شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی فرمێسک و زام سەرناو: بەرکوڵ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیست ساڵ زێترە، لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەتایبەتی، دیوانەکانم بێ پرسی من چاپ دەکرێن. لەو چاپە بێنموود و پڕ هەڵە و پەڵانەدا بەروبوومی چل ساڵی ژیانم شێوێنراوە. شیعرە جگەرگۆشەکانم لە بەر چاوی زەقی دەسەڵاتی خۆیی و بێگانەدا، لەسەر شەقامەکان بە سەربڕاوی کەوتوون. پێم خۆشە جارێکی تریش هەموو خۆشەویستانم ئاگادار بکەمەوە، کە ئەو دیوانانەی بێ ئاگاداریی من چاپ کراون، دەستیان تێوەردراوە، بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ناشێن. ئەوەی بە من کراوە، باور ناکەم بە درێژایی مێژووی چاپەمەنی، بە نووسەرێکی تری زیندوو کرابێ. شێواندنی بەئەنقەستی بەرهەمەکانم و چاونووقاندنی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی کوشتنمە، کوشتنێکی بێدەنگ و لەسەرخۆ... دانێ پێدا دەنێم: تاوانباران ئامانجی خۆیان پێکاوە. هۆی سەرەکیی تێکچوونی تەندرووستیم لە ساڵانی دواییدا ئەتککردنی جگەرگۆشەکانمە. تاکە شتێک جێی ئومێد بێ، ئەوەیە خەمخوارانی پەیڤی کوردی و هەموو ئەوانەی ڕێزیان هەیە بۆ قەڵەمی خاکی و کەمبڕشتم ئەو دیوانە شەقوشڕانە بەتایبەتی 'دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو'، بسووتێنن و ئەو کەسانەش تفباران بکەن کە چاپیان کردوون، یا بڵاویان دەکەنەوە. لەمەولا بۆ خوێندنەوەی هەموو دیوانەکان تەنیا و تەنیا پشت بەم چاپە دەبەسترێ. لەم چاپەدا هەموو هەڵەکان ڕاست کراونەتەوە. بۆشایی شوێنی سانسۆرکراو پڕ کراوەتەوە. هەندێ شیعر بەهۆی کاتی نووسینیانەوە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک، لە دیوانێکەوە بۆ دیوانێک، جێگۆڕکێیان پێ کراوە. چەند شیعرێک کە پێشتر لەبیر کرابوون، بۆ یەکمجار بڵاو دەکرێنەوە. چەند شیعرێکی کۆنیش، کە لەڕووی زەمانەوە لاواز بوون، دەرهاوێژراون. ڕەچاوکردنی زمانی ستاندارد (بە هەموو پێکهاتەکانیەوە) تاکە هۆی دەسکاری و دەرهاوێشتن بووە. خۆشبەختانە، بە درێژایی ژیان شتێکم نەنووسیوە لەڕووی ناوەڕۆکەوە لێی پەشیمان بم ****** شیعر بۆ من عەشق و چارەنووسە، نەک پیشە. میحرابە، نەک بازاڕ. نانبڕە، نەک ناندەر. شیعر خاچێکی قورس بوو چارەنووس دای بە کۆڵی خۆم و ئەو کەسانەشدا کە لێمەوە نزیکن. تاکە خەڵاتێک، کە لە ئەنجامی نووسیندا دەستم کەوتووە، خۆشەویستییە. تاکە ترسی عومریش کە چرکە بە چرکە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمدایە؛ لەدەستدانی ئەو خەڵاتەیە. زۆرجار، کە نامەی ئازیزان دەخوێنمەوە، یا کاتێ لە کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەدا، بە زمانی ئاگر و گوڵ لەگەڵ یەکتردا دەدوێین؛ شەرم دامدەگرێ و دەشڵەژێم. وا دەزانم ئەوەی لەوانی وەردەگرم زۆر زێترە لەوەی پێیانی دەبەخشم، هەر واشە. بۆیێ، لەگەڵ هەموو کوێرەوەری و نەهامەتییەکانیشدا من بەختەوەرم! (هێلسنکی - ٢٠٠٥/١٠/٢١) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بیرت ناکەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چۆن بۆم دەکرێ لە بیرت کەم؟ چۆن بۆم دەکرێ دڵگیرت کەم؟ چۆن لاپەڕەی پاکی سپی -هی ڕابردووی شادی و کپی- لوول بدەم و بیشارمەوە، بەم دڵەی پڕ ئازارمەوە؟ هەر دوێنێ بوو، لێرانەدا، هەر لەم شوێنە وێرانەدا بە ڕابواردن، بە لێومژین خەندەمان نا سەر لێوی ژین بێ ئازار و بێ پەرۆشی کەوتینە خەو، خەوی خۆشی. لەبەر ترسی هەناسەمان جۆشی دڵی پڕ تاسەمان دەست و پەنجەی خوای دڵداری دەیداینی بادەی بەختیاری. سا چۆن دەبێ لە بیرت کەم؟ چۆن بۆم دەکرێ دڵگیرت کەم؟ ********* هێشتا قاقای پێکەنینت چرپە و سکاڵای شیرینت لە بەرگوێم دەزرینگێنەوە هەروا دێن و نابڕێنەوە. سا چۆن دەبێ لە بیرت کەم؟ چۆن بۆم دەکرێ دڵگیرت کەم؟ هێشتا بزەی سەر لێوەکەت هێشتا دڵکێشیی شێوەکەت هێشتا کوڵمی خوێنتێزاوت ئاخافتنی گۆشەی چاوت، وەک تارمایی لەبەر چاون نەخشی سەر دڵی داماون... سا چۆن دەبێ لە بیرت کەم؟ چۆن بۆم دەکرێ دڵگیرت کەم؟ ( ١٩٦٥ - هێلسنکی) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زۆر لێت دوورم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زۆر لێت دوورم، ڕاستە گیانە بە پەرۆشم، دڵ پڕ جۆشم جەستەم وەک چاو لە گریانە لەناو شارێکی خامۆشم... لەسەر پەردەی تاریکی شەو شێوەی جوانت دەنەخشێنم هەرگیز لە چاو ناکەوێ خەو، دەیپەرستم، دەیدوێنم! ... (١٩٦٥ - بەعقووبە) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کیژۆڵەی دڵگیر سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کیژۆڵەی دڵگیر، ئەی لەخۆبایی بۆچی دەمکوژیت بە ناڕەوایی؟ بۆچی دڵڕەقی بەرامبەر بە من کە بتپەرستم هەتاکوو مردن؟ دەزانم بۆچی دڵ پڕ لە قینی لە چەقی ڕێگەش هەرگیز نامبینی: چونکە دڵپاک و وەفادارم بۆت شەوانی تاریک بەئازارم بۆت چونکە لاوێکم، ڕاستم، فێڵباز نیم چونکە چاوباز نیم، بەفیز و ناز نیم چونکە جل ڕەنگاوڕەنگی جادە نیم چونکە قومارچی و فێری بادە نیم چونکە نازانم، نە کەم و نە زۆر، ڕووم مەکیاژ بکەم هەر ڕۆژ بە سەدجۆر چونکە هەژارم، خاوەن تەلار نیم بەندەی سەربەرزیم، بەندەی دینار نیم چونکە لەجیاتی دیاری یا سامان پێشکەشم کردی دڵێک تا نەمان! بەڵێ، تۆ بۆیە دڵ پڕ لە قینی لە چەقی ڕێگەش هەرگیز نامبینی! (١٩٦٥/٢/١٣ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەشیمانی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من هەڵە بووم، لە ڕۆژانی جوانی و گەنجیم بە پەلە بووم، هەر نەسرەوتم... بە شوێن هەستێکی ون کەوتم... تاکوو لەسەر سنگی نەرمی خەیاڵی پووچ کپ بووم، خەوتم ڕابرد گەنجی... تاوێک نەمدی بەری ڕەنجی زۆر بەر دەرگەی نازدارێکم کوتایەوە. تاکوو چڵی ژینی گەنجیم ڕووتایەوە. ئەوسا مۆمی هەستی تەزیو، بۆ ژیانی پرشنگ بەزیو، داگیرسا، درەوشایەوە، بۆت دەرخستم ڕێی سەرەوژوور ڕێگەی کۆشکی ئامانجی دوور... بەڵام پاش چی؟ ! لە دڵی شێت و مەستمدا، هەرچی جوانی و ڕۆشنایی بوو سەد مخابن، لە دەستم دا. (١٩٦٥ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کرێکارین سەبارەت: (١٩٦٥ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کرێکارین، کرێکارین پەروەردەی ئێش و ئازارین ئارەقڕێژین، ژین دەنێژین تاکوو بژین. کرێکارین، کرێکارین کۆڵەکەی ژینین، بەکارین بە هەڵمەتی بازوو و شانمان، بە تەمەنی پڕ مەینەتی تێکۆشانمان شاخوداخی پڕ مەترسی بنکۆڵ١ دەکەین، جەرگ دەدڕین، لە کیسەی تەمەنی خۆمان نرخێکی تازەی بۆ دەکڕین... بەڵام تووشی سەرسوڕمانین کە نازانین، بۆ کێ دەچێ ڕەنجی بازوو جگە لە نان، چەند لەتێک نان -ماکی ژیان- ئەمەش بۆچی؟ تا بێینە گەڕ وەکوو ئامراز، بێ قڕەقڕ، نەمانبێ ڕاز جگە لە ڕەنج، جگە لە کار، بۆ گیرفانی سەرمایەدار! ١. بنکۆڵ: هەڵکۆڵین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دۆن ژوان سەبارەت: (١٩٦٥ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕێک و جوانی، تۆ دۆن ژوانی سنگ دەرپەڕیو، چاو قەترانی! هەنگاو بنێ، سووک خۆت بادە، لەم جادەوە بۆ ئەو جادە سەر شانە کە لەناو کۆڵان، ئازای ناو کۆڕی کیژۆڵان! جل وەک بووکی ناو کەژاوەی یەخە بە مێخەک ڕازاوەی! کەوشی تازەت چەشنی شالوور١ لێی هەڵدەستێ ئاواز لە دوور بۆ هەر جێیەک بچیت، بێ دەنگ، دەتپەرستن کچانی شەنگ سا چیت لە من، چیت لە حەمە کەوا دڵمان پڕ لە خەمە! حاڵت باشە وا گڕەی دێ گیرفانت گەرمە زڕەی دێ! ***** تف لەو بەژنە، لەو باڵایە، لەو سەروملە واڵایە تف لەو دڵە پڕ سستییە کە هەر فێری ژێردەستییە تف لە جوانیی ئەو دوو چاوە کە بۆ چاوبازی خوڵقاوە- نابینێ نیشتمانەکەی... ئازاری خاکە جوانەکەی... تف لەو گوێچکە، چەند سەگسارە چەند مووچە بۆ دەنگی پارە! بەڵام دوورە لە بیستنی کوردایەتی و پەرستنی ١. شالوور: جۆرە بولبولێکی دەنگخۆشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتێک سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew توخوا گیانەکەم، لەگەڵ بەیان زوو بمگەینە کۆشکی بەرزی ئارەزوو وەک پەیکەرێکی دەستکردی خوایی بمخەرە ژینی پڕ دڵنیایی: وەرە بەر دەرگە بە چاوی پڕ خەو هەر بە پۆشاکی فریشتەییی شەو هەناسەیەکی بۆنخۆشی لێوان بپڕژێنە سەر پەڕەی گوڵی ژیان با بە یەک خەندەی پاکی بێ گرێ مووچڕک دڵم وەکوو دیل بگرێ، تا کپ کا داخی شەوی درێژم کە خورپەی دڵم بۆت هەڵدەڕێژم. (هەولێر - ١٩٦٥/٩/١) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابلۆی ژیان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew منم ژیانی پڕ لە سۆزی، لە نیشتماندا نزیک و دووری، کاری کردە سەر ناخی گیانم و پەنجەی بردم بۆ خامەی جەسووری منم لایلایەی هەژاری و ڕۆژگار، ناڵەی دەوروپشت، هەناسەی ئازار، گوێچکەی تەمەنیان زرینکاندمەوە، خستمیانە کار، بە هیوای بەهار. منم شەپۆلی ئازار و تاڵیم خەندەی کوشت لەسەر لێوی منداڵیم، بەڵام زۆر بیری بەرزی ژیانی بەرەو دەماخی ساوا ڕاماڵیم. منم گەردانەی گەردنی خەیاڵ. ساتێ فریشتەی جوانیم دێتە پاڵ، تابلۆی هونەرم، بۆ ساز دەکاتن، دەمخاتە بزە و خولیای گڕوگاڵ منم سروشت و هونەر و جوانی، ئاواز و هەڵبەست، نووزە و گۆرانی، یەکە بە یەکە لێویان ماچ کردم، منیش بۆم گوتن هەرچەندم توانی. (هەولێر - ١٩٦٦/٦/١٨) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر بە دراوم سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەر بە دراوم، نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم، خوو و ڕەوشت بەرزیت سوپەری شکا، ئەو ئاوە پاکەی پێت دەگوت ئابڕوو بە جلی جوان و زێڕ و زیو تکا! وەکوو کتکەکوێر، هەوراز بە هەوراز، هەڵدێر بە هەڵدێر، بێ لێکدانەوە بە شوێنم کەوتی، باوەڕت پێم کرد... هەرگیز نەسرەوتی. دەزانی بە چی؟ هر بە دراوم، نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم! *** ئەمەتا سنگی وا شۆرشگێر و لەخۆباییبووت ئەمەتان هەردوو گوێ مەمکەکانت، وا لە دەست پەنجەم دەناڵن بە جووت! گەنجینەی خۆمن... کوانێ، نابینم قەت بەربەستم کەی، دەربەدەرم کەی، زویر و پەستم کەی! بەڵێ، تۆ ئێستا زۆر گوێدێرتری بۆ پەنجەکانم لە ئەنگوستیلە ئەو لێوە ئاڵەی، کە من سەردەمێک وەک خوا دەمپەرەست، وا بە دەستمەوە ئێستاکە دیلە. باوەڕم هێنا کە ئەم جوانییە بۆ گشت کەسێکە، هەر بۆ من نییە. بۆیە دەیشێلم، بۆ کەسێکی تر شیلەی ناهێڵم... دەزانی بە چی؟ هەر بە دراوم، نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم! *** وا بە سەر هەموو ئەندامی لەشتا هەڵدەڕێژم قین، قینێکی دێرین. ئای هەژار، نەزان، چی لە دەست نایێ: نە فیز، نە جنێو نە کینە، نە ناز یا خۆ هەرایێ! هەر لەو ڕۆژەوە دیلم کردووە هەر بە دراوم، نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم هەڵبەستێکی نیزار قەببانیە بە دەستکارییەوە کراوەتە کوردی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێکەنە سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێکەنە بە من، بە باڵاو ڕەوتم١، بە ساویلکەییم، بە پیری چەوتم، بە درەختەکەی خەیاڵی لاویم، کە ساڵەهای ساڵ لە سایەی خەوتم بەو دڵە مەستەی چاوی تۆی پەرست، ئەو چاوانەی قەت بۆیان نەسرەوتم. *** پێکەنە بە من هەتا دەتوانی! بەڵێ! پێکەنه بە من، بە ژینم، بە لەشی بێهێز، بە هەردوو چاڵی چاوی بێتینم. بەڵێ! پێکەنە... بەو پێکەنینە بە هاوتات ناشێ هیچ نازەنینێ. من زویر نابم! چاو ڕاهاتووە هەروا بتبینێ *** پێکەنە، گیانە! بەو دەور و دەمە پڕ ئێش و خەمەی بە قرچەی گەرما، بە سۆڵەی سەرما، زۆر بە تاسەوە دەهاتمە سەر ڕێت، وشەی دڵداریم دەچرپاندە گوێت. هۆنراوەی تەڕم دەهۆنینەوە بۆ دڵداریی تۆ، بۆ بەختیاریی تۆ، بۆ ڕووی وەک مانگت، بۆ چاوەکانت، بۆ پێڵووی مەست و برۆ و برژانگت. هونەرمەندێک بووم زۆر لەخۆبایی. دەمویست تۆ بکەم بە تابلۆیەکی ڕەنگینی خوایی، لە دەوروپشتت دەسووڕامەوە بە دڵنیایی. بە پەڕەمووچەی٢ هەستی ناسکم زۆر بە وردبینی نەخشم دەکردی، سا بەرەو تەختی فریشتەکانی بەهەشت دەمبردی! *** بەڵێ، پێکەنە کە هاتوچۆم کرد له بەردەم کۆشکی خنجیلەی زاوا، تەماشام کردی زۆر بە ترسەوە هەر بە گۆشەی چاو، ناچار... لەتاوا... بەڵێ، نازەنین! دەنگی خڕخاڵ و قاقای پێکەنین، زڕەی سێ ڕستە گەردانەی زێڕین بکە مۆسیقا و پەردەی گوێچکەمی پێ بێنە گرین! پێکەنە، پێکەنە! بەو ڕۆژە ڕەشەی کە تێیدا ڕوا گوڵی دڵداریی زوو بابردوومان! بە خەوی خۆشی ناو ئەو باوەشەی دەگێڕێتەوە گشت ڕابردوومان *** پێکەنە بە ناز، ئەی نیهاد مردوو، بە خەونی دوێنێی من و تۆ هەردوو، بە هۆنراوەم و تاریی بیناییم، بە هەناسەی سارد، ژینی تەنیاییم، بە چەند وشەیەک، هێلانە سەر لێو، شیرین، ئاگرین، کەم و هەست بزێو: 'پەرستگەی ڕووخاو، ئەی بووکی تازە، ژینی نێو کۆشکت سەدجار پیرۆز بێ. ئەو گەنجینەی کە ناوی نازە، با بۆت هەوێنی ئەندیشە و سۆز بێ! ' ١. ڕەوت: ڕویشتن ٢. پەڕەمووچە: پەڕی باڵندە(بۆ فڵچەی وێنەکردن بەکار هاتووە) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی گوڵی زەرد سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی گوڵی زەرد، ئەی گوڵی زەرد! ئەگەرچی ڕەشەبای نامەرد پەیتاپەیتا هەڵمەت دێنێ لە چڵی ژین بتقرتێنێ، لە ژێر پێیان تێر بتشێلێ، بتئەنجنێ و هەر نەتهێڵێ، تا ناکام بی و نەگەی بە کام ساڕێژ نەبێ لە دڵتا زام. بەڵام، گیانە، ئەی گوڵی زەرد، بەرزهەڵچووی گەڵا بێگەرد: تۆ هەر دەژیت... ڕەگت هەیە لە دوورەشوێن. گڕت هەیە لەناو هەموو تنۆکێک خوێن. *** ئەی گوڵی زەرد، ئەی گوڵی زەرد! وا هەزاران لاوی نەبەرد دڵداری تۆن. چاوەنواڕی بەهاری تۆن. باوەڕی بەهێزیان پێتە ژینیان دادەنێن لە ڕێتا. پۆڵایین، زۆر بەهێزن، بە هەر نرخێک دەتپارێزن. *** ئەی گوڵی زەرد! تاکو شەوە با ڕەشەبا لابەلا بتهێنێ و بتبا بەڵام سبەی، تیشکی بەیان کە دەتبینێ پەیامی پیرۆزت گەیاند، هەڵتدەمژێ... ماچت دەکات... باست بۆ هەر لایێک دەبات. ئەوسا شالوور بەجێدەهێڵێ ئاسۆی دوور. بۆ لای تۆ دێ، تا مەستانە بچریکێنێ، ڕازەکانی مەردایەتیت بدرکێنێ، گۆرانی خۆش بڵێ بۆ تۆ، بۆ هەموو باخ، بلەرزێنێ داوێنی شاخ 'تۆ هەر دەژیت، ئەی گوڵی زەرد، بەرز هەڵچووی گەڵا بێگەرد' (١٩٦٦ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بمگرە باوەش سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بمگرە باوەش، هیوام، ئاواتم، ئەو باوەشەی بۆم بێشکەی ئاواتە. بملاوێنەوە تاکوو له لاتم، کە مەبەستی ڕاستیم تەنیا ئەو ساتە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاڵە پیرۆت سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خاڵە پیرۆت، خاڵە پیرۆت! بەسە، مەگری، بۆ بەختی خۆت، کاروانەکەمان نەبەزە، کۆڵەکەی پشتی ڕەگەزە، زڕەی زەنگی پێشکەوتنە، پەیامبەری سەرکەوتنە، قەت ناچەمێ و نەچەمیوە، لە کۆڕی ژین زۆری دیوە، وەکوو گوڵی وەرزی بەهار ڕوا لەسەر زبڵی ئازار، ڕەگی داکوتا زۆر بەتین، هەڵچوو بەرەو ئاسمانی شین، *** خاڵە، باوەڕمان شەپۆلە، شەپۆلی پڕ قین و تۆڵە، پەیامی ڕاستیی ژیانە دژی فرمێسکی گریانە، لە سەرچاوەی ئازارەوە، لە هیوای لادێ و شارەوە، له قوڵپی خوێنی زامەوە، لە حیبری نووکی خامەوە پەیتاپەیتا هەڵقوڵاوە، لەگەڵ ژیان تێکەڵاوە. جموجۆڵی ئەو شەپۆلە تێر ئاو دەکا هەردی تۆڵە هێزی زۆردار با گەورەش بێ، جڵەوگری ئەم دەورەش بێ، بڕوای ئێمە تێی دەئاڵێ، بەرەو نەمان ڕایدەماڵێ! چونکە هێزی مێژووی دوورە شۆرشە، دژی سنوورە! (١٩٦٦ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وشەی پەرده سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئاغا گوتی: من پەیکەری خوام کتومت، دەبێ گشت لا بمپەرستن هەر وەکوو بت! ڕاستبوونەوە مۆسۆلینی و هیتلەر لە گۆڕ، گوتیان: ڕاستە! ئێمەش دوێنێ وامان دەگوت! *** 'بچێنە دەدووریەوە' جاران پەندی وا هەبوو. منیش لە زۆر هەردم چاند، بە زبڵم بڕوا هەبوو کەچی ئێستاش، داخەکەم، قەت هیچم نەدووریەوە، نە کەس گوتی ئافەرین، نە پاداشت لای خوا هەبوو (١٩٦٦ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوەزەنگ سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانە، وا شەو درەنگە زەمین کپ و بێدەنگە بەرپەنجەرەی ڕووناکت بەرنادەم، شەوەزەنگە تاکوو نەتگرمە باوەش، ئەی گوڵی ئاواتی گەش! * * * زۆر بە ئازارم ئەمشەو لە چاوانم دوورە خەو بۆ خەوی باوەش هاتووم بۆیە، گرەو بێ... گرەو واز نەهێنم، دیدەگەش، تا تێر نەتگرمە باوەش! * * * وەرە دڵ پڕ نەوا١ بین، لەژێر پەردەی شەوا بین، لە چۆڵی خەم هەڵفڕین، مەستی جوانیی دنیا بین تەنیا دەمێ، دیدەگەش، یەکتر بگرینە باوەش! * * * ڤینۆسم، خواوەندەکەم، بژیێنەوە خەندەکەم! ژینم فیدای ئەو ساتەی دەشکێنی پێوەندەکەم بە سکاڵای دیدەی گەش، بە چرپەچرپی باوەش! * * * شەوقی نزمی ئەستێرە سەما دەکا بۆ ئێرە، بە خەندەی پڕ بەزەیی چاو هەڵناگرێ لێرە تا من و تۆی دیدەگەش، یەکتر نەگرینە باوەش! ١. نەوا: ئاواز، پەنا، داڵدە، ئارامگە، جێی حەوانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە، گەر جارجار، ناچار، لەتاوا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانە، گەر جارجار، ناچار، لەتاوا ئەسرم قەتیس ما لە گۆشەی چاوا بملاوێنەوە سەر لەسەر ڕانت، کپ دەبمەوە بۆت وەک کۆرپەی ساوا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵداریی بێدەنگ سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوو دڵدارین کپ و بێدەنگ دوو زامدارین، ژین شەوەزەنگ لە ئاسمانی خەیاڵی تەڕ دێینە فڕین بێ سکاڵا، بێ ڕاز و نیاز دەربڕین بەڵام خۆشە! ئەو دڵە چۆڵەی خامۆش بوو، دوور لە جۆش بوو، ئێستا پڕە لە ئاوازی دەنگی سازی خۆشەویستی، خۆشەویستیی کەس نەبیستی، کە لە ئەسری١ شەوگاری چاو پێشکەشم کرد، هەرچەند ویستی! بەڵێ خۆشە! با ڕامماڵێ لێشاوی ئەندێشەی بێبن، هەڵمگرێ و بمباتە لای ئەو خواوەندەی جوان و شەرمن، کە دەمێکە ڕادەبوێرین بێ گفتوگۆ، قووتمان دەدا گەرووی تەنگی ژینی ژانی شەوەزەنگی، بە بێدەنگی! * * * لە چوارچێوەی دڵی لاودا شێوەی جوانی یەکتریمان هەڵواسیوە لە ئاوێنەی ڕوونی چاودا دڵی یەکمان چاک ناسیوە چۆن نەیناسم؟ چۆن نەمناسێ؟ هەموو جارێ کە پێک دەگەین زمان لە زاردا دەتاسێ لەگەڵ دڵەکوتەی گەرم، لە ڕوومەتمان تک تک دەتکێ ئارەقەی بێگەردی شەرم ختووکەی پەنجەی ئارەزوو دەمانخاتە بەر لێشاوی سیحری تەزوو بیناییمان، کە فرمێسک دەیدوێنێ، دەستێکی خواییی نهێنی پەردەی بە سەردا دەکشێنێ، هیچ نابینێ ١. ئەسر: ئەسرین، فرمێسک، ئەشک، ڕۆنتک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بمبووره سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بمبوورە ئەی کچ، بمبوورە، ئەو ڕێگایەی ویستم بە ئاهەنگ بیبڕم یەکجار دوورە، بێسنوورە بمبوورە، هێشتا مناڵ بووم، کرچوکاڵ بووم، بە لاڵانەوەی ڕەنگاوڕەنگ دنیام بۆ تۆ کردە ئاهەنگ بەڵێ، بمبوورە خۆشەویست ئەوەی ڕووی دا من وام نەویست بێگوناهم، وایان پێم گوت دەوروپشتم... هەستپاکییان لە دڵ کوشتم گوتیان وایە، خۆشەویستی بەس سەمایە! ماچکردنی لێوی ئاڵە، یا گوشینی سینەی کاڵە، مووچڕکی دەست لە ملانە، ڕابواردنی ناو گوڵانە، دڵگیربوونە، ڕۆیشتنە، ئاشتبوونەوە و گەیشتنە، خۆکوشتنە، خوێنڕشتنە، تەوەزەلی و پاڵکەوتنە، نەخەوتنە ئێستاش، گیانە، چەند ئازار و خەم دەچێژم چەند ئەسری بەکوڵ دەڕێژم کە پێم دەڵێی: 'کوا، هیوامان نەهاتە جێ؟ ' بەڵام چبکەم، چیم لە دەست دێ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانیی ئەفسووناوی سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەموو شتێک جوانە لە تۆ: نازکردن، تاسە، گفتوگۆ، بەڵێندان، سەردان، هاتوچۆ چەندە جوانە شەپۆلی پێکەنینی ناز، کە ختووکەی گیانم دەدا بە سەد ئاواز، لایلایەیە بۆ خەوتنم لە باوەشی گەرمی مراز ئای، چەند جوانە ڕەوتت بەرەو قوتابخانە بە هەنگاوی وردیلەی سووک، وەک پەپوولە لەنجە بکات بۆ ماچێکی لێوی گوڵووک١ * * * هەموو شتێک جوانە لە تۆ؛ سۆزی گەرم، بزەی نەرم، دڵتەڕیت و چێژی ناسک، جارجار چرپەی تێکەڵ شەرم چەندە جوانە: پەنجەی لەخۆوە نەرم و شل، تاڤگەی کەزیی ئارمووشینی٢ پەخش و خاوی سەر شان و مل چەندە جوانە: قژی تەنکی سەر ناوچەوان، کە وەکوو تەم سەما دەکا لەسەر بەفر و گوڵ ئەرخەوان * * * هەموو شتێک جوانە لە تۆ: وردە نیگا، چاو و برۆ، گێڕانەوەی بیرەوەریت، باسی خۆشی و دەردەسەریت، باسی دەستەخوشکانی خۆت، باسی شیعری بێتام و بۆت، باسی دواڕۆژ، باسی ناوماڵ، باسی ناوی یەکەم مناڵ! ١. گوڵووک: گوڵی کێوی ٢. ئارمووشین: ئاوریشمین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕیار سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بڕیار بوو پێشێل بکەم دڵداریت بپچڕێنم ژێی سۆزی یادگاریت تا تێکەڵ گیانی یەزدان نەبمەوە بۆ نێو پەرستگەی چاوت نەچمەوە بڕیار بوو کەوا ئاگرێکی خۆش پەیامەکانت گشت بگرێتە کۆش بەڵام تنۆکە فرمێسکی ئەمڕۆت وای کرد گۆرانی بڵێمەوە بۆت لە جاران پتر بەندەی جوانیت بم شاعیری بزەی کامەرانیت بم (١٩٦٦ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری دڵسۆزم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانە، هەژاری، دۆستی دڵسۆزم تەونی تەنینی بیری پڕ سۆزم ئەی ئەو نازدارەی ساڵەهای ساڵە تەنیا و دەست لەمل دەژین لەم ماڵە زۆر تۆم خۆشدەوێ، قەت جێم مەهێڵە ژینم بە پەنجەی ناسک بشێلە چونکە کام هەڤاڵ، کام دڵداری تاک کام دایک و باوک، کام برای شیرپاک هێندە وەکوو تۆ دڵسۆزە بۆ من دەم لەناو دەمە و دەست لەسەر گەردن! (١٩٦٧ - هەولێر) ++++++++++++++++++++++