ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
١٤. گرفتاربوونی مەم و زین و ستێ و تاژدین بە داوی ئەوینەوە
هەردووک دەگەڕان بە بەرگی گۆڕاو
ڕامان لە شتێکی سەیر و ناکاو
دیتیان لەپڕێ لە هەر دەرێکا
هەر کووچە و کۆشک و پەنجەرێکا
چەند تازەجوان لە چەشنی سەروان
پارچەی هەموو جۆر و ڕەنگ لەبەردان
پۆلپۆل کچ و لاو بە دەستەدەستە
هێندەش ئەوە پیری داربەدەستە
هێند زگزل و هێندی لات و لووتن
هێند پۆشتە و هێندی ڕووت و قووتن
هێندێکی گران و هێندێ سووکن
هێندێکی زەلام و هێندی چووکن
یەک کاڵە لەپێ، یەکێکە پێخواس
یەک قیژە دەکا، یەکێ وڕ و کاس
یەک سەرقژنە، یەکێک بەکاکۆڵ
یەک خۆڵ وەسەرە، یەکێ لەسەر خۆڵ
پیتۆڵە یەکێک، یەکێک بەتیتۆڵ
یەک بۆڵە دەکات و یەک ڕووەو چۆڵ
مرکیوە یەکێ، یەکێ لەسەر جۆش
هێندێکی خەواڵوو هێندێ سەرخۆش
هێندێ لە بڵند و هێند لە چاڵن
هەریەک لە هەوایەکی دەناڵن
گوێ پڕ بوو لە ناڵەیی بەزامان
هەرتک بە وردی سەرێکی ڕامان
تاژدین لە یەکێکی پیری پرسی
لالۆ چییە ئەو هەرا و مەترسی؟
پێی وت کچەکەم دوو نۆنەمام کوڕ
ئەمڕۆ لە مە بوونە میری سەربڕ
هەرکەس کە ببینێ ئەم دوو لاوە
ئیتر ئەمە هۆشی نا بە لاوە
وتیان ئەتۆ دیتن؟ ئەو چ ڕەنگن؟
فەرمووی بەڵێ دوو کوڕی چەلەنگن
گوتیان کە هەیانە تیر و خەنجەر؟
یان شیری شەتەکدراو لە کەمبەر؟
فەرمووی کە بە سیلەچاو و ئاوڕ
لەم کۆمەڵە بوونە جەرگ و دڵ بڕ
لەو پرس و وەرامەدا لەناکاو
دڵ ترسی لە چی بوو هاتە بەرچاو
بێ وێنە دو کوڕ، دوو تازەلاون
سێبەنگی برۆن و مەستەچاون
یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن
بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن
باڵاکەڵەگەت نیان و نەرمن
تا چاو دەیەوێ بەناز و شەرمن
هەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان
یەکجێ فڕی هۆش و دڵ لەتاوان
فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین
مەم بوو بە بەفر لە تاوی هاوین
بەو تاوی جوانی تاس و گێژ بوون
بێ هۆش لە چەقی ڕێگا درێژ بوون
ئەو هەر دوو کوڕی بەناز و نیمناز
دیتن دوو پەری شەهێنی چاوباز
ڕۆژن وەکوو مانگێ ڕەنگزەردن
دڵدار و شکاوی بەردی دەردن
وەک تازەکوژاو بە هەڵبڵۆقن
بەو تینی ئەوینە هەڵدەچۆقن
دوو سوارە بەزینە سەر نێچیران
دیتیانن و کەوتنە چاڵی بیران
زانیان کە نێچیرەکان قەڵەو بوون
باز گیرە لە داو، نە زڕڕەکەو بوون
وێستان و ڕوانییان بە گەرمی
دڵیان کوڵی کەوتنە باری نەرمی
لەو جوانییە بەم دوو ئاسکانە
سووتا دڵی ئەم دوو ناسکانە
دڵیان بە دڵی یەک ئاشنا بوون
دڵ ئاوێنە بوون و ڕوونوما بوون
دڵ بوونە هەواڵ لە سووچی چاوا
کۆچکردە بوو دوودڵی لە ناوا
خوا هێندی لە خۆشەویستی پێدان
دڵداری وەهای لەیەک گرێدان
دەتگووت کە چوار گیانە یەک لەش
گیانێکە لە چوار لەشان بووە بەش
ڕاستت دەوێ هەر یەکن لەش و گیان
ڕۆژی بەرێ یەکیەتی بوو بەشیان
گیانان هەموو پێکەوە تەبا بوون
کاتێ کە لە بارەگای خودا بوون
ناردوونیەتە گرتووخانەکەی لەش
ئەوڕۆژە جیاوەبوون بە دوو بەش
هێشتا بڕێ مرچ و مۆڕ و گرژن
ئەو تیرەیە ناونران بە دوژمن
دەستێکی لە یەکدی بوونە دڵدار
ئەو دەستی کەوت ژیانی ڕزگار
وێ ڕۆژێ لەگوێرەی ئەم سرشتە
تێکەڵ بوو دڵی دوو جووت فریشتە
کاتێ کە گەیینە سەر دوو زامار
ئەو دوو کوڕی دیدەمەستی نازار
دوو گوڵ دڵی دایە دووی وەکوو گوڵ
پشکووت گوڵی دڵ ڕژا کوڵی دڵ
بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین
جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین
لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا
چاو تێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا
وتیان دەبێ ئەم کچانە چی بن
تۆ بڵێی کە فریشتە یان پەری بن!
ئەو میوە لە باخی کێ چناون
ئەو گوڵ لە چ گوڵبنێ ڕواون
دوو تازەنەمامی کام دەراون
ڕەگیان بە گوڵاوێ ئاو دراون
فرمێسکی لە چاو و خوە لە سەر سنگ
لەو دوو گوڵی سیسە بوونە ئاونگ
سەرخۆشی ئەوین بە بۆنی وا خۆش
پێم سەیرە کە هیچ نەهاتنەوە هۆش
تا ببنە هەواڵی دیدەمەستان
ئەنگوستیلە دەرخران لە دەستان
گۆڕیاننەوە کلکەوانەیی خۆ
نایانەوە داو و دانەیی خۆ
هەڵماسی نقێم دران بە شووشە
کار هەر بە دڵە، شتی دی پووشە
شیرنایەتی جێژنە بوو بە تاڵی
قاڵ بوون بە ئەوین، بەسە مناڵی!
تاوپەڕ بوو و بەجێ نەما لەوێمان
خۆش ڕۆیین و دووی نەخۆش بەجێمان
تاژدین و مەمی بە دڵ بریندار
پێوەندی دوو ئاسکی ناسک و نازار
وشیارەوە بوون شەوە، شەوەزەنگ
بەس ناڵەیی دڵ نەبێ نییە دەنگ
دوو ڕۆژی بە ڕۆژ ون و نەدیون
وەک مانگەشەوێکی ڕەنگپەڕیون
بێ هێز و کز و سڕ و کڕ و تاس
بێ تین و توان، هڕ و وڕ و کاس
لاواز و زەبوون و نیوەمردوو
بە شلێک و دڵێکی جەردەبردوو
تا گەینەوە ماڵ بە لارەلارە
لێی بوونە تخێڵ بە جەرگی پارە
نە زمان و نە سەر، نە خواردن و خەو
لایان وەکوو یەک بوو ڕۆژ لەگەڵ شەو

پەراوێز edit