شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغە سەرناو: پێشەکی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوانزە وانە؛ لە نێوان ١٩٦٩-١٩٧١دا لە هەولێر و گوندی کەنداڵ نووسراوە. یەکەم جار، ڕۆژی ١٩٧٢/٣/٢٢ لە فێستیڤاڵی شیعری کوردی لە شاری کەرکووک خوێنراوەتەوە. چارەنووسم، چ وەک شاعیر چ وەک مرۆڤ چ بە لای باشەدا چ بە لای دەرد و بەڵای دونیادا؛ تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجام و داڕشتەی ئەم شیعرەیە. دەمەوێ بڵێم: ئەگەر ئەم شیعرەم نەنووسیبا، کە نووسیشم؛ جاڕم نەدابا و ڕووبەڕووی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەوان ڕۆژان نەبامایەوە؛ چارەنووسێکی دیم دەبوو. عەبدوڵڵا پەشێو (هێلسنکی ٢٠٠٢/١٠/٢) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی یەکەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان! ئەی یاخییە ژینتاڵەکان سبەی ئێوە کە گەورە بوون لە لاوکا، لە حەیرانا لە مزگەوت و دیوەخانا لە چیرۆکا لە هۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا... ڕەنگە زۆرتان بەرگوێ کەوێ باسی ئێمە و ئازایەتی باسی ئێمە و کوردایەتی بەڵام نەکەن بڕوا بکەن هەمووی درۆن، درۆی پەتی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی دووەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان ئێمە تووشی سەد کوێڕەڕێین... چرای بیرمان گەلێک کزە هەنگاوی کوێرانە دەنێین! مناڵەکان! ئەفسانەکان دەگێڕنەوە: هەبوو.. نەبوو هۆزێک هەبوو لە خاکێکا پاڵەوانیان چاوی کوێر بوو هەوای دەورەی خۆی دەپێکا. فەیلەسووفیان فاڵچییەک بوو شەوان فاڵی دەگرتەوە تا بزانێ کەی دوژمن بۆی پەت دەخاتە گەردنی خۆی. پیاوماقووڵیان کەڕ و ڵاڵ بوو ماوەی کورتی ئارامیشی هەزار ساڵ بوو! هۆزی نەگبەت شەوی دەژمارد ڕۆژی دەژمارد سێ ژەم نان و چەپڵەی دەخوارد چاوەڕێ بوو کە دوژمن بۆی پەت بخاتە گەردنی خۆی! * یەکەم جارە چاپ دەکرێ، پایزی ١٩٨٠، لە ڤیەننا، هاوڕێم د. کوردۆ عەلی وەبیری هێنامەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی سێیەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان ئێوە زەلکاو دەشڵەقێنن ئێوەن ئەو بوومەلەرزانەی سبەی کانی دەتەقێنن. ئێوەن سبەی سنووری دەستکرد دەشکێنن قەفی زنجیری لێکپچڕاو بە یەکترەوە دەلکێنن. ئێوەن سبەی لە قامیشلی لە دیاربەکری شێخ سەعیدا لە سلێمانیی بریندارا لە مەهابادی 'قازی' دا بە یەک فەلسەفە پێدەگەن: گشت تێدەگەن ئەوەی کورد بێ، نەوەی نوێ بێ دەبێ تێشووی، ڕێی یەکیەتیی کوردی پێ بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی چوارەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان! لە وانەکانی دوێنێمدا گوتم ئێمە، لەوەتی هەین درۆ لەگەڵ خۆمان دەکەین لە ژیانمانا لە کردەوە و نووسینمانا، بێ فەلسەفەین! ئەمەم گوت و دنیا ڕما هەوری تانە بەرەو ئاسۆی بیرم جما! مناڵەکان! توخوا کەی بپرسن لێیان بپرسن لەوانەی چاویان تینی ناگاتە بەر پێیان مەترسن، بپرسن، بڵێن: لە سەفەری دوڕگەی خوێنا بۆ مناڵان چیتان هێنا پێمان بڵێن، چیتان هێنا؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی پێنجەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان! ئەی بێلانە ژینتاڵەکان: زۆر لەمێژە دایکەکانی ئەم وڵاتە، مەمکەکانیان شیری سەربەستی تیا قاتە. زۆر لەمێژە کێوەکانی ئەم وڵاتە پێغەمبەرێکیان تیا قاتە! مناڵەکان! لە ئاگردانی چاوتاندا من چاوەڕێی زەردەشتێکم بێ، جێ بەو بتانە لەق کا. من چاوەڕێی چەخماخەی ئاڤێستایەکم بێ جەرگی تاریکی شەق کا... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی شەشەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t.me/abdulla_pashew - پێداچوونەوە: قادر وریا مناڵەکان سەنگەر سەنگەر چیا گەڕام گوێم لێبوو کۆمەڵێک قەوان لەناو سەنگەرێکی چۆڵدا لە پێشمەرگەی شەهید دەدوان... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی حەوتەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان دەسگیرانم کۆترێکی دیاربەکرە حەزی لە چیا و قاسپەی کەو و دەنگی بەفرە. بۆ گواستنەوەی زنجیرەی چیام قەف قەف بڕی ڕۆژژمێرم پەڕ پەڕ دڕی پەساپۆرتم؟ ئاوات و زەردەخەنە بوو کلدان و کیسێک خەنە بوو. کە لە دەرگەی سنوورم دا لەباتی ماچ ماچی گەرمی دەسگیرانم، تفی زەردی پۆستاڵڕەشێک هات، سواخی دا ناوچەوانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی هەشتەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان! ئەی برسییە ژینتاڵەکان لەسەر سنگە نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ نێزیک تاڤگەی سەرەوژووری زێڕینی گڕ گڵکۆیەکی بچکۆلەم دی لێی نووسرابوو: 'ئا لێرەدا منداڵێکی چاوگەشی کورد لە برسان مرد... ! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی نۆیەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان ئەوەی دەنکەگەنمێکی چاند گوڵەگەنمی دروێنە کرد. ئەوەی دڵۆپێک خوێنی چاند تابلۆیەکی بۆ خۆی نەخشاند. ئەوەی تەنیا هاوارێکی لە دەم دەرچوو، گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو. کەچی ئێمە کاسەسەر و چاو دەچێنین بارانی خوێن بەسەریانا دەبارێنین هێشتا وەرزی دروێنەشمان دیار نییە تا گوڵەگەنمێکی کێڵگەی ئەو خوێنەشمان دیار نییە! مناڵەکان با ئەو جۆگەیە بگۆڕین کە خوێنمانی پێدا دەڕوات با ئەو زەمینەش بگۆڕین کە چاو و کاسەسەر دەخوات. ئەوجا کێڵگەی ڕووناکیتان نیشان دەدەم، ئەوجا وەرزی دروێنەتان بۆ ڕست دەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی دەیەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان لەسەر ناوچەوانی زەردی ڕۆژنامەکان لەسەر بۆرییە نەوتەکان لە دیواری ئاودەستخانەی مزگەوتەکان دە ملیۆن جار نووسیمان: (بژی چەوساوە) نووسیمان: (بژی کرێکار) بەڵام هەموو نووسینەکان، تەنیا جارێ، نەیانتوانی ببنە پاروو تێر کەن زگی کرێکارێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی یازدەیەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان ئەی بێلانە ژینتاڵەکان شەو لە خەوما ڕێبوارێک بووم بۆ بارەگای ٭یوتان دەچووم کە دەروازەکەی قووتی دام ڕەشم بینی، ئاڵای هەبوو سپیم بینی، ئاڵای هەبوو هەرچیم بینی ئاڵای هەبوو. قیژاندیان: (ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە! ئەی بی ئاڵا، بۆ دەرەوە! منیش گوتم: مەقیژێنن کە دەچمەوە ئەم چیرۆکە بۆ مناڵان دەگێڕمەوە... ! ) ٭ یوتان(١٩٠٩-١٩٧٤) سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٩٦٢-١٩٧١ز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وانەی دوازدەیەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان کە وانەکان دەخوێننەوە ئەگەر ڕۆژ بوو لە کونجێکا کپ هەڵتووتێن ئەگەر شەو بوو با چراکان کز بسووتێن. چاک دەزانم گەورەکانتان بتانبینن داختان دەکەن وانەکانم دەسووتێنن دێن، دووبارە جەستەی حەللاج دەدەنەوە لە سێدارە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شۆڤێنیم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وا ڤێتنامی بۆ ڤێتنامان سەر دادەنێن. فەلەستینی دەمرن، دەژین بۆ هەر دڵۆپە ئاوێکی، بۆ هەر بەردێکی فەلەستین. ئەگەر منیش داوا بکەم سەربەست بژیم، وەکوو پیاو لە کوردستانێکی ئازاد نەک لەت‌لەت و پێشێلکراو، دە پێم بڵێ خۆشەویستم، بۆ شۆڤێنی و خۆپەرستم؟ (١٩٧٠-کوردستان) سەرکەوتن سەردەکەوین! چونکە دوێنێ تۆپە قوڕێکی دەستکردم دایە دەست مناڵێکی کورد، ئەو، لەباتی بووکەشووشە، تفەنگێکی بچکۆلانەی لێ دروست کرد! (١٩٧١ - کوردستان) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاڵا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دۆستەکانم باش بزانن دوژمنانم باش بزانن؛ چەند باوەڕم بە زەردەشت و بە ئاڤێستا و بە خوا هەیە؛ هەزار هێندەش باوەڕم بە هەڵکردنی ئاڵا هەیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەپۆڵڵۆ سەبارەت: (١٩٧٠-هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی مانگ، گەڕیدەی بێ وڵات سووچی خۆت بوو ئەپۆڵڵۆ هات منی کوردیش، ڕۆژانی زووم وەک تۆ، لە پۆپەی بەرزی بووم کەچی پاکی و ڕووناکیی خۆم بوون بە مایەی نەگبەتی بۆم: پارووم، نەوتم، دەشتم، گردم هەموویان لێ داگیر کردم! * کەشتیی ئەپۆڵڵۆ یەکەم مرۆی لەسەر ڕووی مانگ دابەزاند. یەکەم جار ئێوارەی ڕۆژی ١٩٧١/٦/٢٤ لە شاری کۆیە، لە میهرەجانی حاجی قادر کۆییدا خوێنراوەتەوە. کاک فەخرەدین تاهیر کاسێتی مەهرەجانەکەی بۆ ناردم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرکەوتن سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەردەکەوین! چونکە دوێنێ تۆپە قوڕێکی دەستکردم دایە دەست مناڵێکی کورد، ئەو، لەباتی بووکەشووشە، تفەنگێکی بچکۆلانەی لێ دروست کرد! (١٩٧١ - کوردستان) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشتی سەبارەت: (١٩٧٣/٥/٢٣ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خوا دەزانێ باڵای تفەنگم خۆش ناوێ! بەڵام، ئاخ! کۆترەکەی ئاشتی کڕە وەکوو شێرەبەفرینەی بەیانی، لەسەر لوولەی تۆپی ماتی وەستا ڕەجەب* دەنووکی خۆی خستۆتە ژێر باڵەکانی وەک بیستوومە، ئەو کۆترە مانگرتووە، لە ئاسمانی وڵاتێکی بێئاڵادا، بە شریخەی تفەنگ نەبێ، قەت لە شەقەی باڵی نادا! * وەستا ڕەجەب: چەکسازێکی بەهرەداری کورد بوو، گەلێک تۆپی بۆ شۆڕشی پاشای گەورەی ڕواندزی دروست کرد، تا ئێستاش هەندێکیان هەر ماون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەعریب سەبارەت: (١٩٧٣ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە ئاسمانەوە نەهاتووم، من مێوان نیم من مێوانی سێبەرقورسی کوردستان نیم بەر لە مێژوو کانییەک بووم، لێرە دەربووم بەر لە مێژوو ئاگرێک بووم، لێرە هەڵبووم بار کەن، بڕۆن! کانیاوەکان، جگە لە من، کەسێکی تر تێرئاو ناکەن دار گوێزەکان، جگە لە من، بۆ هیچ کەسێک سێبەری خۆیان هەڵناخەن! بار کەن، بڕۆن! زەویی ئێمە دانی ئێوە لێ شین نابێ مێرگەکانمان لەژێر پێی گاڕانەکانتان وەک ئاگرن... تا دارتووشمان یاخی دەبن، جۆڵانەیەک بۆ مناڵتان ڕاناگرن! بار کەن، بڕۆن! بار کەن، بڕۆن! مێوەی درەختەکانمان کاڵە، ئاومان سوێرە، هەنگوینمان بە دەمتان تاڵە! بار کەن، بڕۆن! بار کەن، بڕۆن! * (تەعریب) یەکەم جار لە ١٩٧٣/٨/١٦دا، لە یانەی مامۆستایانی شاری کەرکوودا، خوێندرایەوە. ڕووی ئەم شیعرە لەو عەرەبە بەعسییە داگیرکەرانەیە کە بۆ عەرەباندن ناردرابوونە کوردستان. نەک عەرەب بە گشتی کە دراوسێی لە مێژینەی گەلی کوردستانن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تکایەک سەبارەت: (١٩٧٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زۆر تکایە! بۆ ئەوەی مناڵی ئێمەش بووکەشووشەیان دەستکەوێ وەکوو هەموو مناڵانی ئەم دنیایە: فێریان بکەن، ڕایانبێنن تانک و تۆپی داگیرکەران تێک بشکێنن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆردومان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوا ئەستێرە نوقورچێکی لە کەلەکەی گوندەکەم دا خۆر، وەک جووچکە، هێلکەی ئاسۆی ترووکاند و گەسکی تووکی خۆی لە تەم دا لەو کاتەدا پۆستە گەیشت... پۆستەی ڕەشی بەغدا گەیشت نامەی گڕ و ساچمەی هێنا بۆ ئەو گوندەی خونچەکانی هەڵنەسابوون لەناو نوێنا... لەودیو هەوران تۆزێک خڵتەی ویژدان مابوو، تا ئەوەشی لەبن پێ نا! ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن: بێشکەیەکی لاسووتاوی... تەنیا جێماو، بە کوڵ دایە پڕمەی گریان بۆ کانییەک گڕوگاڵی تا هەتایێ خەفەکراو ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن: لەو کاتەدا زەوی گریا، ئاسمان گریا، ئینجیل گریا، قورئان گریا، گریا... گریا... هەموو شتێک، بێدەنگ گریا تەنیا لەناو مناڵدانی ئافرەتێکا گیانێکی نوێ چاوی پشکووت، نیگای گێڕا و لەپڕێکا لەناو مشکیی دوای دۆزەخا ترووسکایی ڕابوونێکی تازەی پێکا (١٩٧٣ - ١٩٧٢، کوردستان) ++++++++++++++++++++++