ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٥٩. وردەکارییەکی دەروێشانە
مەیگێڕ بدە پێم مەیێکی کۆنە
پێشم بڵێ ئەم جیهانە چۆنە
ئەم ڕایەڵ و پۆ و چنین و تەونە
پێت وا نەبێ هیچ و پووچ و خەونە
ژینمان لەبەرا سەرێکی بەرگە
لەدوایە نەمانە، گۆڕە، مەرگە
هەر مانێ کە دێتە بەر نەمانە
ڕیشەی دڵی خۆش لەسەر خەمانە
ئەستێرەو مانگ و ڕۆژ لە بەرزی
دەسمایەیی ژین و بوون لە عەرزی
هێندێکی گران و هێندێ سووکە
هێندێکی درشتە، هێندێ چووکە
دەزگایەکی جوانە ڕێکوپێکە
داخم کە نەمر نییە و سەرێکە
عاسمانی بە ڕۆشنی و زەوی شین
وەک ڕێکی دەخەن کەرەستە بۆ ژین
وەک مایەیی ژینی خۆش ئەمانن
دیسانە ئەون کە هۆی نەمانن
ئاگر وەکووژێ، هەوا هەوایە
گەر ئاو نەبێ تۆزی خۆڵ بەبایە
عاسمان کە گەڕۆکە ئاش دەگێڕێ
هەر لاش و سەری مرۆ دەهێڕێ
نێژراوی لەبن گڵا کە مردوون
تۆزاشی ئەوە کە وردی کردوون
هەر لاش و سەرن دەوێوە دەڕژن
هەر کەوتنە بەر بڵاو و پڕژن
ئەم جارە دەشێلدرێن، هەویرن
لای ئاگرە گشتی یەکدیگیرن
تووش بوونە بە دەردی داتوڵیوی
هەر مانەوەیە بە بۆگەنیوی
فەرموویە خودا: کە دەچنە ئاور
نەمر و نەژییە ژییانی گاور
ئەو گیانێ کە پاک و پاکسروشتن
خاوێن بە هەوێن و چاکڕەوشتن
جووتبەندە بەتایبەتی هەڵێنێ
ئەو دەنکە بەناووداو دەچێنێ
دەڕزێت و بڵاو دەبێ لەبن گڵ
لێی دەردەکەون پەل و گەڵا و چڵ
بەر دەگرێ هەزار ئەوەندی پێشوو
گێرەی دەکەن و دەبێ بە تێشوو
بێژینگە ژیان، جیهان وەکوو کەو
تل پێ دەدرێ لە گێژی گێژەو
بەرداشی خلێنە و ددانان
لیکی دەم و چەقچەقی زمانان
بانیژەیە لێو، زارە ئاشە
هەر چەرخ و خولێک و ورد و خاشە
ڕزگار بوو کە لەم گەڕ و گەزەش دا
دابەش دەکرێ بە هێزی لەشدا
گا، کێشەری ژوورێ ڕادەکێشێ
گا، گێرەیێ دیکوشێت و دێشێ
جارێکی لە قووتدەرێکی بەندە
جارێ بە هەڵێنەری بڵندە
تەندووری ورگ ئەوی دەپێژێ
هەرچی ختوخاڵە لێی دەڕێژێ
خاوێنی هەموو دەچێ بەرەو ژوور
پیسایی دەڕێژنە جێیەکی دوور
کێهەی گەلێ باشە با جیا بن
هەر نابێ ئەویش لەگەڵ یەکا بن
دابەشکەری سارد و گەرمی ناو لەش
چی بۆچی دەبێ لەوێ دەدا بەش
ڕەنگڕێژی لەشان بەمانە چەند جوور
هەندامێ وەڕەنگ دەخا دەر و ژوور
دڵ شووشەیە، جەرگە بۆتە پاڵوێن
ڕوون بێتەوە خەستەبادەیی خوێن
هیچ پووش و پەڵاشی تێ نەچووبێ
نابێ بەگرێ و گلووگلوو بێ
هێشتا دەیەوێ هەتا دەگاتێ
بتکێتەوە تاوێ بوکڵی کاتێ
جارێکی بڵق بدا لە ئاوا
جارێ بهەژێنرێ لەناوا
هێزی لە گییان دەبێ بسێنێ
تا گیان هەیە وا ئەویش دەمێنێ
بێدەنگە هەتا لە ماڵی لەشدا
ئاواتی نەهاتە جێ لەمەشدا
گەر بەو لەشەوە خرایە بن گڵ
دووبارە بە شینی دێتە سەر چڵ
بارانی بەزەی خودا ببارێ
ئەو سەوزە دەبێ بە شەنگەدارێ
پەلک و گوڵی لێ دەبن بە سەرپۆش
بەر دەگرێ بە میوەیی تەڕ و خۆش
ئەو میوە کە باش بگا لە پاشا
بۆ دیاری دەچێتە ماڵی پاشا
گەر بیچنێ دەستی پاکی، پاکێ
دووری خەنەوە لە تۆز و خاکێ
جێ بدرێ لە بارەگا دروستە
میوێکی بەناز و خۆشەویستە
ئەم جۆرە بەنرخن و نەیابن
کەم هەڵدەکەون شتێکی وا بن
چی کاڵە لەبەر هەوا دەمێنێ
پێویستە کە گەرمی بیگەیێنێ
باشتر دەگەهن هەیا پتر مان
چاوێری کرین لە مێش و کرمان
پەروەردە کرێن بە تیشکی دینی
وێیانکەوێ تاوی خۆنەبینی
ئەوسا ئەوی زۆر پوخت گەیشتن
وا دادەوەرن ئەگەر درشتن
تا دانەکەون لە پۆپی بەرزی
تا دانەنەوێنە ڕێکی عەرزی
تا دانەتەکێن لە فیز و مینگە
ڕێیان نییە بچنە سەر گوشینگە
زۆر پان و فڵچ دەبن لەڕێدا
دەفلیقنەوە لە ژێری پێدا
ڕێک لێکی دەدەن سەروبەر و ناو
خوێناوی دڵان دەبێتە خۆشاو
ئەو میوە ئەگەر ڕەگێکی کاڵە
خۆشاوە کە، تفتە، ترشە، تاڵە
نیشان دەدرێ بە پیری مەیخۆر
پێویستە کە خۆی بدا هەل و نۆر
ئەمجار دەکرێتە ناو بەرۆشێ
گەرمایی دەوێ هەتا دەجۆشێ
تیشکی بەزەیی خودای بگاتێ
تینی لە شکۆهی خۆی بداتێ
پوختایی بەسەر یەکا بتاوێ
ماک و ڕەگەزی لەناو دەراوێ
ئەو تینە گەلێک بەهێز و توند بێ
بوکڵێنرێ هەڵمی لێ بڵند بێ
ئەو هەڵمە ببێ لە چڵکنی دوور
بێ تۆز و هەوا بچێ بەرەو ژوور
لەو ژوورە پلێکە ناوی ڕووت بوون
دەتکێنێ لەوێ دڵۆپی دڵڕوون
گەر ماک و ڕەگەز هەموو توواوە
بەو بۆنە بەشی لە بۆن بڕاوە
جێی دەشتی نەبوونی دڵگوشایە
نامێنێ لەوێش هەتاهەتایە
دیسانەوە جێی لە دەفری تەنگە
ئەمجارە لەوێ نە بۆ نە ڕەنگە
ئەو مەی کە بە ڕەنگی سوور و ئاڵە
ڕەنگێکی دەداتە ناو پیاڵە
ئەو هێشتە نە گەیوەتە گەیشتن
ڕزگار نەبووە لە ترسی ڕشتن
تا بۆنی لە بۆن و مانی مابێ
بۆ کۆڕی خودا نموودی نابێ
تا ڕەنگی هەیە نەبۆتە بادە
چەوسانی بە هیچە ڕەنج بە بادە
مانت گەرەکە؟ بەری نەمانە
ماو ئەو کەسەیە لە خۆی نەبانە
تا ماوە لە بەندەدا وشەی من
بێ دۆستە لە خۆی دەبێ بە دوژمن
دڵداری دەگاتە بارەگای یار
دەرچووبێ لەوەندە قۆرتی دژوار
ئەم ڕێگەیە سەختە بۆ مە نابێ
ڕێبەر لە بەرێ مەگین خودا بێ
ئەی خوایە دەزانی ئێمە کوێرین!
تۆ بەرزیی و ئێمە چاو لە ژێرین
دەریای بەزەییت دەدا شەپۆلان
سەرگەرمی مەلەم لە کوێرەگۆلان
چاوساغی بەزەییەکەت بنێرە
تاریکەشەوم چرا بدێرە
تەم با بڕەوێ لەسەر دڵی ژار
بینام کەرەوە بە شەوقی دیدار
ناسینێ کە بۆ مە بۆتە یاسا
هەر دوودڵییە و گومان و لاسا
دڵمان بخەدەر لە بەدگومانی
شانمان دە ئەوینی ڕاستەقانی
باوەڕ هەیە لام و تۆش دەناسم
لەو پێوە کەساس و گێژ و کاسم
زۆر دڵ بەنیازی بارەگاتم
چبکەم نە بە خۆمە دەستەڵاتم
گرتووتم و خۆت کلیل بە دەستی
ڕێگەم بدە بێمە تۆ پەرستی
ئەم ژین و نەمانە لەم جیهانە
هەر چەندی کە ئاشکرا و نیهانە
تاپۆیە لە تۆ بەتانوپۆیە
تاریکی و ڕۆشنی لە تۆیە
چاوت نە لە کاری چاکە یان چەوت
بەخشین بە بەهانەیە و بە ڕێکەوت
زۆر نوێژکەری پاکی ڕێی خوداگر
ڕووبینیەکی کرد و کەوتە ئاگر
زۆری بەگوناه لە کاتی مەرگا
دەیبەخشیی و ڕێی دەدەی لە دەرگا
گەر بەختەوەر و کە ڕەنجەڕۆیە
سەرڕشتە هەمووی بەدەستی تۆیە
هەر ڕۆژی بەرێ هەڵتبژاردن
چی بۆچی دەبوو بەوت سپاردن
پاڵ پێوەنەریشی و لەمپەریشی
گومڕاکەر و ڕێ نیشاندەریشی
سەرپشکییەکەت کە داوە پێمان
ئەو نەوسی چنۆک ڕفاندی لێمان
ماوین و بەزەی خودا ببێ یار
هەر هێندەیە چارە بۆ گوناهکار
بڕوای بە خودا ببێ و بەسی بێ
هەرچەندە فرەش کەمایەسی بێ
با بیشی پەرستێ لێی بترسێ
ڕێوشوێنی لە پیاوی ژیر بپرسێ
ئەو ڕێی کە دوێژنە ئێمە بگرین
خۆمان نەگرین هەیا کە دەمرین
چاومان لە بەزەی خودا بدوورین
ئەومان بێ لە ئاگرێ بەدوورین

پەراوێز edit