ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٢. پەسنی خودا و پاڕانەوە
ئەی هێنەری هەرد و عاسمانان
ئەی دووری هەموو هەڵە و گومانان
بێ ڕۆڵە و داک و باب و کاکی
بی هاوبەش و تاک و پاک و چاکی
نیتن چ وەزیر و یاریکارێک
لات وەک یەکە پادشا و هەژارێک
هەر بووی و دەبیت و پایەداری
چوونت نییە تاهەتا لە کاری
تۆ نەچیە زمانێ لاڵ و پاڵە
بیرت لە دڵا بێ مشتووماڵە
عاسمان و زەوی و مرۆ و فریشتە
هەرچی هەیە وردە یا درشتە
دارا و ڕەبەن و بەنێو و بێ نێو
دار و دەوەن و کەژ و بەژ و کێو
چێو و چڵ و چاڵ و نزم و باڵا
چی خۆشە چ تاڵ چ پڕ چ واڵا
هەر چێکی لە ناخی ئاخ و دەریان
هی چۆتە بناو ئەوی لە سەریان
بەرهەم بوو بە هۆی کر و نیگارت
سەرسووڕە جیهان لە کاروبارت
لەو بەرزییە کۆشکی حەو نهۆمە
کۆکۆ لە دەوری ستێرە کۆمە
هێندێکی چەقیو و هێند گەڕیدەن
دیارن کەم و زۆری دوورە دیدەن
مانگی گەش و ڕۆژی رۆشنی دەر
شینکەی لە زەوی دەبێتە ڕاخەر
چوار ئالیی و شەش ڕەخی هەواگر
ماکی گڵ و با و ئاو و ئاگر
خەست و شل و توند و خاو و گشتی
تۆی دانەر و ڕانەری لە گشتی
هەر یەک لە بەزەت بە پار و پشکە
تیشکت لە هەچی نەداوە وشکە
داهێنەری پاکی بێ نموونە
تۆی بۆنە ئەگەر نەبوون و بوونە
چی پاشی دەبێ و چ هات لە پێشین
چی باوەڕی پێت هەیە و چ بێ دین
هەر گیان و دڵ و سەر و زمانێک
هەر یەک لە تە شان دەدا نیشانێک
هیچ شت نییە تۆی نە تێکەڵاوی
بەرچاوی، ونی، خڕی، بڵاوی
چی زیندووە لاشە، تۆی گیانی
تۆ ژانی، نەماندەری، ژیانی
تۆی خشڵی لە ڕەنگی خۆشەویستان
تۆی کینە لەناو دڵی نەویستان
شیرن دەکەیە شەکر لە پەروێز
فەرهادی لە ژین وەڕێز و پڕ بێز
یووسف دەبەیە پەنای زەلیخا
تا دەست و دڵی بدا بە تیخا
مەجروون و لەیل دەکەیتە ناکام
ڕامین و وەیس لەیەک دەکەی ڕام
دات وامقی شەنگ نیشانی عەزرا
لەسوێی دڵی خەو لە چاوی دەزڕا
پیری لە جهان بە دووری چازان
بۆ کیژێ دەنێریە بەر بەرازان
لولوپەڕی خۆشەویستی نازدار
وات کرد کە لە ڕۆژ ببێتە کڕیار
تۆ دات بە چنار بڵندی باڵا
تاقتاقکەرە وا لە دەوری هاڵا
دەڕوێنی لە ناو دڕوو گوڵی ئاڵ
بۆی شێت دەبێ بولبولی ژیان تاڵ
ڕەنگان دەخەیە گیا و گڵ و کان
چووکان دەخەیە جرووک و نووکان
گرپێکی دەخەیتە سەر چرایە
دەپڕووزێ پەپوولە بەم هەوایە
جوان کردنی دڵبەران لە تۆیە
دڵدار کە هەژار و دڵ بەسۆیە
ئەو دڵتەڕی و ئەوینی دڵگیر
کەزیەی کە لە مل دەبن بە زنجیر
کێ کردی بە یەکتری بەرانبەر؟ !
کرتن کە گەش و ڕەشن سەرانسەر
ئاوێنە و ئاو کە دێنە وێنە
جوانیتە لە ڕوونییان هەوێنە
ئاوێنەیی پێشی توتییانی
کێ دیتی شتێ کە تۆ تیا نی
تۆی دڵ دەگریت و بۆ بەهانە
خاڵ و کەزی دەبنە داو و دانە
تۆ هەرچی بڵێی ئەوی دەبێژین
چیمان بدەیەی لەوی دەچێژین
دڵخوازی دڵی مە تۆی خودایە
لەو پێوە شتێ لەدەست مە نایە
رێگاهەڵەبوون و شارەزایی
سەرڕشتە بە دەستی تۆن دوایی
هەرکەس دەتەوێ بچێ بە تاڵان
پابەندی دەکەی بە بسک و خاڵان
هەر چێکی کە خۆت بەزەت پیاهات
سەربەرزی دەکەی بە هات و داهات
ئادەم لە قوڕێ پتر نەبووگە
ویستت، لە فرشتە بوو بە ڕووگە
عیسا لە فووێکە دڵ پەسندە
نازدارە، لەپێشە، جێ بڵندە
ئیدریس بووە ئاشنا بە ڕازی
پیرۆزە بە بەختی خۆی دەنازی
ئەهریمەنێ ڕێزی لێ نرا بوو
لای تۆوە بوو هێزی پێدرا بوو
نوێژی بە هەزارە دادەبەستن
سەرپێچی نەبوو لە تۆپەرستن
ڕووی دانەنەواند لەبەر کەسی دی
ئادەمپەرسی کەمایەسی دی
بێگانەپەرستی نەبوە پیشەی
بەدبەخت و کڵۆڵە بۆ هەمیشەی
کردت بە نەمر لە ئاگری سوور
ویستی کە نزیک ببێ کرا دوور
دەرناچێ سەرم لە کاروبارت
کێی وابووە بووبێ ئاگەدارت؟
خواناسی مەزن گوتی بەڕاسی
تۆمان وەکوو تۆ هەبووی نەناسی
خانی دەبێ چی لە تۆ بوێژێ
گێژێکە سەری دەخاتە گێژێ
لەو بارە خەریک ببێ بە هەر جوور
ڕێگەی هەڵەیە و لە تۆی دەکا دوور
جا یاریدەری مەگین خودا بێ
پێغەمبەری سایە دا و پەنا بێ
تۆ خوایەکی گەورە و گرانی
پێغەمبەری ئاشنا کە «خانی»

پەراوێز edit