شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: ئامانج و ئاره‌زوو سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٧٣. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی که‌سێ غه‌وواسی به‌حری عیلم و عه‌قڵ و فه‌زل و جه‌وهه‌ر بێ ده‌بێ سینه‌ی سه‌فینه‌ی عه‌زمی وه‌ک سه‌ددی سکه‌نده‌ر بێ که‌سێ مه‌یلی خه‌زێنه‌ی گه‌نجی ئه‌سراری نیهانی بێ ده‌بێ مه‌ردی ته‌عام و حه‌وتخوانی شێر و ئه‌ژده‌ر بێ که‌سێ تالب به‌ نێو و شۆره‌ت و ڕوشد و شه‌جاعه‌ت بێ ده‌بێ ئاماده بۆ شمشیر و تیر و زه‌ربی خه‌نجه‌ر بێ که‌سێ مه‌یلی به ‌ئیخراج و خروجی خوینی فاسید بێ ده‌بێ ئه‌ووه‌ڵ قه‌ده‌م ڕازی به ئێش و نیشی نه‌شته‌ر بێ چ باکێکی له‌ تیر و ته‌عن و لۆمه‌ی یار و ئه‌غیاره که‌سێ عاشق به‌ تاقی قه‌وسی ئه‌برۆی یار و دڵبه‌ر بێ چ کارێکی به‌ وه‌عز و مینبه‌ر و میحراب و مزگه‌وته‌ که‌سێکی مورشیدی مه‌یخانه، یا ڕند و قه‌له‌نده‌ر بێ که‌ من ڕووتم به‌ من چی گه‌ر لیباسی عاله‌می دونیا هه‌موو پارچه‌ی حه‌ریر بی، یا نه‌ داراب و موجه‌سته‌ر بێ که‌ من نه‌قدی دووکانم بوو به‌ ئه‌سکیناسی ئیفلاسی به‌ من چی گه‌ر هه‌موو که‌س، ساحیبی یاقووت و گه‌وهه‌ر بێ که‌ من شه‌معی ئومێدم که‌وته نێو فانووسی زوڵمانی به‌ من چی گه‌ر چرای عاله‌م هه‌موو وه‌ک رۆژی ئه‌نوه‌ر بێ که‌ من شاهی وجوودم ماتی بێت و حوزنی وه‌حده‌ت بێ به‌ من چی گه‌ر هه‌موو دونیا، نیزام و تۆپ و عه‌سکه‌ر بێ که‌ من جامی شه‌ڕابم پڕ له‌ ژه‌هری مار و ئه‌قره‌ب بێ به‌ من چێ شه‌ربه‌تی تۆ پڕ له‌ شیر و شه‌هد و شه‌ککه‌ر بێ له‌ خه‌تمی موسته‌قیمی قه‌لب و قالب من که ‌مه‌حروومم به‌ من چی گه‌ر کوره‌ی عاله‌م، موحه‌دده‌ب یا موقه‌ععه‌ر بێ عه‌زیزم عه‌زمی هیممه‌ت شه‌رته‌ بۆچی هێنده مه‌ئیووسی ده‌بێ شاعیر قه‌وی قه‌لب و مه‌تین و سینه ده‌فته‌ر بێ ++++++++++++++++++++++