ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤. پێغەمبەر دەکاتە تکاکار
ئەی بۆنەیی بوونی دوو جیهانان
میوانی خودا لە عاسمانان
شابازی و پاتەخت مەدینە
شانازی بە تۆیە ئەم زەمینە
لە وزەی هەموو کەس بەدوورە کردەت
قامک دەنوێنی مانگ دەبێ لەت
ئامادە کراوە ئەسپی باڵدار
داخوازە بەدڵ کە تۆی ببی سوار
تیژتر لە برووسکەیەک بەڕەوتە
سەرداری فرشتە پێشجڵەوتە
نۆ بەرزی و هەرچی وا لەوێیە
پێشوازن و گشتی چاوەڕێیە
جێ بێڵە بڵندی عاسمانێ
نیزیکی خودا بە ژێ کەوانێ
بەو جێ کە دەچی کەسێ نەگەیوە
بێ پەردە دەگەڵ خودا بپەیوە
بخوازە، نیاز ڕەوا دەبن بۆت
بیدوێنە گەلێ لەمەڕ گەلی خۆت
دەسکاری ئەوین لە خاک و خۆڵین
گەر بەختەوەرین و گەر کڵۆڵین
نیازی ئەوە گەر هەبین و گەر بووین
ڕێمان کە نیشان نەدا لەدەست چووین
هێزی ئەوە هێز و پێزی پێداین
هەر خۆی لەبەرێوە ڕێزی لێناین
ئەو بەو پلەبەرزییەی گەیاندین
خۆی ڕازی گرینگی تێگەیاندین
دەیزانی زەبوون و ناتەواوین
ئەم ڕازە گرانە ناتوانین
بۆ کردەوەمان لە ڕۆژی پێشا
هەر خۆیەتی ڕێوشوێنی کێشا
دەسکردی ئەون بەدین و گاور
لای چەشنی یەکن بەهەشت و ئاور
هەرچەن بەڕواڵە لێک جیایە
هەریەک ڕەوشێکی وی تیایە
سووچمانە لە بەخشش و بەزەی ئەو
بێباوەڕی تاوی تووڕەیی ئەو
ئاورگ و بەهەشت لەمێژە چێ بوون
هەر شت بەری ئێمە جێبەجێ بوون
هەوری بەزەیی کە بێتە ڕێژن
بۆ یار و نەیار دەبێتە جێژن
گەر تووڕەیی بێتە ڕوو بە یەکدەم
گڕ دەگرێ بەهەشت وەکوو جەحەندەم
گەر گاور و گەر گوناهبارین
گشتمان لە بەزەی هومێدەوارین
دەریای بەزەیی دەبا بجۆشێ
چەوتی و هەڵەیی مە دابپۆشێ
تۆ شوانی و ئێمە پەز لە پەیتان
وەک گورگە ددانی چیڕە شەیتان
ڕێگەی مەدە کێس لە ئێمە بێنێ
هەر دەرفەتی بێ دەمانڕفێنێ
کارێ مەکە ئەو بە ئێمە خۆش بێ
گۆڕی ئەوە بێبەش و پەرۆش بێ
هەر خۆی بکرێتە دەستەچیلە
لەو ئاگری پڕ پەرەنگ و ژیلە
ڕزگاری ببێ بەرەی گوناهبار
بۆیان لە خودا ببە تکاکار

پەراوێز edit