هەوەڵ مانگی دەسکردی سۆڤیات هەڵدرا، زۆر کەس لە نووسەران پێیان هەڵگوت، منیش ئەم سکاڵایەم لەگەڵ کردووە:
مانگە چکۆڵەی سۆڤیاتی مەزن
جێ بێڵە هەرچی تیژ و خۆش بەزن
وەک ناوی سۆڤێت بگەرە بەرزی
وەک کمۆنیزم دەورە دە عەرزی
بگەڕێ بفڕە سەیری جیهان کە
فرمێسکان بسڕە دەردان دەرمان کە
با لێقەوماوان ناوت بپرسن
خوێنمژی گەلان با لێت بترسن
ڕۆژێک ڕاببرە بە لیتڵ ڕۆکا
با زەنگیخۆران بێن بەسەر چۆکا
بادەوە بۆ سەر جەزایر، عومان
با بۆ سەرکەوتن نەمێنن گومان
هێندێ دڵداریی ئافریقا دەوە
با بزانن ڕۆژ دێ و کورتە ئەو شەوە
پێک پێکێ لەسەر خوارووی جزیرە
چیدی نەترسن لە شێرەپیرە
دەستم دامێنت ئەی مانگی ڕووناک
وا سوێندت ئەدەم بە باوەڕی پاک
لەپێش ئەوەدا بچیەوە مەسکەو
ئەگەر هیچ نەبێ شەوێک نیوەشەو
سەرێک هەڵێنە لە کوردستانم
تێ بگە چۆنە ماڵی وێرانم
کانگای نەوتانم جێی زێڕ و زێوم
بەهەشتی دنیا، پێدەشت و کێوم
وا داگیرکەران دەمیان تێ ناوە
هەر کوردە ماوە و بەشی خوراوە
ببینە چیام بوونە بنکەی شەڕ
مام سام لەوێوە پێتان دەکا گەڕ
ئەی مانگی سۆڤێت بۆخۆت دەزانی
جیران هەقی هەس لەسەر جیرانی
شەرمە بۆ ئێوە هێندە گەلی کورد
چەکمەی ئیستیعمار دەیانهاڕێ ورد
ناتوانێ بدوێ کورد بە زمانی خۆی
هومێدی تەنیا گەلی تۆیە و تۆی
ئێوە یاریدەی دووردەستان دەکەن
چۆن دەبێ سەیری کوردستان نەکەن؟
پێشوو دەیانگوت: دوعای عومەری
کوردی خستۆتە ناو کوێرەوەری
ئێستا بۆ دوعای داڵاس گیرایە
ئەم زۆرە تاکەی لاتان ڕەوایە!
بڵێ بە سۆڤیات کورد هاوار دەکەن
یارییەکیان بکەن خۆ ڕزگار دەکەن