شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: گوڵەبەڕۆژە سەبارەت: (١٩٨٩/٤/١٣-تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیشتمانی من: هێلانە خۆرە، پڕشنگە جاڕە! سەرم... سەر نییە: گوڵەبەڕۆژەی هەمیشە لارە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەدایکبوونی سەرکۆمارێک سەبارەت: (١٩٨٩/٣/١٠ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەدەی سێزدەم بوو کاتێ هۆلاکۆ بە کوردستاندا وەک پەتا ڕەت بوو. ئەوساش، وەک ئێستا، سەردەمی تەکیە و دەف و گومبەت بوو بەژنی تێریمان هێندەی پنجەنۆک، منارەئاسا خەم کەڵەگەت بوو. کە بەغدای ئەنگاوت، کاتێ میحرابی بۆ هەسپەکەی خۆی کردە تەویله، کاتێ قەڵغان و ڕەمبی هەڵپەسارد_ جادووبازێکی گۆڕستاننشین هێلکەمارێکی بە دیاری بۆ نارد. دێڵەگورگێکی هاری هۆلاکۆ لە کەندڕێکی شێدار و تاردا لەسەری وەرکەوت، لە سەدەی بیستەم هێلکە ترووکا: سەری بەدوومی ئەژدیها دەرکەوت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵەبجه سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) پێم سەیر نییە، گەر لێرە و لەوێ چاوم بە هەندێک بنیادەم کەوێ، لەباتی ددان_کەڵبەیان هەبێ لەباتی نینۆک ڕنۆکیان هەبێ. ئەوەی پێم سەیرە، وەک موعجیزەی خوا هەڵەبجەخنکێن دوو چاوی هەبێ و بە دوو پێ بڕوا! (١٩٨٩/٤/١٤ - تەرابلوس) (٢) لە سوێی هەزاران زیڕە و چریکەی لە هەوکا قەتیس، لە سوێی هەزاران پرسی باڵگرتوو بەرەو عەرشی خوا، کە دادوەرین و خنکان لە ڕێدا شەو و ڕۆژ ئۆقرەم لێ هەڵگیراوە، سوکناییم نایێ، چ بە بێداری، چ لەناو جێدا، دەپرسم، دەڵێم، لەعنەت لە کێ کەم: شەیتان یا ئەوەی فیکەکەی لێدا؟ (١٩٩٣/٩/١٨ - مۆسکۆ) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شاعیرانی میربەد سەبارەت: (١٩٩٠/١/١١ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەر هەڵبڕە، تەماشاکە! تۆ تەماشای ئەو خەلیفە پاشەڵدڕاوەی بەغدا کە لێرانەوە من دەیبینم، چرووتەکەی لالغاوی _ بۆڕیی نەوتە، هەروا مژی لێدەدات و... تاوناتاوێ مەمکدانی سوورەگوڵێ، پزووی دەرپێ... قەفی سمێڵ... گۆشتی خاوی سەربڕاوێ بەرەو نووسکە و لوورەلووری میربەد داوێ خێراتەکە، پێش ئەوەی بگاتە زەوی، هەر شاعیرە و تێی ڕوو دەبێ، کلک بەرز و ئەستۆ نەوی! ٭ میربەد: شوێنێکە لە پارێزگەی بەسرە، لە دێر زەمانەوە پێشبڕکێی شیعر خوێندنەوەی تێدا دەکرێ. لە حەفتاکانەوە بۆتە دەڵاڵخانەی قەڵەمفرۆش و جاشکەشاعیر و بەعسی و مەعسییان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کاتی بۆردوماندا سەبارەت: (سەرەتای ١٩٩٠ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئاگربارانە... ئاگربارانە... کامیان هەڵگرم؟ کامیان دەرباز کەم؟ ئەمیان نەخۆشە و نۆبەرەمانە ئەوی دی تازە پێڕەوەکە بووە، چاو پڕ بیبیلە، دەم پڕ زمانە! دوو دەستم هەبوون یەک دوژمن بردی، یەکێکم ماون... کامیان هەڵگڕم؟ کامیان دەرباز کەم؟ ئەمیان بەندی دڵ، ئەوی تریشیان گلێنەی چاوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوم تاریکە سەبارەت: (مارتی ١٩٩٠ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چاوم تاریکە، دڵم بێخولیا لێم گەڕێن بۆ خۆم تەنیا بم، تەنیا وەکوو بیرێکی فەرامۆشکراو کە یەک پشکەئاو نەبێ لە بنیا. نیشتمانی من شانیشتمان بوو، ئاخ، سەدەی پیتڕۆڵ ئاخ، گاز و کیمیا! ئاخ چییان لێ کرد: تەرەسی عۆجە و گای بنەی خۆیی و گەوادی دنیا! ترووسکەگڕێک هێشتا هەر ماوە لە ئاگردانی گیانی پڕ بریا... هەر فووی لێ دەکەم، بەڵکوو ڕۆژێک بێ بەربێتە سەدەی گێبڵز و بێریا! وا تەپەی پێ دێ، گوێ هەڵخە، دڵە ئەی بزنەکێویی چاوماری وریا! کێیە؟ ـــ کوردستان! توونی گەرماوی مافی مرۆڤ و پڕۆلیتاریا وەرە ژوورەوە! ئەی ئەو چاوانەی لەگەڵ گریانیان کەسێک نەگریا؛ ئەی ئەو ماسییەی دەریاش ڕاوکەرتە، ئەی ئایەتەکەی لە قورئان ڕەمیا؛ وەرە ژوورەوە، خۆشەویستەکەم! وەرە بن باڵم، بنوو دڵنیا ئەوەی دەیدوورم یەکێ لە دووانە: 'کفن یا ئاڵای ترۆپکی چیا' فەرهەنگۆک: تەرەس: بێنرخ، پەست تەرسی عۆجە: عۆجە، گوندێک لە شاری تکریت، زێدی سەددام گای بنە: مەبەست کەسێک کە دەستی لە کارێکدا دیار بێ. جۆزێف گێبڵز: یەکێک بووە لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی سەردەمی حکوومەتی هیتلەر بێریا: لاورێنتی بێریا، ئەندامی ئەمنییەتی و سەربازی سەردەمی ئستالین لە شۆڕەوی بووە و دەساڵاتێکی گەورەی بەدەستەوە بووە پڕۆلیتاریا: چینی کرێکار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندان سەبارەت: (١٩٩٠/٣/٢١ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەردوو دەستی وەک پەلی شێر بەند کرابوون گورگی کەڵبە و چنگ خوێناوی لە چوارلاوە تێی ئاڵابوون لە سووچێکدا زەردشەمامەیەکی گوشراو تووڕ درابوو وەک نیشانەی پرسی بوون و نەبوونی خوا هەڵکورمابوو - 'سەرەتایەتی... هێشتا لە عومری خونچەگوڵدایە دەسنێژی خۆمە، هەر کوردستان و خوای لە دڵدایە فەریکەگەنمی قەندەهارییە، چۆن ڕێژنەی کوللە داکاتە سەری! قەتێی چاوڕەشی دەشتی گەرمێنە، چۆن سیسارک و قەل ببنە چەمبەری! ' ڕووی کردە گورگێک، لە هەمووان بۆرتر، تنۆکەخوێنی سەر شانەکانی لەناو ڕەوەدا لە گشتیان زۆرتر: - 'تکایەکم لەسەر زارە... ئەگەر بۆمی جێبەجێ کەن، ڕازی گڕکان دەدرکێنم، گەر نەمدرکاند، سەرم ژێ کەن' چەند گورگێکی هار تێی ڕووبوون پەلکێشیان کرد بۆ دەرەوە ئێستا دوو بوون تەنیا خۆی و ئەفسەرەکە (ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە) + 'دەی، ئێستاکە هەر من و تۆین... قارەمان بی یا ترسنۆک، من نەبم کێ ئاگای لێیە؟ مخابنە تۆش بکوژرێی، بڵێ! بزانم چیت پێیە! ' - 'بەڵێ، قوربان! ' لە هەر جێیەک سووتمان هەبێ، دەزانم... کێ... دەستەچیلەکە پێ دەکا ئاگام لێیە... کێ ڕەشەبای ژینهەڵوەرێن بۆ شار و دێ بەڕێ دەکا بەڵام گەورەم! هەزار بریا دەتانزانی خەمەکەی من چ خەمێکە! ئەم خوشکە ئاگرپارەی من لەگەڵ چەتان تەبا و ڕێکە با هەزارجار ئەو خوشک بێ و من برا بم، ترسێک هەیە و بەرم نادا... لێ ناگەڕێ خاترجەم و دڵنیا بم... ناهەقیش نیم... ژین جارێکە... گیان هەر گیانە... من دەزانم... لێم عەیانە... هەر ئەو ڕۆژەی ڕەها دەکرێم چزووی تیژی دەردەکێشێ ئەو دووپشکە بێئامانە... لەگەڵتاندام لە ئێستاوە هەتا ماوم مەرج ئەمەیە: خوشکم بکوژن لە بەر چاوم' ئەفسەرەکە (ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە) چەند چرکەیەک بەجێیهێشت و گەڕایەوە... هێندەی نەبرد دەسڕێژێک دەنگی دایەوە زریکەیەک بازرەقەی بەست لە پڕێکا: - 'خودا، ئاسمان، شەمامەکەی منیان پێکا! ' لاشەیان هێنا بەردەمی! قەدی داری بورکان لە بن بەسەر لکە بڕاوەکەی خۆیدا چەمی، تەوێڵی زەردی ڕامووسی و هەڵسایەوە! ڕاست ڕاوەستا، پێی داچەقاند وەک داربەڕوو؛ شریخاندی: 'ئێستا لە با باڵسووکترم! دە بمکوژن، تەرەسینە، قاڵبەکانی ژەنگ و کەڕوو! با هەر کەسە و هی خۆی ببا ئێوە خوێن و ئێمە ئابڕوو! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ هادی عەلەوی سەبارەت: (١٩٩٠/١٢/٢ - مۆسکۆ - ستارەمینسکایا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ، لە سەردەمی کورتەباڵایان باڵای بەرزی خۆت لە کوێ هێناوە؟ تۆ، لە سەردەمی قاتی و نەهاتا وەرزی سەوزی خۆت لە کوێ هێناوە؟ لەبەر خرینگەی شیر و... . زرینگەی ئاڵتوونی قورەیش چۆن گوێت لە ناڵە و نرکەی عەلی بوو؟ چۆن لەبەر ژاوەی ئایشە و حەفسان گوێت لە سکاڵای ماریەی قیبتی بوو؟ خۆ سەدەکانی ئێمە هەموویان لکی درەختی چاخی جاهیلین: کڵێسە و مزگەوت شوورا و پەرلەمان بارەگا و دیوان هەموو بازاڕی گەرمی عوکازن... نابیغەکانیش هەمان نابیغەن: خودایان ورگە... نەوەی بەرازن، لەملا بەرزگی شای غەساسینە باوەشێن دەکەن لەولا بۆ بنپێی شای مەنازیرە وەک بەردەبازن. لە ڕۆژهەڵاتی ڕۆژ لەبن پێدا، لە ڕۆژهەڵاتی دەستنوێژ هەڵگرتن بە خوێن و پێترۆل، لە ڕۆژهەڵاتی مارەبەجاش و ڕشک و ئەسپێدا، لەو ڕۆژهەڵاتەی نامووس فیرارە و پەنابەرێکە لەناو دەرپێدا: سەرم سوڕماوە چۆن توانیت گەورەم! بێدەنگی قانگ دەی؟ تۆ چۆن زاتت کرد ئەو کوولەکەیە بدەی به عەردا و پڕ بە دەنگ بانگ دەی! ئەی ڕۆژهەڵاتی کورتەباڵایان، ئەم باڵا بەرزەت سەدجار پیرۆز بێ. ئەی چاخی قاتی و ساڵانی نەهات، ئەم وەرزە سەوزەت سەدجار پیرۆز بێ! فەرهەنگۆک: هادی عەلەوی: بیرمەندێکی عیراقییە و یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی عەرەب، کە لە هەژمەتی شەهیدکردنی هەڵەبجە حاشای لە ناسنامەی عەرەبایەتیی خۆی کرد و سەربەخۆیی کوردستانی بە ڕەوا زانی. ئایشە: کچی ئەبوبەکر، خێزانی پێغەمبەر (د). حەفسە: کچی عومەری خەتتاب، خێزانی پێغەمبەر (د). مارییەی قیبتی: کچێکی کۆیلە بوو، لە میسرەوە بە دیاری بۆ پێغەمبەر هات و کردییە هاوسەری خۆی. عوکاز: بازاڕێکی عەرەبان بوو، سەکۆیەکیش بوو بۆ پێشبڕکێی شاعیران. نابیغەی زوبیانی: شاعیرێکی عەرەبی سەردەمی جاهیلی بوو، کێ زێتری دابا، بەویدا هەڵدەگوت. لە نێوان شای مەنازیرە و شای غەساسینەدا، کە دوژمن بوون، لە هاتووچۆدا بوو. ڕەمزی شاعیری خوێڕی و فرە ئاخوڕە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچ سەبارەت: (نیسانی ١٩٩١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەوەی تۆ گوشیت دەست نەبوو ئەژدیهایەکی پێنجسەر بوو ئەوەی ماچت کرد ڕوو نەبوو تۆماری قانوونی جەنگەڵ، شوورەی بەرلین، سمی کەر بوو ئەوەی پێکەنی دەم نەبوو گەڵی قەحپە، بنکلکی سەگ، کوورەگازێکی هیتلەر بوو ئەوەی خواردت خۆراک نەبوو گۆشتی زارۆ، خوێنی داوێن، کاسەسەر بوو ئەوەی شەوێ تێیدا ڕازای پێخەو نەبوو خۆڵەمێشی وڵاتێکی لە ئەتڵەسان دەربەدەر بوو ئەوە چیت کرد؟ دەستیت گوشی؟ بڕۆ، چارەی دەستی خۆت کە هەتا زووە، دوای تەوقەکە تووشی گولی و ئاڵۆش بووە! ئەوە چیت کرد؟ هەناسەی ئەوت هەڵمژی؟ بڕۆ، چارەی سیپەلکت کە هەتا زووە، دوای ماچەکە گازی سیانیدی تێ چووە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەنجەر سەبارەت: (‌١٩٩١/٧/١٦ - ستارەمینسکایا - مینسک) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من خەنجەرێکی ڕووتم، نیشتمانی من و زام - کالانێکی دزراوە کەس نەڵێ بە خوێن تینووم! یەخەی کالاندز بگرن، ئەو منی هەڵکێشاوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەڵام سەبارەت: (١٩٩١/٧/١٧ - ستارە مینسکایا - مینسک) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چۆن چک دەکەم؟ تەماشام کەن: ئاسۆی گیانم بێشەڵانی شۆر و نوورە. گوێتان هەڵخەن: سەراپام گوڵبانگی داک و سرتەی خاک و گرفەی گڕی خوار و ژوورە. *** چۆن چک دەکەم؟ لە بیابانا من زۆزانم لە خوێندایە، تا هەنیشکان دەستم لەناو بەفری بەدەنتەزێندایە... لە قوتبیشا ترسم نییە، جێم گەرمێنە، پێم تا چۆکان نوقمی ئاوی شلەتێنە... *** لە هەر کوێ بم وەکوو یەکە: قەڵەمەکەم جارێک چڵی گوڵەباخە، جارێک سێرەی سەر تفەنگە! بەری دەستم ساتێک هۆبەی دڵدارانە، ساتێک شوورە و قەڵای جەنگە! چ لەوێ بم، چ لێرانە، کەمەربەندی ئەم زەمینە بە ناوقەدی عەشقم تەنگە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساردبوونەوە سەبارەت: (١٩٩١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەڵێ، گوتم: 'لەگەڵ تۆدا شەپۆلێکی بێ کەنارم، پەڵەهەورێکی بێ ئۆقرەم، لەسەر بارینم و نابارم! ' شێتییەک بوو هات و ڕۆیشت. بەڵام تۆ چۆن بڕوات پێم کرد؟ بۆچی هێندە بە ئاسانی داگیرسایت و پشتت تێم کرد؟ چما نەتدی، کە ئەمەم گوت، چۆن ڕەنگم هەڵبزڕکابوو؟ چۆن گلێنەی دامرکاوم فرمێسکی تیا قەتیس مابوو؟ چما نەتدی، لە هەژمەتان... چۆن زمانم هەڵدەلەرزی وەک چۆلەکەی بەر کڕێوەی لانەوێران؟ ! ئەی نەتبینی، پەیڤەکانم، کارمامزی پێکراو ئاسا، نووچیان دەدا و هەڵدەدێران؟ ! *** با گەورەییم هی دەریاش بێ، دەریا هەیە بێ گەرداو و پێلی لێوە؟ با سەنگینیم هی چیاش بێ، چیا هەیە بێ هەرەس و بێ کڕێوە؟ *** من نازانم، شیرینەکەم، دڵێک شۆر و سەودای تیا بێ، دڵێک چاوگەی نەرمەپێلی نوورەی خوا بێ چۆن وا کەڕ و مجرۆ دەبێ؟ چۆن لە نیگا حاڵی نابێ و گوێلەمستی زمانێکی بەدگۆ دەبێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پرسەی هەڵبەستێکدا سەبارەت: (١٩٩١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەرم چەشنی زەریایەک بوو. وەکوو ماسی سەراو دەبوون، بناو دەبوون بیری ورد ورد. تا بەیانی تۆڕم هاوێشت: ماسییەکم وەگیر هێنا، دوای چەند گەوزێک ئەویشم مرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆتەفرەدان سەبارەت: (١٩٩١/١٢/٢٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەر جارێک بوو، نیگاکانمان لێک گیربوون وەک چنگی بازان. هەر تاوێک بوو پشتمان تێک کرد، ڕێگەکانمان لێک ترازان. لەو ڕۆژەوە بە دار مێوی خەیاڵمەوە ئاوێزانی وەک جوانترین هێشوەترێ. پەیتا پەیتا... تەرزی بیرم تێت دەئاڵێ و لە دەورت دەبێتە گرێ. *** ماوەیەکە ڕێی جارانی خۆم گۆڕیوە، نەوەک ڕۆژێک... تووشت بێم و شێوەم نەکەی؛ نەوەک ئێستا... لە گێژەنی یادی تۆدا ونتر بم لە بەردی بن گۆم؛ ئاخ! دەترسم ئێوارەیەک بە زریانی نیگای ساردت هەڵوەرینی گۆپکە و چرۆم؛ لەو بەهەشتەم وەدەر بنێی کە دەزانم هی من نییە، بەڵام کردوومە بە هی خۆم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جاران و ئێستا سەبارەت: (١٩٩٢/١١/١٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جاران... شیعر، بە تەماشای کەپکەشاخێک، وەکوو کانی، لە پەنجەکانم دەردەبوو! جاران... شیعر، کە داغ دەکرام، وەکوو زیڕەی کۆرپەڵەیەک لە بێدەنگی شەو بەردەبوو! جاران... شیعر، دوای ماچێکی کۆڵانی تار، وەکوو گزنگ، بە هەموو دنیا وەردەبوو. ئێستا شیعر شنەشنی بە ئاستەمی ترووسکەی ئەولای تونێلە. ئێستا شیعر لایەلایەی خەواندنی بڵێسە و برووسکە و پێلە. هەلاجێکە، ژین و مەرگ پەڕە دەکا: هەم بۆ بێشکە دەسرازەیە، هەم قانەگیای دەوری کێلە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخشە سەبارەت: (١٩٩٢/٣/٢٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان، کتێبەکانتان وەلانێن! کاغەزێک و هەندێک قەڵەم لە بەردەمی خۆتان دانێن. وێنەی پەڵەهەورێک بکەن، ڕەنگاوڕەنگ بێ. با لە سەری هەسپێک بکا، مووگزنگ و چاوپەرەنگ بێ، پەڵەهەورەکەم نیشان دەن! لە چی دەچێ؟ سەری هەسپێ؟ تا شل دەبن تەماشای کەن، با لە مێشک و خوێن بچەسپێ. * نەخشەی ئیتالیا بە جزمەیەک(چەکمە) دەچوێنرێ، هی فینلاند بە کچێکی سەماکەری یەکدەست، ئێرانییەکانیش بە پشیلە، ئێمەی کوردیش نەخشەی وڵاتمان بە هەسپ دەشوبهێنین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرەو سەبارەت: (١٩٩٢/٣/١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هاوین بوو، هاوینی کوردستان هەیوەشەو، ساماڵ بوو لەسەر گازی پشت بووین، ڕایەخ گیای لاپاڵ بوو ئاسمان پڕ ئەستێرە سەر کەیلی خەیاڵ بوو. لەناکاو پرسێک بە بیرمدا هات: (ئەرێ ئەستێرەی ئێرە و هەندەران هەمان ئەستێرەن؟ من دەڵێم جودان! گەرنا چۆن هاوکات لەوێن و لێرەن! ؟ ) هەموویان گوتیان: (نەخێر جودا نین هی ئێرە و ئەوێ هەمان پەنگر و ژیلەی پڕژاوی لە خۆر جێماون، دەنکی بڵاوی هەمان تەسبێحی دەزووبچڕاون) گرەومان کرد و کەوتینە سۆراخ: چووینە بەر شنەی دەم و نەفەسی شێخ و مەلایان خێوەتمان هەڵدا لە بەر تریفەی هزری زانایان لێرەمان پرسی، لەوێمان پرسی... هەموویان گوتیان: (ئەوانەی لەوێن، ئەمانەی لێرەن شکی تیا نییە هەمان ئەستێرەن! )... لە هەنگیڕا عومرێک بەسەر ئەو شەوەدا تێپەڕیوە... . دیسان لەسەر گازی پشتم، چاوم لە ئاسمان بڕیوە. گومانی ئەوسام، ئێستا یەقینە: ئەستێرەناسی هەموو جیهانیش بە گژمدا چن، ئەستێرەکانی دنیای هەندەران قەت لە ئەستێرەی کوردستان ناچن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێهوودەیی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من لەخۆڕا دەتشارمەوە کەسێک دیار بێ ناتدوێنم: هەرچی ڕازە و نادرکێنرێ، زوو یا درەنگ لە شیعرێکدا دەیدرکێنم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێزانین سەبارەت: (١٩٩٢/٥/١٠ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەستم گوتیە پەنجەکانم: 'با لە مەیدان بتانبڕن بەڵام هەرگیز نەتانکڕن! ' دەمیشم گوتیە زمانم: 'من بە درێژیی تۆ دەخوڕم، مەپرینگێوە، بئەنگێوە! سەروبەر بکەی دەتبڕم. ' *** گەڕام، سووڕام بە دنیادا... چەند شار ویستیان، کچ ئاسایی، بێنە دەستم بەڵام بووکی دیلی ئاسیا نەیهێشت شایی لەگەڵ هیچیان داببەستم! ‌*** ڕۆژباش، پەنجەکانم، ڕۆژباش! سوپاس، پەنجەکانم، سوپاس! هەتا ئەمڕۆ ئێوە چەند جار چوونە مەیدان، درانە بەر شیر و تیران، بریندار بوون، گلانە خوار، بەڵام بە دیل قەت نەگیران! ڕۆژباش، زمانەکەم، ڕۆژباش! سوپاس، زمانەکەم، سوپاس! تا ئێستا چەند جارت بەزاند کەوشەنی پاوانی گەوران! چەند جار بە ناو کێردەڵانا ڕچەت شکاند، کەوتیتە کەمینی تەوران! چەند جار دەرزیئاژن کرای، لە خاچی ڕاست و چەپ درای! بەڵام... سوپاس... سوپاس کە تۆ هەر زمانی و دەستت نەدا کارێکی تر هەر کلیلی سەری خۆمی و نەچوویتە ناو زارێکی تر سوپاس کە تۆ، لەناو سەنگەری دەممدا، چەکی 'نا'ت هەر لەسەرپێیە لە کاتێکدا دەست بۆ چەپڵە و دەمیش تەنیا بۆ 'بەڵێ'یە! خوڕین: شانازی کردن ئەنگاوتن: هنگافتن، پێکان بئەنگێوە: بپێکە کێردەڵان: زەویی چەقۆڕێژ، عەردێ بە کێرد و چەقۆ داچێندراو(بیخەڵان، بەردەڵان، قامیشەڵان و... ) ڕچە: باریکەڕێ، ڕێچکە، بزنەڕێ دەرزیئاژن: دەرزی کوت، بە دەرزی کون کون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕامان سەبارەت: (١٩٩٢/٧/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەرەتا بوو شەبەق گڕی لە شاقەلی ئاسمان بەردا، کونچەکانی گیانمی پڕ کرد لە گرفەگرف و نێڵەنێڵ... بە گزنگی نۆبەرەیدا تۆشەی بۆم نارد، پەنجەی ڕاداشت بۆ ڕێیەکی چەوت و چەوێڵ هەنووکانەش... ئێوارەیە و ماندووی ڕێگەم، تیشکی ساردی زەردەی بنێس خۆی هەڵدەسوێ لە تەوێڵم! ترپەترپی پێی ئەستێران دەگاتە گوێم، نوقمی ئارەقە و بوڵیڵم! هەورازێکم ماوە و لەودیو تەمێکی چڕ دایپۆشیوە دوا کەوێڵم... هەورازێکە و هەڵگەڕانێک... نشێوێکە و داگەڕانێک... لێ... چۆن بڕۆم؟ نە تۆشەکەی شەبەق ماوە، نە هاڵاو و نێڵەنێڵم زەویش هەردوو لینگی گرتووم، دیاریی دەوێ! خوایە، چبکەم؟ چ بۆ زەوی جێبهێڵم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید سەبارەت: (١٩٩٢/٧/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوێنێ شەو خەوم زڕا، چوومە دەرێ بە کڕی سەری برووسکاوێژم بەرەو ئاسمان هەڵبڕی ئەستێرەم دین، ڕووتوقووت، پۆل پۆل هەزاران هەزار، بە دەوری قووی کورکدا پەرت بوون وەک دەنکەهەنار... هاتمەوە و پرسەم دانا بۆ ئەوان ئەستێرانەی، باڵئەنگێوراو، گەردنلار، لە هەڕەتی ورشەدا داکشان سەر بەرەو خوار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بزڕکاندن سەبارەت: (١٩٩٢/٧/١٩ - ڕووسیا - گوندی شوکینە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کەوێڵێکی داوێنی چیا، ترپەترپی بەئاستەمی نمەی باران، ئاگردانێک، قرچوهۆڕی چیلکە و داران، تاقچکەیەکی پڕ کتێب، زارۆیەکی خەپەتۆڵەی ئاگرپارە، ئازیزێکی زەردئەسمەری کەزی و بسک تا کەمەری گوێ بە گوارە ملە قوتەی تەنکەخەمێک، هاژەهاژی لەدوورەوەی لێڕێک، چەمێک، کترییەک چای بە دووکەڵی چڕ دەمکراو، کۆتکەدۆیەکی کوندەڵان، دووسێ نانی گەرمی تیری، یەک بەرچنەی پڕ هەنار و ترێی بۆنخۆشی ڕەشمیری! بزڕکاندن: قسەپەڕاندن، وڕێنەکردن. کەوێڵ: کوختە، کۆخ، زنج، خانووچکەی یەکچاوە (بەتایبەت لەناو ڕەز و باخدا) خەپەتۆڵە: مناڵ یا بێچووی گیانداری گۆشتن و خڕکەڵە. ملەقوتە: سەرەتاتکێکردن لێڕ: دارستان، لێڕەوار، مێشە ڕەشمیری: جۆرە ترێیەکی ڕەشی تام و بۆنخۆشە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سووسەکردن‌ سەبارەت: (١٩٩٢/٧/٢ - گوندی شوکینا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پەنجەرە دەکەمەوە مۆمێک دادەگیرسێنم. بە چەپکێک گوڵی کێوی گوڵدانێک دەخەمڵێنم. بە دەوری سەرینمدا زوڵاڵترین شیعری خۆم دەپرژێنم وەک شەونم، شەو درەنگە و دەزانم: گوڵبەژنێک دێتە خەونم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەمەن سەبارەت: (١٩٩٣/٦/١٢ - ڕووسیا - گوندی تشیریکۆڤە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا تۆم هەبێ، ئازیزم، من چیم لە مانگ و ساڵە؟ هێشتا زەڕنەقووتە بووم ڕیشی خەمم سپی بوو، دەمگوت شادی مەحاڵە ئێستاش لە سای ئەڤینتا، وا بە کۆڵێ ساڵەوە تازە پێڕەوکە دەبم، دەمم پڕ گڕوگاڵە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەراورد سەبارەت: (١٩٩٣/٦/١٣ - تشیریکەڤە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیوەشەو بوو، سروشت مات و دنیا بێهەست... تۆ نووستبووی، ڕوومەتت لەسەر پشتی دەست لە ئادگارت ورد بوومەوە پێلی شەوبۆ هەڵیگرتم، ڕایهەژاندم ئاوازێکی جاویدانی، کتێبەکەی دەستم داخست، خۆم ڕەها کرد لە زیندانی ڕووی پیرۆزی تۆم خوێندەوە، نەرمەنەرمە، ئایەت ئایەت، تا بەیانی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەشنووس سەبارەت: (‌٤؍٧؍١٩٩٣ ــ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕەشنووسێکم، ڕۆژگار وەکوو نەخشبەندێک هەر دەمنووسێ و نەخشم دەکا! ڕۆژێک دادێ: تاتەشۆر١ ــ چاپ، گۆڕ ـــ جزووبەند٢، کۆڕی پرسەش ــ پەخشم دەکا! ١. تاتەشۆر: ئەو بەردەی کە مردووی لەسەر دەشۆن ٢. جزووبەندکردن: لەبەرگگرتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ پێت وایە سەبارەت: (١٩٩٣/٧/١٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ پێت وایە شیعرەکانم وەکوو بەردی لاڕێ سادەن؟ تۆ پێت وایە پەیڤەکانم ئاسمانگەڕ نین، زەویزادەن؟ ئاخر... چبکەم، دڵێژگەکەم! وێنە و هزری وردیلانە چرکەیەک دەبریسکێنەوە و دەکشێن وەکوو گوڵەستێرەی شەوەزەنگی باخ و ڕەزان، هەر ئەوانەم پێ وەگیر دێن، کە ماندوون و دادەوەرن وەکوو گەڵای وەختی خەزان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژباش کچانی سەبارەت: (١٩٩٣/‌٨/١٤ - تشیریکۆڤە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕۆژباش، کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش! ڕۆژباش، کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش: چاوەڕێم کەن، وا تێنەگەن هێندە دوورم... ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دا، هەنووکەش لەسەری سوورم! چاوەڕێم کەن، نابێ، ناشێ نەتانبینم! مەپرسن کەی مەپرسن چۆن گومان مەکەن لە زڤرینم١! لەوانەیە، ڕۆژی نەوڕۆز، وەک پنجێک گیا لەسەر گردی مەلا مەروان٢ بژیێمەوە! ڕەنگە شەوێک لەگەڵ تیشکی برووسکەدا داپەڕمە خوار و بێمەوە، بێنێک وەکوو تاپۆی ئاڵا لەبەر چاوان بشنێمەوه! لەوانەیە هەر دوای ڕێژنە بارانێکی سەربەکڵاوە، لە داوێنی ئەسپیندارێک وەکوو کارگێک هەڵبتۆقم. یا لە دەشتی کاولەقەراج٣ شین بم وەکوو گوڵەجۆیەک، یا لە گەرمەی ڕەشبەڵەکدا بترنجێمە ناو ئاپۆرە و لە پڕ بێمە دەستی دۆیەک! *** ڕۆژباش! کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش... ڕۆژباش! کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش: کە منتان دی، بانگم بکەن بۆ سەر سفرەی پڕی خۆتان! من دڵنیام نانی ئێوە تامی خوێن و ڕۆندک نادا. با شەوێکیش بەئارامی بنووم لەناو پێخەوتانا لەم ژینەدا هەرچەند گەڕام بە دنیادا، پێخەوی من یا کەڵەکی سەر شەپۆل بوو، یا لکێک دار لە بەردەمی ڕەشەبادا! لێم گەڕێن، جارێک، لە چەقی ڕێگە، بە ڕۆژی ڕووناک، بێ فتوای مەلا و ئیزنی عەشیرەت، لە ترس ڕەها، لە تانە بێباک تێر ئاوێزانی کچەکوردێک بم هەناسەی بۆنی نێرگزی لێ بێ، بەری دەستیشی تام و بۆنی خاک *** ڕۆژباش، کچانی سەدساڵ لەمەوپاش! ڕۆژباش، کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش: تکا دەکەم، بۆ ئەو ڕۆژە ڕۆژی زڤرین یا داپەڕین، ڕۆژی شینبوون یا هەڵتۆقین پەساپۆرتێک بۆ من دانێن! گرینگ نییە! با ئەستوور بێ یا تەنکۆکە... با لاکێش بێ یا چوار گۆشە... گرینگ نییە! چۆنی دەڵێن با ئاوا بێ: زەرد بێ، سوور بێ، شین بێ، مۆر بێ، یا ڕەشێکی وەک قەتران بێ... لەم ژینەدا بە حەسرەت بووم، تەنیا ڕۆژێک پێناسێکی زێدی خۆمم لە گیرفان بێ! ڕۆژباش، کچانی سەدساڵ لەمەوپاش، ڕۆژباش، کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش! ١. زڤرین: گەڕانەوە، ڤەگەڕ ٢. مەلا مەروان: گوندێکی نێزیکی گوندی بێرکۆت(زێدی شاعیر) بەهاران لەوەڕگەی بەرخەل و کانگەی پیفۆک و شیلمشاق و قێزبەلە و قوڕادە و شتی تر بووە ٣. قەراج: بە پیتترین زەویی باشووری کوردستانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسەڵات سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew قەڵەمەکەم چەکوچە و هەر پەڤێکیشم، بزمار ستەم لە هەر جێیەک بێ دەیسمم وەک تەختەدار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مۆنۆلۆگ سەبارەت: (١٩٩٣/١٠/٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کازێوەیە سەرینی تۆ باسکی منە، سەری منیش لەسەر باڵی کڕێوەیە کازێوەیه پۆلێک پرسیار بەڕێ دەکەم، پۆلێکی تر بەڕێوەیە کازێوەیە گا ئازیزێک، کە زیندووە، لەناو تابووت ڕاکشاوە و شەڵاڵی زەردەچێوەیە گا هاوڕێیەک، کە نێژراوە چاوی زەق زەق تێم بڕیوە و بەپێوەیە! *** هەنووکانە چاو لێک دەنێم... ئەو دەلاقەیە دادەخەم کە ڕابردووی لێوە دیارە، شاباڵی ئەو بازەش دەکەم کە لە فەزای ئایندەدا سەرگەرمی ڕاو و شکارە *** من تێدەگەم ئەوەی ڕابرد، وەگیر نایێ، ئەوەی دادێ، هەر مردنە... هێندەم بەسە، کە تۆ... ئێستا... سەرت لەسەر باسکی منە *** دەڵێم، گەر دایەحەوا گوێڕایەڵی خودا با، بەری حەرامی دیبا و... قەپاڵی لێ نەدابا... کوا، کێ دەڵێ من و تۆ لەوێش من و تۆ دەبووین؟ کێ دەڵێ گەمیەی بازووم سەرتی لەسەر پێلی شەو ڕادەژەنی هەنووکە؟ کێ دەڵێ لەو بەهەشتا بەهشتۆکەیەک دەبوو، هەر من و تۆی تێدا بێ، وەک ئەم لانە بچووکە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوودڵی سەبارەت: (‌١٩٩٣/١٠/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیوەشەوێ لەبن ڕێژنەی هەوای تەزوو و برووسکەدا ژوانم هەیە. کە دەیگەمێ؛ لەپی دەستێک بۆ ناو تۆفان گەمیەم دەبێ، بەژنێک شیعر و تریفە و بۆن تێم دەئاڵێ کۆشێک داڵدەی هەنیەم دەبێ. بۆ دوودڵم؟ ئەگەر نەچم، کێ دەزانێ، لەم عومرە کورتەی کە ماوە، کەنگی دیسان ژوانم دەبێ؟ ! کێ دەزانێ کەی شێتی باڵم پێ دەگرێ و جارێکی تر دەرفەتی سووتانم دەبێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێکدابڕان سەبارەت: (‌١٩٩٣/١١/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێوارە بێ یا کازێوە، خۆرەتاو بێ یا شڵێوە؛ لە هەر کوێ بیت: لەناو کونە ئەشکەوتێکا یا شارێکی پڕ هاتە هات؛ لە کونجێکی تاراوگەدا یازنجێکی کاولەوڵات؛ هەرکاتێکی مەیلت لێ بێ، من دەبمەوە با و بە چرکەیەک دەگەمە لات. تۆ هیچ نا، هەر هێندە بکە، بڕۆ، درختێک ڕاسپێرە چۆلەکە دەوریان دابێ. بڕۆ جۆگەیێک ڕاسپێرە پەیکی پێلی بە ئاگابێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵوەت سەبارەت: (‌١٩٩٤/٥/٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خوایە، بارم سووکتر کە! پشتم شکا، دەرنابەم... ئەوەی هەستی پێ دەکەم بۆ بەندەیەک زۆرە، زۆر: لە جەرگەی تاریکیدا گەردی ڕاستی دەبینم وەک بەفری بەر تیشکی خۆر؛ وەکو پەڕەسێلکەیەک تا بکرێ نزم دەفڕم بەر لە باران و تەرزە؛ وەک هەسپێک لەسەر هەستم، ئارامم لێ هەڵدەگرێ پێشبینیی بوومەلەرزە. خوایە، بارم سووکتر کە! پشتم شکا، دەرنابەم... یا وا بکە زمانم لێی تێکچێ کۆدی سەرم، یا زاتێکم وەبەر نێ، هەر شیعرێکی کە دەیڵێم کفنێک بێ پڕ بە بەرم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرێسکە سەبارەت: (١٩٩٥/٣/١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەنگوستیلەی کامەرانیم لەناو پرێسکەیەک١ دایە. پێیان گوتووم، تەنیا جارێک تووشی دەبم، هەر جارێک و ئیتر تەواو. بۆیە، بگەمە هەر جوانێک، بەو پرێسکە ئەفسووناوییەم دێتە بەرچاو! ١. پرێسکە: بوخچۆکە بۆ شت تیاهەڵگرتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوگمە یا لە قاوەخانەیەکدا سەبارەت: (١٩٩٥/١٠/١٤ - کۆرسۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وەک گورگی باراندیدە ئارەزووی لە شەوڕاوە نیگای دڵی چاوچنۆک له لانی وەدەرناوم، بۆ جوانێکی گەردنکێل دایر ماندووم بۆ سەر چۆک! دوورگەیەکی نەبینراو... گازم دەکا بۆ سەفەر، بەڵام ڕێگەی لێ گرتووم تەلیسمی دوگمەی بەرۆک! ٭ ٭ ٭ ئەو دوگمە بچووکانە دەڵێی چاوی بازانن هێند لاسار و نەترسن، ناترووکێن و ناترووکێن: کلیلداری گەنجینەن، وەڵامی هەزار پرسن! * * * دەدوێن و حاڵی نابم دوگمەن یا لوغمی ڕێگە؟ ڕێگرن یا ڕێنوێنم؟ هەڵمەت دەبەم ناگیرێن، بۆڕ دەخۆم و کۆڵ دەدەم ئەوان دەکەونە شوێنم! چیبکەم! هێدی و ئارام بم، یا کودەتا بەرپا کەم؟ ئاخرەکە خامۆش کەم، یا بڵێسەی ڕەها کەم؟ چۆن لەگەڵیان بسازێم؟ چۆن گڕ نەسێنێ خوێنم؟ چۆن هۆش لەسەر نەترازێ ئەگەر نەیان ترازێنم؟ ! شەوە و دەدرەوشێنەوە، وەکوو چرای کەوشەنان، منیش لەوەتی دەژیم... شەوبای کەوشەنبەزێنم! گەردنکێل: گەردن بڵند، گەردن جوان و شوش دوڕگە: گراڤ، جەزیرە گازکردن: بانگ کردن بەرۆک: یەخە لوغم: مین بۆڕخواردن: تێشکان، بەزین، دۆڕاندن لە ململانێدا کەوشەن: سنوور، سەرحەد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشتی سەبارەت: (١٩٩٥/١٠/١٧ - کۆرسۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تاکوو چەمێک نهێنیی خۆی بە چەمێکی تر بسپێرێ، تاکوو شاخێک لەبەر شاخێک دابێتەوە، تەور بە دار... گرمە بە چرپە نەوێرێ پێشنیازێکم هەیە بۆ خوا... خوایە، تۆبە! پێشنیاز ناکەم! لەبەرت دەپاڕێمەوە... دەپاڕێمەوە تا مردن: تۆ وا بکەی نێریش وەک مێ بکەوێتە زاوزێ کردن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گازاندە سەبارەت: هاوینی ١٩٩٥ - کۆرسۆ (فینلاند) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سوپاست دەکەم، خوایە: جووتێک چاوت پێ بەخشیم لە چاوی باز بیناتر لە سنگما دڵێکت چاند وەکوو هەور بەخشندە، چەشنی چیا خۆڕاگر ڕەنگم لە نووری خۆتە، خوێنم لە شیلەی ئاگر سوپاست دەکەم، خوایە: بۆ پژانی زمانم لە هەر ژێیەکی بەهەشت ئاوازێکت بۆم چنی بۆ خەملی نیشتمانم نەخشینترین نیگارت لە بەر بەهەشت داڕنی سوپاست دەکەم، خوایە: شەپاڵت کرد بە زارۆم، پەریت خستە ئامێزم بەڵام بۆچی، خودایە، هۆشێکی وات نەدامێ، خەڵاتان بپارێزم؟ گازاندە: گلەیی، گلە، گازن ژێ: تەل، وەتەری ئامێری موزیک شەپاڵ: بەچکەشێر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایز سەبارەت: (هاوینی ١٩٩٥ - کۆرسۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش ئەوەی وەکوو دەنکێک زەردەلووی تەنیاجێماوی چڵۆپکی دارێ، بای پایز لێم دا، لەپڕ ترپەم بێ و بکەومە خوارێ ڕەخشی خەیاڵی مەودابەزێنم، وەک با، تاو دەدەم، سەر لە لانەی باز، لە لووتکەی قیتی بەر هەتاو دەدەم، ڕێ لە زریان و برووسکە دەگرم، دەچمە بەر ڕێژنە و شۆڕابەی نەوی لێیان دەپرسم: ئاخۆ لە کوێ بم، کاتێ ترپەم دێ و دەکەومە زەوی! فەرهەنگۆک: زەردەلوو: قەیسی چڵۆپک: ترۆپک، چڵەپۆپە، بڵندترین چڵی دار ڕەخش: هەسپە بەناوبانگەکەی ڕۆستەمی زاڵ ڕێژنە: لێشاوی باران، ڕەگباری باران شۆڕابە: ئاوی باران کە لە بانی ماڵ و بەرزاییەکانەوە دەڕژێتە خوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوناو سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ دڵۆپەخوناوێکی لەسەر گەڵای عومری بەهار تۆ، گیانەکەم، کچی شەوی زۆر دەترسم نێزیکت بم، نەوەک بتکێی بۆ سەر زەوی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیشتمان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەهەشت و دۆزەخ بۆ من تازە نین هاوکات و هاوجێ ئەویشم دیوە، ئەمیشم دیوە نیشتمانی من، لەوەتەی هەیە، بەهەشتە و دۆزەخ دەوری تەنیوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داگەڕان سەبارەت: (١٩٩٦/١٠/١٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێوارەوەختە، تا چاو بڕ دەکا دەورم ڕووتە لەم دنیایەدا من تەنیا خەونی ژوانی تۆم ماوە... خەونی ژوانی تۆ بۆ من سەرابی شینکە و قۆپەنە، گڵۆڵەتیشکی سەربەرەوخوارە، بەری ئاوداری بڕکی تەمەنە لێ گەڕێ، گیانە! دەبا ئەم خەونە هەر بجریوێنێ و بچریسکێتەوە دەستی لێ مەدە، مەیشڵەقێنە، با هەر درێژ بێ، با هەر درێژ بێ و قەت نەبڕێتەوە *** مەرگی ئەم خەونە ڕەنگان ناهێڵێ و دنیا پڕ لوورە و شەختە و ڕم دەکا خۆر لە گۆی زەوی دەشارێتەوە، ئەستێران نوقمی تەپونم دەکا *** ئەدرەسی خۆمت دەدەمێ بەڵام ڕچە قەت نەشکێنیت ڕێگەی جێژوان گوڵڕێژ دەکەم بەڵام نەکەی بێیتە ژوانم بەیداخی سپی هەڵدەکەم! دڵت بەرد بێ! گوێ نەدەیتە چۆکدادانم گرمەم دێ و چەخماخە دەدەم خۆت نەبان کە... لە ڕهێڵەم... لە زریانم ئەگەر زۆر زۆر بیرت کردم، جار جار وەرە بن ساباتی خەونەکانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم سەبارەت: (١٩٩٦/١٠/٢٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم چرکەیەک بێ تۆ ژیابم ڕێی تێ ناچێ، بێ کووژەکەی دلۆڤانیت، بە دۆزەخی ئەم عومرەدا ڕەت بووبم و هێشتا مابم! کە منداڵ بووم، گەر تۆ دەستت نەگرتبام، چۆن دەمتوانی پێڕەوکە بم؟ درەنگتریش، بۆ تۆ نەبا، من کەپرۆکەم بۆ کێ دەکرد لە چیلکەدار؟ بۆ وەک نۆما، بە پێی پەتی، دەشتم تەی دەکرد سەروخوار؟ ئەگەر شیعریش ئادگاری وەک تۆ نەبایە وەک تۆ نەبایە کتومت، چون ئەو هەموو باڵدارانە دادەبارینە سەر زمان؟ چۆن یەکەم دێڕ شیعرم دەگوت؟ ! نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم چرکەیەک بێ تۆ ژیابم، دەتناسمەوە، لە تۆفانی شەستوسێدا تۆ بووی... شەوێک بەرەو شاخ بووی بە ڕێنمام... تۆ بووی لەناو ئەڵقەی گڕدا شیعرەکانت چەپاڵە دام تۆ بووی خەونت بۆ زین کردم، ڕەشمەی برووسکەت لە مست نام دەتناسمەوە، هەر جارێکی کەوشەنێکم پەڕاندبێ، لەگەڵما بووی هەنگاو هەنگاو تۆ بووی مۆتەی ترست دەکوشت، دنەت دەدام بۆ ناو ئاگر، بۆ ناو گەرداو دەتناسمەوە، لە هەر جێیەک گرماندبم، تۆ چەخماخە و گەواڵە بووی لە سەرمدا ئەتۆ کاڵای ئاودامانی گوللەبەند بووی لە بەرمدا نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم چرکەیەک بێ تۆ ژیابم ڕێی تێ ناچێ، بێ کووژەکەی دلۆڤانیت، بە دۆزەخی ئەم عومرەدا ڕەت بووبم و هێشتا مابم! کووژەکه: مووروویەکی شینە بۆ چاوەزار پێڕەوکە: منداڵێک تازە پێی گرتبێ نۆما: جوانووی دووساڵە، جوانە هەسپ و ماینی دووساڵە ئادگار: سیما، چەهرە چەپاڵەدان: پەنادان، داڵدەدان ڕەشمە: هەوسار کەوشەن: سنوور مۆتە: مۆتەکە، میردەزمە، کابووس گەرداو: گەڕاڤ، گەرداڤ، ڕەشەبای دەریا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم ٢ سەبارەت: (١٩٩٦/١٠/٢٩ - هێلنسکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من پێش تۆ هاتمە دنیا... تا گیانی خۆم تەیار کەم بۆ گۆڤەندی ژوانی تۆ تا بێتۆیی بچێژم، هەر ساتێکی بینینت... بۆ من ببێتە پەرجۆ من پێش تۆ هاتمە دنیا تا عومری گوڵ درێژتر، گڕی ئاگر پەتیتر، تەمی خەم تەنکتر کەم تا فێر بم بەئاسانی لەسەر سنگت سەوز بم، تۆ لە خۆمدا بزرکەم! من پێش تۆ هاتمە دنیا تا وا بکەم کارمامز چیدی نەسەنگرێنەوە لە ئاوایی و دەراوان تا وا بکەم تەیروتوار جێی چینەیان ناولەپ بێ و نەکەونە تەپکە و داوان من پێش تۆ هاتمە دنیا تا بتوانم، ئازیزم، هەر کاتێ ئارەزوو کەی، ئەستێران وەک مۆم پێ کەم، لە تووکی نەرمی مەلان جێژوانێکت بۆ چێ کەم من پێش تۆ هاتمە دنیا تا چاوی خۆم ڕابێنم، لە تۆفانی ڕەنگاندا ئادگارت هاوێر بکا تا گوێچکەی خۆم فێر بکەم، لە باهۆزی دەنگاندا سرتەت گوڵبژێر بکا من پێش تۆ هاتمە دنیا تا بۆ نۆتەی لەشی تۆ مووبەمووم هەمووی ژێ بێ تا شایانی ئەوە بم، کلیلی تەخت و تاجی خۆشەویستیی تۆم پێ بێ! فەرهەنگۆک: گۆڤەند: شایی پەرجۆ: موعجیزە، دەراو: ئاوی دەرەوەی ئاوایی تەپکە: دامە، جۆرە داوێکە بۆ ڕاوە مەل هاوێرکردنەوە: لێکجووداکردنەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەوەتی هەم خەو دەبینم سەبارەت: (١٩٩٧/٤/٣٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەوەتی هەم خەو دەبینم، خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ! خەونی بڵند وەک ئەستێرە، خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ لە دوای ساڵ، خەو دەڕوێنم. کەوشەن بە کەوشەن، ماڵەوماڵ خەو دەڕوێنم. *** هەندێ جاران، کە دەنووسم، پەیڤێک لێرە، یەکێک لەوێ، یاخی دەبن. من پیادەم و ئەوان سوار من بێباڵ و ئەوان باڵدار. هەر چەند دەکەم نایانگەمێ هێندە سرک و دوورەدەستن. کە دەڕازێم سەرم دەکەن بە پلوورە و شانەی شیعر هەڵدەبەستن. *** جار هەیە سمۆرەیەکی سرک و قیتەڵ، ئەم چڵ، ئەو چڵ، لێم ڕادەکا. هەرکە خەوم لێ دەکەوێ بە پێی خۆی دێ، لەسەر لەپم سەما دەکا. *** جار هەیە جەنگی ئەستێران، تشێڕنۆبل، هەڵەبجەی وێران، دەمامکەکەی مایکڵ جاکسن، لە شووشەدا مرۆڤچاندن، ئینتەرنێت و کونتێبوونی چینی ئۆزۆن ڕاوم دەنێن... دەمتۆقێنن... کە دەڕازێم؟ گەردوون بەهەشتی سەرمۆرە: ئەستێرەکان یەکەم شەوە تاریکایی دەترووکێنن؛ یەکەم وەرزە، وەکوو بەهێ، بە پەلوپۆی ئاسمانەوە دەجریوێنن! *** کە بێدارم دەبینم چەند تنۆکەئاوێکی زەندەقچووی بەرهەتاوین. کە دەڕازێم دەبینم تیشکی خۆر دەخۆینەوە، خوڕەمان دێ، شەتاوین. *** لەوەتی هەم خەو دەبینم: ساتێک ئازیزەکەی ئەوێم (کیژە ئەسمەرەکەی هەولێر) لە فڕگەدا چاوەڕێمە (هەر خۆی و باقەیەک کنێر) پێش ئەوەی ماچبارانی کەم، یا توند لە ئامێزی بگرم، لێم دەپرسێ، چۆن بەسەرچوو کۆڕی شیعری دیاربەکرم! ساتێکی تر لەو خەوەدا لە مەهاباد نەرمەشیعر دەخوێنمەوە، قامیشلی بۆم لە قرمژنی چەپڵە دەدا. *** من هەر وا بووم، ئێستاش هەر وام: لەوەتی هەم خەو دەبینم. لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم: ساتەوەختێک، بە دەستێکم شواری کێوی حەمرین دەگرم، دەستەکەی دیم شانەیەک، وردە پێلی (گۆلی وان)ی پێ دادێنم. ساتێکی تر، پێیەکەم لە هەورامانە، ئەوی ترم... بەرەو عەفرین سووک هەڵدێنم، تا دەستماڵی سیاچەمانە لە گەردنی کێلی لاوک بئاڵێنم. *** لەوەتی هەم خەو دەبینم لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم: ساتێک... لەوێ... لە پۆستەخانەی بایەزید، دەبینم... حەزرەتی خانی خەرمانەی نوور دەوری داوە. لێی دەچمە پێش، سام دەمگرێ... سەرنج دەدەم، ئەویش وەک من شڵەژاوە. من لە شەرمی گەورەیی ئەو، ئەویش تا بە ئێکسپرێس کەوش و کاڵەک١ بۆ فەقێیە کۆییەکەی خۆی ڕەوان بکا بەرەو باڵەک! *** لەوەتی هەم خەو دەبینم. لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم: نیوەشەوێک لە خەومدا برووسکە لێی دام و مردم. هاوڕێیانم لە سێبەری دارەبەنێک، لەسەر تاتەشۆرێکی ئاڵ، تەرمەکەیان درێژ کردم. ئاوەچۆڕەی دەوروبەرم، پەیتا پەیتا، بوو بە جۆگە، پاشان بە چەم! قازوقورینگ قەتاریان بەست، ئاوێتە بوون، پڕیشکی ئاو و تیشک و تەم! لەو ناوەدا بێشکەی دنیای ڕادەژەنی شنەبایەکی یەزدانی. یاسەمەن خوناوکەی دەکرد، ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی ڕەنگ قەزوانی کە کفنیشیان کردە بەرم، لەپڕ کفنەکەم خۆی هەڵخست، بەرز بۆوە، ڕەنگی گۆڕا، بووە پەلکەزێڕینەیەک نەرم و شلک، ئاڵوواڵا... زۆری نەبرد، هەڵیکردە کزەبایەک، بینیم... پەلکەزێڕینەکە شەکایەوە و بوو بە ئاڵا! لەوەتی هەم خەو دەبینم خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ. خەونی بڵند وەک ئەستێرە، خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ! فەرهەنگۆک: مەخمەری: مەخمەڵی سرک: سڵ، ڕەوەک قیتەڵ: گیانداری بچکۆلانەی قنج و وریا دەڕازێم: دەخەوم، (ڕازان): نووستن، خەوتن پلوورە: کوورەی هەنگ، کەندووی مێشەهەنگ زەندەقچوو: ترساو، تۆقیو تاتەشۆر: ئەو بەردە پانەی مردووی لەسەر دەشۆن ١. ئاماژەیە بۆ بەیتێکی شاعیر حاجی قادری کۆیی: وەبیرت دێ زەمانی چووینە باڵەک بە پێخاوسی، نە کەوشم بوو نە کاڵەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو مێوان سەبارەت: (١٩٩٧/٨/١ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زەرد ئەسمەرێکم لایە. ناوێرم بڵێم زێدە، لێ شیرینە وەک زێدێ دەنگی فێنکایی کەپرە، مێرگی سینگ و بەرۆکی بۆنی کنێری لێ دێ *** لە سووچێکی بەرامبەرم بیرۆکەیەک هەڵکورماوە، کەزی و بسکی دەکاتەوە و دایدەهێنێ، چین چین، تا تا؛ بە شێنەیی دزە دەکا و تەمی ناخم دەترووکێنێ وەک تیشکی پیرۆزی گاتا. خوایە، چیبکەم؟ نازانم چۆن دەستەملانی دوو ئازیز بم لە یەک کاتا؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێکدانەوە سەبارەت: (١٩٩٧/٨/٢ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وا چرکەساتی لێکدانەوەیە هەرچی پرێسکه و شڕەدەفتەری کەلاوەی یادە، هەمووم هەڵخستوون وەک بازرگانێ... پەشیمانم و پەشیمانیش نیم، کەوا سەدەفی سەدان لەش گەڕام بۆ دۆزینەوەی مرواریی گیانێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژان سەبارەت: (١٩٩٨/٣/١٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەم نیوەشەوە هەروا پرسیارە و فڕکەی باڵی دێ. حەجمانم نییە، دیسان گێژ دەخۆم وەکوو گەردەلوول. هەندێ خەم چەشنی دەریا کراوەن، هەندێ وەک تۆمار، سەربەمۆر و لوول. دیارە هەویری شیعرێکی تازە هەڵاتووە بە خەم، هەر هێندە ماوە، بە گزرەی خەیاڵ تەندوورێک جۆشدەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلارم سەبارەت: (‌١٩٩٨/٣/٣٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من: سەعاتێکی زەنگدارم بۆ ئەوە بووم، تا لە کات و ساتی خۆیدا بۆ زەنگلێدان لە خەو ڕابم. دوگمەی دەنگم هەر لای مەرگە، تا ئەو ڕۆژەش زەنگ لێ دەدەم، لێ دەدەم و بێدەنگ نابم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕواڵەت سەبارەت: (١٩٩٨/٣/٢٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وا لەسەر پشت ڕاکشاوم، بە ڕواڵەت ئاسوودە و ئارام... گۆشەیەکی زەوی هەیە و خۆر نایبینێ، من لێرەڕا لێی بەئاگام دەنگوباسی هەر پەنگرێک لە کوانوودا، نووچەی تەرزی هەر دارمێوێک دەگاتە لام. ساتەوەختێک دەپشکوێم وەک کەرکووکی نەورۆزەکەی نەوەت و یەک، چرکەساتێک لە هەڵەبجەی شازدەی مارتیش دڵتەنگترم. بە ڕواڵەتیش وا لەسەر پشت ڕاکشاوم، لە بیستۆکی تەلەفۆنێک بێدەنگترم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاسە سەبارەت: (١٩٩٨/٣/٣٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پەلەقاژەمە! بەڵکوو، تا زووە، هەندێ گەڵای دار، هەندێ پنجەگیا و گوڵەکێویلەی ئەوێ دەسگیر کەم. ناترسم ناویان لە یادم بچێ، بەڵام دەترسم... بۆنیان لەبیرکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆتۆنەمان سەبارەت: (١٩٩٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کورد: مریشکە‌ڕەشەیەکە بە تۆپیش ناجوڵێتەوە. نازانم ماوە یا مردووە دەیان ساڵە لەسەر لوغمی ئۆتۆنۆمی... کڕکەوتووە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەستەلژی سەبارەت: (١٩٩٩/٢/٢٦ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند بیری ئەستێران دەکەم! «تەنیا لەوێ هەر ئەستێرەو بۆ جێژوانێک ڕێنمایە» چەند بە عەزرەتی ئاسمانم! «تەنیا لەوێ ئاسمان دەریای ئاودامانی لەبەردایە» بۆ بۆنێکی خواکرد شێت بووم! «تەنیا لەوێ هەر کولیلکێک شووشەبۆنی سەرواڵایە» نەستەلژی: تاسەی نیشتیمان، سۆزی غوربەت کولیلک: شکۆفە یان گوڵی گژوگیا و دارودرەخت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵات سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ژینێکی ترم خەڵات کە، خوایە! با کورت بێ، وەک هی گوڵ و پەروانە، بە هەر بستێ عەرد من قنیات دەکەم، بەڵام تیا نەژیم وەکوو بێگانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باڵا سەبارەت: (١٩٩٩/٤/٢٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەوەتی من هەم، سەرنجم داوە، ڕێگەی گوڵگوڵیی تەخت و بەخت و کام بە بن کەوانەی تاقێکدا دەڕوا کە نەویترە لە خاچی باڵام! من قەت دەسکاریی بەژنی خۆم ناکەم هەتا ئەو ڕۆژەی سەر دەنێمەوە، نەمام بووم زریان نەیچەماندمەوە، خوایە، بە پیری... نەچەمێمەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوێ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew با بە تاقی تەنیا بم نە سیڕەی دەرگەم دەوێ نە ترپەی هەنگاوی تۆ لێم دوورکەوە، ئازیزم من شەڵاڵی شیعرێکم لەسەر سیحری چاوی تۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیری سەبارەت: (١٩٩٩/٥/٣ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کاتێ، جاران تەمی خەمێک، لە سەد پێچ و کەنارەوە، شەپۆل‌ شەپۆل، قەف قەف دەهات، دایدەگرتم بە ترۆپک و بنارەوە بیرم لەوە دەکردەوە کە سەودایەک، عیشقێکی نوێ.. سبەی بە داری عومرەوە گۆپگە دەکا و دەپشکوێ کەچی ئێستا، کە دڵتەنگی قانگم دەدا، کە دەبینم ئێجگار ماتم بیر لە جوانێک دەکەمەوە، کە فڵان ساڵ، لە فیسار جێ تووشی هاتم! ترۆپک: قوللە، کۆپ، کمت، لووتکە، تۆقەڵە گۆپکە: پشکۆ، چرۆ؛ گۆی مەمک قانگدان: دەرپەڕاندنی گیاندار بە دووکەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر و تاج سەبارەت: (١٩٩٩/٩/٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە سەر بەشانم دەکەی، شای وڵاتی پەرییانم کە گڕ دەگری و دەتۆرێی، شاعیری خەم و ژانم ئەگەرچی تاج و شیعر، وەتی دنیا دنیایە، چەشنی ڕەشەبا و مۆمن بەڵام، دڵەگۆڕکێت خۆش، هەردووک لە بن ڕکێفمان، بەجووتە دەستەمۆمن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازێک سەبارەت: (‌١٠؍٩؍١٩٩٩ ــ هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من دوو ساڵە سەوداسەری درەختێکم، کە جێی پشت پەنجەرەی منە. سەد جاریش خۆی گەڵاپۆش کا، من بە ڕووتی ئەو دەبینم: درەختی چی؟ ! شۆڕە ژنە! بەڵام چەند دەکەم تێناگەم، کە بەهاران شیرینەکەم ژان دەیگرێ و چرۆ دەکا، کە پایزان جگەرگۆشەی دادەوەرن لەبەر بادا، کە شەوگاران کڕێوەیەک دەزریکێنێ و هاودەنگ قاتە لە دنیادا خۆ من چرام تا بەیانی هەر دەسووتێ، بۆچی جارێک لە پەنجەرەی ڕۆشنام نادا؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەفەق لە زەردەپەڕدا سەبارەت: (‌٢٨؍٤؍١٩٩٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) بە مناڵی شێتی کچەهاوسێیەک بووم: ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبایە، کفرم دەکرد، وام دەزانی عەرشی ئاسمان بێ‌خودایە. ئەگەر ڕۆژێک ناوی منی نەهێنایە، وام دەزانی چیدی کێشکە چینە ناکەن لە پەساران، پەڕەسێلکە ناسریوێنن، خۆر هەڵنایێ لە جێی جاران. * * * بە مناڵی شێتی کچەهاوسێیەک بووم.. هەرجارێکی وەڕەس دەبووین، سەری خۆمان هەڵدەگرت و لە شوێنێک، چەپەک و پەنا، خانووچکەیەکمان چێ دەکرد، ماڵیژگەیەکمان دادەنا: هەرزاڵەیەک بۆ پێخەف و کەندوولەیەک بۆ ئازووخە و گۆزەڵەیەک بۆ سەر کانیاو. هەر جارێکیش برسی دەبووین، داردەستێکم زین دەکرد و دەچوومە ڕاو! تا من لەوسەر دەهاتمەوە، قوڕ دەکرایە زمانەگا و دەبرژێنرا لە بەر هەتاو! * * * بۆ ئەو کچە دەراوسێیە سەرتاسەری دنیا گەڕام: لە وێستگەی شەمەندەفەران، لە فڕگەکانی هەندەران، لە مەیخانە و پەرستگاکان، لە هەموو دەریا و بەندەران... . چاوم گێڕا، بێهوودە بوو! نەمدیتەوە و نەمدیتەوە. زۆرجار دەهات لە بیری کەم، کەچی لەپڕ دەیترووسکاند ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە. (٢) هەر ئەو شەوەی بۆ یەکەم جار ستێرێکی چاونمایی قوتبی باکوور بۆمان بووە قیبلەنمای یەکەم دیدار، بەچرکەیەک مەودا سووتا، دیوار ڕمان سەرتاپامان بوو بە نیگا، موو بە موومان بوو بە زمان. دیتت چ زوو هەردوو باڵت لە من ئاڵاند؟ دیتت چ زوو سەری سپیم سنگی تۆی کرد بە نیشتمان؟ هەر ئەو ساتە، هەر ئەو شەوە گرفەی هات و گڕی هەڵسا ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە. هەر ئەو ساتە، هەر ئەو شەوە، تێگەیشتم جووداییی من و هاوسێکەم درۆیە، مۆتەیە، خەوە: ڕوو هەمان ڕوو، دەنگ هەمان دەنگ، بۆنت هەمان بۆنی ئەوە! فەرهەنگۆک: پەسار: پەنا، نوا، ئەنوا سریواندن: جریواندن، زریواندن، درەوشانەوە، شنەشنکردنی ئەستێرە وچرا و شتی تر، جریواندنی تەیروتوار چەپەک: جێی پەنا، شوێنێک هاتوچۆی بە سەرەوە نەبێ. ماڵیژگە: ماڵیکی خنجیلە و بچووک هەرزاڵە: کەپرێکی نزمە لە ماڵدا دەکرێ بۆ شت لەسەر دانان یان لەسەر نووستن زمانەگا: جۆرە کولێرەیەکی درێژکۆلەی زمانئاسایە بۆ زارۆیان دەبرژێندرێ. ترووسکاندن: بریسکانەوە، تەیسین ستێر: ئەستێرە، هەسارە، ئەختەر مۆتە: مۆتەکە، مێردەزمە، سرنجک، کابووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆنراوەیەکی ناتەواو سەبارەت: (‌٢٠؍١٢؍١٩٩٩ - یوتوبوری) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەر بە وشە نیگارێکی ئازیزەکەی خۆم کێشاوە. سەیری دەکەم: دەق خۆیەتی! هەر بۆ گوێیە تەنکەکانی گوارە ماوە. * * * فەرهەنگەکان با بە خۆیان هەر بنازن، با بڕسکێن، با بخەمڵێن بە هەزاران وشەی بەدەو. بە چی دەچن، کە پەیڤێکیان تێدا نەبێ، بشێ ببێ بە گوارەی ئەو! * * * من ئەییووبم بەئاسانی پشتی ئومێدم ناچەمێ. وشەیەکە و عەوداڵیمە، زوو یا درەنگ هەر دەیگەمێ ــ لەسەر باڵی سیمرخیش بێت، ئاسمان بست بست دەپشکنم. بە زەویشدا بچێتە خوار، بنزەویگەڕ هەبێ منم. وشەیەکە و دەیدۆزمەوە، ئەگەر بنپێی خەیاڵیشم شەقشەق و پارەپارە بێ! گەر هەر نەبوو، دایدەتاشم! ناهێڵم گوێی ئازیزەکەم بێ گوارە بێ! خەمڵاندن: ڕازاندنەوە، جوانکردن بنزەویگەڕ: ئەوەی لەبن عەرد بە دوای شتێکدا دەگەڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵچوون سەبارەت: (‌٨؍١؍٢٠٠٠ هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ساردیت دەمکوژێ. دنیا پایزە و بەدەنی منیش ڕووتترین خاکە هاوینی تینوو لە ناخمدایە، نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا. دە بتریشقێنە، هەوری شاقەلشۆڕ! دە ببرووسکێنە... . ببارە... . داکە. هێڵی سنووری نێوان من و تۆ تراویلکەیە، وەهمی تریاکە گوارە و گەردانە فڕێدە لاوە، بسکت بەردە، کەزیت ڕەها کە ئەوەی گرێیە بیکەرەوە بۆم، بە دوڕگەی ئەودیو تەمم ئاشنا کە سنگت بەندەن و دشتی مەفتەنە، ڕێی ڕەوەئاسکی پەنجەم واڵا کە. لەشێک دەماری گڕی تیا نەبێ کۆتەرەدارە... داوەڵە... . لاکە گەمارۆی ناوێ، پەلامارم دە! سەنگەر و قەڵام تەفروتونا کە ڕنۆکت گیر کە لە شان و باسکم، ئێسقان و پێستم هەلاهەلا کە. لێوم کافرە، خوێنی حەڵاڵە، گۆی مەمک و لێوت فێری غەزا کە. لە ئاسوودەیی بەهەشت تۆقیوم هەناسەت گڕ دە، دۆزەخ ئاوا کە بێدەنگی بەزمی گۆڕنشینانە، دنیا پڕ نرکە و زیڕە و زەنا کە هەڵبە، گڕ بگرە، نێڵە و لرفەت بێ، تەزوو بچێنە، شۆڕش بەرپا کە گیا بە ـــ بشنێوە، دەریا بە ــ پێل دە، چاو لە بوولەرزە، لە ڕەشەبا کە. پایزی لەشە و هاوینی ڕۆحە، لە ترسی خەزان دڵم خەمناکە. دابارە سەرم! هەوری شاقەلشۆڕ، نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا! فەرهەنگۆک: خوناوکە: نەرمەبارانی پشک ورد شاقەل: داوێن، دامەن، پەراوێزی خوارەوەی کراس و کەوا و شتی تر شاقەلشۆڕ: داوێنشۆڕ مەفتەن: زێد، نیشتمان کۆتەرە: کۆلکەدار، قەدی دارێکی بڕاوە داوەڵ: داهۆڵ ڕنۆک: چنگوڕک، چنگی دڕندە و باڵندە پێل: شەپۆل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو ئاوابوون سەبارەت: (‌٧؍١؍٢٠٠٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دانی ئێواران سەرنج دەدەمە ئاوابوونی خۆر... دەزانم، منیش، زوو بێ یا درەنگ، دەبێ ئاوا بــم. بەڵام! مخابن، دەمی ئاوابوون وەکوو زەردەپەڕ سیحراوی نابـــــــم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هێور کردنەوە سەبارەت: (‌٩؍١؍٢٠٠٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هێندە خەم مەخۆ، کە پێش ناسینم پرچی خۆت بڕی، ئەی خەمشیرینم! من، کە تا ئێستا قەت دەربەست نەبووم کورت بێ یا درێژ تاڵەمووی ژینم، دەپاڕێمەوە عومرم درێژ بێ، بەڵکوو درێژیی پرچت ببینم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر گۆڕی عاشقێکی گەورە سەبارەت: (‌٢٠٠٠/٤/٦ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەموو جارێ زوو دەژاکێ لەسەر گۆڕت هەر گوڵێکی کە دەیچێنم خۆ دەزانم عەشقی گوڵی کام وڵاتی، بەڵام... چبکەم! گوڵی ئەوێ لە کوێ بێنم؟ ! * بۆ ڕەهبەر جەلال کۆیی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆنتراکت سەبارەت: (٢٠٠٠/٥/١٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیازم وایە شەو و ڕۆژێکم تەنیا هی تۆ بێ بڕیارم داوە سەفەرەکانی سەرم ڕاگرم، شەپۆلان سڕ کەم. تەنیا ورینگەی تۆی تیابێ ماڵم، دەرگە و پەنجەرە و بابوێر کونبڕ کەم! خانومانەکەم! تۆش، تەنیا جارێ، خۆت تاقی کەوە... با شەو و ڕۆژێک، هەمووت هی من بێ! هەرچی نەریتە، با دەقی بشکێ، هەرچی یاسایە، با سەروبن بێ! خۆت لە دەوروبەر، لە کەس و کار و ئاشنا بدزەوە، لە ئەستێرە و مانگ... لە هەور و ساماڵ... لە بێنەوبەرە و خەمیژگەی دنیا خۆت ڕاپسکێنە، تەماشای میلی کاتژمێر مەکە، وەک ڕۆژانی تر، خۆت مەخەمڵێنە: خۆ پیرەدنیا ژێر و ژوور نابێ، تەنیا هەر جارێک، بۆ شەو و ڕۆژێک، نیوەژن بکوژە و ژنێکی ژن بە! من شەو و ڕۆژێک، دەبم بە هی تۆ، تۆش شەو و ڕۆژێک، تەنیا هی من بــە! فەرهەنگۆک کۆنتراکت: قۆنتەرات ورینگە: زەمزەمە، گۆرانیی سەبرۆکەی لەبەرخۆوە بابوێر: کونەبا، لۆنکە، بادرز، دەرزێک بای لێوە بێ کونبڕکردن: نەفەسبڕکردنی دەرودیوار، گرتنی کون و کەلەبەری جێیەک نەریت: شتێکە کە تازە داهێنرابێ کرابێ بە باو و تۆ حەزی لێ نەکەیت ساماڵ: سایەقە خەمیژگە: سووکەخەم، وردەخەم، تەنکەخەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵمێخەک سەبارەت: (١٩٩٩/٦/١٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە باخێکدا گوڵمێخەکێک دڵمی ڕفاند. بە خەمساردی دەستم نایە بینەقاقای بۆ چنینی. لە پڕێکا لە جێگەی گوڵ، گوڵم نەدی، خۆمم بینی! ڕاچڵەکیم و بە بیرما هات: ( منیش، ئەمڕۆ، وەک ئەو گوڵە دەشنێمەوە، بێپەروام، ئاسوودەم، هێمنم... ئەی کێ دەڵێ، هەر وەک ئەویش، دەستی مردن نێزیک نییە لە گەردنم؟ ! . ) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توانەوە سەبارەت: (٢٠٠٠/١٢/٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بە تۆ دەبینم بە تۆ دەبیسم. بە تۆ دەپەیڤم. کەچی، مخابن! ناوبانگ هی منە و ئەتۆش بزری. چەند لام ستەمە، هەر وا دەزانن کە تۆ من نیت و کەسێکی تری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرجەستەکردن سەبارەت: (٢٠٠٠/١٢/٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش بوونی من ملیۆنەها ئافرەت هەبوون بە لەشولار، بە ڕەنگوڕوو، جیاجیا به سەراپای پڕ هێما و کۆد، بە گەرمایی و تامی تەزوو، جیاجیا دوای کشانی ئەستێرەشم ملیۆنەها نازداری تر دێنە دنیا *** سەفەرێکی زۆر درێژم لەبەردایە، شپرزەم و بێ‌تۆشەم و دڵم بۆتە مەکۆی خەمان... چ حەسرەتە! من نە بەوان ڕاگەیشتم، نە دەستم دەگاتە ئەمان... *** وەتی هەم سەرمابردەڵەم، دە دامپۆشە بە هەناسەی پیرۆزی خۆت، داگیرم کە و گەرمم کەوە، ئەی گیانی من! بەڵکوو بشێ ئاوێتە بین وەک تخووبی ژین و مردن من کێم هەیە؟ ! تەنیا هەر تۆی بۆم خەفە کەی گڕی هەزار خۆزگە و بریا دە بۆم ببە بەو شۆخانەی هەبوون و هەن، بەوانەی پاش ماڵاواییم دێنە دنیا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر پەنجەرە سەبارەت: (٢٠٠٠/١٢/٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چ ئەستێرەبەندانێکە! مانگ پڕ بە سی، وا ساماڵی شین هەڵدەمژێ... وەرە دەستم لە ئەستۆ کە و هەست ڕاگرە بزانە چۆن بێدەنگی زمانی دەپژێ! *** وەرە دەستم لە ئەستۆ کە و بۆ ساتێکیش جێم مەهێڵە ئەستێرەیەک لە من دیارە، ڕووتوقووتە و هەڵدەلەرزێ زۆر ساوایە و دەشنێتەوە چەند دەترسم پێڕەوکە بێ، نووچێک بدا و بەربێتەوە! فەرهەنگۆک ئەستێرەبەندان: تەنرانی ئاسمان بە ئەستێران، ئەستێرەڕێژبوونی ئاسمان نووچدان: ڕەتبردن، ساتمەکردن، هەڵەنگووتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلها سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەو شەوەوە سەرینێک سەراپای نوقم کردم لە گێژاوی شەوبۆدا وەکوو چرکەژمێرێک، بیرم هەروا خول دەخوا بە دەوری بەژنی تۆدا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامۆیی سەبارەت: (٢٠٠١/٣/٢٥-هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە سەردەمێکدا کە گمەی خەم و باڵەفڕکەی گیان، ڕووبەری تاسە و قووڵایی گریان له بانقەکاندا نمرەیان هەیە و لە کۆندۆمێکدا جێ دەکرێنەوە؛ لە سەردەمێکدا کە گوارە و ئەڵقه بە ناوکی ڕووت و گوڵبەدەمەوە دەبریسکێنەوە؛ له سەردەمێکدا کە ڕازەکانی مووبەمووی بەدەن ئاشکراترن لە قوونەجۆڵەی باڕۆکەیێکی ئاوەڕووتکراو من چۆن دەربارەی عیشقی خۆم بدوێم، کە ڕەوەکترە لە سوێسکەی شاخان، بەخشندەترە لە تیشکی هەتاو! فەرهەنگۆک: گمە: ناڵەی کۆتر سوێسکە: مەلێکە وەک کەو، بەڵام ئەم بچووکترە و گۆشتی خۆشترە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرچ سەبارەت: (٢٠٠١/٦/٥ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جاروبار... پرچت بە تاوێک باران بە ڕەشەبایێ، وا تێک دەچڕژێ، وا ئاڵۆز دەبێ، دەڵێم: تا ماوە... ئیتر دانایێ... کەچی ئێواران، کە هەر من و تۆین بە چاولێکنانێ هەڵدەڕژێ و دادێ، دیسان، وەک جاران، دابین دەبێت و لەبەری دەست و هەناسەم ڕادێ، زریان بۆ زریان، تۆفان بۆ تۆفان بەجێدەهێڵێ و هەتا بەیانی نوقمی شەپۆلی بەرامەی مۆرد و کنێرم دەکا دانی پیا دەنێم: هەرچی دەیزانم لە فەلسەفەی ژین، ئەو فێرم دەکا! فەرهەنگۆک بەرامە: بۆن و هاڵاوێکی خۆشە کە لە شتێکەوە بێ مۆرد: مۆرتک، مورتک، درەختێکە گەڵایەکی بۆن خۆشی هەیە کنێر: گیایەکی گوڵداری جوانە، داری مەڵحەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیرفان سەبارەت: (٢٠٠١/٦/٢٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا هەنووکە وام دەزانی گیرفانی خۆم دەپارێزم: زوو زوو پینەم لێیان دەدا و قەت نەمدەهێشت کونیان تیا بێ، بێهوودە بوو شەبەقی گیرفانی عومرم، نەک سات و ڕۆژ، تا ساڵیشی تیا گیر نابێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەشتخشتەکی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) کاتێ دووراودوور سەیری کێو دەکەی نێزیک دەنوێنێ لووتکەی بڵندی کە به ناو بەفرا پێیدا هەڵدەزنێی، دەڕۆی و دەڕۆی، ناگەیتە دوندی کە هۆنراوەیەک دەخوێنیتەوە دەڵێی چەند سووک و زەلال و ڕوونە بەڵام کە دێڕێک لێت بوو بە گێژاو، دەڵێی: ڕەقترین کاری گەردوونە! (٢) تافەی جۆگەلە و هاڕەی تاڤگە دێ، گوێم لە زەمزەمەی چەم و ڕووباره هەروا مل دەنێن، گوڕ دەبەستن و ناگەڕێنەوە ئەم جێ و هەوارە ئەرێ کاتێ ئاو مەفتەن جێدێڵێ، بۆ قریوەی دێ و هەر پێدەکەنی؟ ئەی بۆچی کە من بارگە تێک دەنێم، خەفەت سەراپای گیانم دەتەنێ؟ ! (٣) ئەرێ خەڵکینە! بۆ هێندە خاون؟ مەڵێن کیسەڵیش سست و تەمبەڵە! چما نازانن، ئەگەر هیچ نەبێ، سەد ساڵی ڕەبەق عومری کیسەڵە؟ ئەرێ خەڵکینە! بۆ وا بەپەلەن؟ مەڵێن کەروێشکی دەشتیش ڕا دەکا ئاخر کەروێشکێ بەدبەخت و کڵۆڵ ژینی زۆر کورتە، بۆیە وا دەکا! (٤) خەڵکی هیندستان پێیان وایە مار یەکەم گیانداری سەر ڕووی زەمینە شاخنشینەکان سوورن لەسەر وەی هەڵۆ کۆنترین زەوینشینە! کەچی من دەڵێم: نەخێر، یەکەمجار ئادەمیزاد بوو پێی نایە جیهان پاشان هەندێکیان وەکوو مار خزین هەندێک وەک هەڵۆ فڕین بۆ ئاسمان! (٥) کە جاران دوو سوار دەبوو بە شەڕیان ژنێک دەسماڵی دەخستنە بەر پێ، بە دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا، ئاشت دەبوونەوە هەردووک دەستبەجێ! هەوار، ئافرەتان، بگەنە هیمداد! ئەو دوو برا شیر له یەک دەسوون، دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ، تا دنیا نەبووە هەپروون بە هەپروون! (هێوێنی ئەم هەشتخشتەکییانەم لە شاعیری داغستانی ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ وەرگرتووە) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵەبەڕۆژە سەبارەت: (١٩٨٩/٤/١٣ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیشتمانی من: هێلانە خۆرە، پڕشنگە جاڕە! سەرم... سەر نییە: گوڵەبەڕۆژەی هەمیشە لارە! ++++++++++++++++++++++