ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤٨. میر لەبەریان دادەنوێنێ
ڕاسپاردە گەیاندی ڕاسپێری
جێیەک نەبوو بەکری لێ وەشێری
بۆ کەوڵێ دەبینێ ڕاوی ڕێوی
چاڵێکی دەکۆڵی کەوتە نێوی
داخوازی ژیانی شیری ڕووتە
چاری نەبوو کەوتە کلکەسووتە
میرم: وتی شل بچۆرە پێشێ
نابێ دڵی ئەم کوڕانە بێشێ
زۆر حەستەمە بێنە بەرهەڵستت
نەرمی کە نەکەی دەچم لە دەستت
فەرموو کە لەڕێی دوو چاوی تاژدین
بەخشیم مەم و بێتە هاوسەری زین
ئەم ئاگرە دامرێنە جارێ
تا چاری دەکەین هەلێک بە بارێ
کینەت نە هەمیشە ئاشکرا کە
ئاڵۆزی بە هێمنی ڕەها کە
دوژمن کە لە تۆ پتر بەهێزە
جێ مەرگی لە باوەش و هەمێزە
پێی ناوێ کە بەرگی جەنگ بپۆشی
ژەهریان لە گەروو بکە بە خۆشی
دوو پیاڵە دەبێ هەبن لەکن میر
یەک شیر و یەکێ ژەهر دەگەڵ شیر
یەک خۆشی لە دۆستان پەیا کات
یەک ژینێ لە دوژمنان جیا کات
یەک فێنکی بدا بەتوێی لەش و دڵ
یەک زیندوو بەرێ بکاتە بن گڵ
پێک نایە چ شت بە توند و گەرمی
وەستایی دەوێ و دەهۆ بە نەرمی
سووڕی شەو و ڕۆژ لەنێو جیهاندا
بڕوانە خودا بە مەی نیشان دا
تاریکییە لایە لایە ڕوونە
دایناوە لەبەر مە بۆ نموونە
کارێکی بە ڕۆژ نەهاتە بەر چەنگ
پێک دێ لە شەوی ڕەشا بەبێ دەنگ
ئەو زۆڵی چرووکی دووزمانە
بۆ میری ئەوەندە ڕست، لەمانە
ڕێی بیری لە پێش بڕی بەجارێک
خونکاری لە بارێ بردە بارێک
هێنایەوە هێندە شێر و ڕێوی
ڕازاندێوە پیسدڵی و دزێوی
میر ببوە هەسانی ژێر زمانی
پێی داسوەوە ئەوەندی توانی
زوو باوەڕی کرد بە گفتی بەدفەڕ
گەڕناسی لەبیر چوو، کەوتە سەر گەڕ
فەرمووی بە سپاردە، بێژە تاژدین
من بۆ چمە بێئەوان سەر و ژین
ئەو مایەیە بۆ شکۆ و بەختم
لەوڕایە کە خێوی تاج و تەختم
ئەو هۆیە کە من بڵیندە ناوم
لێم ببڕێ منیش لە ژین بڕاوم
گەنجینەم و هەژدەهامە تاژدین
تاریکەشەوم، چرامە تاژدین
خۆی دانێ وەکوو برابەشی من
زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن
چی خواستووە من بەجێی نەهێنم؟ !
لێم زیز بووە، من سەیر دەمێنم!
هەرچی بە دڵ و دەمی ئەوا بێ
بڕیار بێ دەسەوبەجێ ڕەوا بێ
ڕاسپاردە گەڕاوە کن برایان
گێڕایەوە گفتی میر لەلایان
شێرانی بەکینە وا نەرم بوون
بۆ میر بە نزایە سەرگەرم بوون

پەراوێز edit