ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٢١. گەڕانەوەی تایەن بۆ لای چاومەستان
ئەو هەر دوو بەژن نەمامی وا شەنگ
دانیشتوو لە چەشنی خونچە دڵتەنگ
خاوی مەیی خەوپەڕێنی دوێنن
بە هومێدی مەیێکی خەمڕەوێنن
چاویان دەگەڕاند دییان لەناکاو
وا تایەنە دێ بە وردەهەنگاو
سەیری بوو کە پیرە هاتە ژوورێ
پوورەی بوو پەری لە دەوری پوورێ
پیرۆزە گەیشتە دیدەمەستان
ماچ گەییە هەزار لە لاق و دەستان
وتیان بڵێ ئەو فریشتە کامن
دوورن لە وزەی تۆ یا نە ڕامن
ئەو دوو پەرییەت لە تەپکە هاڵا؟
یان هاتییەوە بە دەستی واڵا!
ئەو تیری لە جەرگی ئێمە ڕاچوون
هاوێژەری وان دەزانی کێ بوون؟
سوێندم بە دوو چاوی مەستی ئێوە
وا دێم، وتی لای ئەوان لەڕێوە
چەندم بەزەیی بەوانەدا دێ
چوو کردووە بەژنوو بێ بەڵا بێ؟ !
هەر جارێ ستێ و زین دەبێژن
چاویان دوو پلووسکە خوێن دەڕێژن
تایەن دەبەروو مرێ کچانم
چەندساڵە ئەوێستە پێو دەزانم
ئەو جووتە کوڕەو چلۆن بژاردن
چۆنتان بە خودای ئەوین سپاردن
بەو خوایە کە کەس نییە لە ڕەنگی
ئەو جووتە لە باری شۆخ و شەنگی
سەرتۆپی کوڕانی ئەم جیهانەن
تای ئێوە ئەگەر بکەن، ئەوانەن
دوو سێوی بەهەشتی لەت کراون
دوو لەت ئەوەتا دوو ئەو دوو لاون
وای گرتنە بەر بە چاو و ڕاوان
هەر هێندە بوو شێت نەبوون لەتاوان
ئاوری دەگەیاندە نەوت و پووشوو
هەر خۆشی دەکرد و گڕ بڵیند بوو
دڵ توورە، ئەوین گڕێکە داگر
دڵ چەند تەڕە هێندە دەگرێ ئاگر
وەک تاقە لەش و ئەوین چرایە
گیان ڕۆنە پڵیت نە ئاشکرایە
گەر ڕۆن و پڵیتە گەر چرایە
بەسراوە هەمووی بە تاقە تایە
بەم ئاگرە گشتییان سەروبەر
سووتان و یەکێ دەری نەکرد سەر
گوتییان دەبێ ببیە چارەسازمان
کارێکی بکەی نەشێوێ نازمان
ئاودێریی و، ئێمە هێشتە کاڵین
تۆمان نەبێ، ئێمە لاڵ و پاڵین
تۆمان نەبێ وشک ئەبین و بێ بەر
هۆشمان نەدەیەی دەکەین خەزەڵوەر
تۆی بۆ مە بەڕاسی سەرپەرشتی
هەر تۆ کەس و کار و گشت لە گشتی
نەتوت وەکوو دوو پەپوولە ئەو لاو
بۆ مەن پڕووکاو و هەڵپڕووزاو؟ !
دەیسا دەبێ چەندە چاوەڕوان بن
زوو نەچییەوە زۆر نزیکە شێت بن
هەر ڕاکە بەلەز بڵێ بە تاژدین
ئەوئەستی دەوێت و مەم زین!
مزگێنی لەوان بێ ئێمە سازین
ئاواتی مە شەو بەدڵ دەخوازین
بۆ وان دڵی ئێمە گەرم و نەرمە
درکانی گرانە، کچ بەشەرمە
ئەو پەردە لەڕووی کوڕان نەماوە
شەرمێونی دمبەگی دڕاوە
خوازبێنیکەران بنێرنە پێشێ
هیوا هەیە کەس پڕی نەکێشێ
تۆ خوا بڵێ بەو دوو لاوی دڵبەند
چەندیان هەیە دۆست و دەست و پێوەند
هەرچی کە دەڵێن نزای ڕەوایە
گشتی لە خودا بکەن تکایە
ئەم دوورییەمان لەناو وەلابات
پێکمان ببڕێ و بگەینە ئاوات

پەراوێز edit