شاعیر: ئەفزاری کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: خانێ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خانێ دەڵێی بووکی سوورە جێی لالە و ژاڵە و چنوورە وەک ئاوی ژیانە ئاوی بە ئیمانن ژن و پیاوی تا بتھەوێ موسوڵمانن پەیڕەوی دین و قورئانن لە پاکییا دەڵێی حۆرن نوێژگە لەو شارە دا زۆرن لە بەخشینا وەک حاتەمن لە دونیا وێنەی وان کەمن لاوی وەک شێری بێ‌باکن کچی جوان و داوێن‌پاکن خانێ شارێکە بێ‌وێنە کوێستانی بەرز و بژوێنە جێگای گەزیزە و گوڵانە تا بێژی لەبەر دڵانە کانگای شلێر و شەشپەڕان دەگرن پێدەشت و لاپەڕان گوڵی بەیبوون و ھەڵاڵان دەڕوێن لە بەندەن و نواڵان ھەڵز و مەندۆک و بیزانە ھەموو نعمەتی خودانە بەھار تاران لەبۆ خانێ دەیکەنە بووکی لاجانێ سێ چوار ئاوایین لەو سەری خاکیان بە وێنەی گەوھەری قزقەپان و دەڵاوانن جیێ مێر و مەستە چاوانن قەمتەرێیە و تەمەرچینن ھەردوو دەڵێی خۆشکی چینن بەڵام لە چینیش خۆشترن لە پاریسیش دڵگرترن خانێ جوانە و لەبەر دڵان دەورەی دەگیرێ بە گوڵان سەری قەندیل تا دێ بە خوار گشتی دەبێ بە گوڵ بەھار دەشت و کوێستانی ڕەنگینن گوڵی سەوز و ئاڵ و شینن خۆشە کوێستانی بۆ سەیران خوڕەی ئاو و دەنگی تەیران کاڕەی مەڕ و دەنگی شمشاڵ تێکەڵ دەبن لەلای ڕەشمال خەڵکی باش و میوان گرە ھەر یەکیان حاتەمێ ترە یا ئەدەبدۆست یا شاعیرن زانا و زیرەک و ماھیرن دایکی ڕووسووری (ئەفزاری) تۆ بەهەشتی کوردەواری ++++++++++++++++++++++