شاعیر: ئەفزاری کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: ژیاننامە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەفزاری کێ بوو: ناوی عەبدوڵڵا کوڕی مام برایم لە ساڵی(١٣٢٠ کـ. هـ) لە گوندە جۆانەکەی سەروکانی سەر بە شاری پیرانشاڕ لە دایک بووە. لەو کاتدا کە ھەموو جۆرە نەخۆشیەک زۆر بووە ئەویش بە نەخۆشی خورێکە ھەر دوو چاوی لە دەس داوە ھەر بۆیە بابی بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز ناردویەتە نێو فەقێیان. وەک بۆ خۆی کوتویەتی لە سالی ١٣٤٢ دەستی کردووە بە شێعر کوتن. لە ڕۆژی سێی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٤ بە ھۆی نەخۆشی شەکرە (قەند) دڵی گەورەی لە کار کەوت و وەستا. بە بەشداری خەڵکی ئەمەگ ناسی پیرانشار لە گۆڕستانی کۆنەخانێ بە خاک سپێردراوە. لە پاش خۆی دوو کومەڵە شێعری بە جێ‌ھیشتووە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھەل و مەرج بۆ چاپ کردنیان نەڕەخساوە. مامۆستا ئەفزاری سێ کوڕ و کچێکی لە پاش بەجێ ماون. مامۆستا ئەفزاری یەکێک بووە لە ھەرە حافزە باشەکانی قوڕئانی پیرۆز. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود سەبارەت: پیرانشار شەوی ١٣٦٩/٨/٣ - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود ئەسیری بسکی تاتاتم دەناڵێنم له نێو داوت سەدان شێخ و مەلا و سۆفی فریوی جوانی توێان خوارد هەزار عاشق دەبەن کڕنۆش له حاندی دوو برۆ و چاوت پسا بەندی دڵی شاعیر، موداوای هەر به تۆ دەکرێ بده پێم تاڵێ له زولفی وەکوو ئاوریشمی خاوت عەزیزم کوشتەی تیغی دوو ئەبرۆت نایەنه ئەژمار کەچی پێکای دڵ و جەرگی منیش تیری له ناکاوت نەمامی عەرعەری باڵات تەنافی پەلکتی پێوه دەخنکێنی ئەوی جارێ به چاوان دیتبی چاوت له چاوی پیس به دوور بی ئەی نموونەی جوانی پیرانشار خوداوند خوێ بپارێزێ له ئافەت ئەو قەدی لاوت دوو لێوت هەر وەکوو خونچەی بەهاری تازه پشکووتون نەکەی مانعی حافزی بی له ماچی تۆ سەری باوت نەبوو پەروا له بەخشینی دل و گیانم به خەندێکت کەچی نەمدی ئەتۆ ڕەحمێک بکەی بەو دیلی داماوت له من گەر خۆ بپارێزی دەبی دەینم وه مل بگری بەزێکت بی به دڵداری هەژار و کوێر و فەوتاوت بەڕەحمەت بێ نەما هێمن بنووسی وەسفی بالاکەت منی کوێر کەی شیاوی وەم بکەم باسی دەم و چاوت له خاڵی لێو و کوڵمانت به کوێری چۆن بکەم تاریف ئەوه هەر کاری هێمن بوو نەکەوته داو و بەر ڕاوت ئەگەر خەڵکی بڵێن ئەفزار ئەدی چۆنه ئەتۆ ماوی دەڵێم نەمدیتووه باڵات فەقەت گوێم لێ بووه ناوت ئەوین و زەوقی دانشفەر١ منی هان دا بڵێم شێعرێ بەوەسفی خاڵ و ڕوخسار و قەدی ڕێکی خوداداوت ١. دانشفەر: مەبەستی حەسەن دانشفەر، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی پیرانشارییە ئێستا لە هەولێر دادەنیشی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاو هەڵۆ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یاران لایان عەجیبه که مات و دڵ غەمینم ڕەنگ زەرد و لێوبەبار و دڵ پڕ کوڵی گرینم گەر دەپرسن چ هۆیه؟ گێرۆدەیی ئەوینم هیلاکی چاوی جادووی خەزاڵی خوێن‌شیرینم هەتا ماوم دەناڵم به چاوی پڕ له گریان هاوار دەکەم وەکوو شێت به جەرگی میسلی بریان ئەڵێم ئارامی بردووم چاو هەڵۆیێ له پیران بزەی لێوی فراندی دڵ و مەزهەب و دینم یاران مەکەن مەلامەت وەکۆ بن گشت له دەورم له دەردی دووری ئازیز تەواو خەریکه بمرم ئاوری بەردا دەروونم دڕی حیجابی سەبرم وەکو چۆمی سوغانلوێ هاژه ئەکا ئه سرینم پیران: ناوی خێڵ و عەشیرەیێکە لە نزیک پیرانشار و بەو ناوچەیەش دەکوترێ کە ئەوانی لێ دەژین (بەری پیرانان). سۆغانلوێ: ناوی دێیەکی پیرانشارە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆخی شنۆ سەبارەت: پیرانشار، رێبەندانی سالی ١٣٧١ کـ. هـ - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەرێ ئەی شۆخی نێو شاری شنۆیه برۆت تیغ و دوو چاوت وەک هەڵۆیه بڕا جەرگم به ئەبرۆی تازە ساوت دڵی بردم لەری ئەو دوو لیمۆیه لەسەر سینەی بلووریت جووتێ هەرمێ بەهایان موسڵ و هەولێر و کۆیه له شەرما عارەقی کۆڵم و مەمانت دەبارێ هەر دەڵەی شەکر و گەزۆیه وەفا و جوانیت بە قەد یەک با گوڵی من دەبۆ جەننەت له بۆ من ئەو شنۆیه ئه وەی جوانن هەموویان بێ‌وەفانه بەشی زۆری بەڵام تاوانی تۆیه مەلی عەقڵم که تۆی دی باڵی لێکدا له خانێ هەڵفری هاته شنۆیه بەرامبەر ماڵی ئێوه نیشته سەر دار دەکا ڕاز و نیاز و گفتوگۆیه کەساس و هێڕ و ماتی بێ وەفاییم لەلام سەیره بەشم لای تۆ درۆیه دەسی ڕاستت بنێ بان شانی حافز که (ئەفزاری) هیوای ئەلتافی تۆیه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گێژی خەتەر سەبارەت: پیرانشار - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی وەرە دەستم بە داوێنت کە تۆ تەنیای و من تەنھا سەیر کە ناڵەناڵی دڵ لە بۆ تۆ دێ لە ھەر شەودا دەسووتێ، دوکەڵی لێ دێ دڵم وەک ئاگری (نمروود) بە شێتی ھەر وەکوو مەجنوون کە مەشھوورم لە عالەمدا لە بۆ من ئەگەر مابێ لەلای تۆیە دەرووی خێری نەکەی ڕوو وەربگێڕی لێم بە ناھەق شۆخی بێ ھاوتا لە دووری تۆ غەریقی ئەشکی خوێناوم منی حافز ئیتر کاتی وەیە ڕەحمێ بکەی پێم دڵبەری ڕەعنا لە ڕوو لادە سەری زولفت ببینم خاڵی ڕوخسارت بدە ماچێ، بەڵاگەردانی باڵات بم منی شەیدا ئەوندەم ڕشتووە بۆ تۆ لە چاو ئەسرینی خوێناوی نە دەنگم دێ بکەم زاری نە ھۆش ماوە لە کەللەمدا ھەتا ماوم و نە سووتاوم بە ئاھی سینەکەی داخم ئەوە ئینساف نییە بۆ تۆ لەلام جارێ نەبی پەیدا وەرە چی دی مەدە تەفرەی دڵی بێ ھێز و ناکامم لە دەینم خۆ بپارێزە دەیندارم دەبی فەردا کە دڵ چڕژا بە ئەڵماسی مژۆڵی چاوی خوێنڕێژت چییە با زولفی ڕەشمارت تەنافی کوشتنم ھەڵدا بە بێ تۆ ژینی (ئەفزاری) لەناو گێژی خەتەر دایە دەچی دی پێم مەدە ئازار دەسا سوێندت ئەدەم بە خودا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی ئازادە سەبارەت: (پیرانشار١٣٦٩/٨/٦) - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەرێ ئەی جوانی ئازادە دڵم تۆی گرت بەرت نادا وەرە شۆخی پەریزادە ژیانم چوو بە دەم بادا لە کوێی ژین و ژیانی من وەرە ڕووحی ڕەوانی من بڕا ئارامی گیانی من لە دووریت دڵ چ ناشادە دەوای قەلبی بڕیندارم ئەتۆی یار و پەرستارم وەرە دوکتۆری خەمخوارم ژیان نەفعم لە بۆ نادا وەرە مەیگێڕی ماھیرم دەسم بگرە ئەمن پیرم لەو کاتە ڕا بڕا شیرم خۆشیم نەدی لە دنیادا سوورەگوڵ، جوانی نازپەروەر فیدات بن گیان و دڵ یەکسەر گرفتارم بە پێغەمبەر لە لای کێ بێژم ئەو دادە ئەرێ یاری بە لەنجەولار گرفتارت بووە (ئەفزار) ڕەزاسووک، دڵبەری نازدار نەما تاب، زولفەکەت لادە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەدیقەی کوردستان سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی جوانیی چی لە دنیادا ھەیە یەزدان بە تۆی داوە گومان ناکەم ئەگەر دیبێ وەکوو تۆ شۆخ ئەوەی چاوە کەمەندی زولفی چین چینت ھەزاران لاوی کێشاوە دڵی شیخ و مەلا و زاھید بە عیشقی تۆوە سووتاوە بە نووکی تیری موژگانت دڵی من خوێنی تێزاوە لە راستی وردە خاڵی ڕووت خەجاڵەت بوون گوڵ و نەسرین ئەوەی دیبێ قەد و باڵات دەبارێنێ لە چاو ئەسرین حەبیبم کوشتەکانی تۆن ھەزاران عاشقی بێ تین دڵارام شاری بۆکانت بە جارێ کرد بە شاری چین لە ھەر لایێ سەیر کەی عاشقت بێ ھێز و داماوە ئەگەر بڵێم وەکوو زولفت پەرێشان نیم، پەرێشانم بە عیشقی تۆ وەکوو قەقنەس سووتاوە پێست و ئێسقانم سەبەب چی بوو لە من تۆرای و زیز بووی ڕاحەتی گیانم "عەزیزە": ھێند عەزیزی زیاترە باییت لە سەت گیانم لەسەچاوەی ژیان جامێ بدە پێم گیان ھەتا ماوە. ئیتر ھێزم نیە سۆزی دەروونی پێ بکەم پنھان بترسە نەک وەڕەز بم لێت بکەم تووکێ لە لای یەزدان لە ئاھی من بسووتێنێ بە تۆوە عالەمی بۆکان "عەزیزە" سوورە خونچەی ناو حەدیقە و باخی کوردستان ئەوەندە کافیە "ئەفزار"ی لە داوی زولفت ئاڵاوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومری پیری سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی من کە نابینم بەھەرحاڵ، پشتیشم بۆتە کەوان ڕیش و ئەبرۆم لێ سپی بوون ھەر وەکی بەفری "سەران" عومری پیری ھات بە سەرما رەنگی جوانیمی فڕان شیبھی زەردیم ھات بەسەر ئەو ڕەنگی سوور و ئەرخەوان من کە نابینم لە خۆما ھێز و تینی وەک چەلان عومری شیرن چوو لە دەستی ئەمنی بەدبەختی نەزان ڕەشبەڵەک کەوتە سەری من، ھاکا مەرگم بوو میوان تازە ھەرگیز نابینم لاویی بە چی بم شادمان داخەکەم نەمزانی لاویم کۆچی ڕابرد ناگەھان دوای جحێڵی خۆم، مەگەر داییم بکەم شین و فوخان تابەکەی "ئەفزاری" سستی، بەسیە ئیتر ماڵوێران ڕوو لە قاپی حەق بکە، ئازادە ڕێگای (ئەلئەمان). ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خانێ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خانێ دەڵێی بووکی سوورە جێی لالە و ژاڵە و چنوورە وەک ئاوی ژیانە ئاوی بە ئیمانن ژن و پیاوی تا بتھەوێ موسوڵمانن پەیڕەوی دین و قورئانن لە پاکییا دەڵێی حۆرن نوێژگە لەو شارە دا زۆرن لە بەخشینا وەک حاتەمن لە دونیا وێنەی وان کەمن لاوی وەک شێری بێ‌باکن کچی جوان و داوێن‌پاکن خانێ شارێکە بێ‌وێنە کوێستانی بەرز و بژوێنە جێگای گەزیزە و گوڵانە تا بێژی لەبەر دڵانە کانگای شلێر و شەشپەڕان دەگرن پێدەشت و لاپەڕان گوڵی بەیبوون و ھەڵاڵان دەڕوێن لە بەندەن و نواڵان ھەڵز و مەندۆک و بیزانە ھەموو نعمەتی خودانە بەھار تاران لەبۆ خانێ دەیکەنە بووکی لاجانێ سێ چوار ئاوایین لەو سەری خاکیان بە وێنەی گەوھەری قزقەپان و دەڵاوانن جیێ مێر و مەستە چاوانن قەمتەرێیە و تەمەرچینن ھەردوو دەڵێی خۆشکی چینن بەڵام لە چینیش خۆشترن لە پاریسیش دڵگرترن خانێ جوانە و لەبەر دڵان دەورەی دەگیرێ بە گوڵان سەری قەندیل تا دێ بە خوار گشتی دەبێ بە گوڵ بەھار دەشت و کوێستانی ڕەنگینن گوڵی سەوز و ئاڵ و شینن خۆشە کوێستانی بۆ سەیران خوڕەی ئاو و دەنگی تەیران کاڕەی مەڕ و دەنگی شمشاڵ تێکەڵ دەبن لەلای ڕەشمال خەڵکی باش و میوان گرە ھەر یەکیان حاتەمێ ترە یا ئەدەبدۆست یا شاعیرن زانا و زیرەک و ماھیرن دایکی ڕووسووری (ئەفزاری) تۆ بەهەشتی کوردەواری ++++++++++++++++++++++