ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٣١. زین ڕووی گفتوگۆی دەکاتە پەروانە
باڵداری هەژاری شۆخ و ڕەنگین
دڵداری بە دەرد و ئێش و خەمگین
ئەی سەروەری هۆزی سینەداغان
ڕێشاندەری مەرگی ڕاست و ساغان
مەردانە دەبەخشی گیان لەڕێی دڵ
هەر تۆی کە لە مردنێ نەکەی سڵ
لەو ڕێگەیە خێوی نێوی بەرزی
داخم کە دەچیتە بەر، دەلەرزی
ناوێستی گەلێک لەڕێی ئەوینێ
هەر کاڵی دەڕۆی لەڕووی زەمینێ
زۆر شەرمە پەلەی دەکەی ئەوەندە
لەرزینە کە تۆزێ ناپەسەندە
خۆ ڕانەگری لە کاتی تاڵی
مەرگت بوێ، پوختە نیت و کاڵی
دڵدار نەمرە لەڕووی زەمینێ
کەی سووتن و مردنێ دەبینێ
گەر پوختە ببن لەڕێی ئەوینێ
کاتێ دەمرن دەکەونە ژینێ
لەشیان کە نەما گیانی پاکن
بەم بۆنەوە بێ گومان و باکن
هەرچی کە دەدیت دڵی دەبزواند
دەتدی کە هەموو شتێکی دەدواند
تەنیا لە کەسانی پیس و ناڕاست
نێوانی دەگرت و خۆی دەپاراست
لە زمانشڕی دووڕوو، بەدگومان بوو
هاوڕازی هەمیشە بێ زمان بوو
سەرتابەپێ نوقمی گۆمی خەم بوو
ژینی هەموو بۆ خەیاڵی مەم بوو

پەراوێز edit