ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی خەڵکینە لە پەروەرندەو بترسن، بوومەلەرزەی ڕۆژی سەڵا ڕووداوێکی زۆر گرینگە.
(٢) ڕۆژێ چاوتان پێ دەکەوێ، گ شیردەرێک شیرەخۆرەی لە بیر دەچێ و ھەرچی تۆلی لە زگدایە بەرداوێژێ. وادەزانن ھەموو ئەو خەڵکە سەرخۆشن؛ خۆ مەستیش نین، بەڵام ئازار لە خوداوە زۆر دژوارە.
(٣) ھێندێ کەس ھەن، بە بێ ئەوە ھیچ تێگەیبن کێشەی لەمەڕ خوا دەکەون و دەکەونە دووی ھەموو شەیتانێکی بەدفەڕ.
(٤) بۆ شەیتان بڕیار دراوە و بۆی نووسراوە، کە ھەر کەس ببێتە دۆستی، دیارە ئەو لە ڕێ لای دەدا و بەرەو ئازاری ئاگری بەڕێ دەکا.
(٥) ئەی خەڵکینە! ئەگەر لە زیندووبونەوە بەگومانن، سا بزانن ئێمە ئێوەمان دروس کرد، ھەوەڵ لە ئاخ، پاشان لە تنۆکەیەک و پاشان لە جەڵتەخوێنێک و پاشان لە پلە گۆشتێکی بیچم پێدراو، یان پێ نەدراو، تا پێتانی بسەلمێنن. چیمان بوێ تا ماوەیەک دەخەینە ناو پزدانەوە و پاشان بە ساوایی دەوھێنینە دەرێ؛ ئەوسا [ماوەتان پێدەدەین] ھەتا دەگەنە توانایی. ھێندێ لە ئێوە دەمرن و ھێندێکتان دەخرێنە پیری و کەلەلایی، ھەتا ھەرچی دەیزانێ لە بیری بکا. ئەم زەمینەش دەبینی - بێ ھەست و خوستە - ھەرگا بارانمان لێ باراند، بە خۆدا دێ و گەشە دەکا و ھەموو جووتێکی دیمەن جوان، ڕووەک لە خۆیدا دەڕوێنێ.
(٦) ئەمە بەڵگەس کە بەڕاستی خودا ھەقە و ئەمیشە مریان زیندوو دەکاتەوە و ھەر ئەویشە لەسەر ھەر شتێ توانایە.
(٧) ڕۆژی قیامەتیش بێ گومان ھەر وەدی دێ و ھەر خودا خۆی ئەو کەسانەی لەگڵکۆدان - ھەموویان - دەردەخاتەوە.
(٨) لە ناو خەڵکا ھی واھەیە، لەمەڕ خودا کێشە دەکا، بێ ئەوەی چی لێ بزانێ؛ نە ھیچ شارەزایی ھەیە و نە کتێبێ کە بۆی ڕۆشن بکاتەوە.
(٩) بە فیز مل بەلاوە دەنێ، تا خەڵکی لە ڕێگەی خودا کلا بکا. لە دنیادا بەشی ھەر سووکایەتییە و ڕۆژی سەڵاش لە ئێمەوە ژانی سووتانێ دەچێژێ.
(١٠) ئەمە سزای ئاکار و کردارەکەتە؛ خوداش ھەرگیز ناھەقی لە عەبدان ناکا.
(١١) ھەر لەم خەڵکەدا ئی واھەن، بە دوودڵی خواپەرستە؛ ئەگەر چاکەیەکی تووش ھات، بەوە لە خوا دڵنیایە؛ ئەگەر بەڵاشی بەسەر دێ، بەرەو پاش دەگەڕێتەوە. دنیاش و قیامەتیشی چوو، دووسەرە زەرەر ئەمەیە.
(١٢) لەغەیرەز خوا، ھانا بۆ شتێ وا دەبا، کە نە زیانی لێ دەدا نە قازانجیشی پێ دەدا. ئەوەیە لە ڕێ ھەتڵە بوون.
(١٣) ھانا بۆ کەسێ وادەبا، زیانەکەی لە قازانجی نزیکترە. ئای چ یارێکی بەدکارە و چ ھاودەمێ نالەبارە.
(١٤) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. دیارە خودا ھەرچۆنێکی بوێ دەیکا.
(١٥) کێ پێی وایە کە خوا لە دنیا و قیامەتیش دەھانای [پێغەمبەر] نایە، با بە پەتێک خۆی ھەڵواسێ تا دەخنکێ؛ دەبا بزانێ بەم فێڵە ئۆخەی دڵی دێ؟
(١٦) بەو ئاوایەش ئەو قورئانەمان ناردە خوار، کە نیشانەگەلێکی ڕۆشن کەرەوەن. ھەر کەسێکیش خوا بیەوێ، شارەزای بەرەو خۆی دەکا.
(١٧) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئەوانەی بوونە جوولەکە و سوببی و مەسیحی و مەجووسی و ئەو کەسانەش شەریک بۆ خودا دەناسن، دیارە خودا ڕۆژی سەڵا بە کاری ھەمووان ڕادەگا. دیارە خودا لە ھەموو شت ئاگادارە.
(١٨) تۆ نابینی ئەو کەسانەی وا لە ناو عاسمانەکان و ئەوانەی لە زەمیندان و خۆر و ھەیڤ و ئەستێرەکان و کۆسار و درەختان و جانەوەر و زۆر لە مەردم سوژدە ھەر بۆ خودا دەبەن؟ زۆرێکیش ئازاریان بۆ بڕیاردراوە. خودا ھەرکێ تووشی سووکایەتی بکا، تازە کەس ڕێزی لێ نانێ. دیارە خودا ھەرچی ئارەزووی بێ دەیکا.
(١٩) ئەم دووانە لەسەر پەروەرندەی خۆیان کێشەیانە: ئەوانەی بوونە خوانەناس، کراسێکی ئاگریان بە بەژنی بڕا؛ ئاوی گەرمی داتوڵێنیان لەسەرڕا بەسەردا دەکرێ.
(٢٠) ھەر بەو ئاوە قژکوڵاوە، ھەناویان بە پێستیانەوە دادەبەڵۆخێ.
(٢١) بەر گورزی ئاسنیش دەدرێن.
(٢٢) تا گەرەکیان بێ لە مەینەت ڕزگار ببن، ھەس دەدرێنەوە بۆ ناوی: دەی ژانی ئاگر بچێژن!
(٢٣) ئەوەی باوەڕیان ھێناوە و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. خشڵیان بازنەی لە زێڕ و مروارییە و بەرگی بەریان ھەورەمیشە.
(٢٤) بەرەو وتاری پاکژ و بەرەو ڕێگەی خوداپەسند، ڕێگەیان دراوە.
(٢٥) ئەوانەی خودانەناسن و دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و ئەو «مسجدالحرام» ەی کە کردوومانەتە [پەرسگە] بۆ ھەموو خەڵک - چ نیشتەجێ و چ غەوارە - [تووشی سزای دژوار دەبن]. ھەر کەسێکیش لەوێ دەسدرێژی بکاو لە ڕێ لادا، ئازارێکی زۆر بەژانی پێ دەچێژین.
(٢٦) ئەوحانە کە ئیبڕاھیم مان لە جێ ئەم ماڵە ئەنوادا، کە: نەکەی کەس بکەی بە شەریکی من و ماڵی من خاوێن کەرەوە، بۆ دەورەدەر و وێستاو و کڕنۆشکەر و سوژدەبەران.
(٢٧) بانگەوازی خەڵک بکە بێنە زیارەت؛ با بە پیادەیی و بە سواری، تەنانەت لەسەر چارەوێی لە جەریشڕا، لە ڕێی دوور و درێژیشڕا، بە تۆ بگەن.
(٢٨) با بێنە بەھرە بردنێ بۆ خۆیان و لە چەند ڕۆژی دیاری کراو، لەسەر وڵساتێ پێی داون، یادی ناوی خودا بکەن. خۆتان لە گۆشتیان بخۆن و با ئەو کەسانەش لێی بخۆن کە تامەزرۆن و ھەژارن.
(٢٩) لە پاش ئەوە گەمار لە خۆ دوورخەنەوە و نەدرەکانیان پێک بێنن و با خول بخۆن بە دەوری ماڵی کەونارا.
(٣٠) ئا بەم جۆرە و ھەر کەس دەستووراتی خودا بەڕێز بگرێ، لە لای پەروەرندەیەوە بۆی چاترە. پاتاڵیشتان بۆ ڕەوایە؛ مەگین ئەوی کە پێتان ڕادەگەیەنرێ. لە گەماری بتەکان دوورەپەرێز بن؛ لە درۆش خۆبپارێزن.
(٣١) بە دڵی پاک بۆ خودا بن؛ شەریکی بۆ پەیدا مەکەن؛ ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا بناسێ، وەک ئەوەیە لە حەواوە ھەڵدێراوە و مەل تێی ڕۆبێن، یان بایەک ھەڵیداشتبێ بۆ شوێنێکی دووری چەپەک.
(٣٢) دیارە ھەر کەس ئەو پێودانەی خوا دایناوە ڕێز لێ بگرێ، نیشانەیە، کە بە دڵ لە خودا دەترسێ.
(٣٣) تا ماوەیێ ناودێر کراو بەھرەی وڵساتوو پێدەگا، ئەوسا جێی سەرژێ کردنیان لای ماڵە کەوناراکەیە.
(٣٤) بۆ ھەموو خاوەن ئاینان یاسای قوربانی کردنمان دیاری کرد؛ تاوەکوو لەسەر وڵساتێ کە بۆ ڕۆزی پێمان داون، ئەوان ناوی خودا بێنن. خوای ئێوە تاک و تەنیایە؛ خۆتان بدەنە دەست ئەم و مژدە بەو کەسانە بدە کە خۆیان بە کەم دەزانن.
(٣٥) ئەو کەسانەی ھەتا ناوی خودا دەبیەن، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و ھەرگا بەڵایان بەسەر دێ، خۆڕاگرن و نوێژ دەکەن و لەو ڕۆزی ئێمە پێن داون، لە ڕای خودای بەخت دەکەن.
(٣٦) بۆمان دانان، کە وشتری قوربانی لەوانەیە کە بەر یاسای خودا دەکەوێ؛ ئێوەش بەھرەیان لێ دەبەن. تا بە پێوەن، ناوی خوایان لەسەر بێنن. ھەرگا لەسەر تەنیشت کەوتن و سەرژێ کران، لێیان بخۆن؛ تامەزرۆی شەرمێونیش و پارسەکی لێ بێ بەش مەکەن. ئێمە ئەوانەن بۆ ئێوە دەستەمۆکرد، بەشکوو شوکرانەبژێر بن.
(٣٧) گۆشت و خوێنی ئەوانە بۆ خودا ناچێ؛ تەنیا ھەستی ترسوو لە خوایە بەو دەگا. ئەوانەی ئاوەھاینە بۆ ئێوە ڕام کرد؛ ھەتا باسی مەزنایەتی و سوپاسی خودای خۆ بکەن؛ کە ئەم ڕێگەی نیشان داون. مژدەش بە کارچاکان بدە.
(٣٨) خودا لەسەر ئەو کەسانە دەکاتەوە کە باوەڕیان پێ ھێناوە؛ چونکە خودا گش خەیانی پێ نەزانی ناخۆش دەوێن.
(٣٩) ئەو کەسانەی شەڕیان بەسەردا سەپاندوون، چونکە ناھەقییان لێکراوە، دەتوانن تۆڵەی خۆوەکەن. خوداش دەتوانێ سەریان خا.
(٤٠) ئەوانەی ھەر لە ناھەقی لە زێدی خۆیان دەرکران، گوناھیان ھەر ئەوەندە بوو کە دەیان وت: خودا پەروەرندەمانە. ئەگەر خودا ھێندێکانی بە ھێندێکان ڕاو نەنابا، دێر و کلیسا و کەنشت و مزگەوتەکان - کە لەواندا فرە ناوی خودا دەبرێ - وێران دەکران. خوا دەھانای ئەوانە دێ کە یاریدەی خودا دەدەن؛ دیاریشە خوا زۆر بەھێز و دەستەڵاتە.
(٤١) ئەوانەی وا ئەگەر لەم زەوینەدا دایانمەزرێنین، نمێژکەر و زەکات دەرن و فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری خراپ دەگرن. سەرئەنجامی ھەموو کاریش ھەر بۆ خوایە.
(٤٢) گەر ئەمانە ئەتۆ بە درۆزن دەزانن، پێش ئەمانەش ھۆزی نووح و عاد و سەموود، ھەر ئەمە پیشەیان بووە.
(٤٣) دیسان ھۆزی ئیبڕاھیم و ھۆزی لووتیش.
(٤٤) خەڵکی مەدیەنیش ھەروەھا. مووساش بە درۆزن زاندرا. ئەوسا تا ماوەیەک وازمان لەو خوانەناسانە ھێنا، پاشان غەزەبم لێ گرتن، بەڵام چۆن غەزەب گرتنێک!
(٤٥) ئای کە قڕمان دەچەند شاری ناھەقان خست؛ داریان بەسەر بەردا درا؛ دەوری چاڵاویان چۆڵ کرا؛ کۆشکی پتەویان تێک درا.
(٤٦) ئاخۆ ھێشتا بە زەویدا نەگەڕاون، تا ببنە خاوەن دڵان و گوێچکەگەلێ کە پێ تێبگەن و ببیسن؟ لە ڕاستیدا چاو کۆر نابن؛ ئەو دڵانە کوێر دەبن کە جێیان لە ناو سێنەکانە.
(٤٧) بۆ ئازارێت لێ بە پەلەن؛ خوداش ھەرگیز لە بەڵێنی پاشگەز نابێ. تاقە ڕۆژێک لە کن پەروەرندەت، بە قەد ھەزار ساڵە کە ئێوە حیسابی دەکەن.
(٤٨) بە زۆر شاران - کە ناھەق بوون - مۆڵەتم دا و لە پاشانا وەبەر تووڕەیی خۆم خستن.
(٤٩) بێژە: مەردم! ئەمن بۆ ئێوە تەنیا ھەر ترسێنەرێکی ئاشکرام.
(٥٠) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لێ خۆش بوون و بژیوێکی باشیان دەبێ.
(٥١) ئەو کەسانەش کۆششیان کرد کە نیشانەکانی ئێمە گەشە نەکەن، پێشیان وابوو کە دەتوانن دەستەڵاتمان لێ بستێنن، ئەوانە یاری دۆژەھن.
(٥٢) لە پێش تۆشدا ئێمە ھەرچەند پێغەمبەر و ڕاسپاردەمان ناردووە و لە نیشانەکانی ئێمەی بە مەردم ڕاگەیاندووە - ئیللان و بیللان - شەیتان [بە ھەلی زانیوە و لە خۆیەوە] شتێکی دەپاڵ ئاخنیوە. ئەوسا خودا فەند و فێڵەکەی شەیتانی پووچ کردەوە و؛ لە دوا جاردا نیشانەکانی خۆی پتەو کردۆتەوە. خودا زانای لەکارزانە.
(٥٣) ھەتا وەبکا ئەوەی شەیتان ھاویشتوویەتە ناویەوە، ببتە مێمڵ بۆ ئەوانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە و دڵیان ڕەقە. ناھەقان بۆ دژایەتی زۆر چوونەپێش.
(٥٤) تا زاناکانیش بزانن، ئەمە ڕاستە [و] لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ ئیتر بڕوای پێ بکەن و دڵیشیان پێ دابمەزرێ. ھەرکێ باوەڕیان پێی ھەیە، بێ سۆ خودا شارەزای ڕاستەڕێی کردوون.
(٥٥) ئەوانەی خودانەناسن ھەتا ئێستاش لێ دوودڵن، تا - گوز و گوممەت - سەڵایان لێ ڕادەبێ؛ یان بە ڕۆژێکی ھومێدبڕ دەکەونە ناو ئازارەوە.
(٥٦) ئەوێ ڕۆژێ ھەر خودا فەرمانڕەوایە و بە کاری گشتان ڕادەگا. ئەوسا ئەوی خاوەن بڕوا و ئاکارچاک بوون، لە باغاتی پڕ خێروبێر دادەمەزرێن.
(٥٧) ئەوانەی خوانەناس بوون و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، بەشیان جەزرەبەدانێکی ئاوڕووبەرە.
(٥٨) ئەو کەسانەش لە ڕای خودا ئاوارە بوون، پاشان کوژراون یان مردوون، خودێ ڕۆزیکە گەلەک ڕند دەداتە وان. دیارە خودا دڵاواتر لە ھەموو ڕۆزی دەرێکە.
(٥٩) ھەر دەیانباتە ئەو شوێنەی کە خۆیان حەزی لێ کەن. خودا زانای لە سەرخۆیە.
(٦٠) ئەگەر ناھەقی لێکراوێک بۆ تۆڵەی خۆی دەس ببزێوێ و دیسان ناھەقی لێ بکرێ، بێ گومانە خودا کۆمەکی پێدەکا. خوا لێبوردە و گونا بەخشە.
(٦١) چونکە خودا شەو دەڕۆژێ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەخاتە ناو شەوێ و ھەر خۆی ئەبینێ و ئەژنەوێ.
(٦٢) چونکوو ھەر خودایە ڕاستە و، ھەر شتێکی بەدەر لەو ھانای بۆ دەبەن، لە پڕوپووچ بەدەر نییە و باڵادەستی ھەرە مەزن ھەر خودایە.
(٦٣) ئەی نەت دیوە خوا بارانی لەو حەوایەوە باراند و زەوی پێ کەسک ھەڵگێڕا؟ دیارە خودا لە ھەموو وردەکارییەک ئاگادارە.
(٦٤) ھەرچی لەو عاسمانانەیە و ھەرچی لە زەمیندا ھەیە، ماڵی ئەوە و خودا بۆ خۆی بێ نیازە و ھەر دەبێ تاریفی بکرێ.
(٦٥) ئەی نەت دیوە، ھەرچی لە زەمیندا ھەیە بۆ ئێوەی کەوی کردووە و گەمیەش ھەر بە فەرمانی ئەو [لە دوڕ] دەریادا ڕەوانە و، ئەم عاسمانەی ڕاگرتووە کە بەسەر عەرزا نەکەوێ، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ؟ بێ سۆ خودا بۆ ئەم خەڵکە، زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە.
(٦٦) ھەر ئەویشە ژی پێدان و لە پاشان دەتانمرێنێ، پاشان ژیو پێدەداتەوە. ڕاستی مرۆ ناسپاسە.
(٦٧) ھەر کۆمەڵێک ڕێوشوێنێکمان بۆ داناوە، کە ھەر بەو پێودانە بڕوا. سا نابێ لەسەر ئەم کارە ئەوان کێشەت دەگەڵ بکەن. تۆ ھەر بەرەو پەروەرندەت گازی بکە و سوور بزانە کە تۆ لەسەر ڕێگەی ڕاستی.
(٦٨) ئەگەر کێشەشیان پێکردی، بێژە: خودا ئاگادارترە لەو کارەی ئێوە دەیکەن.
(٦٩) خودا لە ڕۆژی قیامەتا، ئەو شتانەو بۆ یەکاڵا دەکاتەوە کە لەسەریان کێشەتان بوو.
(٧٠) مەرتۆ نەت زانیوە ھەرچی لە ئاسمان و زەویدایە خوا دەیزانێ؟ ئەمە گش لە دەفتەردایە و ئەم کارە بۆ خوا ھاسانە.
(٧١) شتی وەھای غەیرەز خودا دەپەرستن کە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەناردۆتەخوارەوە و، خۆشیان ھیچی لێ نازانن و ناھەقانیش ھیچ یاریدەدەریان نییە.
(٧٢) کاتێ نیشانە ئاشکراکانی مەشیان بە سەردا دەخوێنرێتەوە، لە چڕوچاوی خودانەناسەکاندا، نیشانەی حاشا دەبینی و لەوانەیە ھێرش بەرنە سەر ئەوانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە سەردا دەخوێننەوە. بێژە: ئاخۆ پێتان بێژم کەچی لەمە خراترە؟ ئەو ئاورەی کە خوا بەڵێنی داوە بە بێ باوەڕان؛ پەک لەو ئاکامە خراوە!
(٧٣) ھۆ خەڵکنۆ! مەسەلێک ھێنراوەتەوە گوێ بۆ بگرن: لە خوابەدەر، ئەوانەی ھانای پێ دەبەن، ئەگەر ھەموویان وەکۆ بن، ناتانن مێشێ ساز بدەن. ئەگەر مێشیش شتێکیان لێ بقاپێنێ، ناتوانن لێی بستێننەوە. داواکار و داواکراو چەند زەبوونن.
(٧٤) خوایان - وەک ھێژای ناسین بێ - نەناسیوە. خودا یەکجار تواناو بەدەستەڵاتە.
(٧٥) خودا لە ناو فرشتەکان پەیام نێری ھەڵدەبژێرێ و لە نێو مرۆشدا ھەروەتر. خودا بیسەر و بینایە.
(٧٦) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و ھەموو کاریش ھەر دەچنەوە بەردەستی خوا.
(٧٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەروەرندەو بپەرستن، کڕنۆش و سوژدەی بۆ بەرن، چاکەش بکەن؛ لەوانەیە ڕزگار ببن.
(٧٨) بە دڵ و داو - وەک پێویستە - لە ڕای خودا بچنە خەزا. ئەو ھەر خۆی ئێوەی ھەڵبژارد؛ لەم دینەشدا تووشی زەحمەتی نەکردوون؛ ھەر ئاینی ئیبڕاھیمی باوەتانە؛ لە پێشدا و لەم قورئانەشدا، ھەر ئەو ناوی نان موسوڵمان؛ تا پێغەمبەر بە شایەت بێ لەسەر ئێوە و ئێوەش شایەت بن لەسەر خەڵک. سا نوێژ کەن و زەکات دەن و پشتوو ھەر بە خودا ببەستن؛ ئای چەن گەورە و یاریدەرێکی ھێژایە.

پەراوێز edit