ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
١٠. سەلام ئازاد بوون
بەهۆی شەڕی کۆریاوە ساڵی ٥٢ لە بەغدا نووسیومە:
نەسیم گەر دەچیە ڕۆژهەڵاتی دوور
سەلامم بکە لە کۆریای سوور
ببینە لاشەی ژن و مناڵان
لە مەزرای دێراو بە خوێنی پاڵان
سەلام لە دێهات لە شاری وێران
کە هێلانە بوون بۆ بێچوەشێران
گوێ گرە لە ناڵەی بێ دایک و بابان
ژنی بێخاوەن پیاوی بێکابان
بسڕە فرمێسکی برسی و فەقیران
سەرێ بکێشە مەکۆی ئەسیران
کەوا گیان دەدەن بە نووکی نێزان
خێزانیان بێماڵ، ماڵیان بێخێزان
***
سەلام لە لاوی شیمالی دلێر
هەڵپە و نەعرەتەی وەکوو بەور و شێر
سەبا زانیوتە ناوی ئەو لاوە
تا دنیا و مێژوو مابێ هەرماوە؟
کاوە بە کوتکێ کردی «کوودەتا»
سەرەمارەکەی «زەهاکی» کوتا
لاوی کۆریاش بە کوتک و داسێ
زۆر جوانی زانی لە خوێنمژ ڕاسێ
ئەم لاوە پشتی زۆر کەری شکاند
قەڵای هەیبەتی ئامریکای ڕماند
ئەم لاوە بە خوێن نامەی ئازادی
نووسی و هەڵی کەند ڕیشەی بێدادی
هەنجنی سەری ماری ئیستیعمار
کوشتی هەرچی دای شەڕەف بە دۆلار
ڕووگەی ئیرتیجاع ئامریکای قەوی
لەڕاست ئەم لاوە چۆکی دا زەوی
خوێنە سەوزەکەی ئەنگلۆساکسۆن
ڕژتی بە گاڵۆن بە تۆن بە کامیۆن
ئاوری ئازادی دایە بەر مەنجەڵ
بۆ مافپارێزی کردی بە دووکەڵ
شازدە دەوڵەتی لە ناودا کوڵاند
ملیۆن سەروپێی بە نێزە کڕاند
لەناو ئەو دیزە نەسیم بڕوانە
زۆرتر، بەتامتر، سەری تورکانە
کەسێک شەڕەفی بە دۆلار فرۆشت
ئاخری لە داخان دەستی خۆی کرۆشت
***
سەلام کۆریا، سەلام بەیان ڕوون
سەلام ئازادی، سەلام ئازادبوون
ئەی لاوی کۆری بەرەو پێش ببزوو
پیاوچاکی دنیا دەگەڵ تۆن هەموو
سەلام ئەی هێزی سەلامی چینی
سەلام ئەی لاوی سوپای ڤێتمینی
سەلام ئەی مۆسکۆ قەڵای ئازادی
پەنای هەژاران سەرچاوەی شادی

پەراوێز edit