ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) حا، میم.
(٢) ئەم کتێبە خاوەن دەستەڵاتی کارزان ناردوویەتی.
(٣) لە ئاسمانان و زەمیندا، بەڵگە زۆرن بۆکەسانی خاوەن باوەڕ.
(٤) لەئافراندنی خۆتان و بڵاوبونی جانەوەران، چەند بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن.
(٥) لەھاتوچوی شەو و ڕۆژوو لەو ڕۆزی یەی کە خودا لەو حەوایەوە بەڕێی دەکا و زەوی مردوی بەوھۆیە زیندووکردەوەو لەھەڵکردنی بایەکان، نیشانە ھەن بۆ ئەوکەسانەی تێدەگەن.
(٦) ئەمانە نیشانەی خودان کە بۆتی دەخوێنێتەوەو ھەمووی ڕاستە. دەی سا لە پاش باسی خودا و باسی نیشانەکانی ئەو، بەکام قسە بڕوادەکەن؟
(٧) ھای لەوکەسەی بوختان کەرو تاوانبارە!
(٨) ھەرگا نیشانەکانی خودای بەسەردا دەخوێنرێتەوە، خۆی دەیبیسێ. کەچی دوایە - بە ھۆی لەخۆبایی بونی - پێ دادەگرێ و ئێژی ھەر نەشی بیستوە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە کە ئازارێکی بەژانی بەردەکەوێ.
(٩) ئەر شتێکیش لەنیشانەکانی ئێمە، فێرببێ گاڵتەی پێدەکا. ئازارێک بەشی ئەمانە کە تەواو ئابڕویان دەبا.
(١٠) دۆژەھیشیان وا بەدواوە. نە ئەوشتەی لە دنیادا گیریان ھێنا، نە دۆستانێک - غەیرەزخوا - ھەڵیان بژارد، بەھرەیان پێ دەگەیێنن. ئازارێکی زۆر سەختیش چاوەنۆڕیانە.
(١١) ئەمە ڕێ نیشاندەرێکە. ئەوکەسانەش حاشا لە نیشانەکانی پەروەرندەی خۆیان دەکەن، ئازارێکی زۆر دوژوارو بەژانیان ھەس.
(١٢) خوا کەسێکە دەریای بۆ ئێوە کەوی کرد، کە لەگوێرەی فەرمانی ئەو، گەمی لەناودا بگەڕێ و بۆچاکەی ئەو تێ بکۆشن؛ بەشکە شوکرانەبژێربن.
(١٣) ھەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەمین دان، گش ھی ئەون؛ ئەو بۆ ئێوەی کەوی کردوون. کە لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.
(١٤) تۆ بە باوەڕداران بێژە: با ئەوکەسانە ببەخشن کە بۆ ڕۆژەکانی خودا بەھیوانین؛ تا بە ھەرگرۆیەک - بە پێی کردەوەیان - پاداش بدا.
(١٥) ھەر کەس کاری باش دەکا، بۆخۆیەتی؛ ھەر کەسیش خراپە دەکا، دژی خۆی کرد. پاشان ئێوە ھەر بۆ لای پەروەرندەتان دەبرێنەوە.
(١٦) ئێمە کتێب و کارزانی و پلەی پێغەمبەرایەتیماندا بەتۆرەمەی ئیسڕائیل؛ بژیوی پاک و چاکیشمان پێ گەیاندن. لەچاو ھەموخەڵکی دنیاش سەرمان خستن.
(١٧) سەبارەت بەدینەکەشیان زۆرنیشانەی دیاری دەرمان پێ سپاردن. لەناوەخۆش گرفتاری کێشە نەبوون، مەگین وەختێ کە لەم دینە ئاگادار بوون؛ ئەویش ھەر لە بەر ئێرەیی نێوان خۆیان. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا بەوکارانەیان ڕادەگا، کە لەسەری پێک نەھاتوون.
(١٨) دواجار ئەتۆمان خستە سەر ڕێگەوشوێنێک لەم ئایینە؛ شوێنی کەوەو شوێن ئارەزووی ئەو نەزانانە مەکەوە.
(١٩) ئەوان ناتوانن لەخودات بێ نیازکەن. ناھەقان دۆستی یەکترن؛ خواش دۆستی خۆپارێزانە.
(٢٠) ئەم قوڕئانە سۆمای چاوە بۆمەردم و بەزەیی و ڕێ نیشاندەرە بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن.
(٢١) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ئێمە لەژی و مەرگیاندا وەک ئەوانەیان دادەنێین کە بوونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون؟ زۆرخراپی تێگەیشتون.
(٢٢) خوا بەڕاستی ئەم عاسمانانەو زەمینەی وەدی ھێنا، تا ھەر کەسێ چەی کردووە، پاداشی وەرگرێتەوەو ناھەقیشیان لێ ناکرێ.
(٢٣) ئاخۆ تۆ ئەوکەسەت دیوە کە ئارەزووی خۆی دەپەرست؟ خودا - کە ئاگای لێ ھەبو - ڕێی لێ گۆڕی و گوێچکەو دڵیشی مۆرکردو لێڵایی خستە سەرچاوی. سا کێ ھەیە لە پاش خودا، ڕێی نیشاندا؟ دەی بۆچی بیرناکەنەوە؟
(٢٤) ھەروا گوتیان: بێژگە لەژینی دنیامان چیترنیە. ھەر دەمرین و دەژینەوەو ھەر سروشت دەمان مرێنێ. ھیچ. شتێ لەمەش نازانن؛ ھەر لەخۆوە گومان دەبەن.
(٢٥) ھەرگاش نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆ وەخوێنن، بڕوبیانو دەھێننەوەو ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستن، باب و کاڵمان بۆبێننەوە.
(٢٦) بێژە: خودا ژیو پێدەداو لەپاشان دەتانمرێنێ و پاشان لە ڕۆژی قیامەتا - کە بێ گومانە ھەردادێ - ھەمووتان کۆدەکاتەوە. بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ھای لێ نیە.
(٢٧) دەستەڵاتی ئەم ئاسمانان و زەمینە ھەر بە خوایە. ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، ئەم تەرزە ھەرزەوێژانە زەرەردەکەن.
(٢٨) دەشبینی ھەموو تیرەیەک بەڕێز بە سەر چۆک داھاتوون؛ ھەرتیرەیەکیش بانگ دەکرێ، بۆدیتنی سیایی کردەوەکەی خۆی. ئەوا ئەمڕۆ پاداشی کردەوەکانتان ئەدرێتەوە.
(٢٩) ئەمە کتێبی ئێمەیە، کە بەڕاستی و بەزەرەدی ئێوە دەدوێ. ھەرچی کردەوەی ئێوەش بوو، ئێمە ھەموومان دەنوسین.
(٣٠) سا ئەوانەی بەباوەڕ و ئاکارچاک بوون، پەروەرێنیان دەیانخاتە بەربەزەیی؛ کە ئەمە بەختەوەریەکی زۆرگرینگە.
(٣١) بەڵام خودانەناسەکان [پێیان ئەوترێ: ] ئاخۆ نیشانەکانی منتان بۆنەدەخوێنرایەوە کە خۆتان بەزل دەزانی و کۆمەڵێکی تاوانباربون؟
(٣٢) ھەرگاش وترا، کە بەڵێنی خودا ڕاستەو سەڵاڕابون ھیچ گومانی تێدا نییە، ئێوە وتتان: ھەرنازانین قیامەت چییە؟ لامان خەیاڵێکی خاوەو دڵمان قنیاتی پێ نایە.
(٣٣) ھەرکارێکی خراپیان لەدەس ھاتبو، ئاشکرا نیشانیان درا. ئەوشتانەش حەنەکی خۆیان پێدەکرد، دەوری لێدان.
(٣٤) پێیان وترا: وا ئەمڕۆ لە بیرتان دەکەین؛ ھەروەک ئێوە توش ھاتنی ئەمڕۆتان نەدەھاتەبیر. جێتان لەناوئاگردایە؛ ھیچ کەسیش یاریتان ناکا.
(٣٥) چونکە ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان کردبوە جێ گەمەی خۆتان. ژینی دنیا ئێوەی ھەڵخەڵەتاندبو. ئیتر ئەمڕۆ لەئاگر دەریان ناخەن و ڕێگە نییە داوای لێ بوردنیش بکەن.
(٣٦) سا سوپاس ھەر بۆ خودایە؛ ڕاھێنەری عاسمانەکان و زەمین و ھەموو خەڵکی جیھانیشە.
(٣٧) لە ئاسمانان و زەمینیش، شکۆو گەوڕەیی بۆئەوەو ھەرخۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

پەراوێز edit