ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار ئاڵەکۆک
٨. جێژنی ئیستقلالی ئازەربایجان

دەمێک بوو دەشت و دەر یەخسیری ئیستبدادی زستان بوو

ئەوی چووبێ بە دەردی کوردی مەزلووم باغ و بێستان بوو

لە جێی بادی سەبا شەختە نەسیبی نەونەمامان بوو

لە جێی بولبول قەلی ڕووڕەش نەواخوانی گوڵستان بوو

لە ئاگردا ئەوی دەت دی لکی سەروی خەرامان بوو

لە سەر دانگەی، هەڵاڵە و سوێسنە پێشێلی حەیوان بوو

موختەسەر ئەو دەر و دەشتە جوانە

کوردەواری بوو بە دەس بێگانە

لە کن جەدی و دەلو و حوت وا کرا بوو شەرت و پێش بینی

نەبینێ کەس چەمەنزارێک بە زەرد و سوور و نەخشینی

گەیشتە ئاسمانی شین هەناسەی ساردی سارا و کەژ

کە ڕۆژی دڵگەرم ئەحواڵی دەشت و کێوی وا بینی

پەنای برد بۆ حەمەل نەورۆزی سوڵتانی خەبەردار کرد

شەماڵی کردە کۆمەک دای بە خۆشی، ئەسلەحەی تینی

وەک پەنا بردنی ئێمە بۆ ڕووس

تا وەدەس بێتەوە دین و نامووس

لە سەرڕا تیشکی تێگرت ئەو شەماڵ لەو لاوە ڕایماڵی

پساندی بەندی قەلبی کەویەکان هەور و گوڕو گاڵی

لە دێڕا دەرکرا دەی چوو بە تاڵان تەختی ئیسفەندار

ئەوەندەی قەننەکێشێ سەنگەری بەهمەن کرا خاڵی

لە خاش خاش هەڵکرا بەیداخی سووری فەتح و پیروزی

لە پیرۆزە و زوومەڕڕەد ڕاخرا بۆ شای بەهار قاڵی

دەشت و دەر بوو کە لە دەس بەفرا دیل

جێژنی ئازادی تێدا بوو تەشکیل

هەتا بگرێ تەدارەک خاکەلێوە پێی درا دەستوور

بە باڵای نەونەمامانی بڕی کوتاڵی زەرد و سوور

وەنەوشەی کردە خاڵی سووچی لێوی جۆگەلەی ئاوان

لە مل گیابەند و خاوی کرد لە شەونم بەندەک و بەرموور

کڵاوی عیززەتی نا سەر سەری داری بەری، سەروی

بە دەف زەن هەڵبژارد و نایە دەس قومری و هەزار سەمتوور

پادشای بانەمەڕی زاهیر بوو

جێژنی ئازادی بەهار دایر بوو

کەدیتم بولبولێک لەو وەختە خۆشەش دا دەناڵێنێ

دەسە و داوێنی خارە بۆ گوڵ و ئەشکی دەبارێنێ

کە ئەی بێروحمە ئازەربایجانیش پاش هەموو دیلی

مووەففەق بوو بە خۆشی و بەیرەقی ئازادی دەنوێنێ

ئەمن تاکەی لە زیندانی خەمان دا دەستە و ئەژنۆ بم

لە بەر چی وەک گەلی کورد شەش دەرم گیرا لە نەردێنێ

گوڵ گوتی بولبولی کوردستانی

موتریبی کۆمەڵی ژێر دەستانی

گەلی کوردیش بە مەردانە ئەگەر دەس دەن بە دەستی یەک

لە سەفحەی قەلبی خۆیان جوملەیی بوغز و غەرەز کەن حەک

بە یەک ئاهەنگ و یەک ئاوا بکەن هاواری ئازادی

مەتاڵیان کاغەزی ڕەش بووە بێ نووکی قەڵەمیان چەک

وەک ئازەربایجانی ڕووس لە سایەی بەیرەقی سووردا

دەبن ئازاد و سەربەستی دەسێنن بێ گومان و شەک

ئەو دەمی دەستەملان بم لەگەڵت

عار نییە لاچووە چڵک و چەپەڵت

دەکا بولبول بە سۆزی دڵ بە ئاهەنگی ڕەسا فەریاد

خودا یا میللەتی کوردیش وەک ئازەربایجان ئازاد

بکەی تاکوو گوڵێش بێنێتە جێ ئاواتی موشتاقیم

بەسە دەردی من و کورد، من لە دەس هیجر، ئەو لە دەس بێداد

مووەففەق بێ سوپای سوور تا ئەبەد کوردیش لە سایەی ئەو

ببن ئازاد لە ژێر پەنجەی ئەسیری دێوی ئیستبداد

هەر ستالین بژی سەر چاوەی داد

هەڵکەنی زوڵمە لە ڕیشە و بنیاد

پەراوێز edit