. ئەو کەسانەی لەو فەرمانانەی کە خودا ناردوویەتە خوار لا بدەن، دیارە لە ڕێ لایانداوە.
(٤٨) ئەم قورئانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە، کە ھەرچی تێیدایە ڕاستە؛ بە کتێبە بەرینەکان بڕوای ھەیە و چاودێریانە. ئیتر تۆ بە پێ ئەوەی خوا ھەناردوویەتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و بە لادان لەو ھەقەی کە وا بۆت ھاتووە، مەکەوە شوێن ئاوات و ئارەزووی ئەوان. بۆ ھەر کۆمەڵێک لە ئێوە ڕێ و شوێنێکمان داناوە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با، ھەمووی دەکردنە یەک ئۆمەت. بەڵام ویستی خودا وابوو لەو شتانەی کە پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە؛ دەسا ئێوەش لە کاری چاک پێکەوە کێ بەر کێ بکەن. ھەموو لاتان دەگەڕێنەوە لای خودا و ئەوسا ئاگادارتان دەکا، کە لە سەر چی کێشەو لە ناو پەیدا ببوو.
(٤٩) تۆش بە پێی ئەو فەرمانانەی لە خوداوە بۆت ھاتۆتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و دوای ئارەزوویان مەکەوە. خۆتیشیان لێ بپارێزە، نەوەکا فریوت دەن و لە ھێندێک لەو فەرمانانەی کە لە ئێمەوە بۆ تۆ ھات، ھەڵەت بکەن. ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، سا بزانە کە خودا نیازی وایە لە بەرانبەر بازێک لە گوناھەکانیان تۆڵەیان لێ بکاتەوە، زۆربەی زۆریش لەو مەردمە لە ڕێ دەرچوون.
(٥٠) ئاخۆ ئەوان گەرەکیانە دابی زەمانی نەزانی بەر لە ئیسلام بژیەننەوە! دەیسا لە لای ئەو کەسانەی وا لە بڕوای خۆیانا ھیچ شک و گومانێکیان نییە، کامە فەرمان لە فەرمانی خوا چاترە؟
(٥١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەم مووسایی و مەسیحییانە؛ با ئەوان دۆستی یەکتر بن. ھەر کەسێکیش لە ئێوە ببێتە دۆستیان، ئەویش لەوان دەژمێردرێ. ئەوانەی لە سەر ناھەقین، خودا ڕێیان نیشان نادا.
(٥٢) ئەو کەسانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە، دەبینی کە بەلەزن بۆ چوونە لایان؛ دەڵێن: ئێمە دەترسین تووشی بەڵا بین [بۆیە دۆستایەتیتان دەکەین]. ھیچ دوور نییە خودا ڕۆژێ سەرتان بخا، یا خۆ کارێکی تر بکا. ئەوسا ئەوان لەو ڕازەی دەدڵیاندایە، تووشی خوسار و زیان بوون.
(٥٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر کەس لە دینی خۆی پاشگەز ببێتەوە، خوا لەمەولا کۆمەڵێ وا دەخاتەڕوو، خۆشی بوێن؛ ئەوانیش خوایان خۆش بوێ و لە حاندی خاوەن باوەڕان نەرم و نیان دەبزوونەوە و لە بەرانبەر دین دوژمنان، سەربڵند و توند و تیژن؛ خەزا لە ڕای خوا دەکەن و لە تەشەری سەرکۆنەکەران ناترسن. ئەمە زێدە خەڵاتێکە لە خوداوە بە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا پێی دەبەخشێ. خوا زانایە و [لە بەخشین] زۆر دەس گوشادە.
(٥٥) دۆستی ئێوە ھەر خودا و پێغەمبەریەتی و ئەو دەستەی باوەڕداران کە نوێژکەر و زەکات دەرن و بەرەو خودا لە کڕنۆشدان.
(٥٦) ھەر کەسێکیش دۆستایەتی وەل خودا و پێغەمبەری خوا و ئەوانە بێ کە بوونەتە خاوەن باوەڕ، سەربە خوان و ھەر گرۆیە سەربە خوا بن، سەردەکەون.
(٥٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە دەگەڵ ئەو کەسانەی گاڵتە بە دینتان دەکەن و لە ئەھلی کتێب حسێبن - کە پێشوو بۆیان ھاتووە - و ئەو کەسانەی خوانەناسن، ھەرگیز دۆستایەتی مەکەن. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن.
(٥٨) ھەرگا ئێوە بۆ نوێژ کردنێ بانگ ئەدەن، ئەمانە گاڵتەی پێ دەکەن؛ چونکە ئەمان کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن و دەھیچ ناگەن.
(٥٩) تۆ بەوانەی کە ئەھلی کتێبن بێژە: ئاخۆ ھەر چونکە بڕوامان بە خوا ھەیە و بڕوامان بەو قورعانەیە کە بۆ ئێمە ناردراوە و بڕوامان بەوانەش ھەیە کە پێش قورئان لە خوداوە ناردراون، ئێوە ڕکتان لە ئێمەیە؟ ئێوەش خۆتان بەشی زۆرتان نافەرمانن.
(٦٠) بێژە: ئاخۆ دەتانەوەێ لەوانەو ئاگادار بکەم کە سزایان لە لای خواوە لە سزای وان خراپترە؟ کەسانێکن بەر نەحلەتی خوا کەوتن و خودا غەزەبی لێ گرتن وھێندێکیانی کردە مەیموون؛ ھێندێکیانی کردە بەراز؛ کە ئەوانە عەبدایەتی بتیان دەکرد. شوێنی ئەوان لە گش جێیان خراپترە و لە ھەموو لە ڕێ لادەرێک گومڕاتر بوون.
(٦١) کاتێ دێن لاتان دەڵێن: مە باوەڕیمان ھێناوە؛ کەچی ئەوان دڵ بە حاشا ھاتنە ژوور و بە بێ بڕوا وەدەرکەوتن. خوداش لەو شتانەی دەیانشاردەوە ئاگادارترە.
(٦٢) زۆرێک لەوان دەبینی کە بۆ تاوان و دەستدرێژی و حەرام خۆری پێشەبڕکەی یەکتر دەدەن؛ ئاکاریان زۆر ناپەسەندە.
(٦٣) ئەدی بۆچی خواناسان و زاناکانیان، لە تاوان و حەرامخۆری ھیچ دەستیان وەبەر ناھێنن؟ دەسکردیان زۆر ناپەسەندە!
(٦٤) جھو گوتیان: خودا دەستی بەستراوە. دەک دەسیان لە زەنجیر خرێ و بە نەحلەت بن، بۆ ئەوەی لە دەمیان دەرچوو. [با بزانن] دەستی خودا زۆر گوشادن؛ چۆنی خۆی ئارەزوو بکا بەخت دەکا. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت ھاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوانە پتر دەکا. ئێمەش ئەوا ھەتا ڕۆژی ھەستانەوە، ڕکەبەری و دوژمنیمان خستە ناویان. ھەر کاتێ کە ئاگری شەڕیان ھەڵگرساند، خودا بۆ خۆی کوژاندیەوە. تا لە ھەردن، ھەر بەدفەڕی پیشەیانە و دەیانەوێ خراپە بەڕێوە بەرن و خودا لە خراپەکاران خۆشی نایە.
(٦٥) ئەوانەی ئەھلی کتێبن، ئەگەر باوەڕیان ھێنابا و دڵیان لە خودا ترسابا، ھەر گوناھێ کردبوویان ئێمە لێمان دەسڕینەوە و دەن بردنە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و بەختەوەری.
(٦٦) ئەگەر ئەوان تەورات و ئینجیل و ئەوەی لە پەروەرێنیانەوە بۆیان ھاتووە، تەواو دەکاریان ھێنابا، بێ سۆ لە لای سەریانەوە و لە [زەمینی] ژێر پایانڕا خواردنیان بۆ دابین دەکرا. ئەوانە کۆمەڵانێکن، ھێندێکیان مامناونجین و زۆرینەیان بەدکردارن.
(٦٧) ئەی پێغەمبەر! ھەر شتێکی لە لایان پەروەرندەتڕا بۆت ھاتووە، ڕای گەیێنە؛ گەر وانەکەی ڕاسپێریت پێک نەھێناوە. خوا لەو خەڵکەت، کۆمەڵی خودانەناسان شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.
(٦٨) بێژە: ئەھلی کتێب! ئەنگۆ ھەتا بە پێی تەورات و ئینجیل و ھەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان ھاتۆتە خوارەوە، نەبزوونەوە، ئێوە لە سەر ھیچ [دینێک] نین. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت ھاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوان، پتر دەکا. تۆ لە بەر ئەو خوانەناسانە، خەم مەخۆ.
(٦٩) ئەوانە بڕوایان ھێنا و ئەوانەش بوونە جوولەکە، سوببییان و فەلەکانیش، ھەرکامێکیان باوەڕی ھەبێ بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، نەھیچ ترسیان لە سەر ھەیە و نە خەم دەخۆن.
(٧٠) ئێمە لە بەرەی ئیسڕائیل بەڵێنمان ساند و زۆر پێغەمبەرمان بۆ ناردن. ھەر کەس لەو پێغەمبەرانە پێچەوانەی دڵخوازی وان شتێکی بۆ بھێنابان، ھێندێکانیان بە درۆزن حسێب دەکرد؛ ھێندێکیشیان ھەر بە کوشتن لە بەین دەبرد.
(٧١) لایان وابوو ئیتر بەڵایان تووش نابێ؛ کوێر و کەڕ بوون نە دەیاندی و نە دەیانبیست. پاشان پەشیمان بوونەوە؛ خودا ئەو پەشیمانیەشی قبووڵ کردن. دیسانەوە گەلێک لەوان کوێر و کەڕ بوون خوداش ئاکاری دەدیتن.
(٧٢) ئەو کەسانەی دەڵێن: خودا خۆی مەسیح کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. کەچی مەسیح گوتوویەتی: ئێوە ئەی بەرەی ئیسڕائیل! ئەو خودایەی بپەرستن کە منی پەروەردە کرد و ئێوەش ئەو پەروەراندوویە؛ ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا پەیدا بکا، خوا بەشی لە بەھەشت دەبڕێ و جێی ئاگرە و ھەر کەسێ ناھەقی بکا، ھیچ کەسی دەھانا نایە.
(٧٣) ئەوانەی کە گوتیان: خودا سێھەمینە لە سێ کەسان، بێ سۆ لە دین لایانداوە. جگە لە خودای تاقانە، ھیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ. ئەگەر بێتوو دەس ھەڵنەگرن لەو قسانە - ئەوانیانە کە وا لە دین لایانداوە - گرفتاری ئازارێکی بەژان دەبن.
(٧٤) بۆچ ئەوانە پەشیمانی نابەنە بەر قاپی خودا و داوای بەخشینی لێ ناکەن؟ کە خوا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٧٥) مەسیحی فرزەندی مەریەم لە پێغەمبەرێک بەو لاوە چی تر نییە، کە بەر لەویش فرەیەک پێغەمبەری تر ھاتوون و چوون. دایکی ئەویش ژنێکی ڕاست و دروست بوو؛ ھەردووکیان خۆراکیان دەخوارد. دەبڕوانە چەند نیشانەی ئاشکرایان نیشان دەدەین. دیسان تۆ لەوە ڕامێنە، چۆنین لە ھەقێ لادەدرێن؟
(٧٦) بێژە: ئاخۆ غەیرەز خودا ئێوە دەچن شتانی وا دەپەرستن کە نە دەتوانێ زیانوو پێ بگەیەنێ و نە پێی دەکرێ بەھرەی بۆ ئێوە تێدابێ؟ زۆر بیسەر و فرەزاناش ھەر خودایە.
(٧٧) بەو کەسانەی کە ئەھلی کتێبن، بێژە: بە ناڕەوا ھەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ مەکەونە شوێنی ئارەزووی ئەوانەش کە بەر لە ئێستە گومڕا بوون و زۆرێکیشیان گومڕا کرد و خۆشیان لە ڕێی ڕاس کلا بوون.
(٧٨) ئەو دەستە لە بەرەی ئیسرائیلێ کە لە دین لایان دا، لە سەر زمانی داود و عیسای فرزەندی مەریەمڕا نەحلەت کران، چونکوو فەرمانی خوایان بەجێ نەھێنا و پیشەیان دەسدرێژی بوو.
(٧٩) لەو ڕەفتارە نالەبارە وا دەیانکرد، بەرگرییان لە یەک نەکرد. ئای کە چەند خراپەیان کرد!
(٨٠) تۆ زۆر لەوانە دەبینی دەبنە دۆستی خوانەناسان. چەن خراپە ئەو تۆشەی پێشی خۆیان خست: تۆشەی تووڕە بوونی خودا و ھەر مانەوە لە ئازاردا.
(٨١) گەر ئەوانە بە خودا و بە پێغەمبەر و ھەرچی بۆ ئەو ھاتۆتە خوار، بە دڵ باوەڕیان ھەبایە، دۆستی ئەمانە نەدەبوون. بەڵام زۆر کەس لە ناو ئەوان بەفەرمانی خودا ناکەن.
(٨٢) بێ گومانە جووەکان و شەریک دانەران بۆ خودا، لە دوشمنی دەگەڵ بڕوادارەکانا سەرسەخت ترن. ئەو کەسانەش کە گوتیان: «ئێمە مەسێحین»، پتر بڕوادارەکانیان خۆش گەرەکە. چون بڕێکیان ڕەبەن و کەشەن و خۆبەزل نازانن.
(٨٣) ھەرگا گوێ دەگرن لەوانەی کە لە خواوە بۆ پێغەمبەر ناردراون، دەیانبینی ئەسرین لە چاویان دەوەرێ و چونکە لە ڕاستییەکە دەگەن، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوا باوەڕیمان ھێنا، سا تۆش ناومان وەل شایەتاندا بنووسە.
(٨٤) ئێژن: جا چۆن باوەڕ بە خوا ناھێنین و باوەڕ بەم ڕاستیە نەکەین کە ئێستا بە ئێمە گەیشت؟ کەچی ھیوامان ئەمەیە، پەروەرندەی ھەموو لامان بمانخاتە ناو گرۆی پیاوچاکانەوە!
(٨٥) لە ھەمبەر ئەو قسانەدا ئەوان وتیان: خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. پاداشی ئاکارباشەکان ھەروا دەبێ.
(٨٦) ئەو کەسانەش کە دژ بە دین وەستانەوە و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، دیارە جەحەندەم جێیانە.
(٨٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو شتانەی خوا بە ئێوەی ڕەوا دیوە و پاک و باشن، خۆتانی لێ بێ بەش مەکەن؛ لە ئەندازەش پتر مەچن، خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن.
(٨٨) دەسا ئێوە لەو بژیوەی خوا بۆتانی داناوە، لەوەی وا پاک و ڕەوایە، بخۆن و نۆشی گیانوو بێ؛ ترسیشوو لەو خودایە بێ کە باوەڕیتان پێ ھەیە.
(٨٩) خودا بە سوێندی سەر زارەکی و دوور لە مەبەست بە گوناھبارتان دانانێ؛ بەڵام سوێندی لە ناخی دڵتانەوە بێ و نەیبەنە سەر، بە گوناھبارتان دادەنێ و دەبێ لە بارتەقای ئەودا خواردن بدەن بە دە ھەژار؛ لەو خواردنەی بە ئاسایی دەیدەن بە خێزانی خۆتان. یان دەبێ جلکی دە ھەژار باربوو بدەن. یان کۆلەیەک ڕزگار بکەن؛ کەسێ کە ئەمانەی نەبوو، با سێ ڕۆژان بە ڕۆژوو بێ. ئەمە قەرەبووی سوێنتانە کە بە ئانقەست خواردبێتوو. سوێندی خۆتان بپارێزن و بە جێی بێنن. ئاوا خوا نیشانەکانی خۆی بۆتان ڕوون دەکاتەوە، کە ئێوە شوکرانەی بکەن.
(٩٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! شەراب خۆری و قوماربازی و کێل پەرستی و گرێ و لە سەر تیران کردن، لە کارەکانی شەیتانن؛ خۆتانی لێ بپارێزن، بەشکەم تووشی ڕزگاری بن.
(٩١) شەیتان مەبەستی ئەمەیە، بە شەراب خواردن و قومار ئاژاوەتان بخاتە ناو، لە نمێژ و یادی خودا وەتان گێڕێ. ئاخۆ ئێوە دەس لەو کارانە بەردەدەن؟
(٩٢) بەر فەرمانی خودا بن و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن [لە سەرپێچیش] خۆ پارێزن. ئەگەر لە فەرمان دەربچن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە پێغەمبەر جگە لە پێ ڕاگەیاندن ھیچی تری لە سەر نییە.
(٩٣) بۆ ئەوانەی بوونەتە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، لەسەر ئەمەی کە لە پێشدا خواردوویانە گوناھیان نایەتە سەرێ. ئەگەر ئێستا خۆ پارێز بن و بڕوایان بە خودا ھەبێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکەن، لە دواڕۆژیش خۆ لە گوناھ بپارێزن و لە سەر باوەڕیان بمێنن و چاکەی بکەن، خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.
(٩٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خودا دەربارەی ئەو نچیرەی کە بەدەستان یان بەنێزە ڕاوی دەکەن، بەتاقیتان دەکاتەوە؛ ھەتا وەکوو بزانێ کێ بە نھێنی لێی دەترسێ. ھەر کەسێکی لەو سنوورەی کە بۆتان دیاری کراوە پتر بچێ، بەشی ئازاری بەژانە.
(٩٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەتا ئێوە لە ئیحرامدان، نابێ ھیچ نچیرێ بوگژن. کێ لە ئێوە بە ئانقەست نچیرێ بکوژێ لە ئیحرامدا، لەسەریەتی ئاژەڵێکی - کە بارتەقای ئەو نچیرەی ئەو بێتەوە و دوو مرۆی عادڵ لە خۆتان بارتەقایی بسەلمێنێ - بھێنێتە ماڵی کابە و لەوێ بیکاتە قوربانی؛ یان بارتەقای ئەو نچیرە، خواردن بدا بە ھەژاران؛ یان بەرانبەر بە قەرسانی ئەو نچیرە چەند ڕۆژ دانێن بە ڕۆژوو بێ؛ ھەتا سزای ئەم کردەوەی خۆی بچێژێ. خودا لە کاری ڕابردوو چاو دەپۆشێ. ھەر کەسیش تێھەڵچێتەوە، خوا تۆڵەی لێ دەکاتەوە. خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە.
(٩٦) ڕاو و خواردەمەنی زرێ بۆ ئێوە ڕەوا کراوە. ئێوە و ڕێبواران دەتوانن بیانکەنە بژیوی خۆتان. ڕاوی بەژیش ھەتا لە ئیحرامدا دەبن، ڕێو نییە دەستی بۆ بەرن. لەو خودایە ترسوو ھەبێ کە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە.
(٩٧) خودا ماڵی کابە [یانێ] «بیت الحرام» ی کردۆتە ھۆی پێکھێنانی کاری خەلک؛ ھەروەھا حەرامەمانگ و قوربانییە بێ نیشان و قەڵادە دەملەکانیش. ئەمە [ھەمووی] بۆ ئەوەیە تا بزانن ھەرچی لە ناو ئاسمانەکان و زەویدان، خودا دەیزانێ و خودا لە ھەموو شتێکی ئاگادارە.
(٩٨) دەبێ ئەوەندەش بزانن کە خودا لە سزاداندا توند و تیژە و ھەر خوداشە کە لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٩٩) ئەرکێ لە سەر پێغەمبەرە ھەر ھێندەیە فەرمانی خوا ڕابگەرێنێ. خودا بۆ خۆی لەو شتانەی کە ئێوە ئاشکرای دەکەن، لەو شتانەش دەیشێرنەوە، ئاگادارە.
(١٠٠) بێژە: پیس و پاک وەک یەک نین؛ با زۆرایی پیسەکەش بۆت سەر سووڕێن بێ. کە وابوو ئەی دڵ وشیاران! ھەر لە خودا ترسوو ھەبێ، ئەگەر بە ھیوای ڕزگارین.
(١٠١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەش پرسیار مەکەن ئەگەر بۆتان ڕوون کەنەوە، پێی تووشی دڵمەندی دەبن. ئەگەر پرسەکەو ھەڵگرن بۆ ئەو کاتەی کە قورئان دێتە خوارەوە، وەرامەکەو دەدرێتەوە. خوا لەو پرسیارە نابەجێگانەی ئێوە چاوی پۆشی؛ خودا لە گوناھ دەبوورێ و لەسەرخۆیە.
(١٠٢) کەسانێک لە پێش ئێوەشدا ئەم جۆرە پرسانەیان کرد و ھەر لە بەر ئەو پرسانە، لە ڕێگەی خودا لایاندا.
(١٠٣) خودا سەبارەت بە «بەحیـرە» و «سائ-یبـە» و دەربارەی «حام» و «وەڵیـلە» ھیچ بڕیارێکی نەداوە؛ بەڵام خودانەناسەکان - کە زۆربەیان بێ ئاوەزن - درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن.
(١٠٤) ئەگەر پێیان بگوترێ کە: بێن بەرەولای ئەوەی خودا ھەناردوویەتە خوارەوە و بێن بەرەولای پێغەمبەرێ، ئێژن: ئێمە ھەر ئەو ئایینەمان بەسە کە باب و باپیرەکانمان لەسەری بوون؛ کە باب و باپیرانیشیان ھیچ شتێکیان نەدەزانی و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد!
(١٠٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھۆشتان بە خۆتانەوە بێ ئەگەر ئێوە بە ڕاستی دەگەڵی خوا بن و شارەزا بن، لە ڕێ لادەر زیانوو پێ نەگەیێنن. ھەموو لاشوو دێنەوە بەر قاپی خودا؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە ئاکارتان چلۆن بووە.
(١٠٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا یەکێ لە ئێوە تووشی مەرگ دێ و دەیەوێ وەسیەتێ بکا، با لە خۆتان دوو کەس - کە جێگەی بڕوا بن - بێن و لێی ئاگادار ببن. ئەر ل ەسەفەریشدا بوون و تووشی بەڵای مەرگ ھاتن، دوو کەسی تر لە وەسیەت ئاگادار بکەن. ئەگەر لەو دوو شایەتانە بە گومان بوون، ھەتا دوای نوێژ ڕایان گرن و ئەوسا دەبێ سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئێمە دینمان بە ماڵی دنیا نافرۆشین و شایەتیەکی کە دەبێ بۆ خودا بیدەین، نامانەوێ نەیدرکێنین؛ با قازانجی ئەو ڕاستی نەدرکانەشمان بەخزمانی خۆمان بگا. ئەگەر ئێمە لە درکاندنی بە ڕاستی وەسیەتەکە - کە دەبێ بۆ خودای بێژین - خۆ ببوێرین، ئێمە پێی تاوانبار ببین.
(١٠٧) ئەگەر دەرچوو کە دوو شایەتەکەی پێشوو خۆیان تاوانبار کردووە، ئەوساکە دوشایەتی تر - کە لەو دووانە نزیکتر لە مردووەکە بن - بێنە پێش و سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئەو شایەتی ئێمە دەیدەین، لە شایەتی دووەکانی پێشوو ڕاستترە و ئەگەر لە ڕاستی لا بدەین، ئێمە لە ناھەق کارانین.
(١٠٨) ئەم شێوەیە بۆ باش دەرکەوتنی ڕاستی نزیکترە؛ کە شایەتەکان دەترسن بەسوێندی ئەوانی دیکە، ئەو سوێندەی کە خواردوویانە بەسەریاندا بدرێتەوە و لێیان ھەڵوەشێنێتەوە. ئەشێ لە خوا ترسوو ھەبێ و چی دەیبیسن بیگرنە گوێ. خودا لە فەرمان خۆ بوێران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.
(١٠٩) ڕۆژێ کە خوا گش پێغەمبەرەکانی خۆی کۆوە دەکا و ئێژێ: بێژن چۆنتان بە دەنگەوە ھاتن؟ ئێژن: ئێمە ھیچ ئاگاداریمان نییە، ھەر تۆ لە ھەموو نەدیاران ئاگاداری.
(١١٠) [ئەو دەمەشتان با لە بیر بێ کە] خوا گوتی: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! وەبیر خۆتی بێنەوە چەندەم چاکە دەربارەی خۆت و دایکت کرد؟ من گیانی ھەرە پیرۆزم ناردە یاریت، لە سەر بێشکە و بەگەورەییش دەت توانی خەڵک بدوێنی. من لە لایەنی خۆمەوە فێری کتێب و کارزانی و تەوڕات و ئینجیلم کردی. ئەوساکەشت ھەر لە بیربێ کە لە حەڕی بە ئیزنی من شێوەی مەلێکت چێ کرد و فووت تێکرد و بە ئیزنی من بوو بە باڵدارێک و دەفڕی. دیسان ھەر بە ئیزنی من بوو تۆ کوێرەکانی زگماگ و نەخۆشینی بەڵەکیت خۆش دەکردەوە و بە ئیزنی من مردووشت زیندوو کردەوە. ئەو دەمانەش کە پاش ئەو ھەموو نیشانە ئاشکرایەی کە پێم دابووی، ھاتییە ناو بەرەی ئیسڕائیل، نەمھێشت زیانت لێبدەن. ئەو کەسانەی کە بڕوایان پێت نەھێنا، دەیانگوت: ئەو نیشانانە ھەموو جادووی ئاشکرانوو ھیچی تر نین.
(١١١) ئەو کاتەش من - ھەر بە ھیمای تایبەتی خۆم - حەوارییەکانم تێگەیاند: دەبێ بڕواو بە من ھەبێ و بە پێغەمبەرەکەی منیش باوەڕ بکەن. گوتیان: خوایە! تۆ شایەت بە کە بڕوامان پێ ھێنای و ھەر ملکەچی فەرمانی تۆین.
(١١٢) کاتێ حەوارییەکان گوتیان: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! ئەرێ پەروەرندەکەی تۆ لە دەستی دێ خوانێکمان لە حەواوە بۆ بنێرێ؟ گوتی: ئەگەر باوەڕیتان بە خوا ھەیە لێ بترسن.
(١١٣) گوتیان: ئێمە گەرەکمانە لە خوانی ئاوا بخۆین و دڵنیا بین و باوەڕ کەین کە ھەرچی پێت گوتین ڕاستە؛ ئێمەش بێینە پاڵ ئەوانەی کە شایەتی بۆ تۆ دەدەن.
(١١٤) عیسای کوڕی مەریەم گوتی: ئەی خودای پەروەرندەمان! لەو حەوایەوە تۆ خوانێکمان بۆ بەڕێ کە، کە بۆ ھەوەڵ و دواییمان جێژنەیەک بێ و نیشانەیەک بێ لە تۆڕا و لە رۆزی بێ بەشمان مەکە. تۆ چاکترین ڕۆزی دەری.
(١١٥) خودا گوتی: من بۆ ئێوەی بە ڕێ دەکەم؛ ھەر کەس دوایە لە ئێوە حاشایە بکا، جەزرەبەیەکی وای دەدەم کە تا ئێستا لە ناو خەڵکی دنیایەدا ھیچ کەسێکم ئاوا جەزرەبە نەدابێ.
(١١٦) ئەو کاتەش کە خودا گوتی: ئەرێ عیسای کوڕی مەریەم! تۆ گوتووتە بەو مەردمە - غەیرەز خودا - دەبێ ئێوە من و دایکم وەک دوو خودا بپەرستن؟ گوتی: پاکی بێ عەیبی ھەر شیاوی تۆیە، من ڕێم ناکەوێ ھیچ شتێ بێجگە لە ڕاستی ببێژم. ئەگەر ئەو قسەم بکردبا خۆت دەتزانی. ھەرچییەکیشم بە ناخی دڵدا ببوورێ، تۆ دەیزانی؛ تەنیا منم کە دەربارەت ھیچ نازانم؛ ھەر تۆ لە ھەموو نەدیاران ئاگاداری.
(١١٧) تۆ چۆنت فەرمان بە من دا، منیش ھەر ئەوەم ڕاگەیاند. گوتم: خودا بپەرستن کە ئەمنیش و ئێوەشی پەروەراندووە. ھەتا لە ناو ئەوانیش بووم، ئاگادار و چاوەنۆڕی باوەڕیان بووم؛ لەوساشەوە کە منت بۆ خۆت بردەوە، بۆ خۆت ھەر ئاگاداریان بووی. دیاریشە خۆت لە ھەموو شت ئاگاداری.
(١١٨) گەر بتەوێ ئازاریان دەی، عەبدی خۆتن؛ گەر بشتەوێ لێیان خۆش بێ، خۆت دەزانی و ھەر بۆ خۆتی کە دەستەڵاتت بە دەستە و لەکارزانی.
(١١٩) خودا گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکە ڕاستەکان ڕاستیەکەیان بەھرەیان پێ دەگەیێنێ. ئەوان باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن.
(١٢٠) عاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە - گش لە گش - موڵکی خودایە و ھەر خودایە لە سەر ھەموو شت توانایە.

پەراوێز edit