ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
٢٥. چەپکە گوڵێک
لە بەغداوە بە قاهیرەدا بۆ مۆسکۆ دەچووم، کوردەکانی بەشی کوردی ڕادیۆ قاهیرە هەلیان بۆ هەڵخستم کە وتار و شیعر لەسەر ڕادیۆ بخوێنمەوە، منیش ئەم شێعرەم کە هەر بە هۆی هاتنەوەی بارزانی نووسیوە لە ڕادیۆ قاهیرەوە خوێندمەوە:
پەری هومێدی گەلی کورد
ئەم ڕۆژانە بە دەستوبرد
لێوبەکەن، بزە لە چاوا
لەپێش گزنگی هەتاوا
لەگەڵ کزەبای بەیانا
دەگەڕا بە کوردستانا
لە هەرلا گوڵچنیی دەکرد
دیاری بوو، بۆ دیاری دەبرد
***
لە بۆتان گوڵێکی هەڵکەند
دوو لە ئاوباریک و دەربەند
چڵێک لە دەرسیمی سەرشین
یەک لە مهابادی خوێنین
لە قەرقامیش، لە چیای ساسۆن
چنی گوڵی سووری بەبۆن
سووری بەڕەنگی خوێنی دڵ
بەستی بە ئاوات چەپکەگوڵ
هێنای پێشوازی بارزانی
دەسبەتاڵی بە عار زانی
هەر گوڵ بەدەم هاوار دەکا
باسی دار و زۆردار دەکا
کزن لە ژیانی ژێردەستی
داخ لە دڵن لە پێپەستی
پێمان دەڵێن بە زمانی حاڵ:
کوردە با بەس بێ ژیانی تاڵ
زۆر شەرمە ئەو ژینە حیزە
کوڵی و سەرڕێژی کرد دیزە
گانا و گینیا ڕزگارن
کوردی مە هێشتا ژێربارن
ژێرچەپۆکەی شا و بەیارن
هێشتا بۆ یەکتر نەیارن
ئازا نین، باشە بیزانن
بەردەستی حیزی حیزانن
ئەگەر ئێوە ئازا و کوڕن
بزگوڕێک لەمە دادڕن
خوێنمان ڕژا لەڕێی گەلا
میر و ئاغا و شێخ و مەلا
لاشمان هەر بۆیە کەوتە گۆڕ
نەماندەویست بژین سەرشۆڕ
لە گیانی بەزۆر بردوومان
لە ڕەگی دڵی زیندوومان
گوڵی سووری لە ڕەنگی خوێن
ڕووا. تا لەگەڵتان بدوێن
لێی هەڵمژن بۆنی خوێنێ
دنەو دا و بتانبزوێنێ
ئەوەی ئێمە لەڕێی مردووین
لە مێژوو نەمری کردووین
دەیسپێرین بە دەست ئێوە
ناشێ پاڵ کەون لەجێوە
مەژین بە تەنبەڵی و خەون
یان سەردانێن یان سەرکەون
ئێوەش شوێنی مە ڕەچاوکەن
نیشتمان بە خوێن پاراو کەن
کێ لەڕێی گەل بچتە خاکا
بەختەوەرە و زیان ناکا
بۆخۆو هەقی خۆ نەستێنن
هەتا هەتا دادەمێنن
ببیسن پەندێکی پیران
«بێ شێون بە هیوای جیران»
کورد ژێرچەپۆکە و هەژارن
بریندارن، لەبن بارن
دەربەدەرن، چۆن دەربەرن!
ئازا دەفریایان وەرن
دەردی ئێمەو بێتەوە بیر
بیخەنە کار قەڵەم و شیر
ئەگەر لە دەستو دەرچێ هەل
دەکەونە بەر جنێوی گەل
جنێوی گەل زۆر چەتوونە
ناچنە ژێریەوە لێن ڕوونە
ببزوون کوردستان ئازاد کەن
هێزی داگیرکەر بەرباد کەن
شین بکەن داری ڕزگاری
بیگۆڕن باری هەژاری
١٩٥٨/١١/١٤ - قاهیرە

پەراوێز edit