ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٣٥. مەم سەرکۆنەی دڵی خۆی دەکات
جەنگێ بوو چەلێک دەگەڵ دڵی ژار
ئەی ناکەسی پێنەزانی لاسار
تۆ دڵمی دەگەڵ منا نەیاری
داتناگرێ شەرم و شەرمەزاری؟
بۆ کوێ چوو ئەوەندە سوێند و پەیمان
خۆت چووی و هەزار گوتەت لەپەی مان
هیچ بێ ئەمەگی نمەک وەکی تۆ
هەرگیز نەبووە و نییە تەکی تۆ
بێ گفتوبەڵێنی چەوتوچێڵی
بڕیار ئەوە بوو بەجێم نەهێڵی
دەتگوت کە دەگەڵ تۆ ڕاست و پاکم
ئازام و بە دوور لە ترس و باکم
ئەی بۆچی لەبەر ئەوین هەڵاتی؟
ئەی بۆچی دەرۆستی خەم نەهاتی؟
بۆ خۆشیی و شادییان هەواڵ بووم
نامناسی کە تووشی ڕۆژی تاڵ بووم
بڕوانە گیان چ مەرد و ڕەندە
بێ هێز و زەبوون و کز ئەوەندە
جێگیرە لە گرتووخانەکەی لەش
شاییم چ بە تۆ بێ ئەی دڵی ڕەش؟
تۆ چۆن دەبوو گیان بەجێ بهێڵی
گیانت نەبێ پارچەیەک لە سێڵی
زیندوویەتی تۆ لە پیتی گیانە
ڕووناکی زەوی لە عاسمانە
بێ مۆم و چرا چلۆن دەوێری
تاریکییە ڕێی نەزان و کوێری
بۆ یار دەچی؟ یار لەناو گیاندا
هانای بەرە بەر، کە پێت نیشان دا
تۆ ئاوێنەیێکی ڕوونوێنی
گیانت کە لەبەر نەبێ چ دێنی
لێی دوور مەکەوە دەسم بە دامان
هیچ ناکرێ پاشەڕۆژ بە دامان
هەر دەرچی لە ڕێگە نایە سەر ڕێ
چاری سەری خۆت کە، چاری دەبڕێ
پێ مەبڕە لە دەرکی ئەو بە هیچ جوور
تا باڵ نەشکاوە بفڕە بۆ ژوور
بۆ کوێ دەچی، چیتە؟ بۆچی ون بووی؟
یادت نییە تۆش بەشێک لە من بووی؟
خۆت ون مەکە تۆ نە گێژ و کاسی
خۆ ناس بکە تا خوداش بناسی
پێت وایە بەبێ مە چوویە لای گوڵ؟ !
گوڵ لای منە، تۆ گەیی بە پێکوڵ
بەژن و کەزییەک لە تۆ دیارە
ڕاکێشت ئەکاتە پای قەنارە
چی وێڵی لەشوێنی ئەو خەیاڵە
بۆ یار دەگەڕێیت و یار ماڵە
بڕوایی مەکە بە وردەخاڵان
ماڵت مەدە زەنگییان بەتاڵان
پەیوەند مەکە خۆت بە داوی بسکان
بەس بۆ دەم و لێو بدە هەنیسکان
زەرتووشت دەپەرستی ئەی بەڵاگر
نێزیکی بەسە دەکەویە ئاگر
چەشنی تۆ هەزار مەلی بریندار
شینگێڕی بکەن بە داد و هاوار
من چەشنی پەپوولە دەبمە قەقنەس
تێ ناگەیەنم لە ڕازی خۆم، کەس
ئەی دڵ دەتەوێ لە خۆشیا بی
تا وا بی هیوات نەبێ کە چا بی
پرسیم لە پزیشکی ژیر و چازان
بۆ تۆ! وتی: داخ و دەردە دەرمان
پارێزێ بکەی لە خێر و خۆشی
شیرین بڕژێنی تاڵ بنۆشی
چیت ئارەزووە زیانە بۆ تۆ
خەم چارەتە، ژان ژیانە بۆ تۆ
هێند دەردی دڵی لەکن دڵی گووت
بەو خاکەسەرە دڵی، دڵی سووت
وەک ئاگرێ بەر بدەیتە هەژگەڵ
دایگرتە چڕەچەمان و دووکەڵ
قورمی ڕەشی خستە ژێر مەڵاشوو
مێشک و سەری ئاخنی تەپ و دوو
ئاوێنەیی ڕوونی هۆش و ژیری
وا لێڵ بوو چ شت نەما لە بیری
وەک هەورەڕەشێکی سەربەخۆ بوو
هەوراز چوو، لە عاسمان وەکۆ بوو
خوێناوی هەناو و چاوی پڕ تەم
داباری بە ڕێژنەیەکی کەم کەم
تەرزەکوتی وردی جەرگ و سی هات
لەم شەستەڕەهێڵەدا لەهی هات
لافاوی لە دەردی دڵ هەڵستا
مەم پێی نەدەوەست و پێی نەوەستا
پێت وابوو کە دیجلە و فوراتن
جەیحوون چووە پاڵ و هەرسێ هاتن
هەرچەندە بە شینی ئەو ئەویندار
شین بوو لەدەم ئەم چەمە سپیندار
ئەو دەشتە ببوو بە باغ و گوڵزار
تا چاو بڕ ئەکا هەمووی گوڵ و دار
ئەو بولبولی هێندە ئارەزوومەند
بەندی لەشی لێ ببوو بە پێوەند
توولی ڕکە لێی وەراند پەڕ و باڵ
پۆشرابوو بە مووی سپی سیاچاڵ
باڵای وەکوو سەوڵی بۆ کەوانی
ئاوا ببوو مانگی ناوچەوانی
سەرکوڵمەیی سێوی زەردی بێبۆن
شوێن داخی لە ئاوی چاوی لێ بوون
وا ببووە شەڵاڵ لە ئاو و خوێنا
ئاوێنەیی ڕەنگی ژەنگی هێنا
چی تین و توان و هێز و بیر بوون
هەڵیان نەدەکرد و لێی زویر بوون
چل ڕۆژ و شەوان کەوت لەدەم چەم
زیندوو بوو بە دەم، بەڵام بەحاستەم

پەراوێز edit