ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار ئاڵەکۆک
٤. ئینتقام

ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی نیشتمان

وە سواڵێ کەوی وەک عێلی بارزان

چەند خۆشە لە ڕێی نامووس و شەڕەف

ناز و نیعمەتت بڕوا بە تەلەف

ئاخ چەندە خۆشە لەسەر ئازادی

تووشی خەم ببی، لە دەس دەی شادی

ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی وەتەندا

برات ببینی پێ لە پێوەندا

ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی ویجداندا

خوێنت بڕێژن لە ڕووی مەیداندا

ئەمما بەو شەرتە لە دوای ڕۆژی ڕەش

شاهیدی مەقسوود بگری لە باوەش

دوژمنت تۆڵەی لێ بکرێتەوە

ئەو داری لێی دای لێی بدرێتەوە

لە جێ دەریان کەی بە ماڵ و منداڵ

لە خاکی غوربەت دەس بکەن بە سواڵ

ناز و نیعمەتیان دەربێنی لە دەس

نەهێڵی بۆ ئاخ هەڵکێشن نەفەس

خەمیان بدەیتێ لە وەختی جەم دا

شەو بنوون لە ژێر لێفەی ئەلەم دا

لاقیان بماسێ بە پێوەندی تۆ

بەسەر وانیش بێ، چۆن و چەندی تۆ

خوێنیان بڕێژی لە سەر هەرد و بۆ

دایکیان قوڕوەسەر دەس کەن بە ڕۆڕۆ

ئاری، ئینقتام لەسەر ڕووی دنێ

نیعمەت و خۆشی هیچی ناگەنێ

هەر پیاوێ حیسسی تۆڵەی لە دوژمن

لە دڵدا نەبێ کەمترە لە ژن

کوردە گیان بیرێ بکەوە لە خۆت

پێی ناوێ ئەمن شەرحی بدەم بۆت

بەسە با بەس بێ دیلی و ژێردەستی

بەسە بێ بەش بوون لە ژین و هەستی

حەیفە بۆ کوردێ نەجیب و ئەسیل

لە دەس بێگانان وا ئەسیر و دیل

گیانە تا دوژمن سەری ئیشغاڵە

نەردەکەت باشە دوو شەشت خاڵە

باوی بێتەوە وەک تۆوی هەرزن

بڵاوت دەکا لە سووچ و قوژبن

خوێنت دەنۆشن لە جێگای شەڕاب

گۆشتت بۆ مەزەی دەکەن بە کەباب

وەک ڕۆژانی زوو ژن و منداڵت

دەگەڵ ئەسیری دەگرین بۆ حاڵت

کوردەنامووسی بێنەوە بیرت

هەستە بۆ تۆڵەت بە خامە و شیرت

یان ڕزگار دەکەی خۆت و وەتەنت

یا خێر لە نامووس دەبڕی کەفەنت

مردن بە شەڕەف خۆشتر لە ژیانە

حیز و سڵامەت نیازی خوێڕیانە

مەرد بن ماندوو بن لە ڕێی ڕزگاری

با بیتەکێنین تۆزی هەژاری

پەراوێز edit