ڕاسپاردەیەکی ڕادیۆی مۆسکۆ لە سناتۆری «گیرتسن» هاتە لام، داوای لێ کردم کە بەهۆی جێژنی یەکەمی مایۆ وەڵامێک بۆ گەلی عێراق بنێرم، منیش لەگەڵ پێشەکییەکی کورتا ئەم شێعرانەم بە دەنگی خۆم تەسجیل کرد و شەوی ١٩٥٩/٥/١ سەعات ٣٠: ٩ لە ڕادیۆ مۆسکۆڕا بڵاو کرایەوە:
لە مۆسکۆ مەکۆی ڕزگاران
لەناو جەرگەی دۆست و یاران
لە پەنا کۆشکی کرملین
لەکن گۆڕی پاکی لێنین
لە بەرانبەر ئەستێرەی سوور
جێ هومێدی نزیک و دوور
لە مەیدانی سووری شارا
لە ڕۆژی جێژنی ئەیارا
گوڕەی ملیۆنها کارگەر
کە کردەیان هاتۆتە بەر
بەرەو عێراقی ئازا و گورد
بۆ کۆماری عەرەب و کورد
بەڕێ دەکەین پیرۆزبایی
پەیمان بەستنی برایی
شاباشی چەمی ڤۆڵگا و دۆن
پێشکەش بە زەڵم و تانجەڕۆن
پیرۆزبایی نیڤا و سەیحوون
بۆ فورات و دەجلەی دڵڕوون
کرێکاری عەرەب و کورد
ئازاد بژین دوژمنو مرد
بەرەو پێش ببزوون بەرەو پێش
لە کەس نەوبێ ترس و ئەندێش
کێ لەگەڵتان بە گێچەڵە
بە دەست و پێ کەوتە تەڵە
بزانن ئێوە نە تەنیان
دۆستی ئازادیخوای دنیان
دەستمان لە دەستی یەکدایە
مەڵێن دوورە ئەو مەودایە
محەببەت دووریی بۆ نییە
فەرقی بەغدا و مۆسکۆ چییە!