شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: ڕه‌خنه له عێلاتی کورد و نه‌بوونی یه‌کێتی سەبارەت: گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٧. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شاعیر عموومی کەوتنە مقالات و بۆڵەبۆڵ مەدحی وەتەن دەکەن بە قەسیدەی شڕ و شڕۆڵ تەعریف دەکەن لە میللەتی کوردی بە سەد زمان پاک بوونە چاوەشێکی بەبێ دمبەگ و دەهۆڵ کوردیش چ کوردە؟ ! میللەتی خۆخۆرە پێکەوە بۆ گیان و ماڵی یەکتری سمکۆڵ دەکەن لە خۆڵ دیۆ و درنج و ورچ و بەراز و ڕێوی و چەقەڵ کوێر و کەڕ و شەل و کەچەڵ و گۆج و گێڕ و کۆڵ یەعنی گەورک و مەنگوڕ و پیران و کاڵەموو زەرزا و شکاک و مامەش و هەرکی، سەگی گەڕۆڵ بۆ ماڵی کوردی هاتنە سەما و ڕەقس و پێکەنین بەربوونە گرمەگرم و چەق و لوور و گۆڵەگۆڵ وەک گورگی هار و برسی بڵاو بوون لە دەشت و دەر دەخولێنەوە هەموو ئەشکەوت و خڕ و شیو و دۆڵ بۆ کاڵەکۆن و پیاڵەشکاو و فەڕشی دڕاو خۆیان دەخستە ئاو و ئاور و ژێر ئەرزی چاڵ و چۆڵ پووڵ و ئەساس و دەوڵەت و ماڵی نە کەم نە زۆر هیچیان نەهێشت و بۆ مە نەما غەیری خاک و خۆڵ عێلات کە ڕووی ڕەشە لە شەڕەف و پاکی بێبەشە ئەمما بڵێن بە خان و خەوانین و میر و قۆڵ تاکەی وەتاغی بەرز و ژنی تەرز و تەرکی فەڕز لێتان حەرام بێ سوحبەتی خاتوونی نەرم‌ونۆڵ سەرتان کە سازە، هەریەکە ئاوازێ لێدەدا پاک ساحێبی تفەنگ و سوپاهـ و جاڕ و جۆڵ ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ سابڵاغی دەست ‌و پێ بە خەنەی قەت هەتاو نەدیو ڕەنگین و نازەنین و سپی و سۆڵ و نەرم‌ونۆڵ قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ سەردار و کەیخودای موکریان خەڵات کران ڕانکێکی کۆن و لەت ‌لەت و چۆغێکی بێ گڕۆڵ ئەو ڕۆژە غیرەت و شەڕەف و دینی خۆت فرۆشت ئەی ئافەرین ڕەییس و ئەمیرانی تۆندوتۆڵ دوێنێ دڵم بە ئاوری حوببی وەتەن دەسووت ئەوڕۆکە وایە، سارد و سڕە هەر وەکوو سەهۆڵ مەیڕێسە، بەسیە، شاعیری چەپرەک بڵێ بڵێ: ڕەببی وڵاتی کوردی ببینین بە چۆڵ و هۆڵ. مەلا مارف ئەو شێعرەی ساڵی ١٩٢١ز، دوای هاتنی سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ) بۆ مەهاباد و تاڵانی ئەو شارە، نووسیوە. ... لە پاییزی ساڵی (١٣٠٠)ی شەمسی، لەشکری (سمایلاغای سمکۆ) بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە... ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من، ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە، ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. (مه‌لا مارف)ی شاعیر له‌و باسه‌دا ده‌ڵێ: «ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ» شکاک کوردی سابڵاغییان هه‌ر تاڵان کردووه و نه‌یانکوشتوون. چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٢و١٣. ++++++++++++++++++++++