ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٢٥. پێکگەیشتنی زاوا و بووک
زاوا کە وەژوورکەوت لە پەردوو
بوە جێژنی بەڕاستی لە هەر دوو
بووک بۆ ئەم و ئەم بەرانبەری بووک
بۆ یەکدی چرا و پەپوولە هەر دووک
لەولاوە ستێ بە باوەشی واز
پێشوازی دەهات بە ناز و نیمناز
مافوورەیە زۆر لە لاقی دڵخواز
پرچی ڕەشی ڕادەخا لە ڕێباز
دوو چاوی کزی شەوانی دووری
گەش بوونە خەو بەجارێ بووری
پێشان وەکوو ڕێوشوێنی چەندساڵ
بۆ شیرنیی دەم بە مەی کرا تاڵ
قوم قوم مەیی قومقمۆکی بادە
دەیگوت کە بە بادە خەم بە بادە
هەر یەک بە پیاڵەیێکی سەرڕێژ
سەرخۆش و بە گەشکەبوون نە سەرگێژ
شەرمێونی داکەوت بە بادە
بەربوونە گیانی یەک دوو سادە
باوی گەشەکردنی دڵانە
بۆنکردنی خەرمەنی گوڵانە
مێلاقەیی کوڵم و لێوی تێراو
شەوبۆی سەر و بسک و نەرگسی چاو
سێوی چەنە، مەمکی زەردەلیمۆ
هەریەک یەکی بانگ دەکردە لای خۆ
ئی وا هەبوو تێکییان دەبەستن
هێندێکی دەگەستران بە گەستن
ماچ گەییە هەزار، بڵێی نە زۆرە
بۆ ماچ نە ژمارە ما نە نۆرە
دەیخستنە جێوە بێ گوڕ و هێز
دەستە و مل و هەڵگووشین لە ئامێز
دەتلانەوە یەک بەسەر یەکێدا
بازاڕی گەرم بوو ماچ لەوێدا
کوڵمی گوڵ و لێوی قەندی دڵبەند
تێکەڵ دەبوو دەمبەدەم گوڵ و قەند
وێککەوتن و لێو لە لێو خشاندن
دوو ئاگری دوو لەشی گەشاندن
چەسپان بەیەکا نەوەک پسووتن
خۆش ئێستەیە جووت و ڕووت و قووتن
پێچان بوو لەیەک وەکوو دوو لاولاو
جووت بوون و بەتاق دەهاتنە بەرچاو
وەک شیر و شەکر لەیەکدی هاڵان
دز ویستی کە گەنج بەرێ بەتاڵان
پۆلووی گەش و سوور بەجۆش و پڕتین
دامرکێ بە لوولەئاوی زێوین
کلچۆکی سپی و ستوور و سەرسوور
ڕێ تەنگ بوو بە گیڕە گەییە کلتوور
لەم تەنگییە کوێرەمار بە سەد ڕەنج
زۆری سمی تا گەیشتە سەر گەنج
دەردی دی هەتا گەییشتە ناوی
خەستاوی ڕژان لە تاقەچاوی
تیری بەگوڕی کوڕێکی کرمانج
بێ ڕێ هەڵەبوون، گەییشتە ئامانج
یەک خۆی دەچکا لە گەرمی ڕێگە
یەک خوێنی تکا لە تەنگی جێگە
جەنگێ بوو دژی تیا شکا بوو
لەو ناوە دڵۆپێ خوێن ڕژابوو
حەوڕۆژێ لە دەرهێنان، لە تێنان
بەولاوە، شتی وەبیر نەدێنان
نە پشوو، نە وچان، نە خواردن و خەو
چەسپین بوو بەیەک، کە ڕۆژ بوو گەر شەو
جارجارە بە هێمنی و لەسەرخۆ
دەبزووتەوە بەینی ناوک و ئەژنۆ
دەتگووت کە دوو زێڕگەری هونەروەر
لێکیان گرێداوە جووتێ گەوهەر
زاوا لە بەیانی ڕۆژی هەشتێ
ناچار چووە دەر لەناو بەهەشتێ
دیتی ئەوە مەم هەتا ئەوێستا
وێستاوە لە دەرکە شیر لە دەستا
پاسداری دەر و دەروونە هەر گا
گیانی لە دەسایە چاو لە دەرگا
مەم دیتی برای لە پەردە دەرهات
وا شاد بوو مەپرسە چی بەسەر هات
گەش بۆوە گرێی دڵی کراوە
پێی وابوو جیهانی پێ دراوە
یارت کە هەبێ دەبێ وەها بێ
گەر وا نەبێ، کەڵک و سوودی نابێ
یارێکی بەڕاستی گەر هەبێ پیاو
سەد خزمی بەدی دەنێ دەپێناو

پەراوێز edit