شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: ‌مەلا مارف كۆكه‌یی، نووسینی: كه‌ماڵ كۆكه‌یی. سەبارەت: گۆواری ئەدەبی ـ فەرهەنگی سروه‌، ساڵی چوارەم، ژماره‌ی ٢٥، گه‌لاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی (لاپەڕە ١٩ـ ٢٠. ) - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خوالێخۆشبوو مەلا مارف لە دەورانی خۆیدا بە ناوی شاعیری پێشکەوتوو ناسرا بوو. مه‌لا مارف (مەعرووف) له‌ ساڵی (١٢٥٣)ی کۆچی هه‌تاوی (١٨٧٤)ز له‌گوندی حاجی خۆشی مه‌ڵبه‌ندی شاروێرانی مه‌هاباد له‌ دایک بووه‌ و له‌ تایه‌فه‌ی به‌ ناوبانگی په‌ڕبڵاوه‌. مانای وشه‌ی پەڕ‌بڵاو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن باپیری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ داوه‌تێک له‌ كاتی جلیت كردندا په‌ڕی تاووس بۆ ڕازاننه‌وه‌ ده‌كاته‌ به‌ر شه‌ده‌كه‌ی له‌ سه‌ری ده‌كه‌وێته‌ خوارێ و په‌ڕه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ په‌ڕبڵاو ناوبانگیان ده‌ركردووه‌. مه‌لا مارف كوڕی برایم كوڕی قادر كوڕی عه‌زیز په‌ڕبڵاوه. دایكی زبێده‌ له‌ تایه‌فه‌ی زانایانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌. شاعیر له‌ ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵیدا ده‌گه‌ڵ شه‌مسی خانم كچی مه‌لا ڕه‌زای بانه‌یی خه‌ڵكی گوندی (سوت و به‌رده‌ڕه‌ش) له‌ مه‌ڵبه‌ندی بانه‌ زه‌ماوه‌ند ده‌كا. شایی ئه‌وان له‌ گوندی قۆڵغه‌ته‌په‌ له‌ ناوچه‌ی ئێل‌ته‌یموری مه‌هاباد به‌ڕێۆه چووه‌. مه‌لا مارف یازده‌ منداڵی هه‌بووه‌ كه مه‌لا عه‌لی له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تر بووه‌. مه‌لا عه‌لی له‌ گوندی قه‌ره‌گوێز به‌ ده‌ستی داروده‌سته‌ی ڕژێمی شای گۆڕبه‌گۆڕ شه‌هید كرا. مه‌لا مارف له‌ به‌ر كوڵ و په‌رۆشی كوڕه‌كه‌ی مه‌لا عه‌لی كه‌ لاوێكی تێگه‌یشتوو بوو، ئه‌وه‌نده‌ ده‌گری تا له‌ بینایی چاوان بێ به‌ش ده‌بێ. چه‌ند جاریش ده‌چێته‌ شاری ته‌ورێز بۆلای دوكتور و چاوی عه‌مه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ش سوودی نابێ و به‌كوێری ده‌مێنێته‌وه‌. مه‌لا مارف له‌ ده‌ورانی مناڵیه‌وه هه‌تیو بوو. باوكی به‌ ناوی یۆسف پێنج كوڕ و كچێكی هه‌بوو كه مارف سێهه‌مین كوڕی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ بوو. مارف له‌ ژێر چاوه‌دێری و سه‌رپه‌ره‌ستی براگه‌وه‌ره‌كانی له‌ گوندی 'شاگێلدی' ناوچه‌ی ئێل ته‌یمووری مه‌نگوڕ ده‌ژیا. بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌موو له‌ خوێندن و نووسین بێ‌یه‌ش بوون. ئه‌ویش وه‌ک ته‌واوی كه‌سانی بنه‌ماڵه‌ی خۆی بێ سه‌واد ده‌مێنێته‌وه و خه‌ریكی كاری وه‌رزێری و مه‌ڕداری ده‌بێ، تا ته‌مه‌نی دوازده‌ ساڵه‌یی! ڕۆژێک كه‌ له‌ مه‌زرا خه‌ریكی له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ ده‌بێ فكرێک ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری و مه‌ڕه‌كان بێ خاوه‌ن به‌جێ دێڵێ و به‌ره‌و ئێراق ده‌كه‌وێته‌ ڕێ و شازده‌ ڕۆژی ڕه‌به‌ق ده‌پێوێ تا ده‌گاته‌ شاری سلێمانی و ده‌چێته‌ مزگه‌وتی خانه‌قای مه‌حوی و له‌وێ خه‌ریكی خوێندن و فێربوونی عیلم و زانست ده‌بێ. پاش دوو ساڵ و پێنج مانگ له‌ ساڵی (١٢٦٩)ی هه‌تاوی براكانی كه‌ لێی ده‌گه‌ڕان له‌و مزگه‌وته‌دا دۆزیانه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ خۆیان بردیانه‌وه‌ ئێران، له‌و كاته‌دا ماڵیان له‌ گوندی شاگێلدی بوو. له‌وێوه‌ بۆ گوندی كۆكه‌ی له‌ نزیک بۆكان ده‌گوێزنه‌وه. مه‌لا مارف ده‌چێته‌ دێیه‌كانی تورجان و سه‌رده‌راباد و له‌ خزمه‌ت زانایانی وه‌ک ماموستا مه‌لا محه‌مه‌د ساڵحی قزلجی و ماموستا مه‌لا عه‌لی تورجانی خه‌ریكی خۆێندن و فێربوونی عیلم و زانست ده‌بێ. پاش كۆتایی هێنانی ده‌رسه‌كه‌ی له‌ گونده‌كانی قاجری، سه‌یدئاوا، شاریكه‌ند، قه‌ره‌كه‌ند، زه‌نبیل، قه‌ره‌گوێز و ده‌روێشان ده‌بێته‌ موده‌ڕڕیس و پێشنوێژ. له‌ ساڵی ١٣٠٣ی هه‌تاوی له‌ به‌ر كوژرانی مه‌لا عه‌لی ده‌چێته‌ مه‌هاباد و له‌ مزگه‌وتی شادروێشدا ده‌بێته‌ موده‌ڕڕیس و پێش نوێژ و زۆربه‌ی شێعره‌كانی خۆی له‌و ساڵانه‌دا گوتووه‌. له شاری مه‌هاباددا زۆر به‌ هه‌ژاری و نه‌داری ژیان ده‌باته‌ سه‌رێ و ئه‌م نه‌داری و ده‌ست‌ته‌نگییه له‌ شێعره‌كانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. مه‌لا مارف له‌ نۆزده‌ی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان، كاتژمێری (٦: ٣٠) به‌یانی ساڵی (١٣٢٤)ی هه‌تاوی له‌ بازاری مه‌هاباد له‌ گه‌ڕه‌كی مزگه‌وتی جامیع له‌ ماڵی حاجی سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌مینی شه‌مسی كه‌ به كرێی گرتبوو كۆچی دوایی كرد و له‌ گۆڕستانی مه‌لا جامیدا به‌ خاک ئه‌سپێردرا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مه‌لا مارفی کۆکه‌یی ده‌ چێشتی مجێوری مامۆستا هه‌ژاردا سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی «نیزامی» کە خودای شیعرە، بە حاکمی وەخت دەڵێ: من سەگێکی دەرکی تۆم؛ چاوم لە ئێسکێکە بۆم باوێژی. «فیردەوسی» خاوەنی شانامە، وەها خۆی لە بەرانبەر «مەحمود غەزنەوی»دا بە سواڵکەر نیشان دەدا، پیاو بەزەیی پێدا دێت. زۆربەیان، لەو شاعیرە گەورانە، بە سواڵکەری ژیاون. ئەوانەی خۆم دیتمن و زۆر لە خۆم شاعیر تر بوون، وەک مەلا مارفی کۆکەیی، قەسیدەیەکی سەد بەیتی بۆ تاجرێک دەنووسی، دەیگەیاندە تەشقی عاسمان؛ نیوکیلۆ گۆشتی دووتمەن بایی بۆ دەنارد. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٢. ... لە پاییزی ساڵی (١٣٠٠)ی شەمسی، لەشکری (سمایلاغای سمکۆ) بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە. وا دیارە سمایلاغا هەر وەک ویستوویە لە چنگ عەجەم رزگارمان کا، ویستوویە لەو ماڵەش کە دەبەر پێی عەجەمدا پەیدا کراوە، رزگارمان کا! جا ئەگەر خەڵکی شار کەم تا کورتێک ماڵی خۆیان شاردبێتەوە و لە تاڵانیان پاراستبێ، باوکی من بەو هومێدە کە کاک هەمزەی برای قەرەنیاغای مامەش برادەریەتی و ڕاوێژکەری سمایلاغاشە، ناهێڵێ تاڵان بکرێ، دەستی لە هیچ ئاشتەبایەک نەداوە. بۆ نەگبەتی برادەر نەهاتووە، شکاک ڕژاونە ماڵ، هەرچی بووە بردوویانە. تەنانەت دەسرازە و پەڕۆ و پاڵی لانکی منیشیان بردووە و منیان لەسەر خۆڵەمێش بە ڕووت و قووتی فڕێ داوە. بابم دڵخۆشی دایکمی داوه‌ته‌وه که خه‌م مه‌خۆ! ماڵی دنیا په‌یدا ده‌بێته‌وه‌. دایکم زریکاندوویە: «من خەمی هیچم نییە، تەنیا خەمی ئەوەمە کوڕەکەم رووتە، چی تێوە پێچم؟ !». ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من، ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە، ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. (مه‌لا مارف)ی شاعیر له‌و باسه‌دا ده‌ڵێ: «ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ» شکاک کوردی سابڵاغییان هه‌ر تاڵان کردووه و نه‌یانکوشتوون. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٢و١٣. ... له هاوینی ئه‌و ساڵه (١٣١٥ی هه‌تاوی)دا گوتیان سێڵاو هاتووه و شاری سابڵاغی به‌جارێک وێران کردووه... به‌ هه‌ڵه‌داوان هاتمه‌وه‌ شاری سابڵاغ. به‌ڕاستی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هاتبوو. مه‌لا مارفی کۆکی به قه‌سیده‌یه‌ک، زۆر پڕ به پێست، باسی کردووه، ده‌وێدا ده‌ڵێ: له تاریخی هه‌زار و سێسه‌د و پازده‌ی شه‌مسیدا ڕۆژی جومعه، دوازده‌ی جیمی ئه‌ووه‌ل، نۆیی موردادا یانی من ته‌مه‌نم پازده‌ ساڵ بوو... چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٢٢. بابم تەبعی مەوزوون بوو دەیتوانی شیعر بڵێ؛ بەڵام زۆری ڕق لە شاعیری هەڵدەستا و لای وابوو هەرکەس لە کوردەواریدا دەبێتە شاعیر، خودا نان و دۆی دەبڕێ و بە سواڵکەری دەژی و بە سواڵکەری دەمرێ. میسالیشی بە حەریق و مەلا مارفی کۆکی دەهێنایەوە کە ئەم دووانەی لە نزیکەوە ناسیبوون. حەریق کە مردووە نانی شەوی نەبووە. مەلا مارفیش هەتا مرد سواڵنامەی بۆ هەرە پیاوی خوێڕیش دەنووسی و ئی وا هەبوو پارەی دە نانی بۆ نەدەنارد. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٤١. «... ڕۆژێک لە سابڵاغ لەسەر تاتەکانی مزگەوتی (شادەروێش) لەلای (مەلا مارفی کۆکەیی) دانیشتبووم و داوای شیعری تازەییم دەکرد کە لەبەری کەم، چونکە هەموو شیعرەکانیم لەبەر بوو. وەک دابی عەرەبی پێشوو من ببوومە ڕاویەی مەلا مارف. بە مینگە و سەرخوراندنەوە گوتم: مامۆستا! من شیعرێکم گوتووە؛ بۆتی دەخوێنمەوە. تکایە لەبەر خاتری من مەفەرموو باشە. ئەگەر پێت باش نەبوو پێم بڵێ. پێکەنی، گوتی: شیعریش، ئەو سنعاتە ڕەزیلە، خاتر و ماتری دەوێ؟ ! دەی بزانم! شیعرە هەرەباشەکەم، کە جوابنامەیەک بوو- بۆ خوێندەوە. کە لێی بوومەوە گوتی: ـ ڕۆڵەم! ئەمە میعریش نەبوو، زۆر منداڵانەیە. هەر ئێستا بیدڕێنە و خۆتی لێ نامۆ کە. شیعرم دڕاند و فڕێم دا. پاش تاوێک گوتی: ڕاستی بڵێ! هەمووی هی خۆت بوون یا لە خەڵکیشت دزیبوو؟ گوتم: هەمووی هی خۆم بوون. گوتی: ئەگەر ڕاست بکەی، دوو بەیتیان شاعیرانە و ڕێکوپێک بوون. ئەگەر وەک ئەوانەی بڵێی، بە هومێدم ڕۆژێک وەک خۆم لە برسان بمری! جا ئەگەر خانم ئاوا بێ، قەرەواش چۆن سەگێک بن؟ ئەوە شاکارەکەمە دەبێ بیدڕێنم، گووکارییەکانم چۆن؟ ! بێ سێ و دوو کردن دەفتەرەکانی دیوانە جوانەکەم ئاگر تێبەردان و خۆم لە شیعر و شاعیریی تەرە کرد و ببڕای ـ ببڕای ئاوڕم وەسەر نەدایەوە. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٤٢و٤٣. «جارێک له‌ مه‌جه‌لله‌ی (هه‌ولێر)دا، مه‌قالێکم نووسی که: لە دوکانێکی بەغدا، چەقەڵێکی موومیایی کراوم دیت؛ لە بنی نووسرا بوو نرخی بیست و پێنج دیناره‌. مات مام: خوایە دەبێ ئەو چەقەڵە شاعیر بووبێ یان خزمایه‌تی ده‌گه‌ڵ شاعیر هه‌بێ؟ ! پەنجا چەقەڵ بە زیندوویی کەس بە فلسێکی ناکڕێ، بە مردوویی نرخی بیست و پێنج هه‌زار فلسە! مرادیشم هەر شاعیرانی کوردستان، وەک مەلا مارف و قانیع و فایق و پیرەمێرد و جگه‌ له‌وان بوو. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٠٠. نووسراوه‌ی بڵاونه‌کراوه‌ی مامۆستا هێمن سه‌باره‌ت به مه‌لا مارف: ... به‌ڵێ من پیاو بووم که مه‌لا مارف کۆکه‌یی به کوێری، له برسان و له خه‌مان عه‌مری خودای به‌جێ هێنا، دیبووم ده‌مزانی چه‌ند زانا و خوێنده‌واره‌، چه‌ند کۆمه‌ڵناسه... به‌ڵێ مه‌لا مارف ئه‌و که‌سه بوو که به‌و هه‌موو زانست هونه‌ره‌وه‌ به زگێک تێر و به دوو زگانی برسی بوو. دوایه‌ش که مرد وه‌ک حه‌ریق له گۆرستانی مه‌لا جامی نێژرا و گۆڕی ئه‌ویش وه‌ک گۆڕی هه‌زاران مه‌لا و سه‌ید و پیاوچاک به‌ده‌ستی «وه‌ره‌هرام» ته‌خت کرا... گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٩٠-١٩٢. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی مامۆستا عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی به پێنووسی مامۆستا هه‌ژار سەبارەت: گۆڤاری سروه‌، ژماره دوو، هاوینی ١٣٦٤ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه ٢١-٢٤. - مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، پێداچوونه‌وه‌ی سه‌عید که‌ره‌می، چاپی یه‌که‌م ١٣٩١ی هه‌تاوی، بڵاوکه‌ره‌وه‌ی کوردستان – سنه، لاپه‌ڕه ٦٦٥-٦٦٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی «ڕۆژێک سەیری دووکانێکی بەغدام ده‌کرد، چەقەڵێکی مۆمیاویی کراوی لێ دانرابوو، لە ژێر قاچیەوە نووسرابوو «بیست و پێنج دیناری تەواو». من سەری زمانی خۆم گەست، هات بە دڵما. هەیاران! ئەم مام چەقەڵە موحتەرەمە ئاخۆ دەبێ بە زیندوویی سه‌ر شاعیر، نووسەر و هونەرمەندێکی کورد بووبێ، لە ژیانیدا لە برسان و لە ترسان شۆقرەی نەبووبێ و ئێستاکێ لاشەی مۆدکی بەم دەرد و مەخسەرە چووبێ؟ کێ ئەزانێ؟ هەزار دانە بە زیندوویی فلسێ ناژین کەچی یەکێک بە مردوویی بایی بیست و پێنج دینارە! بەخوا سەیرە! لە درێژایی مێژووی پڕ نەگبەتی کورددا، هەر شاعیر، هەر هونەرمەندێک لە ناو کورددا هەڵکەوتبێ و هونەرەکەی بە زمانەکەی خۆی ڕانابێ و شیعری بە کوردیی دانابێ، هیچ کەس ئاوڕی وێ نەداوە، بە سووك تەماشای کراوە... ... نامەوێ مەلای جزیری و خانی و نالی و حاجی و مەولەوی و زۆری تر لەو کەسانەی ئێستا مایەی شانازیی کوردەکانی کوردستان و کوردناسانن بۆ نموونە بهێنمەوە. لازم ناکا مێژووی کۆنتان بۆ بخوێنمەوە. ئەمەوێ هەر سەرچڵی و مەویژ نموونەی کەویژێک ئەوانە وەبیر بێنمەوە کە هاوچەرخی خۆمان بوون و دەمانناسین. «مەلا مارفی کۆکەیی» ئەگەر بێژم لە برسا مرد ڕەنگە باوەڕم پێ نەکەن، چونکە ئەو دەم نانی وشک زۆر هەرزان بوو. «مەلا ئەمجەد» ئەو هونەرمەندە بێوێنەی کە نازناوی شیعریی (کاک) بوو، ئاغای لێ ببووە ڕمووزن و لە چەند جێ دێبەدەریان کرد. «قانیع» تا مرد نان و دۆی خۆی ڕۆژێک لە پەنا یەک نەدیت. «حاجیی تۆفیق پیرەمێرد» کە حاڵی ماڵیشی خۆش بوو، هەر چونکە کمۆنیست نەبوو، کەس ڕۆژنامەکەی نەدەکڕی، دەیانگوت دەستندەخۆری ئینگلیستانە. «فایەق بێکەس» کە چریکەی گوێی دوژمنانی کەڕ دەکرد، دوو لێفەی لە ماڵدا نەبوو کە خۆی و منداڵەکانی پێ داپۆشێ. بە قەرزداری جوولەکەی ئارەق بەقەرزدەر مرد. «گۆران» ئەو ئەستێرە گەشەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کورد، بۆ دابین بوونی بژێوی دەگاتە یافای فەلەستین تا وتاربێژی ڕادیۆی «شەرقی ئەدنا» بێ. «جگەرخوێن»پەنجا ساڵ پتر بۆ شیعر و چیرۆکی کوردی چەوسایەوە، لەجیاتی نان، خوێنی جگەری خۆی دەخوارد. چەندە لە کوردستان ژیا و من دەمناسی گەسک لێدەری کۆڵانان لەو تێرتر بوون، کەس ئێرەیی پێ نەدەبرد.. خودا ویستوویە ئامیانی ژیانمان بمێنێ، چەند کەسی وا بخوڵقێنێ، زۆر گوێ نەدەنە نان و ئاو، بێ بەرگ و پێڵاو ڕابوێرن، لە گۆشت و پڵاو وازبێنن. دڵ دان بە کیژی دنیایی، ئەوینی پاکی خودایی، خۆشەویستی زێد و خزمان، هانیان بدا هەستی ناو دڵ و هەناوان، بە زوانەکەی دای و باوان بدرکێنن، ڕووپەڕانی پێ بڕەنگێنن. ڕەنگە لەبەرخۆ گوتبێتیان: خۆمانە بێ و دۆمانە بێ، نەک بە زوانی بێگانە بێ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووسراوه‌ی بڵاونه‌کراوه‌ی مامۆستا هێمن سه‌باره‌ت به مه‌لا مارف سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ... به‌ڵێ من پیاو بووم که مه‌لا مارف کۆکه‌یی به کوێری، له برسان و له خه‌مان عه‌مری خودای به‌جێ هێنا، دیبووم ده‌مزانی چه‌ند زانا و خوێنده‌واره‌، چه‌ند کۆمه‌ڵناسه... ئه‌گه‌ر ددان به‌وه‌ دابنێین که ئه‌ده‌بیاتی نووسراوی کورد، مه‌به‌ستم فولکلۆری ئه‌ده‌بی نییه، ڕه‌وتی سه‌بکه‌کانی ئه‌ده‌بی فارسی گرتووه، ناچارین که بڵێین که‌م شاعیری وامان هه‌بوون له سه‌بکی خوراسانیدا به‌قه‌د مه‌لا مارف سه‌رکه‌وتوو بوون. قه‌سیده‌که‌ی «نرکه‌ی نه‌هاتی»، ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی که له زه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاخانی خوێنڕێژدا، ڕه‌خنه‌ی له ڕه‌فتاری ناله‌باری کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و زه‌مانه گرتووه و به‌و نیوه‌شیعره‌ ده‌س پێده‌کا: «موددەتێکە نەفسی حیز حوکمی خراوم لێدەکا» شاهیدی قسه‌که‌ی منه. ڕه‌نگبێ ئێستاش ئه‌و ئاژانانه که به ئه‌مری شاره‌بانی ڕه‌زاخانی، مه‌ندیلی مه‌لایان، شه‌ده‌ی لاوان، چارشێوی ژنان، نێفه‌کی ڕانک و پانتۆڵ له‌به‌رانیان ده‌سووتاند، فڕێ ده‌دا، ده‌دڕی و ده‌بڕی و ئه‌گه‌ر که‌س دیار نه‌با به‌ به‌رتیل ڕازی ده‌بوون که کۆکه‌یی له‌باره‌ی ئه‌واندا گوتوویه‌تی: «دەچمە سەرچۆم و خه‌یابان یەک نەفەس ئاسوودە بم شارەبانی حازرە داوای کڵاوم لێدەکا» بێشک ئه‌و سجیلنووسانه زیندوون و ئه‌گه‌ر ئه‌م شیعره‌ بخوێننه‌وه، تک تک ئاره‌ق ده‌ڕێژن که بۆخۆیان ده‌زانن ئه‌و سه‌رده‌م چۆنیان خه‌ڵک ده‌ڕووتانده‌وه که مه‌لا مارف له‌باره‌ی ئه‌واندا گوتوویه‌تی: «سەیری خۆشتر من کە «مەعرووفم» لە نێو ئەم شارەدا تازە «ئیحسائیە» داوای ئیسم و ناوم لێدەکا» له‌بیرمه‌ شه‌وێکی له دیوه‌خانی میرزا ڕه‌حمه‌تی شافیعی، ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ، کۆمه‌ڵێک گه‌وره‌پیاو و شێعرناس که ئه‌وی له‌بیرم مابێ یه‌کیان مامۆستای مه‌زن «تورجانی زاده» بوو، تاریفی ئه‌و شیعره‌یان ده‌کرد که مه‌لا مارف بۆ شافیعی نارد بوو، من به‌ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر چۆک دانیشتبووم، مته‌قم نه‌ده‌کرد، تا گه‌یشته ئه‌و شیعره: «جائیزه‌ی شیعرم له‌ تۆ ناوێ مه‌گه‌ر بارێ ڕه‌ژی تا سه‌روڕووی دوژمن و به‌دخواهی تۆی پێ ڕه‌ش بکه‌م» ئه‌و ده‌م وه‌ده‌نگ هاتم و گوتم: ئه‌م شیعره مانایه‌کی دیکه‌شی له‌بندا هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که میرزا ڕه‌حمه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی دوژمن و به‌دخواه‌ هه‌یه که بارێک ڕه‌ژیان ده‌وێ تا مه‌لا مارف ڕوویان پێ ڕه‌ش بکا. مامۆستا تورجانی زاده تاوێک مات بوو و گوتی: ئافه‌ریم ڕۆڵه تۆ کێی؟ خۆم پێ ناساند، گوتی له کن کێت خوێندووه؟ گوتم له خزمه‌ت مامۆستا فه‌وزی، گوتی: ئه‌وه بۆیه شتی وا ده‌زانی. به‌ڵێ مه‌لا مارف ئه‌و که‌سه بوو که به‌و هه‌موو زانست هونه‌ره‌وه‌ به زگێک تێر و به دوو زگانی برسی بوو. دوایه‌ش که مرد وه‌ک حه‌ریق له گۆرستانی مه‌لا جامی نێژرا و گۆڕی ئه‌ویش وه‌ک گۆڕی هه‌زاران مه‌لا و سه‌ید و پیاوچاک، به‌ده‌ستی «وه‌ره‌هرام» ته‌خت کرا... ئه‌م قه‌برستانه هه‌زارن کێلی مێژوویی و جوانی تێدا هه‌بوون... له نێویان بردن. من بۆخۆم کێلێکم دیبوو که نه‌وێکی لوتفعه‌لی خانی زه‌ند هه‌ڵیکه‌ند بوو و خه‌تێکی زۆر جوان بوو. به ئاواتم گۆڕی مه‌لا مارف له حه‌وشه‌ی ماڵێکدا بێ و گوڵکاری و چیمه‌ن بێ. گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٩٠-١٩٢. [ئه‌م وتاره کورت کراوه‌ته‌وه. ] ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گازه‌ سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٥٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی خودا هه‌ر تۆی که‌ریمی کردگاری خودای مڵک و مه‌له‌ک، له‌یل و نه‌هاری هه‌رچی زه‌ڕڕاتی عه‌رز و ئاسمانه کوراتی به‌ر هه‌تاوی لانیساری له‌ ژێری ڕووپه‌ڕی ده‌ور و زه‌مانی به‌ هه‌ر نه‌خشێ ته‌ماشاکه‌م، دیاری عه‌زیزی تۆ له‌ هه‌ر لا خۆشه‌ویسته زه‌لیلی تۆ به‌ که‌س نایه قوتاری گوڵستان و گوڵ و گوڵزار و گوڵشه‌ن نه‌ی و شمشاد و سه‌روی جۆیباری نه‌وا و ناڵه و گریانی قومری فه‌غانی بولبولی سه‌ر شاخساری زریوه‌ی مه‌ل له‌سه‌ر په‌ل یا له‌ سه‌ر گوڵ چریکه‌ی هودهود و سه‌وتی هه‌زاری سه‌ڵا و حه‌قحه‌قی مورغانی یاحه‌ق که‌ ده‌نگیان دێ له‌ سه‌ر عوودی قوماری هه‌موو تاریفی زاتی پاکی تۆیه ده‌مێ ئه‌یکه‌ن به‌ خه‌نده و گا به‌ زاری به‌ لووتکه‌ی شاخه‌وه و‌ نوچکه‌ی چیاوه ئه‌خوێنن که‌بکی مه‌ستی کۆهساری به‌ هه‌ر نه‌زم و به‌ هه‌ر وێنه و عیباره‌ت هه‌موو ئیقرار ئه‌که‌ن په‌روه‌ردگاری ئه‌زانی حاڵی زاری من چلۆنه چیان لێ کردووم فه‌قر و نه‌داری فه‌قیر و گێڕ و لاکه‌وته و نه‌خۆشم به‌ بێ چاوی و به‌ پیری و ئیختیاری به‌ ناز و ڕاز و ئیعجازی محه‌ممه‌د به‌ ئه‌سحاب و به‌ ئال و چوار یاری به‌ هاوارم بگه، گیانم زه‌لیله به‌ غه‌یری تۆم نییه هومێدواری ئه‌من «مه‌عروف»ه‌که‌ی تۆم و په‌شێوم سه‌ری تێ کردووم پیری و هه‌ژاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وه‌سفی به‌هار سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکهای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٠. - گۆواری ئەدەبی ـ فەرهەنگی سروه‌، ساڵی چوارەم، ژماره‌ی ٢٥، گه‌لاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی (لاپەڕە ٢٠. ) - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی سۆفی وەرە هەنگامی گوڵ و فەسڵی بەهارە وەقتی تەرەب و عەیش و مەی و گەشتوگوزارە پیشە و عەمەلت حیلە و تەزویر و ڕیایە تۆ بەشقی خودا پێم بڵێ ئەو کارە چ کارە؟ بەم ڕیشەوە تاکەی دەبڕی ڕیشەیی عومرت ئەم ڕیشە مەگەر تیشەیە یا شەققەمشارە؟ تێفکرە، تەماشاکە، لە کووچە و لە خیابان سۆزی نەیە، نەشئەی مەیە، ئاوازەیی تارە پۆل پۆل سه‌فی مه‌حبووبه له گوڵزار و چه‌مه‌ندا تۆ دێوی مه‌گه‌ر، مه‌نزڵی تۆ هه‌ر له موغاره‌؟ ! ڕایخستووە فەڕراشی سەبا فەڕشی زوموڕڕود وەک ئەتڵەسی یەکڕەنگە بە بێ گەرد و غووبارە هه‌رچی لکه‌ داره وه‌ره‌قی زه‌ردی له‌به‌ردا بێ به‌هره‌یه له‌م خه‌لعه‌ته هه‌رچی لکه‌داره دەڕژێنێ لە ئاوپاشی فەلەک ئاوی موقەتتەر سەققای ڕەبیعی بە قەتارە و بە مەتارە سەرتپی بەهاری لە گوڵ و لالەیی ڕەنگین چەن تیپی لە سان دا، لە پیادە و لە سەوارە موستەحفیز و نۆبەتچییە بۆ باغ و گوڵستان کەبکی دەری و بولبول و قومری و قەنارە خه‌مڵیوه وه‌کوو خێوه‌تی خارا به گوڵووکان هه‌ر چیمه‌ن و باغ و ده‌ر و ده‌شتێک و نزاره سەحرایە لە بەر عەتری گوڵ و لالە و سونبول وەک دەشتی خەتاو و خوتەن و مڵکی تەتارە شەونەم کە لەسەر ڕووی وەرەقی گوڵ دەدرەوشێ عەینەن وەکوو قەترەی عەرەقی ڕوومەتی یارە سوێسن بە زمانێکی تەڕ و تازە خەریکە بۆ مەدح و سەنای سانعی ئەم نەقش و نیگارە یانی که هه‌موو شت به ده‌می سیڕڕی وجوودی بۆ بوونی خودایه‌ک به‌ته‌نێ به‌ڵگه‌یه‌ دیاره شاعیر! وەرە تۆ بەشقی خودا ڕوو لە چەمەن کە سوحبەت لەگەڵ ئەو عالەمە هەر دەرد و جغارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نرکه‌ی نه‌هاتی سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦١. - گۆواری ئەدەبی ـ فەرهەنگی سروه‌، ساڵی چوارەم، ژماره‌ی ٢٥، گه‌لاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی (لاپەڕە ٢١. ) - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شاعیر لە مەهاباد زۆر بە هەژاری و نەداری ژیانی بردۆتە سەر. ئەم نەداری و دەستەنگییەی وێڕای بارودۆخی کۆمەڵگا، ژیانی لادێیی و هەست پێکردن بە بندەستیی چینی ڕەعییەت و زوڵم و زۆری خانەکان، ئاوارەیی و عەوداڵ بوونی خۆی، بێ دەرەتانی و دەردی نەخوێندەواری نەتەوەکەی، لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە قەسیدەیەک بە ناوی 'سێڵاوی مەهاباد'شاعیر ئەو گیروگرفتانە بە وردی باس دەکا و دەڵێ: موددەتێکە نەفسی به‌د حوکمی خراوم لێدەکا هەر بە قەهر و کینە دەڕوانێت و چاوم لێدەکا جار بە جار دەگری و دەناڵێنێ وەکوو هەوری بەهار گا بە خەندە و پێکەنین دێت و سڵاوم لێدەکا یەک سەعات و یەک دەقیقە دەست لە من هەڵناگرێ ڕوو لە هەر لایەک دەکەم هەر قاوە قاوم لێدەکا بۆ خەراباتی موغان و مەسجید و دەیر و کەنیشت دەمڕفێنێ ئەم سەگە سەت گورگەڕاوم پێدەکا هەرچی تەفرەی لێدەدەم، وەعدە و وەعیدی پێ دەدەم ناسرەوێ تەکلیفی قۆڕ و بندڕاوم لێدەکا ڕۆژی شیرینم نەماوە عەهدی ترش و تاڵییە وەک مناڵ دەگریت و داوای شەکری خاوم لێدەکا من لە بەر عه‌جز و پەرێشانی کە هیچ نوتقم نییە ئیددیعای ئەشعار و بەیت و بەند و باوم لێدەکا من بە ناری دڵ دەبرژێنم کەبابی جەرگی خۆم ئه‌و به‌وه‌ش ڕازی نییە داوای پڵاوم لێدەکا هەرچی فکری لێدەکەم ڕێگای خەڵاسیم بۆ نییە بەم چلەی زستانە داوای تاووساوم لێدەکا دەچمەوه‌ ماڵ، ماڵ و منداڵ دێن و دەورەم لێدەدەن یەک تەمەننای قەند و چا، یەک نان و ئاوم لێدەکا ده‌چمه مزگه‌وتێ له‌وێش شه‌یتانی مه‌ڵعوون حازره ئیددیعای ئیسلام و ئیمانی نه‌ماوم لێده‌کا ڕوو لە بازاڕیش دەکەم ئەمجارە ئەربابی تەڵەب هەرکەسێ تووشم دەبێ داوای دراوم لێدەکا دەچمە سەرچۆم و خه‌یابان یەک نەفەس ئاسوودە بم شارەبانی حازرە داوای کڵاوم لێدەکا دەردی بەدتر لەم هەمووە دەردانە تیغی پیرییە جەرگی لەت لەت کردووم و داوای هەناوم لێدەکا یەک لە ئەشخاسی ئەدیب و دۆستانی موحتەڕەم ئیددیعای یەک گەوهەری کون ناکراوم لێدەکا چوومە لای غەوواسی بەحری فکر و بۆم هێنایەدەر گەوهەری ناسوفتە، داوای باج و خاوم لێدەکا سەیری خۆشتر من کە «مەعرووفم» لە نێو ئەم شارەدا تازە «ئیحسائیە» داوای ئیسم و ناوم لێدەکا هێندە گریاوم لە نێو چاوم نەما فرمێسک و خوێن زاڵمە، بێ ڕەحمە داوای خوێنی چاوم لێدەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامۆژگاری سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦١. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شیعرێکی ناوازەی ( مەلا مارف کۆکەیی) شاعیری پایەبڵندی کورد، کۆچکردوو (مەلا مارف کۆکەیی) کە بەمەلا مەعروفیش بەناوبانگە، یەکێکە لەشاعیرە کلاسیکەکانی کورد، ئەو زاتە قەڵەمێکی بەبڕشت و بیرێکی تیژو ناوازەی هەبووە، ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان و خاوەن سەبک و ڕێبازی تایبەتی خۆیەتی لەناو شاعیرانی کلاسیک. زانستخوازبووە و ئاگاداری ئاستی پێشکەوتنی گەلان و زانست و تەکنەلۆژیا بووە، بە شیعرەکانیدا دیارە گلەیی لە دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردەواریی هەبووە و پەرۆشی چاککردنی بووە. مەڵێن يا شێتە يا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە خەيا‌ڵاتم پەرێشانە، دڵم تاريكە هەم تەنگە مەكەن مەنعم، لە هەوری بيری من بارانی خوێن بڕژێ لە سەحرای سينەدا ديسان، هەرايە، شۆڕشە، جەنگە شەهی ئيقليمی بەدبەختی، لەبۆ تەسخيری موڵكی دڵ هوجومی كردووە، تاليب بە تاج و تەخت و ئەوڕەنگە ئەميری لەشكری زوڵمە، لە دەوری فەوجی بێ ڕەحمی جەفا وو جەور و ميحنەت، ياوەر و سەر‌تيپ و سەرهەنگە كەديتم لەشكری موڵكی بەدەن، مەغڵووب و مەحسوورە بە فەرزينی غەمم، شاهی وجوودمه‌ مات و بێدەنگە ڕووخی نەحو و پيادەی سەرف ‌و ئەسپی حيكمەت و مەنتيق لە ژێر پێی فيلی سەنعەتدا‌، خەریكی وردە ئاهەنگە کوتم: ئەی نەفسی غافڵ، هەستە سەيری وەزعی دنيا كە بە نووری مەعريفەت ڕووی سەرزەمين، يەكسەر تەڵاڕەنگە نەتيجەی حاسڵی دنيا و دينت جەهل و غەفڵەت بوو تەواوی قەول و فيعلت، شەعبەدە و تەزوير و نەيڕەنگە چ نەفعێکی هەیە بۆ تۆ، بزانی كەوكەبی تاليع كە عەينوسسەورە، كلكی عەقرەبە، يا چەنگی خەرچەنگە مەعاريف عيلمی تەييارە و گڕامافۆن و بێسيمە ئەوەی تۆ پێی دەڵێی عيلم و مەعاريف‌، چاوەكەم نەنگە مەسافەی بەينی عيلمت، تا دەگاتە عيلمی ئاديسون عەزيزی من، بە ميليون و بە كيلومتر و فەرسەنگە وەكيل و نايب و سەرجوخە بۆ تۆ شاهـ و سوڵتانن ئەويش كەمتر غوڵامی خوسرەو و جەمشيد و هووشه‌‌نگە بەڵێ، عالیم دەبێ يا ئيبنوسينا يا غەزالی بێ کە ئيحيای ئەم شيفای قەلب و شفای ئەو كەنزی فەرهەنگە حەياتی جاويدانی سەنعەت و سەربەرزييە جانا قەتار و قافڵەی بێ عيلم و سەنعەت، تا ئەبەد لەنگە چيیە؟ سا بەسیە «شاعير»، مەوعيزە و شيعر و غەزەلخانی مەتاعی تۆ، هەموو بێ قيمەت و بێ ڕەونەق و ڕەنگە كە شيعرت وەک سەدەف فەڕزەن هەموو پڕ بن لە دانەی دوڕ لە لای ئەشخاسی ويشک و بێ تەبيعەت، ئاسن و سەنگە كە مەقبووڵی جەنابی شێخ و ئەربابی تەبيعەت بێ نیگارینخانه‌یی نه‌ققاشی چین و نه‌قشی ئه‌رژه‌نگه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاپه‌ڕین بۆ عیلم و سه‌نعه‌ت سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی میللەتی مەزلووم و فەقیر و دەستەوەستان بێ عیلم و مەعاریف وەکوو ئەتفالی دەبستان ئەی بێ بەش و بێ بەهرە لە ئازادی و شادی مەحرووم و دوواکەوتوو وەکوو کوێر و نقوستان بۆ بێخەبەرن دەوری جەهالەت سپەری بوو بێ نوورە چرای جامیعەیی بادەپەرستان ئەم تەمبەڵی و غەفڵەت و ئەو خەوتنە تاکەی؟ عالەم هەموو بێدارە لە خەو، جوملە هەڵستان زۆر عەیبە، گەلێک عارە کە ئەو قەومە نەجیبە مەشهوور بە شەجاعەت هەموو وەک ڕۆستەمی دەستان بێ حورمەت و مەحکووم و هەموو چاوەبەرەژێر بن بۆ داخلی وو خاریجی وو پارەپەرستان ئه‌م جه‌هل و نیفاق و حه‌سه‌د و بوغزه‌ هه‌تا که‌ی؟ ده‌خولێنه‌وه‌ تا که‌ی وه‌کوو دێوانه‌ وو مه‌ستان؟ بیشۆنه‌وه پێم چاکه به سابوونی سه‌داقه‌ت ئه‌م چڵکی نیفاقه له ده‌م و چاو و له ده‌ستان ئیقدام و قیامێکی بکەن مەوقیعی کارە هەر بۆ مەیە تەنیا کە بەهار بۆتە زومستان خاروخەسی زیللەت لە ڕەگ و ڕیشە دەرێنن بیکەن بە گوڵ و گوڵشەن و گوڵزار و گوڵستان هەر بۆ مەیە خوێنی جگەر و میحنەت و تاڵی بۆ ئەجنەبییە نیعمەتی شەهد و شەکەرستان ئەوڕۆکە لە فەن و هونەر و عیلم و سەنایع هەر کوردە کە بێ بەهرەیە باقی هەموو وەستان بڕوانه به نووری هونه‌ر و شه‌معی مه‌عارف تاریکه‌شه‌ویش ڕه‌وشه‌نه بۆته‌ قه‌مه‌رستان گوێ بگره له ڕادیۆ که به یه‌ک سانییه دێنێ باس و خه‌به‌ری له‌نده‌ن و پاریس و له‌هیستان بێ عیلمی سه‌به‌ب بوو که به‌خۆڕایی له‌ده‌س چوو میسر و حه‌به‌ش و شام و عێراق و عه‌ڕه‌بستان ئینسافه ئیتر به‌سیه به‌ ئه‌م جه‌هل و نیفاقه دنیات که نه‌ما دینه‌که‌شت ڕۆیی له ده‌ستان شاعیر وه‌ره‌ قوربانی قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌مت بم بینووسه له‌بۆ ئاکره‌ و ئامێد و لوڕستان باوه‌ندی و سه‌نجابی و ئافاقی جنووبی بۆ کوردی په‌ڕاکنده له گه‌رمێن و له کوێستان بۆ میلله‌تی بێچاره‌یی بێ ساحه‌ب و سه‌ردار به‌خسووس ته‌به‌قه‌ی کوردی عێراق و عه‌جه‌مستان بۆ ئاتییه فکرێکی بکه‌ن فرسه‌ته ئه‌مڕۆ تاکه‌ی ده‌بنه چاوله‌به‌ر و ئاله‌تی ده‌ستان کوردینه وه‌رن ڕاپه‌ڕین، هیممه‌تێ بگرین هه‌رکه‌س هه‌یه با بێت و نه‌مێنێته‌وه که‌ستان وا تێ ئه‌گه‌م و دێ به‌ قه‌ریحه‌ و قه‌ڵه‌ممدا ته‌نیا ئه‌وه‌ بێنێته‌ ده‌می کورده‌وه‌ پرستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شکایه‌ت له‌ بێ وه‌فایی دونیا سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٣. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئه‌ی بولبولی خۆش ئه‌لحان بۆچ هێنده په‌رێشانی ئه‌ی ساده‌دڵا تاکه‌ی هه‌ر وه‌حشی و نه‌زانی زۆر عه‌یبه گه‌لێ عاره بۆ ئه‌م گۆڵ و گوڵزاره هه‌مده‌م به‌ خه‌س و خاره، سه‌رگشته‌ و حه‌یرانی ئه‌ی عاشقی مه‌ستانه‌، ئه‌م باغ و گوڵستانه ڕه‌عنایه به‌ فه‌روه‌ردین یه‌غمایه به‌ زستانی سه‌رو و سه‌مه‌ن و سونبول ئه‌و خێوه‌ت و خه‌یمه‌ی گوڵ تاراجی ده‌کا تیپی سه‌رتیپی زومستانی چه‌ند ساڵه منیش وه‌ک تۆ به‌م ده‌رده‌ گرفتارم که‌وتوومه غه‌زه‌لخوانی، بێهووده و مه‌ججانی ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ تۆ کێشات ئه‌و ڕه‌نجه که‌ من دیتم هیچ نه‌فعی نه‌دا بۆ مه‌ جوز نه‌قدی په‌رێشانی ئه‌شعار و قه‌سیده‌ی من ئافاقی هه‌مووو داگرت بانه و سه‌قز و موکری، سه‌رده‌شت و سولێمانی نه‌مدی له‌ که‌س ئیقدامێ، نه‌مدی له‌ که‌س ئیکڕامێ یا بێن و به‌دڵ بیکه‌ن له‌م ته‌بعه قه‌دردانی تەقسیمی ئەزەل وابوو لەم هۆزە نەبینم من ئیللا ئەلەم و حەسرەت، ناڵین و پەرێشانی ئیللا له جووانێکی ئازاده‌یی دێبوکری مه‌خسوس له‌ بزورگان و نه‌وزاده‌یی یه‌لخانی هه‌وری که‌ڕه‌م و ڕه‌حمه‌ت بڕژێنێ بپرژێنێ سه‌ر مه‌زره‌عه‌یی قه‌بری به‌خشایشی یه‌زدانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نسحه‌ت و په‌ند سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٦. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی گوێ شل کە برا لەم غەزەلە، نسحەت و پەندە وا تێمەگە بەیتی بلەیە، مەیکە بە خەندە ڕووحم بە فیدای ئەو کەسە میللەت دەپەرەستێ بێزارە لە مەحکوومی به ئازادی پەسەندە هەرکەس کە لەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چابێ زاتێکە کە عالی نەسەبە و فیکری بڵندە ئەم میللەتە مەحروومە لە ئازادی و شادی ئاوارە لە بووم و وەتەنن بوونە پەڕەندە دەخولێنەوە سەحرا و دەر و دەشت و بیابان وەک غولی بیابانی و حەیوانی چەڕەندە قسمێکی وەکوو عەقرەب و وەک مار و ڕوتەیلە مەیلی لە گەزینە وەکوو حەیوانی گەزەندە باعیس ئەمەیە بێ کەس و سەردار و ڕەییسن هەر بۆیەشە ئەو ئیشە کە گەندیدە و گەندە گەر موتتەفیقەن دەس بدەنێ نەیکەنە قەڵسی یەک قووەتی پێ لازمە ئەم بەند و کەمەندە تۆفیق لە خوداوەند و لەسەر ئێوە قیامە یەک حەملە بەرن فورسەتە وەک شێری دڕەندە ئەو سەدد و تەلیسمانە بە گورزان بشکێنن دەی لەتلەتی کەن ئەم قەیدە بە شمشیری بڕەندە ئەو لەززەتی ئازادییه و حوڕیەتی نەفسی سەد مەرتەبە شیرینترە لەم شەککەر و قەنده‌ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕه‌خنه له عێلاتی کورد و نه‌بوونی یه‌کێتی سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شاعیر عموومی کەوتنە مقالات و بۆڵەبۆڵ مەدحی وەتەن دەکەن بە قەسیدەی شڕ و شڕۆڵ تەعریف دەکەن لە میللەتی کوردی بە سەد زمان پاک بوونە چاوەشێکی بەبێ دمبەگ و دەهۆڵ کوردیش چ کوردە؟ ! میللەتی خۆخۆرە پێکەوە بۆ گیان و ماڵی یەکتری سمکۆڵ دەکەن لە خۆڵ دیۆ و درنج و ورچ و بەراز و ڕێوی و چەقەڵ کوێر و کەڕ و شەل و کەچەڵ و گۆج و گێڕ و کۆڵ یەعنی گەورک و مەنگوڕ و پیران و کاڵەموو زەرزا و شکاک و مامەش و هەرکی، سەگی گەڕۆڵ بۆ ماڵی کوردی هاتنە سەما و ڕەقس و پێکەنین بەربوونە گرمەگرم و چەق و لوور و گۆڵەگۆڵ وەک گورگی هار و برسی بڵاو بوون لە دەشت و دەر دەخولێنەوە هەموو ئەشکەوت و خڕ و شیو و دۆڵ بۆ کاڵەکۆن و پیاڵەشکاو و فەڕشی دڕاو خۆیان دەخستە ئاو و ئاور و ژێر ئەرزی چاڵ و چۆڵ پووڵ و ئەساس و دەوڵەت و ماڵی نە کەم نە زۆر هیچیان نەهێشت و بۆ مە نەما غەیری خاک و خۆڵ عێلات کە ڕووی ڕەشە لە شەڕەف و پاکی بێبەشە ئەمما بڵێن بە خان و خەوانین و میر و قۆڵ تاکەی وەتاغی بەرز و ژنی تەرز و تەرکی فەڕز لێتان حەرام بێ سوحبەتی خاتوونی نەرم‌ونۆڵ سەرتان کە سازە، هەریەکە ئاوازێ لێدەدا پاک ساحێبی تفەنگ و سوپاهـ و جاڕ و جۆڵ ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ سابڵاغی دەست ‌و پێ بە خەنەی قەت هەتاو نەدیو ڕەنگین و نازەنین و سپی و سۆڵ و نەرم‌ونۆڵ قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ سەردار و کەیخودای موکریان خەڵات کران ڕانکێکی کۆن و لەت ‌لەت و چۆغێکی بێ گڕۆڵ ئەو ڕۆژە غیرەت و شەڕەف و دینی خۆت فرۆشت ئەی ئافەرین ڕەییس و ئەمیرانی تۆندوتۆڵ دوێنێ دڵم بە ئاوری حوببی وەتەن دەسووت ئەوڕۆکە وایە، سارد و سڕە هەر وەکوو سەهۆڵ مەیڕێسە، بەسیە، شاعیری چەپرەک بڵێ بڵێ: ڕەببی وڵاتی کوردی ببینین بە چۆڵ و هۆڵ. مەلا مارف ئەو شێعرەی ساڵی ١٩٢١ز، دوای هاتنی سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ) بۆ مەهاباد و تاڵانی ئەو شارە، نووسیوە. ... لە پاییزی ساڵی (١٣٠٠)ی شەمسی، لەشکری (سمایلاغای سمکۆ) بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە... ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من، ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە، ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. (مه‌لا مارف)ی شاعیر له‌و باسه‌دا ده‌ڵێ: «ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ» شکاک کوردی سابڵاغییان هه‌ر تاڵان کردووه و نه‌یانکوشتوون. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٢و١٣. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێعری شه‌ککه‌ر سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٨. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی عەینەکی عەینم عەزیزم من بە تۆ تەقدیم دەکەم مەخزەن و میفتاحی قەلبی خۆم بە تۆ تەسلیم دەکەم بۆ بەشارەت نەقدی جان و قیسم و ئەنواعی غەزەل کامەیان چاکن ئەوان بۆ تۆ ئەمن تەقدیم دەکەم بۆ تەشەککور، بۆ ڕەواجی عومر و حوسنی عاقیبەت بۆ عەزیزێکی وەکوو تۆ، وەختی خۆم تەقسیم دەکەم ئەووەڵی شەو، شێعری شوکرە و نیوەشەو شێعری بەقا ئاخری شەو شێعری حوسنی عاقیبەت تەنزیم دەکەم تووتیی تەبعم بە یادی قەندی لوتف و سوحبەتت شەککەرئەفشانە منیش هەر شوکری تۆی تەعلیم دەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامانج و ئاره‌زوو سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٧٣. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی که‌سێ غه‌وواسی به‌حری عیلم و عه‌قڵ و فه‌زل و جه‌وهه‌ر بێ ده‌بێ سینه‌ی سه‌فینه‌ی عه‌زمی وه‌ک سه‌ددی سکه‌نده‌ر بێ که‌سێ مه‌یلی خه‌زێنه‌ی گه‌نجی ئه‌سراری نیهانی بێ ده‌بێ مه‌ردی ته‌عام و حه‌وتخوانی شێر و ئه‌ژده‌ر بێ که‌سێ تالب به‌ نێو و شۆره‌ت و ڕوشد و شه‌جاعه‌ت بێ ده‌بێ ئاماده بۆ شمشیر و تیر و زه‌ربی خه‌نجه‌ر بێ که‌سێ مه‌یلی به ‌ئیخراج و خروجی خوینی فاسید بێ ده‌بێ ئه‌ووه‌ڵ قه‌ده‌م ڕازی به ئێش و نیشی نه‌شته‌ر بێ چ باکێکی له‌ تیر و ته‌عن و لۆمه‌ی یار و ئه‌غیاره که‌سێ عاشق به‌ تاقی قه‌وسی ئه‌برۆی یار و دڵبه‌ر بێ چ کارێکی به‌ وه‌عز و مینبه‌ر و میحراب و مزگه‌وته‌ که‌سێکی مورشیدی مه‌یخانه، یا ڕند و قه‌له‌نده‌ر بێ که‌ من ڕووتم به‌ من چی گه‌ر لیباسی عاله‌می دونیا هه‌موو پارچه‌ی حه‌ریر بی، یا نه‌ داراب و موجه‌سته‌ر بێ که‌ من نه‌قدی دووکانم بوو به‌ ئه‌سکیناسی ئیفلاسی به‌ من چی گه‌ر هه‌موو که‌س، ساحیبی یاقووت و گه‌وهه‌ر بێ که‌ من شه‌معی ئومێدم که‌وته نێو فانووسی زوڵمانی به‌ من چی گه‌ر چرای عاله‌م هه‌موو وه‌ک رۆژی ئه‌نوه‌ر بێ که‌ من شاهی وجوودم ماتی بێت و حوزنی وه‌حده‌ت بێ به‌ من چی گه‌ر هه‌موو دونیا، نیزام و تۆپ و عه‌سکه‌ر بێ که‌ من جامی شه‌ڕابم پڕ له‌ ژه‌هری مار و ئه‌قره‌ب بێ به‌ من چێ شه‌ربه‌تی تۆ پڕ له‌ شیر و شه‌هد و شه‌ککه‌ر بێ له‌ خه‌تمی موسته‌قیمی قه‌لب و قالب من که ‌مه‌حروومم به‌ من چی گه‌ر کوره‌ی عاله‌م، موحه‌دده‌ب یا موقه‌ععه‌ر بێ عه‌زیزم عه‌زمی هیممه‌ت شه‌رته‌ بۆچی هێنده مه‌ئیووسی ده‌بێ شاعیر قه‌وی قه‌لب و مه‌تین و سینه ده‌فته‌ر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵبژێرێک له شیعری «سێڵاوی به‌دبه‌ختی» سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٧٩-١٨٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لە بەر کوفرانی نیعمەت یا لەبەر عیشق و موحەببەت بوو لەگەڵ دونیا وەکوو زاهید لەگەڵ تەسبێح و سەججاده کە ئایەی (إِن شَكَرْتُمْ)یان ١ فەرامۆش کرد خودا فەرمووی: جەزای شەرتی (كَفَرْتُمْ) مونتەزیر بن هەر لە دونیادا له هه‌وری قودره‌تی باری قه‌ریبی نیوسه‌عات باری چ بارانێک! نه‌ بارانێ که‌ وا مه‌عهوود و مومتاده‌ له تاریخی هه‌زار و سێسه‌د و پازده‌ی شه‌مسیدا ڕۆژی جومعه، دوازده‌ی جیمی ئه‌ووه‌ل، نۆیی موردادا له زێڕ و زێو و نه‌قدینه، له گه‌نج و ماڵی زێڕینه ئه‌وه‌ی له‌و شاره‌دا مابێ فه‌قه‌ت ئیسمی مه‌هاباده چ ڕۆژێکه له لایه‌ک گرمه‌گرمی هه‌ور و ناڵه‌ی با له لایه‌ک شیوه‌ن و گریان و قوڕپێوان و فریاده‌ به یه‌ک دوو حه‌مله‌ وای تێکدا، سه‌روژێری وه‌ها لێکدا که هیچ فه‌رقی نه‌ما بازاڕ و کووچه‌ و شاریع و جاده ئه‌وانه‌ی دوێشه‌وێ ساحه‌ب مه‌جوعمه‌ و سفره‌ بوون ئه‌مڕۆ هه‌موو غه‌مگین دڵ و بێ تووشه‌ و بێ نان و بێ زاده له‌به‌ر لاشه‌ و جه‌نازه‌ی ئاده‌می و ئه‌قسامی حه‌یوانات خه‌یاڵ ده‌کرا که یه‌ومی نه‌فخی سووره، حه‌شری ئه‌جساده گه‌لێ که‌س له‌و که‌سانه‌ی ساحیبی قه‌سری موشه‌یید بوون له‌یه‌ک مه‌خرووبه‌دا موحتاجی یه‌ک قرۆشه و په‌ناباده‌ به چاوی عه‌قڵ و عیبڕه‌ت گه‌ر که‌سێ بێت و ته‌ماشا کا ده‌زانێ ده‌وڵه‌تی دنیا وه‌کوو دنیا هه‌موو باده که وایه‌ چاوه‌که‌م مه‌غروور مه‌بن به‌و ده‌وڵه‌ت و ماڵه یه‌قینه دوژمنه بۆ ئێمه ئه‌م ئه‌مواڵ و ئه‌ولاده٢ به‌بێ شک ده‌وڵه‌مه‌ندی باعیسی خوسران و عیسیانه ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رف نه‌کرێ له ڕێگه‌ی حه‌قته‌عالادا به هه‌ر کووچه‌ و محه‌للێکدا ده‌ڕۆم هه‌ر شین و گریانه که گوێ ده‌گرم هه‌موو هه‌ر شیوه‌ن و هه‌ی ها و هه‌ی داده ١. «وَإِذْ تَأَذَّنَ رَبُّكُمْ لَئِن شَكَرْتُمْ لأَزِيدَنَّكُمْ وَلَئِن كَفَرْتُمْ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٌ.» (ابراهیم/ ٧): بیریان بخه‌ره‌وه‌ کاتێ که‌ په‌وه‌ردگارتان ڕایگه‌یاند سوێند بێ بێگومان ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سوپاسی (چاکه‌ی) من بکه‌ن بۆتان زیاد ده‌که‌م به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر ناسوپاسی بکه‌ن ئه‌وه‌ به‌ڕاستی سزای من زۆر به‌تینه‌. (ته‌فسیری پوخته‌ی قورئان، مه‌لا محه‌ممه‌د مه‌لاساڵح) ٢. 'يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ مِنْ أَزْوَاجِكُمْ وَأَوْلَادِكُمْ عَدُوًّا لَّكُمْ فَاحْذَرُوهُمْ ۚ وَإِن تَعْفُوا وَتَصْفَحُوا وَتَغْفِرُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ' [سورة التغابن٫ ١٤، وەرگێڕاوی مامۆستا هەژار]. ئەی گەلی خاوەن‌باوەڕان! هێندێک لە ژنانی ئێوە و مناڵانو [ئەوانەی لەڕێی خودا لاتان دەدەن]، دوژمنتانن؛ خۆتانیان لێ‌بپارێزن. ئەگەر چاویان لێ‌بپۆشن و وازبێنن و بیانبەخشن، خوداش لەگوناهـ دەبورێ و دلۆڤانە. ٣... . له هاوینی ئه‌و ساڵه (١٣١٥ی هه‌تاوی)دا گوتیان سێڵاو هاتووه و شاری سابڵاغی به‌جارێک وێران کردووه... به‌ هه‌ڵه‌داوان هاتمه‌وه‌ شاری سابڵاغ. به‌ڕاستی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هاتبوو. مه‌لا مارفی کۆکی به قه‌سیده‌یه‌ک، زۆر پڕ به پێست، باسی کردووه، ده‌وێدا ده‌ڵێ: له تاریخی هه‌زار و سێسه‌د و پازده‌ی شه‌مسیدا ڕۆژی جومعه، دوازده‌ی جیمی ئه‌ووه‌ل، نۆیی موردادا یانی من ته‌مه‌نم پازده‌ ساڵ بوو... چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٢٢. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئافەرین، یاشاسن، ئەی میرزا کەریمی شاتری سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئافەرین، یاشاسن، ئەی میرزا کەریمی شاتری ئیفتیخاری خانەدان و دوودمانی تاجری مەئخەزی ئیسمت سەبەب بوو ناتیقەی هێنامەکار وەرنە عەزمم کرد بوو لادەم لە خەتتی شاعیری فەخرە بۆ ئەربابی هیممەت گەر بە یادی نێوی تۆ لێبدەن شام و سەحەرگاهان لە تەپڵی نادری نێوی تۆ بۆ غەیری تۆ چونکە وەک زەهر و سەمە حەیف و زوڵمە گەر نەنووسم تۆ لەوان باڵاتری با کەریمانی مەجازی پڕ بکەن بۆ ئیمتیاز گوێ لە حەڵقەی بەندەگی، گەردن لە تەوقی چاکری قافیەی شیعر و غەزەل، وەک هیممەتی دەستی کەریم واسیعە؛ ئەمما تەبیعەت کەوتە ڕوتبەی قاسری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوڕڕی دەریای فتووەت یا عەقیقی یەمەنی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی دوڕڕی دەریای فتووەت یا عەقیقی یەمەنی وەه! چ خۆشبەختە کەسێ دەستی بگاتە دامەنی هەر کە بیستم ئەو نەویدی جانفەزا وو دڵگوشا دای لە قەلبم بەرقی شادی، کەوتە چاوم ڕەوشەنی جا گوتم: ئەی نەفسی حیز! ئەمجا بخۆ، ئەمما بخۆ بەربەسێڵ و جلبەکۆڵ و شەهد و شیر و بەستەنی تا ئەوێ ڕۆژێ كە دەمری بیکە ویردی سوبح و شام تف لە ئەشخاسی خەسیس و پیس و ئینسانی دەنی یەک چەپۆش١ بۆ کەشکەک و گیپە و سەر و پێ لازمە نیسبەتەن بۆ زاتی تۆ (یک خوشە از خرمنی) ١. چه‌پۆش: گیسکه‌مێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شەوقی نیشتمان و شۆعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لە شەوقی نیشتمان و شۆعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە برینی ڕووح و قەلب و قالبم فیلجوملە ساڕێژە ئەگەر باوەڕ دەکەن یاران! سەدای تەپڵی بەشارەت دێ مەڵێن ئەم شاعیرە دێوانەیە، یا شێتە، یا گێژە دەڵێن ئەو کاروانەی قافڵەی کوردی وەپاش کەوتۆ کەمی ماوە نەجاتیان بێ، لە ئەم ھەوراز و ئەم لێژە برا! گەردەنکەچی و مەحکوومی خۆراکێکە ژەھراوی دەخیلت بم نەچی بیخۆی، بڕۆ تێیھەڵدە، بیڕێژە لە میوەی باخی ئازادیی کەسێ بخوا دەکا تەسدیق کە میوەی جەننەتە ھاتۆتە دنیا، ھەستە بیچێژە کەسێ مونکیر بە ئازادیی و بە ئیستیقلالی میللەت بێ بە سووڕەت زیندووە، دڵمردووە، بینێرە بینێژە کەسێکی ھەر تەرەققی شەخسی خۆی مەنزوور و مەتڵەب بێ بە سووڕەت گەرچی گوێکورتە، بەڵام بێچارە گوێدرێژە خوداوەندا! بەحەق و حورمەتی خاسانی دەرگاھت ئەوانەی ڕوو بە قیبلەن، دائیمەن دەستیان بە دەستنوێژە کەسێ حیفزی حقووقی میللەتی مەنزوور نەبێ، ڕەببی کەڕ و لاڵ بێ لە پاش کوێریی، بە خروێکە و بە سوورێژە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تامەزرۆ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لە سۆی گیپە و سەروپێیەک سەرم وەک ساز و سەنتوورە لەبۆ یەک کەشکەک و شەوپاتە، سینەم شیبهی شەیپوورە لەبۆ جەرگ و دڵی خۆشبۆ، بە عەتر و جەوهەری لیمۆ لەمێژە جەرگ و دڵ دەکوڵێ شەبیهی ئاشی سەرکوورە لە حەسرەت ئیشتیاق و ئارەزووی شامی کەبابێکە کە مشکاتی چرای چاوم شەبیهی شامی دەیجوورە بە میزرابی خەیاڵ و تار و یادی تاس کەبابێكە ڕەگ و ڕیشەی وجوودم یەک بە یەک وەک تار و سەنتوورە تەبیعەت گەرچی ڕەنجوورە، قەریحە گەرچی باریکە لەبۆ گۆشتی قەڵەو، ئەعزا هەموو وەک خیگە ئەستوورە لە چێشتی بەربەسێڵ و گۆشتی تازەی بەرخی یەکساڵە کە مەحروومم عەزیزم، چلچرایی دیدە بێ نوورە تەبیب و دوکتورم پاک ئیمتیحان کرد، ئیتیفاقیان بوو: دەوای ئەم دەردە، یا کاوڕە یا گیسکە یا کوورە دەبینم ئەهل و بەیتی کەس نییە لەم شارەدا ئیمڕۆ مەگەر زاتێ بە ئیبنولموهتەدی مەعرووف و مەشهوورە ئەگەر ڕاستت دەوێ پیاوی خەسیس و پیس و دەست قووچاو نەبێ چاکە، ئەگەر بشبێ مەقامی ئاوی ئاموورە وەکوو بیستوومە وەختی بەخشیش و هیممەت، دەر و بامی لە موحتاج و فەقیر و بێ نەوا وەک بەیتی مەعموورە ئەگەرچی (کاکی کۆکی) نیسبەتەن تۆ شاعیری چاکی وەلی چون ئیحتیاجت زۆرە، شێعرت بۆیە مەنفوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا مارفی کوکی ناو بانگی حاجی ئێلخانی... سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەلا مارفی کوکی، ناو بانگی «حاجی ئێلخانی» بیستبوو، تا ئەو وەختە نەیدیبوو، هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای داوای شتێکی لێ بکا بۆ ئەو زستانەی ماڵ و منداڵەکەی. کە ئەڕوا بە ڕێکەوت حاجی ئێلخانی چووبووە دەرەوە بۆ ڕاو، جلی ڕاوی لە بەرا ئەبێ و بە تاقە سوارە تووشی مەلا مارف ئەبێ، مەلاش بارگیرە کەرێکی هەبوو، سوار ببوو، لێی ئەپرسێ: ها مەلا ئۆغر بێ؟ ئەڵێ: بە خوا ئەوی ڕاستی بێ ئیمساڵ منداڵەکانم هیچیان نییە، ئەچم بۆ لای حاجی ئێلخانی بزانم شتێکم ناداتێ بۆ ئەم زستانەمان. حاجی ئێلخانی، ئەزانێ کە مەلا نایناسێ ئەڵێ: تەمای چەندت پێیە کە بتداتێ؟ ئەڵێ: سەد تمەنێک ئینجا بەشم ئەکا. ئەڵێ ئەگەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: پەنجا تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: ئەگەر هەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: دە تمەن. ئەڵێ ئەگەر دیسان ئەوەشی بەلاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: چوار پەلی بارگیرە قۆڕەکەم ئەکەم بە کوزی دایکیا و ئەگەڕێمەوە، چی لێ ئەکەم. حاجی ئێلخانی پێی پێئەکەنێ و ئەڵێ بڕۆ خوات لەگەڵ. تا مەلا بە بارگیرە شەلەوە ئەگاتە ئاوایی و ئەچێتە دیوەخان، حاجی ئێلخانی خۆی و سوارەکان ئەگەڕێتەوە لە دیوەخان دائەنیشێ، مەلا ئەکا بە ژوورا، مەلا چاویشی کز ئەبێ، حاجیش جلی ڕاوی داکەندبوو و مەلا نەیناسییەوە. لە پاش چاکی و چۆنی لێی ئەپرسی: ها مەلا خێرە وا تەشریفت هێناوە؟ ئەڵێ: وەڵا حاجی بەگ، ئیمساڵ زۆر پەرێشانین، خێزانێکی زۆرم بۆ نەگبەتی بە ڕیشەوە بووە، نە نان هەیە و نە بەرگ، هاتوومەتە خزمەتت چارێکمان بکەی بۆ ئەم زستانە. حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا چەندە بەشت ئەکا؟ ئەڵێ قوربان سەد تمەن. ئینجا حاجی ئێلخانی ئەڵێ: مەلا زۆرە. ئەڵێ: با پەنجا تمەن بێ. ئەڵێ: ئەوەش هەر زۆرە. ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: فڵانی هەر زۆرە. ئەڵێ: بە قوربان لە دە تمەن کەمترم ناوێ. حاجی ئێڵخانی پێئەکەنێ. مەلا ئینجا تێ ئەگا چ باسە، کە ئەمە حاجی ئێڵخانی خۆی بووە تووشی بووە. ئەڵێ: قوربان ئەگەر دە تمەنەکەم نەدەیتێ بارگیرەکەم لە دەرەوە بەستراوەتەوە! حاجی ئێڵخانی بە تەواوی لەبەر پێکەنین شپرزە ئەبێ. ئینجا بانگی پیاوەکەی ئەکا ئەڵێ: کوڕە بچۆ سەد تمەن و پەنجا تمەن و بیست و پێنج تمەن و دە تمەن بدە بە مەلا با بارگیرەکەی لە شوێنی خۆی بێ! عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری، بەرگی ٢. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا مارفی کۆیی [کۆکی] لەو موکریانە سەگێکی هەبوو... سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەلا مارفی کۆیی لەو موکریانە سەگێکی هەبوو زۆری خۆش ئەویست بۆ هەر کوێیەک بچوایە سەگەکەی بە شوێنەوە بوو، ئەم خۆی چی دەست بکەوتایە بەشی ئەویشی ئەدا. بەکرئاغا هەبوو لە «قەباکەندی» ڕۆژێک پێی ئەڵێ مامۆستا! ، ئەم سەگەت بۆچ ئەوەندە خۆش ئەوێ لەگەڵ ئەوەشا گڵاوە؟ ! ئەڵێ: برام! شەڕی خۆیم لێ لا ئەدا. شەڕی خەڵکم لێ لا ئەدا، دوور ئەخاتەوە، لەسەر شتێکی زۆر کەم کلکەسووتێم بۆ ئەکا، بەیانی و ئێوارە پاسەوانیم ئەکا، لەناو هەموو حەیوانێکا هەموو دەم لەگەڵمایە، لە هەموو کەس خۆشتری ئەوێم، دوو زمانیم لەگەڵ ناکا، لە پاشملە باسم ناکا. بەکرئاغاش ئەڵێ: بریا مامۆستا من ئەو سەگە بوومایە و تۆ وەسیەتت بکردمایە، وە یا تۆ ئەو سەگە بوویتایە کە ئەو وەسپانەی تیایە! عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)، لاپەڕە ٥٠٦. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا مارفی کۆکی و مەلا حەمەمینی وەڵاش لە... سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەلا مارفی کۆکی و مەلا حەمەمینی وەڵاش لە دیوەخانی قەرەنیاغای مامشا دانیشتبوون سەریان خستبووە بناگوێی یەک، لە بەر خۆیانەوە قسەیان ئەکرد. قەرەنیاغا وتی: ها، مەلاینە ئەوە درۆ و دەلەسەی چی هەڵەبەستن؟ خێرا مەلا مارف ئەڵێ: «قوربان ناوی جەنابت بە خێر و چاکە دێنین». عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦). ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا مارفی کۆکی لە سابڵاخ و لە وڵاتی موکریان سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مەلا مارفی کۆکی لە سابڵاخ و لە وڵاتی موکریان ژیانی بە ناسۆری بەسەر برد، لە سەردەمی دواییدا یەکە هۆنەری موکریان بوو، بەڵام ڕۆژگار ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر پشتی تێ هەڵ ئەکرد؛ سەرەتای دەروازەی ناسۆری بێپایانی کوشتنی کوڕە گەنجەکەی «مەلا عەلی» بوو، ئەم کوڕە لە سەردەمی پاشایەتی ڕەزاشادا وڵاتی موکریانی شڵەژاندبوو، ئاگرێکی قودرەت بوو پەیدا ببوو، مەلا عەلی ڕێوەڵەیەک بوو بەڵام چارەنووس هێنای بەسەریا کەوتە کەژ و شاخ و پیاوکوشتن. ئاغاواتی موکریان و حوکوومەتی ئەو وڵاتەی ڕەزاشا ئەو دەمە بە ڕاستی لە ترسی مەلا عەلی خەویان لێ نەئەکەوت. بە جۆرێ سامی پەیدا کرد، منداڵ لە بێشکەدا کە ئەیانوت مەلا عەلی هات، ژێر ئەبۆوە؛ لە ئەنجاما مەلا عەلی کوژرا، ئەم کوژرانەی ئەو بوو بە کردنەوەی یەکەم قاپی مەینەت و گریان و زاری بۆ مەلا مارفی کۆکی. بەرەبەرە هەتا ئەهات مەلا مارف بەلای پیرییەوە ئەڕۆیشت و بەلای جیابوونەوە لە دۆستانی لە دۆستانی دێرینیەوە ئەڕۆیشت؛ گریان و زاری هەر زیادی ئەکرد، چاوی ڕووناک لەبەر گریان تەکانی ئەدا بۆلای نابینایی! خەڵک و خوا ئامۆژگارییان ئەکرد: بەم گریانە چاوی خۆیشت دائەنێی، بەڵکوو داشت ناوە، ئیتر واز بێنە با ئەو چوار ڕۆژەی ژیانە کە ماوتە بە ڕووناکی دنیا ببینی؛ ئەویش لە وەراما بەم دوو هۆنراوە جوابی ئەدانەوە: ژیان ئەولاد، ژیان ئەحباب، ژیان ئەییامی جوانی بوو، نەما ئەولاد، نەما ئەحباب، نەما ڕۆژانی ڕابردوو، چ دێ ئیتر دەبینم من، بە ئەو چاوەی کە جاران بوو، نەمێنێ با ئەوەش ڕەببی، کە ئەو دەستەی لەدەس دەرچوو! عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧). ++++++++++++++++++++++