دوێشەو زۆر بە سۆز کاتی بەربەیان
هاتە گویم ناڵە و زایەڵەی گریان
بەو ناڵە خۆشیم نەما لە حاڵا
هێزی لێ بڕیم سۆزی سکاڵا
بە سەد مەرارەت لە بنیانم کرد
دیتم وا دایکی نیشتمانی کورد
دەگری و دەناڵێ وەک هەوری بەهار
ڕەشی پۆشیوە لە سەر تا بە خوار
هەژار:
دایە ئەی لانکی شێرزاد و شێران
باوەشت جێگای ئازا و دلێران
دەست پەروەردەی تۆ سەلاحەدینە
میری جەزیرت شوهرەی زەمینە
قوباد و باز و میری ئەردەلان
ئەردەشیر، دەیسم شا و کەریمخان
ئاودەل موهەلهەل، لەپ زێڕ، شەرەفخان
میری ڕەواندز، پادشای بابان
خەلیل، زەردەشتت لە ئامیزا دین
جێی خۆشی و فەخرن بۆچی دەکەی شین
نیشتمان:
ڕۆڵە چۆن نەگریم چۆن نەبارێنم
چۆن خوێناوی دڵ بە چاو نەڕژێنم
نیشتمانێک بم بەو فەخرانەوە
وادیل بم بە دەس فاشیستانەوە
مەزلووم بم بە دەس ئیڕتجاعیون
لێیان شک نەبەم هیچ دەراوی ڕوون
ڕزق و ڕۆزی من قووتی تاران بێ
منداڵم برسی لە قون دەرکان بێ
لۆکەم بکرێتە پێخوست لە جادەی
تۆش لێفەت نە بێ بە خۆتی دادەی
لە ڕەنجبەریتان قاقوم بپۆشن
ئێوەش خوێناوی جگەر بنۆشن
نەشهێڵن بۆ خۆ و بەزمانی خۆتان
دەرس بخوێنن، چۆن نەگریم بۆتان
خوشکێکم هەیە ئازەربایجان
لە من خراتر کەوتۆتە زیندان
من چم بە سەر هات ئەو لە من زیاتر
ئەو لادەکانی لەنگۆ خراتر
لە سەر خۆشم ڕاخەمی ویم زۆرە
دوو خەم بە جارێک لە دڵ ناسۆرە
گەر هەوڵێ نەدەن بۆ نەجاتی مە
دەبێ جاو بێنن بۆ خەڵاتی مە
هەژار:
نیشتمان بەسیە گڕم تێ بەر بوو
قەولت پێ دەدەم پیاوانە تاکوو
خاکی کوردستان لاو چاکی ببێ
ئازەربایجان خوێن پاکی ببێ
نایەڵین بمرن دەستی ئیتتحاد
دەدەین بە یەکتر بۆ ڕێگەی مراد
خوێنمان لە تەشتێ دەبێ بڕێژن
پاکمان لە جێیەک دەبێ بنێژن
وێگڕا هەوڵ ئەدەین بۆ ڕزگاریتان
هەر دوو دەستێنین خودموختاریتان
ئێوەش بە جووتە مەگرین دوعا کەن
ڕوو لە بارەگای بەرزی خودا کەن
بپاڕێنەوە بە سۆز و ناڵین
تا دەور ئەدا چەرخ بژی ئیستالین
هەر مووەففەق بێ لەشکری قزڵ
تا هەژار بگەن بە ئاواتی دڵ